کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بەڕێزان، سووكایەتی بە نامەكەتان كرا !!

Monday, 14/03/2011, 12:00


بێگومان من یەكێك بووم لە نوسەرانەی كە زۆرم پێناخۆش بوو ، ئەو سیانزە نوسەرە ئەو نامەیە ئاراستەی كەسێك بكەن كە دوای كۆبوونەوەكەی 12ی ئەم مانگە لە گەڵ سەركردایەتیەكەی دا، هێزێكی زۆری لە رەواندزەوە هێنایە سلێمانی، من بەچاوی خۆم ئەو هێزەم بینی كە لەبەردەم سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی تا فلكەی ئاسكەكە مۆڵدرابوو، سەركردایەتیەكەشیان لە باڵەخانەی پارێزگای سلێمانی بوو ، هێزێكی نا ئاشنا بە شاری سلێمانی و شپرزە بوو. پێتان دەڵێم بۆ چی بوو ئەو هێزە: یەكەم بۆ پەلاماردانی سەرای ئازادی و داگیركردنی، وەكو بڵێی سەنگەری دوژمنەو پەلاماری دەدەن! دووەم پەلاماردانی مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەی گۆڕان لە گردەكەی زەرگەتە و، تەقاندنەوەی كەناڵی ئاسمانی KNN كەخەوی لێ زڕاندون و بە دەردی كەناڵی نالیای بەرن ، بەڵام كۆشكی سپی ئەمریكا وبایدن ئاگاداری ئەو زاتەیان كردەوە كە ناماقووڵی وا نەكات، ئەگینا كاردانەوەی تووندیان دەبێت و، مەسعودیش داوای لێكردبوو  و فشاری دورستکردبوو تا ئەو كارە ئەنجام بدەن. ئەوە بوو ئەوەیان دواخست و تا ووتەبێژێكی سەركردایەتی یەكێتی بە ئاشكرا رایگەیاند كە جارێ بە نیاز نین پەلاماری بەردەكی سەرا بدەن، بەڵام جەلال تاڵەبانی مۆڵەتی بۆ داناون تا 21ی نەورۆز بۆ ئەوەی مەیدانی ئازادی چۆڵكەن، وەكو بڵێی ئەو مەیدانە تاپۆی ئەوو مەسعود بەرزانیە!. ئێوە چی لە كەسێكی ئاوها دیكتاتۆر چاوەڕێ دەكەن، كە هەموو رۆژێك سەركردەكانی خۆی لێی تووڕە دەبن و سەزەنشتی دەكەن لەبەر رەوشتی دكتاتۆرانەی . خۆشبەختانە ئەوەتا لە بەغدا بانگی دەكەن بۆ پەرلەمانی عێراق بۆ لێپێچینەوە لێی، یەكەم لەسەر ئەوەی كە وەكو فەرماندەی باڵای هێزە چەكدارەكانی عێراق كۆبوونەوەی بە هێزی پێشمەرگە كردوە بۆ پەلاماردانی خۆپیشاندەران، كەچی نوری مالیكی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانە نەك ئەو! هێزی پێشمەرگەیش پاسەوانی سنوورە و سەر بەسوپای عێراقە نەك سەر بە یەكێتی و پارتی. دووەم لەبەر ئەوەی كە لەكۆبوونەوەكەی بەر مەڵبەند ووتوویەتی (كەركوك قودسی كوردستانە)، ئەم قسەیە دەبوو كەسێكی دیكە بیكردایە، نەك ئەو كە سەرۆك كۆماری عێراقە! عێراقیەكان بەتەمان ئەو كیشەیە بەرنە دادگای فیدراڵی عێراق بۆ ئەوەی لەسەر ئەو پۆستە لای بەرن ،وەكو ئاژانسەكان باسی لێوە دەكەن . برادەران دەبوو نامەكەی ئێوە بۆ كەسێك بووایە كە گوێ لە مەسعود و بنەماڵەی بەرزانی نەگرێت ، بۆ كەسێك بووایە دوای ئەوەی هاتەوە بۆ كوردستان بچووایەتە بەردەركی سەرا و داوای لێبوورنی لە كەس و كاری شەهیدان و سلێمانی بكردایە ، نەك هێزی كۆكردایەتەوە بۆ سووتاندنی خێمەكانی بەردەركی سەرا و هەڕەشەكردن لە جەماوەری سلێمانی! دواجاریش جەلال تاڵەبانی لە خۆی نەگرتووە وەڵامی نامەكەتان بداتەوە، بگرە مەلا بەختیاری سەرپشك كردەوە زۆر رووكەشانە وەڵامتان بداتەوە، دواجار ئەو هەمووتان بە گۆڕان دەزانێ و چۆن گوێ لەكەسی گۆڕان دەگرێت، چونكە ئەوە گۆڕان بوو كە ئاوها گڕۆڵەی ئەوی خستوەتە لێژی و، هیچ سەنگێكی بۆ نەهێشتووەتە نە لەناوەی كوردستان و نە لە عێراق و نە لەدەرەوی عێراق، بە تایبەتی لای دۆستە ئەوروپی و ئەمریكیەكانی. بۆیە من پێم باشە وەڵامی بدەنەوە بە بەیانێك، چونكە دەنگۆی زۆرتان لەسەرەو ئەو نامەیە بە خراپ بەسەرتاندا شكایەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە