ڕاگەیاندراوێك بۆ ڕاى گشتى كوردستان
Sunday, 03/07/2011, 12:00
پاش بڵاوكردنەوەى ڕاگەیەندراوى "ڕێ لە تاوانێكى گەورەبگرن كە پلانى بۆ داڕێژراوە" لە لایەن دەستەیەك لە بەشداربوانى خۆپیشاندانەكانى كوردستان لە ڕێكەوتى 14/06/2011 كە تێیدا باس لە لیستێكى 200 كەسیى كراوە وەك ئامانجى دەستەڵات بۆ هێرشكردنە سەریان كە بەكردار پارێزەر كاروان كمال یەكەم قوربانى نێو ئەو لیستە بوو، وەك درێژكراوەى ئەو ئەجێندایە ماوەى چەند ڕۆژێكە هێرشێكى هاوشێوە بەڵام لە فۆرمێكى نوێدا دەستیپێكردوە و سیستماتیكیانە بەرنامەڕێژى بۆ كراوە. بە پێویستمان زانى ڕاى گشتى جارێكى دیكە لەم هەوڵەى دەستەڵات بۆ بێدەنگكردنى دەنگە ئازادیخوازەكان ئاگادار بكەینەوە.
هێرشى ئەم جارەى دەستەڵات پشتبەستنە بە تەكنۆلۆژیا بۆ هێرشكردنە سەر ئازادیخوازان. لە ڕێگاى تەلەفۆن وكورتە نامەى ئەلەكترۆنى و فەیس بووكەوە دەستەڵات كەوتۆتە بڵاوكردنەوەى پڕوپاگەندە دژ بە كەسایەتیە دیارەكانى نێو خۆپیشاندانەكان و دروستكردنى سیناروێو داستانى قێزەون سەبارەت بە كارەكتەرى ئەو كەسانە بە نیازى ترۆركردنى مەعنەویان. لەم هێرشەدا، دەزگا سیخوڕى و سەركوتكارەكانى دەستەڵات خراونەتە گەڕ دژ بەو كەسایەتیانەى لە لیستە دووسەدكەسیەكەى دەستەڵاتدان بە پەنابردنە بەر ئەخلاقى خێڵ لەوەدا كە شەرەف و كەرامەتى ئەو كەسایەتیانە بكەنە ئامانج و كۆمەڵێك تۆمەتى ئەخلاقى بدەنە پاڵ كارەكتەر و ژیانى تاكە كەسیان. ئەم هەوڵە نەزۆكەى دەستەڵات درێژكراوەى سەرجەم ئەو هێرشانەى نێو میدیا حیزبیەكانى دەستەڵاتداران و میدیاى سێبەرە كە لە كاتى خۆپیشاندانەكانى كوردستان بەرامبەركەسایەتیە دیارەكان دەكران. لەم هێرشە نوێیەدا ئەم پلانەى دەستەڵات لە ڕێگاى ژمارەى نەناسراوەوە بۆ ژمارەكانى ئاسیا و كۆڕەك و لە شێوەى تەلەفۆن و كورتەنامەو پەیامى ترستناكەوە خۆیان بەیانكردوە كە بۆ كەسایەتیە دیارەكانى نێو خۆپیشاندانەكان نێردراون و تیایاندا هەڕەشەیان لێكراوە كە گەر بێدەنگ نەبن ئەم تۆمەتانەى بۆیان دروستكراوە بڵاودەكرێنەوە. لێرەوە ڕاى گشتى لەم هەوڵە موخابەراتیە ئاگاداردەكەینەوەو سەلامەتى گیانیى و مەعنەوى سەرجەم ئەو كەسایەتیانەى هێرشكراوەتە سەریان و دەكرێتە سەریان لە ئەستۆى دەستەڵاتدارانى ئەم هەرێمەدایە و هەر لە ئێستاوە ئەم هەوڵە بە هەوڵێكى پوچ و بێمانا لە قەڵەم دەدەین و ئەخلاق و ژیانى تایبەتى ئەو ئازادیخوازانە بە ڕوبەرێكى موقەدەسى تەجاوەز نەكراو لە قەڵەم دەدەین. لە ڕێگاى ئەم ڕاگەیاندنەوە هاونیشتمانیان لە ئەگەرى بەرفراوانبونى ئەم هێرشە ئاگادار دەكەینەوە و داوا لە سەرجەم مرۆڤە ئازادیخواز و نیشتمانپەروەر و مامۆستایانى ئاینى دەكەین لەمپەرێك لە بەردەم ئەم هێرشە دابنێن ئەویش بە بەرزكردنەوەى دەنگى ناڕەزایەتى و دیارخستنى نیەتى سەرەكى دەستەڵات لەم هەوڵە كە بریتیە لە بێدەنگكردنى هەموان و درێژەدان بە كلتورى ستەمكارى.
دەستەیەك لە هەڵسوڕاوانى خۆپیشاندانەكانى كوردستان 03/07/2011
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست