بەعسییە مافیاکانی کورد ڕێگەیان نەدا ئەرشیفەکەی شاری سلێمانی دەنگ بدات !
Tuesday, 28/07/2009, 12:00
عەتا نوری
مەلا نوری باوکی منە و لە سلێمانی بە مەلا نوری عەزەی ماستاو ناسراوه، لە 6 9 - 1930 لەشاری سلێمانی لە دایك بووە . خانەوادەی ئێمە هەمیشە و لە هەموو قۆناغە جیاوازەکاندا، بەدرێژایی مێژووی سلێمانی لە بەرەی گەلدا بووە و داکۆکی لە بەرژەوەندی میللەتەکەی کردوو . لە شەستەکاندا مامێکم واتە برایەکی مەلا نوری ، لەسەر کێشەی کورد بێسەرو شوێن و شەهید کراوە، تائێستاش کەس نازانێت ئارامگای لە کوێیە . لە شۆڕشی بەناو نوێی گەلەکەماندا، هەمیشە بەئاشکرا و بەنهێنی کاری بۆ یەکێتی کردووە. چەند ئەندامێکی خێزانەکەمان لە دەرەوە پێشمەرگە بوون ، لە هەمانکاتدا تەواوی خانەوادەکەمان لەناو شار لە خزمەتی ڕێکخستندا بووە، جگە لەوەی کە زۆربەی ئەندامانی خێزانەکەمان لە ڕیزەکانی ڕێکخستنی کۆمەڵە و یەکێتیدا بوون .
مەلا نوری لەماڵەوە کتێبخانهیهکی هەیە و تاڕادەیەکی زۆر ئاگاداریی گەورە و بچوکی ڕووداوەکانە، بەتایبەتی ڕووداوە سیاسییەکان. مەلانوری بۆ هەرکوێیەك بچێت یان چووبێت ، هەمیشە هاوڕێکەی لەگەڵیدا بووە کە کامێراکەی بووە! بۆیە هێندە زانیاری پێویست ، دروست و بەڵگەداری لەلایە دەربارەی شاری سلێمانی و بنەماڵەکانی، کە نەك زۆربەی گۆڤارو ڕۆژنامەکان بەو زانیارییە دۆکۆمێنتاتییانە دەوڵەمەند دەکات، بهڵکو مێژوویهکی ڕاستهقینهشی پێدهنووسرێتهوه، ههر بۆیه گۆڤاری سلێمانی، هەندێجار لێپرسراوانیش بۆ وەرگرتنی زانیاری پەنا بۆ لای باوکم دەبەن، تا ئەوڕادەیەی ناویان لێناوە ئەرشیفەکەی شار، بەڵام هەمیشە ڕەخنە لە دەسەڵات و لێپرسراوان دەگرێت و سەرزەنشتیان داکات.
ئەرشیفەکەی شار لە ڕۆژی 25 - 7 - 2009 ، واتە ڕۆژی هەڵبژاردنەکە، بۆ دنگدان ڕوویکردە بنکەی قوتابخانەی کاوە لە ئیسکان، بەڵام بەکرێگیراوهکانی دەسەلاتی مافیا وایانزانیوە کە پیرەپیاوێکی نهخوێنهوار و نەزانە ، بۆیە بە بیانووی ئەوەی کە ناسنامەکەی کۆپییە و ئەسڵی نییە، ڕێگەیان پێنەداوە دەنگبدات (لەگەڵ ئەوەی کە ناسنامەی ئەسڵیشی پێبووە). ئەویش به تووڕهییهوه بەجێی هێشتوون. ئهمه تهنها نموونهیهکه، نهک تهنها له باوکی من، بیانوویان دۆزیوهتهوه تا دهنگ نهدات و دهنگهکهی بدزن. بەڵێ نەوە بەعسییەکانی کورد داهێنەری دەیان ڕێگەی ناڕەوا و تەزویرن، بەدەیان بیانووی جیاواز ڕێگەیان لەسەدان هەزار تاکی کوردی گرتووە کە دەنگ نەدەن، بەڵام خۆیان لەجیاتی ئەوان دەنگیان بۆ لیستی کوردستانی داوە، پیرۆزتان بێت پەڵەی ڕەشی کاری ساختەو دەستێوەردان .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست