یەكێتی خۆی كردووە بە كەڕەی شەربەت لە ئاستی كارەساتی گەلێكدا.!
Sunday, 22/02/2015, 12:00
لەوانەیە هەندێ كەس ئەم قسەیە بە نائینساف و ئیجحاف بزانێت لەم كاتەدا، بەڵام ئەمە حەقیقەتە تاڵەكەیە، یەكێتی لە حیزبیكی زلهێز و بە تواناوە هاتووەتە سەر ئەوەی بەرامبەر نەیارە سەرسەختەكەی كە پارتیە قڕوقەپ بكات لە ئاستی ئازارەكانی ئەو گەلەی كە یەكێتی دەیان پێشمەرگە و سەركردەی لە شاخ و ئێستایشدا كردووەتە قوربانی ، ئەمرۆ پارتی دۆخی خراپی ناو یەكێتی و نەخۆشكەوتنی مام جەلال و باڵباڵێنی ناو ئەم حیزبە قۆستۆتەوە، بۆ ئەوەی هەرد و سەرۆكەكەی پارتی و ئاشتی هەوارمی موزایەدە بكەن بە قووتی ئەم گەلە ستەمدیدیەوە. یەكێتی لەلای خۆیەوە شكستی سیاسەتی حكوومەتەكەی پارتی (گەرچی گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵ) داوەڵن لەو حكومەتدا و هیچی دیكە و بەچەند وەزیرێك خوێنی شەهیدانی 17ی شوبات و خوێنی ئەو پێشمەرگانەی بەرەكانی جەنگی دژی داعشیان كردووەتە كراسی عوسمان و لە ئاستی برسیكردنی ئەو گەلەی كە دەنگی بۆ داوون بوونەتە كەڕەی شەربەت. سەرۆكی حكوومەت و ئاشتی نەوتفرۆش دەیانخەڵەتێنن، عەبادی ئەوان دەخەڵەتێنێ و سەرۆكی ئیدارە فاشیلەكەی كوردستانیش و وەزیری سامانە دزراوەكانیش دێن وئەمان دەخەڵەتێنن، نێچیرڤان بارزانی پێیانى دەڵێ حكومەتی گەورەو گرانی بەغدا دەستی لە بن هەمانەكەوە دەرچووە و موفلیسە ، لە كاتێكدا منداڵیكی سەرشەقام بەم قسە دەدا لە گووپی خۆی و بە پولێكی قەڵب نایكڕێت و جێگرەكەیشی كە یەكێتیە دەدا لە گەردنی خۆی و سەری بۆ دەلەقێنێ پاساو بۆ ئەو قسە بازاڕیە دەهێنێتەوە وداوا لە خەڵكی كوردستان دەكات پشتوێنەكانیان تووندكەنەوە و هین نەكەن بۆ ئەوەی برسیان نەبێ ! بێ ئەوەی ئەم برادەرە ئاگای لەوە بێت كە ئەم ئیدارە فاشیلەی هەرێم لەبەردەم هەرەسێكی گەورەدایە و ئیدی میللەت پشتوێنی خۆی تووند ناكاتەوە تا ئەوان تێر بن و خۆی بۆ لافاوی راماڵینی ئامادە كردووە. ئیدی بیست و سێ ساڵە كاسەكە پڕ بووە وا لێی دەڕژێت.ناشزانێت میللەت كەی بە رووی خاوەن باستیل و (باستیل)ەكاندا دەتەقێتەوە و تەخت و تاراجیان تەفرو توونا دەكات. گەرچی ئەمرۆ پێشمەرگە لە بەرەكانی دژ بە دوژمنە عەرەبە ئیسلامەكان قارەمانانە سنگی خۆیان كردوە بە قەڵغان وكوردستانی باشوور دەپارێزن،میلەت دڵی لای پێشمەرگەیە و چاویشی لە سەر ئەم تاڵانچیانە، ئەوانە كوڕی كوردن نەك كوڕی هیچ حیزبێك. بۆیە ئەگەر میللەت لە ناوەوە شەڕی ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە بكات ، ئەوانیش بەردەوام دەبن بەنان و ئاوی خۆیان لە بەرەكانی پاراستنی كوردستان دكتۆرێكی شارەزای بواری ئابووری دكتۆر محەمەد كەریم دەڵێ كابینەی هەشت فێری شتێكی دیكە بووە كە ئەویش سەتووە ، واتا دەستبەسەراگرتنی مووچەی فەرمانبەران و رەوانەكردنی بۆ بانقەكانی دەرەوە!!. بۆیە یەكێتی دەبێ بە ئاگابێتەوە واز لە ململانێ ناوخۆیەكانی بهێنێ و بێتەوە بەرەی گەلەكەی ،چونكە واخەریكە ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە تاكڕەوە ئەزموونی میللەكەمان بەرەو فەوتان دەبات . ئۆپۆزسیونیش جێگای دەسەڵاتە گەندەڵەكەی گرتووەتەوە و پاكانە بۆ دزی و فزیەكانی دەكات و بوونەتە شەریكە دزی سەروەت و سامانی گەل بە بزووتنەوەی گۆڕانیشەوە. راستە پەرلەمانتارەكانی یەكێتی لە بەغدا و هەولێر رۆڵی خۆیان دەبینن و قسەی هەق بۆ میللەتەكەیان دەكەن، بەڵام ئەوەی ئەوان دەیدوورنەوە لەم لاوە باڵی دەسڕۆیشتووی ناو ئەو حیزبە هەڵیدەوەشێنێتەوە لە رێگای جێگری سەرۆكی حكوومەتەوە!. بۆ ئەوەی بتوانن پاریزگاری لەم ئەزموونە بە خوێن درووستكراوە بكەن و لەگەڵ میللەت وەرنە سەرجادە وداوای لابردنی دەسەڵاتی تاكڕەوانەی پارتی بكەن، بۆ ئەوەی میللەتی كورد لەباشوور جارێكی دیكەو بۆ دەیانجار تووشی كارەساتی ئاشبەتاڵ و31ی ئاب و شنگال نەبێتەوە. چونكە دەركەوتووە ئەمانە موقەدەراتی نەتەوەیەكیان خستووەتە بەردەستی سەرسەختترین دوژمنی كورد كە ئەویش توركیا، ئێمە ناڵێن شەڕی براكوژی بكەین گەرچی دڵنیابن كورد جارێكی دیكە شەڕی كوردكوژی ناكات، بەڵكو بەرگری لەخاك و نەتەوە دەكات، كە ئەمانە بەشێكن لە دوژمنەكانی، دەشبێ جێگری سەرۆكی حكومەت كە یەكێتە و كوڕی مام جەلالە دەست لەو پۆستە لاوازە بكێشێتەوە. چیتر یەكێتیەكان خەباتی چەند ساڵەی خۆتان بۆ ئەمانە مەدەنە باوە وباشووری كوردستان مەخەنە سەر ساجی عەلی و مەبنە كەڕەی شەربەت لەئاستی تینوو برسی گەلەكەتان بە دەستی عەبادی و ئەمانەوە. هەروەها با وەزیرەكانیشتان لەو حكومەتە فاشیلەكە دەست لە كاربكێشنەوە تا كار لەكار نەترازاوە، ئەگینا كارەساتی ئەمجارەی ئەم میللەتە دەبێتە پەڵەیەكی رەش بە ناوچەوانی هەریەكێكتانەوە ،وەكو پەڵە رەشەكەی موشیری حەمەی سلێمان .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست