کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


وەلی عەهدەكان تەمەنیان 25 ساڵەو حكومەتیش "بەبەردێك دوو چۆلەكە دەكوژێت"

Friday, 27/02/2009, 12:00


لە هەموو دونیادا پەرلەمان چوار ساڵ جارێك هەڵبژاردنو گۆڕانكاریی پێدەكرێتو نوێبوونەوە بەخۆیەوە دەبینێت، پەرلەمانی كوردستانیش 17 ساڵ بەسەر دامەزراندنیدا تێپەڕیوەو هەموو رۆژێك هەمان قەوان لێدەدرێتەوە، ئەوەی جێی سەرنج نییە حكومەتی هەرێمیش بانگەشە بۆ ئەوەدەكات كە لەم ساڵدا هەڵبژاردنێكی نوێ بكرێت بۆ پەرلەمانەكەی، زۆربەی ئەندام پەرلەمانەكان تەمەنێكیان بەسەربەردوو توانیان قازانجی باش بەدەستبێنن، مەبەست لە وشەی قازانج، لەڕووە مادییەكەوە نەك لەڕووی وەرگرتنی زانیاریو دەوڵەمەندبوون لەبوارە سیاسیەكانداو ببنە كەسانی لێهاتوو كەسانی بە ئەزموون، پەرلەمانتارانی كوردستان لە ماوەی ئەم 17 ساڵەی پێشوو رەخنەیان لێدەگیرا بەوەی زۆربەیان بەتەمەنن و لە دانیشتنەكاندا خەودەیان باتەوە، بۆیە ئەوانیش بەتوندی وەڵامی گەنجانی رەخنەگریان دەدایەوە بەگژباندا دەچوونەوە.
پەرلەمانی كوردستان لە ئێستادا بانگەشەی گۆڕانكاری دەكات بەوەی كە بەشداری بەگەنجانو رێژی ژنان زیاد بكات لەپەرلەمانەكەدا، حكومەتی هەرێم منەت بەسەر گەنجاندا دەكات بەوەی تەمەنی 25 ساڵی لەبری تەمەنی 30 ساڵی دادەنێتو دیموكراتیو مۆدیرنیەت دەفرۆشێتەوە پێیان.
گەر چاوێك بەنێو ئەندامانی ئەو حكومەتەدا بەگێڕینو پۆلێنی گەنجانی نێو ئەو حكومەتە بەكەین دەبینین ئەو گەنجانەی لە ئێستادا پۆستیان هەیە، هەمان سیستەمی مەلەكی (پادشایەتی) پەریڕەو كراوە لەلایەن بەرپرسە باڵاكانەوە، نموونەی ئەوكەسانەیش زۆرن، قوباد تاڵەبانی كوڕی سەرۆك كۆمارو مەسرور بارزانی كوڕی سەرۆكی هەرێمی كوردستانو ....هتد، لەلایەكی ترەوە ئەو ژنانەی كە پۆستیان لە حكومەتو پەرلەماندا وەرگرتوە بریتین لە سۆزانی كچی خاڵە شەهابو چناری كچی سەعد عەبدوڵڵا و كوردەی عومەر دەبابەو بەیانی كچی سامی عەبدوڵرەحمانو ...هتد، هەروەك دەبینین ئەمانە هەمووی وەلی عەهدی بەرپرسەكاننو هیچ كامیان كچ و كوڕی پیاوێكی هەژار نیین، جا لێرەدا مەبەست لەوەیە ئەو گۆڕانكارییە لەنێو پەرلەماندا بڕیارە ئەنجام بدرێت گەنجی تەمەن 25 ساڵ بهێننە نێو پەرلەمانەوە، ئەمە جگە لەوەی كە ئەو مرۆڤە لەو تەمەنەدا توانای ئەوەی نییە كارێكی مەزنی لەو جۆرەی پێ بسپێردرێت بەو پێیەی كەم ئەزموونە لە ژیاندا بۆیە ناكرێت ئایندەی گەلێك بخرێتە ژێر مزاجی ئەو گەنجەوە، رەزامەندی پەرلەمانیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، زۆربەی ئەندامەكان پیر بوونەو لەتوانایاندا نەماوە بەردەوام بن، بۆیە دەیانەوێت لەتەمەنی 25 ساڵیدا كوڕو كچەكانیان شوێنیان بگرێتەوە، جا خۆ فشكردنەوەی حكومەتی هەرێمو منەتكردنەكەی بەسەر ژنانو گەنجاندا بۆ مەبەستی تایبەتی خۆیانەو وەك پەندە كوردیەكە دەڵێت (بەبەردێك دوو چۆلەكە دەكوژێت) یەكەمیان منەتكردن بەسەر خەڵكدا و دوەمیش وەلی عەهدەكانی خۆیان لەشوێنی خۆیان دادەنێن، چونكە زۆربەی بەرپرسەكان كوڕو كچیان هەیە لەتەمەنی 25 ساڵیدا بێت.
بۆیە گەنجان و ژنان دەبێت هۆشیاربنو ژیرانە هەڵوێست وەربگرنو هەر لە ئێستاوە بزانن كێن ئەوانەی خۆیان كاندید دەكەن بۆ پەرلەمان، ئایا رازی دەبن بەوەی وەلی عەهدەكان هەمان قەوانیان بۆ لێبدەنەوە یان نا؟....

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە