وەزیرى خوێندنى باڵا.. نهێنی سەركەوتنى بڕیارەكانى ئاشكرا دەكات...

Sunday, 12/12/2010, 12:00


دەریـــا نانەكەلى دووا بە دوواى ڕاگەیاندنى ناوى قوتابیانى خوێندنى باڵا لە زانكۆى سەڵاحەددین لە خوێندنى (ماستەر و دكتۆرا) بەهۆى زیاد كردنى دوو كورسى لە دكتۆراى بەشى مێژوو بەبێ ڕەزامەندى لێژنەى زانستى بەشەكە. بەشێك لە مامۆستایانى مێژوو ئیمزا كۆدەكەنەوە و بە نوسراوێك ئاراستەى زانكۆى سەڵاحەددین دەكەن و هەڵوێست وەردەگرن لە دژى دەست تێوەردانى حیزبى لە كاروبارى خوێندنى باڵا كە بووە هۆى ئەوەى سەرۆكى زانكۆى سەڵاحەددین داواى لێبوردنیان لێ بكات. بەڵكو لە هەڵوێستەكەیان پاشگەز ببێتەوە چونكە مامۆستایان بڕیاریان داوە كە نەچنە ناو هۆڵەكانى وانە ووتنەوەى قوتابیانى دكتۆرا.دەستتان خۆش مامۆستا بە هەڵوێستەكانى بەشى مێژوو.
دكتۆر دلاوەر عەلادین ى وەزیرى خوێندنى باڵاى حكومەتى هەرێم لەگەڵ وەرگرتنى پۆستى وەزارەت دەستى كرد بە دروشم لێدان و دەركردنى دەیان بڕیار بە بیانووى بەرزكردنەوەى ئاستى بڕوانامە بەرزەكان لە خوێندى بالا گوایە هیچ بەهایەكیان نەماوەَ .بەڵام لە مانگى ڕابردوو بە نوسراوێكى فەرمى كە گشتگیرى كردووە بۆ سەرجەم زانكۆكانى كوردستان, بڕیارى داوە كە خوێندنى (پارالال) لە ساڵى داهاتوو لە هەموو بەشەكان بكاتەوە بۆ زانستە مرۆڤایەتیەكان ساڵانە بە شەش ملیۆن دینار و ,زانستەكانى دیكەش ساڵانە بە 12 ملیۆن دینار. من لە وەزیرى بەڕێز دەپرسم چ بڕوانامەیەكتان بەدەستهێناوە بۆ سووتانى پاشەڕۆژى خوێندن لەم ووڵاتە.تایبەتمەندیتان چەند ئەزمووندارە لە هەڵخەڵەتاندنى سەركردایەتى هەردوو حیزبى دەسەڵاتدار. بەرزكردنەوەى ئاست و مەكانەتى بڕوانامە بەرزەكان بە پارەیە لاى بەڕێزتان؟
چونكە ئێمە هەموومان دەزانین پارەى ئەمڕۆ لاى كێە؟
ئەجینداى كارتان ئەوەمان بۆ دەسەلمێنى كە كاردەكەن بۆ گەیاندنى بڕوانامە بەرزەكان بۆ دز و گەندەڵ و منداڵە بەرپرسەكان. نەوەك بۆ قوتابى و فێرخوازى پڕ لە حەز و ئومێد بۆ زانست و داهێنان.

وەزیرى خوێندنى باڵا بەهەمان شێوە بە بیانووى بەرزكردنەوەى ئاستى بڕوانامە بەرزەكان هەنگاوێكى دیكەى هاوێشت, ئەویش لابردنى توانستى زمانى ئینگلیزى لە نێو زانكۆكان و داخستنى سەنتەرەكانى زمان كە ئەو ئەركەیان جێ بە جێ دەكرد, هەستا بە دەركردنى بڕیارێك
بە جۆرێك هەر قوتابیەك پێشكەشى خوێندنى باڵا بكات پێویستە بڕوانامەیەكى نێودەوڵەتى لە زمان هەبێت. دەست خۆشى بۆ جەنابى وەزیر كە ئەوەندە خەمخۆرى مەسەلەكەنە.بەڵام زانیوومە تەنها سەنتەرى نێودەوڵەتى كە پشتى پێ ببەستن لە لایەن كاك ئاشتى براى بەرێز وەزیرى خوێندنى باڵاوە سەرپەرشتى دەكرێت.
خوا تەمەنتان درێژ بكات وەزیرى خەمخۆر.چى تیایە ئێوەش وەكو هەزاران شەرع ڕێتانى پێداوە و كەسیش سەرتان لێ دەرناكا بۆ خۆتان و كاك ئاشتى براتان و تەواوى خزم و ناسیاو و ئەندامانى حیزبەكەتان ئەو چوار ساڵەتان لە دەست دایە و دەتوانن بە كەمالى ئیسراحەت كۆیكەنەوە و هەرچى هەیە لەسەریەكى دانێن بۆ گیرفانتان...بەڵام توخوا با بەناوى كوردایەتى و دڵسۆزیەوە نەبێت....

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە