کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پێشمه‌رگه‌و پیرۆزی ناوه‌که‌ی !

Wednesday, 03/03/2010, 12:00



بۆ یه‌که‌مجار که‌سانێکم دیت که‌ هه‌ڵگری ئه‌و ناوه‌ پیرۆزه‌ بون ئه‌و کاته‌ بو‌ که‌ کۆمه‌ڵێک گه‌نجی چه‌کدارمدی به‌ به‌رگی ڕانکوچۆغه‌و شه‌رواڵومرادخانیه‌وه‌ ‌ له‌ نێوان هه‌ردوو گوندی قازیاواو چه‌رمه‌گا ، کاتێک ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ چه‌کداره‌ گه‌مارۆی خۆمو ئه‌و کرێکارانه‌یاندا که‌ له‌ گه‌ڵمدابون و وه‌ک پێشمه‌رگه‌ خۆیانناساند و له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی چه‌ک پێڵاویان له‌ پێ داکه‌ندین و قۆڵمانیان له‌ پشته‌وه‌ به‌سته‌وه‌و به‌ پاڵو گیرکردنی لوله‌ی چه‌که‌کانیان له‌ پشتو لاکه‌له‌که‌مان به‌ره‌و لای به‌رپرسه‌که‌یان ڕاپێچیانکردین ، دوای ماوه‌ییه‌ک گه‌یشتینه‌ لای کاکی به‌رپرس که‌ له‌ ژێر سێبه‌ری دار به‌روێیه‌کی گه‌وره‌و له‌سه‌ر دووریز فه‌رشی لاکێشه‌و ریزێک دۆشه‌ک و چه‌ند سه‌رینێکی کورده‌واری له‌ په‌نا قه‌دی داربه‌روه‌که‌وه‌ له‌سه‌ر شان پاڵکه‌وتبو‌ ، کاتێک گه‌یشتینه‌ به‌ر ده‌می کاکی به‌رپرس زانیم که‌ ره‌حمه‌تی (حاجی برایمی چه‌رمه‌گایه‌) ، هه‌ر به‌ گه‌یشتنمان فه‌رمانیدا قۆڵمان بکه‌نه‌وه‌و دوای خواردنه‌وه‌ی قومێک ئاو رویتێکردم و وتی : ــ ئه‌مه‌ چه‌ چاو قایمێه‌که‌ له‌ جه‌نابته‌وه‌ وا هاتوی یاسای چاککردنی کشتوکاڵ له‌م ناوچه‌یه‌ جێبه‌جێئه‌که‌ی له‌ کاتێکدا ئێمه‌ خوێنمان ڕشتوه‌و دووپێشمه‌رگه‌ی شه‌هیدمان داوه‌ له‌ پێناو له‌ گۆڕنانی ئه‌و یاسایه‌و خاوه‌نه‌که‌ی ؟ .
دوای ئه‌وه‌ی که‌‌ کاکه‌ حاجیم هێنایه‌ ئه‌و بڕوایه‌ی که‌ ئێمه‌ په‌یوه‌ندیمان به‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی چاککردنی کشتوکاڵه‌وه‌ نیه‌و دڵنیاشمکرد که‌ جارێکی دیکه‌ بۆ ئه‌مکاره‌ی بۆی هاتوین که‌ ڕێکخستن و چاککردنی بناوان و جۆگه‌که‌ی قازیاوایه‌‌ روو ناکه‌ینه‌وه‌ ئه‌م شوێنه‌ ، دوای ماوه‌ێیه‌ک به‌ره‌ڵایانکردین .
ئه‌م ناوه‌ پیرۆزه‌ی پێشمه‌رگه‌ که‌ مایه‌ی شانازی تێکۆشه‌رانی گه‌ل و گشت ئه‌وانه‌یه‌ که‌ بێترس گیانی خۆیان ئه‌خسته‌ سه‌ر له‌پی ده‌ستیان له رێگه‌ی ‌به‌رگریکردن له‌ ئازادی نیشتمان و گه‌له‌که‌یان و له‌گه‌ڵ مه‌رگدا ئه‌جه‌نگان و پۆل دوای پۆل رێگه‌ی شه‌هید بونیان ئه‌گرته‌ به‌ر ، هه‌ر ئه‌و ناوه‌ پیرۆزه‌شه‌ که‌ چه‌کداره‌کانی حاجی برایم و کۆنه‌په‌رستان له‌ ده‌ره‌به‌گ و شێخ و ئاغاو کۆلکه‌ کوێخاکانی پشده‌ر و بتوێن و گشت دوژمنانی شۆڕشی چوارده‌ی گه‌لاوێژ له‌ پیاوانی رژێمی پاشایه‌تی و به‌کرێگیراوانی سازمانی ئه‌منی ئێرانی له‌ خۆیان ئه‌نا .
پێشمه‌رگه‌و پێشمه‌رگایه‌تی ڕه‌وشتی پاک و کارو کردارو هه‌ڵوێست و بۆچون و ئامانجێکی پیرۆزه‌ نه‌وه‌ک به‌رگێک ئه‌م و ئه‌و له‌به‌ری بکه‌ن و له‌ رێگه‌یه‌وه‌ ببنه‌ پێشمه‌رگه‌ ، زۆریشن ئه‌وانه‌ی که‌ به‌ له‌به‌رکردنی ئه‌و به‌رگه‌و له‌ ژێر ئه‌و ناوه‌ پیرۆزه‌داو به‌ چه‌کی پێشمه‌رگایه‌تیه‌وه‌ له‌ قۆناغه‌ جیاجیاکانی شۆڕشدا پێش سوپای دوژمن ئه‌که‌وتن بۆ داگیرکردنی ناوچه‌ رزگارکراوه‌کانی کوردستان ، هه‌ر له‌ ژێر ئه‌و ناوه‌و به‌ هه‌مان به‌رگه‌وه‌ پێش سوپای دوژمنه سه‌رسه‌خته‌کانی گه‌له‌که‌مان ئه‌که‌وتن و ئه‌مدیوی سنوریانئه‌کردن ، هه‌ر له‌ژێر هه‌مان ئه‌و ناوه‌ پیرۆزه‌وه‌ پێشمه‌رگه‌ لوتو گوێو لچی یه‌کتریان ئه‌بڕی و یه‌کتریان ئه‌تک ئه‌کردو چاوی یه‌کتریان هه‌ڵئه‌کۆڵی و یه‌کتریان زینده‌ به‌چاڵ و بێسه‌روشوێنئه‌کرد . هه‌ر به‌و ناوه‌ پیرۆزه‌شه‌وه‌ که‌سانی تاوانبارو جاش و ئه‌نفالچی خانه‌نشینکراون و وه‌ک پێشمه‌رگه‌ی دێرین ناونوسکراون و ناوی شه‌هیدی پێشمه‌رگه‌ش له‌و کوژراوانه‌یان نراوه‌ که‌ به‌ده‌ستی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان به‌ تاوانی خۆیان گه‌یشتون .
ئێستاش وا به‌ بیانوی به‌رگریکردن له‌ ناوی پیرۆزی پێشمه‌رگه‌ ، که‌سانێک له‌ پله‌ی جیاجیای ده‌سته‌ڵاتداو به‌ یارمه‌تی ڕاگه‌یاندنه‌کانی هه‌ردوو زلحزب که‌وتونه‌ته‌ هاتوهاوارو هه‌ڕه‌شه‌کردن به‌ نیازی به‌کارهێنانی ئه‌و بیانوه‌ی که‌ گوایه‌ هێزه‌ چه‌کداره‌کانیان نازناوی ملیشیایان لێنراوه‌و سوکایه‌تیان پێکراوه‌ (له‌ کاتێکدا هه‌ر خودی خۆیان له‌ سوکایه‌تیکردن به‌ پێشمه‌رگه‌ درێغیان نه‌کردوه‌و نایکه‌ن) بۆ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ له‌و لایه‌نه‌ی که‌ بونه‌ته‌ رێگر له‌ درێژه‌دان به‌ گه‌نده‌ڵی و به‌رده‌وامبونی باڵاده‌ستی هه‌ردوو زلحزب و ده‌ست تێوه‌ردانیان له‌ کاری به‌رێوه‌بردن و دادوه‌ری و یاسادانان ، به‌ مه‌به‌ستی له‌باربردنی ئه‌و هه‌وڵه‌ پیرۆزه‌ی ئه‌درێ بۆ ریشه‌کێشکردنی گه‌نده‌ڵی و ده‌رهینانی بودجه‌ له‌و تاریکیه‌ی که‌ ساڵه‌های ساڵه‌ له‌ سایه‌یدا گه‌مه‌ی پێوه‌ ئه‌کرێت و یه‌کخستنی هێزه‌ چه‌کداره‌کانی سه‌ر به‌هه‌ردوو زلحزب و حزبه‌کانی دیکه‌ له‌ سوپاێیه‌کی یه‌کگرتوی نیشتمانی و به‌ یه‌ککردنی هیزه‌کانی پۆلیس و ئاسایش ، که‌ له‌ ڕاستیدا ئه‌م هاتوهاوارو هه‌ڕه‌شه‌یه‌یان له‌ هه‌وڵی درێژه‌پێدانی ئه‌و سه‌ڵته‌نه‌ت و نازو نیعمه‌ته‌ی که‌ تێیدان شتێکی دیکه‌ نیه‌ !!.
 




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە