کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مێردمنداڵانى گۆڕان؟؟؟؟ وەڵامێك بۆ نیگاركێشەكەى پەرلەمان

Wednesday, 22/07/2009, 12:00


شەوى 15/7/2009 لەلێدوانێكیدا لەكەناڵى گەلى كوردستان ژنە پەرلەمانتار (مەبەستمان پەرلەمانى ماوەبەسەرچو!!)ە سۆزانى خاڵە شیهاب هێرشى كردە سەر هەوادارانى لیستى گۆڕان و بەمێردمنداڵ و منداڵە وورتكە ناوى بردن, ئەم لێدوانە تەشهیر ئامێزە بەرلەوەى پڕیشكى ئاگرەكەى بەر لیستى گۆڕان بكەوێت وەكو بزوتنەوەیەكى كۆمەڵایەتى كەئەمڕۆ بەردەرگاى پێگرتوون سووكایەتى و بەكەم سەیركردنى توێژێكى بەرفراوانى كۆمەڵگایە كە گەنجان و منداڵانن.
بەدرێژایی 18 ساڵى ڕابردوو ئەوە فەرهەنگى دەسەڵاتدارانى كوردستان بوە كە جگە لەپیاوى گەورە و مووچەى گەورە و دەستگەوتى شەخسیی گەورە چاویان هیچی ترى نەبینیوە ,ئەگەرنا چۆن بەو بێباكیە ڕێگە بەخۆیان دەدەن سووكایەتى بەتوێژیّكى هەست ناسكى بەرفراونى كۆمەڵگا بكەن كە (گەنجان) و (منداڵانن), ئاخر منداڵان و گەنجانیش توێژێكى زیندووى ئەم كۆمەڵگایەن و ئێوە بەجۆرێك لەم چەند ساڵەى حوكمڕانیتاندا ژیانى خەڵكتان تاڵ كردوە كە ئەم توێژەش زیاد لەهەموو چین و توێژەكانى تر كەوتونەتە بەر ڕەحمەتى ئەم دۆزەخەى ئێوە و ئاوات و ئارەزوەكانیانتان خەفەكردوە و لەدەریاى نائومێدیدا خنكاندوتانن ,ئیتر ئەمڕۆ بۆ ڕزگاربوون لەو دۆزەخە فریادڕەسێك شك ئەبەن و ئەیانەوێ بەشێوەیەكى شارستانیانە وەك مرۆڤ تەعبیر لەهەست و نەستى پەنگ خواردووى خۆیان بكەن (ئەگەر چەك بەدەستەكانى ئێوە ڕێیان لێ نەگرن)!!!! بەڵێ ئەوانیش مرۆڤن و حەز بەژیانێكى ئاسوودە دەكەن ,ئەوانیش لەدەست زوڵم و ستەم و ناعەدالەتى بەدەنگ هاتوون,ئەوانیش وەك منداڵانى هەموو دنیا حەز ئەكەن لەژێر سایەى دەسەڵاتێكدا بژین كە بەئاوات و ئارەزوەكانیان شادبن, ئەوانیش حەز ئەكەن پەرلەمانێكیان هەبێت كە ئەندامەكانى لەجیاتى ئەوەى خەریكى(نیگاركێشان!!!!) بن خەریكى دەركردنى یاسایەك بن كە ژیانیان ڕێك بخات و مافەكانیان دابین بكات ,ئیتر بۆ دەبێ سووكایەتیان پێبكرێت و تۆمەتبار بكرێن بە ئاژاوەگێڕ و سەرلێشێواو؟
خۆ ئێوە وەك لیستى دەسەڵات لەدروشمەكانتاندا (منداڵ) بازاڕى گەرمە و بەردەوام بەدروشمى (منداڵ ئایندەیە) كەڕ و كاستان كردوین ئەرێ خەیرە والەئێستاوە ئەم دروشمەتان فەرامۆش كردوە ؟خۆ هێشتا هەڵبژاردن تەواو نەبوە؟!!! یان ئەمیشیان تەنها بۆ بازاڕ گەرمكردنە و ئەمیش دەچێتەسەر خەرمانى ئەو هەموو بەڵێنانەى كەساڵەهایە بەخەڵكى ئەدەن و تائێستا خەبەرێك لەجێبەجێ كردنیان نیە؟!!, یان ئەوەتا مەبەستتان تەنها ئایندەى منداڵانى خۆتانە و شمولى منداڵانى ترى ئەم ووڵاتە ناكات!!! ئەگەرنا ئێوەیەك لە 18 ساڵى تەمەنى دەسەڵاتتاندا نەتانتوانیبێت جگە لەنەهامەتى بۆ گەورە و منداڵانى ئەم ووڵاتە هیچ شتێكى تر بەرهەمبێنن پێم ناڵێن ئەو ئایندەدیە چەند ساڵى ترە؟؟
هەربەڕاستى ئێوە هەتاكەى ئەو چاویلكەى بەرژەوەند پەرستى و دەسەڵاتخوازیە دانانێن و چاوتان ئەم هەموو ناڕەزایەتیە جەماوەریە نابینێت كە ئاوا بەرپەرچى ئەدەنەوە و هەوڵى بێ ئەرزش كردنى ئەدەن؟
بەڵێ ئیتر پێتان خۆشە یان نا ئەمڕۆ هەموو ئەو ناڕەزایەتیە پەنگ خواردوەى ناخى جەماوەرى كورد كە چەند ساڵە قەتیس بوە لیستى گۆڕان وەك بزوتنەوەیەكى جەماوەریى بەرفراوان بوو بەكلیل بۆى ئیتر سەرەتاى كرانەوەى دەرگاكانە بۆ ڕزگاربوون لەدەسەڵات و سیستمى ناعادلانەى پاوانخوازیی و باوك سالاریی ,بەڵێ باوك سالاریی !!تۆ پێم ناڵێیی جگە لەوەى كە كچى شەهید خاڵە شەهابى هەمیشە زیندویت, چى شانازى و ماندووبوونێكى ترت هەیە كە ئاوا بەوجۆرە لەناز و نیعمەتتدا بژیت و بەوجۆرەش سووكایەتى بەدەنگ هەڵبڕینى ئێمە بكەیت؟!
من لەهەڵبژاردنى ڕابرددودا یەكێك بووم لەو دەنگدەرانەى كە دەنگم بۆدایت ,بەڵام منیش و هەموو ئەو دەنگدەرانەى تریش كەبەدەنگەكانمان تۆمان ناردە پەرلەمان بۆ ئەوەنەبوو كەلەجیاتى ئێمە مووچەى چەند ملیۆنى وەربگریت, بۆ ئەوەنەبوو كەلەجیاتى ئێمە لەهەموو پێداویستیەكانى ژیانى سەردەم بەهرەمەندبیت و ئێمەش بەوجۆرە بژین كە دەیبینیت,بۆ ئەوەنەبوو كە هێندەى خانەوادەى سەدەها شەهید امتیاز وەربگریت و لەولاوەش خانەوادەى هەزاران شەهید و كەس و كارى ئەنفالكراوان لەژیانێكى مەمرە و مەژى دابن و چاو لەدەستى دەسەڵات بن كە خێرێكیان پێبكات,بۆ ئەوەنەبوو كە لەكاتى بەفیڕۆچووى (وقت الچائع) ىپەرلەمانەكەتاندا كڕنوش بۆ دەستورێكى مەلەكیى بەریت و ئایندەى خۆمان و نەوەكانمان بەداهاتویەكى تاریك بسپێریت ,بۆ ئەوە نەبوو لەهەموو پرس و كێشە نەتەوەییە چارەنووسسازەكاندا سەرى خۆت كزبكەیت و خەریكى یاساى جگەرەكێشان بیت,بۆ ئەوەنەبوو كە لەچاوەڕوانى فرمانى حیزبدا لەهۆڵى پەرلەمان خەریكى وێنەكێشان بیت!!!!!!!!!!نەخێر بۆ ئەوە نەبو كەلەئاست ئازادكردن و ناردنەدرەوەى موعەززەز و موكەرەمى فڕۆكەوانەكەى هەڵەبجە (تارق رەمەزان) قەڵاقوپ بكەیت و سەرى خۆت كزبكەیت,
لەكۆتاییدا من تەنها یەك پرسیار لە بەڕێزتان دەكەم وەك كچە شەهیدێك :ئایا ئەگەر واى دابنێین كە شەهیدى نەمر(خاڵە شەهاب)ى باوكتان لەكارەساتەكەى هەڵەبجە شەهید بوایە و ئاوا بەبەرچاوى خۆتانەوە بەرگرى لەجەلادانى ئەو كارەساتە دەكرێت و بەئەستێرەیەكى گەشى سوپاى عیراق ناودەبرێن و فڕۆكەوانەكەش بەو شێوەیە ئازاد دەكرێت و بەڕێزەوە ڕەوانەى هەندەران دەكرێت هەڵوێستت چى دەبوو ؟ ئایا ئەو كاتە لە سەروەت و سامان و نازونیعمەت و سزادانى جەللادانى میللەتەكەت كامیانت هەڵدەبژارد؟؟؟؟؟؟!!!!!!!وەڵامەكەى بۆخۆت چونكە بۆ ئێمە ڕوون و ئاشكرایە!!!!

بەڕێزانى ماڵپەڕى كوردستان پۆست:ئەم نووسراوە زۆر دواكەوت ئەویش بەهۆى ئەوەبوو كەبۆ ماڵپەڕى (سبەى)م ناردبوو بەڵام دیاۆبوو ئەوان دەرفەتى بڵاوكردنەوەیان نەبوو,بەداواى لێبوردنەوە.
لەگەڵ ڕێزدا

15/7/2009

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە