كۆمەڵەی خوێندكاران و سوكایەتی بە مامۆستا بەڕێزەكان
Thursday, 07/06/2012, 12:00
هەموو چین و توێژێكی كۆمەڵگا كە فێری ئەلفوبێی خوێندن بوو بێ یان خوێندنی تەواو كردبێ، قەرزارباری مامۆستایانن... كەواتە بۆچی كۆمەڵەی خوێندكاران سوكایەتی بە مامۆستایان ئەكات؟.
لە لاپەرە 4ی ژمارە 166ی رۆژی 20ی 5ی رۆژنامەی گۆڕانی كۆمەڵەی خوێندكاران، بابەتێ لەژێر ناوی (چۆن مامۆستا كچان ئیستیغلال ئەكات) بڵاوكراوەتەوە و بە مانشێت نوسراوە كە مامۆستاكانی كوردستان هەوڵی تیرۆركردنی جەستە و شەرەف و ئەخلاق و كەسایەتی خوێندكارە كچەكان ئەدەن!.
ئەم راپۆرتە كە لە ئامادە كردنی ئارام شەمێرانیە، بە كۆمەڵێ پەرەگراف سوكایەتی راستەوخۆی بە هەموو مامۆستاكانی كوردستان كردوە و بەوە تاوانباریان ئەكات كە هەوڵ ئەدەن پەیوەندی سێكسی لەگەڵ خوێندكارەكانیان ببەستن و گوشاریان ئەخەنەسەر!.
لە پەرەگرافێكدا بەناوی كچە خوێندكارێكی شاری دەربەندیخانەوە نوسیویەتی: چەند جارێ لەلایەن مامۆستاكەمەوە هەوڵی تیرۆركردنی جەستە و شەرەف و ئەخلاق و كەسایەتی منی داوە.
لە پەرەگرافێكی تردا بەناوی كچە خوێندكارێكی سەیدسادقەوە نوسیویەتی: ئەمە لە حاڵەت دەرچوە و بووە بە دیاردە... رۆژانە چەندین كاری ئیستیغلالی دەبیسترێت لەلایەن مامۆستاوە دەكرێت.
لە چەندین پەرەگرافێكی تردا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە مامۆستاكانی ئەمرۆ داوای ماچ و سێكس لە خوێندكارەكانیان ئەكەن ئەگینا هەڕەشەی ئەوە لە كچەكان ئەكرێ كە دەریانناچێنن و لە ڕیزكردنی هەفتانەشدا بە بیانووی تەمەڵی ئەیانهێننە دەرەوە!.
دڵنیام ئەم پەرەگرافانەی سەرەوە، سوكایەتی راستەوخۆی رۆژنامەی گۆڕانە بە مامۆستایان، بەڵام لێرەدا چەند پرسیارێ ئەخەمە ڕوو:
- ئارام شەمێرانی كە ناوی كوڕە بەناو رۆژنامەنووسێكی ئەو رۆژنامەیەیە، چۆن ئەم كچانەی لەم شارۆچكە و ئەو شارۆچكانە دۆزییەوە؟ چۆن ئەو كچانە ئامادە بوون ئەو نهێنیە خەتەرناكانە بۆ ئەو بدركێنن؟
- ئایا هەڵە و لادان لە رەفتاری مامۆستایەتی، بەڵگەیە بۆ ئەوەی ئەم رۆژنامەیە هێرش بكاتە سەر هەموو مامۆستایانی كوردستان؟.
من دڵنیام ئەم راپۆرتە تەنها زادەی خەیاڵی رۆژنامەنووسەكەیە و هەر خۆی بە خەیاڵ دایڕشتوە تا بازاڕی رۆژنامەكەی پێ گەرم بكاتەوە، داواش لە یەكێتی مامۆستایان و سەرجەم مامۆستایانی كوردستانیش ئەكەم هەڵوێست لە ئاست ئەم سوكایەتیەدا وەربگرن و دوای تۆمار كردنی سكاڵای یاسایی، شەخسیەتی مەعنەوی ئێمەی مامۆستا لەكەدار نەكرێ بەهۆی بابەتێكەوە، داواش لەو رۆژنامەیە بكرێت دەنگی ئەو كچانە بە تۆمار كراوی بگەیەنێتە یەكێتی مامۆستایان تا كەس بوختان بۆ كەسایەتی بەرزی مامۆستا نەكات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست