ناڕه‌زایی کۆمه‌ڵێک له رۆژنامه‌نووسانی بیانیی بۆ سه‌رۆکایه‌تیی عێراق و هه‌رێم
Sunday, 16/05/2010, 12:00
ژماره‌یه‌ك نوسه‌ر‌و رۆژنامه‌نوسی بیانی له نامه‌یه‌كی كراوه‌دا سه‌باره‌ت به رفاندن‌و تیرۆری خوێندكار‌و رۆژنامه‌نوس سه‌رده‌شت عوسمان، داوا له‌سه‌رۆكایه‌تی عێراق‌و سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن "لاسایی سیاسه‌تی سه‌رکوتکارانه‌ی ئه‌و رژێمه مه‌که‌نه‌وه که ساڵانێکی درێژ خه‌ڵکه‌که‌ی ئێوه دژی خه‌باتیان کردووه".
تایبه‌ت به ئاوێنه: له‌به‌شێكی ئه‌و نامه كراوه‌یه‌دا كه وێنه‌یه‌كی بۆ ئاوێنه نێردراوه، نوسه‌رانی نامه‌كه ده‌ڵێن "وه‌ک کۆمه‌ڵێک رۆژنامه‌وان که ساڵانێکی زۆر رووماڵی کوردستانی ئێراقمان کردووه، به‌م شێوه نیگه‌رانیی خۆمان به‌رامبه‌ر دابه‌زین و که‌وتنی مافی رۆژنامه‌وانانی کورد بۆ راگه‌یاندنی ئازاد و به‌تایبه‌ت به‌رامبه‌ر کوشتنی ئه‌م دواییه‌ی رۆژنامه‌وانێکی بیست و سێ سالان به ناوی سه‌رده‌شت عوسمان راده‌گه‌یه‌نین".
له كۆتایی نامه‌كه‌شدا كه نوسه‌ران‌و رۆژنامه‌نوسانێكی به‌ناوبانگی بیانی وه‌ك كریس كۆچێرا‌و هه‌ژیر ته‌یموریان ئیمزایان كردوه، هاتووه "ئێمه‌ی نێره‌رانی ئه‌م نامه ئه‌مڕۆ زیاتر وه‌ک دۆستی ئێوه ئه‌م نامه‌یه‌تان بۆ ده‌نێرین نه‌ک وه‌ک نه‌یاری ئێوه، وه‌ک هه‌ندێ هاوڕێ که بڕوامان به وشه‌کانی ئێوه هه‌بوو ئه‌و کاته‌ی هێشتا له ده‌سه‌ڵاتدا نه‌بوون و وه‌ک هه‌ندێ رۆژنامه‌وانیش که له‌گه‌ڵ رێزماندا به‌ڵێنی ئێوه بۆ ئازادی به خه‌ڵکه‌که‌تانتان بیر دێنینه‌وه. ئازادی بۆ ئاشکراکردنی گه‌نده‌ڵی و، بۆ چی نا، به ئازادی بۆ گاڵته‌کردن به رێبه‌رانی نه‌ته‌وه‌ییشه‌وه".
وه‌رگێڕدراوی ده‌قی ته‌واوی نامه‌كه ده‌خوێننه‌وه:
نامه‌یه‌کی کراوه بۆ مه‌سعوود بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان و، جه‌لال تاڵه‌بانی، سه‌رۆکی ئێراق
رێزداران
وه‌ک کۆمه‌ڵێک رۆژنامه‌وان که ساڵانێکی زۆر رووماڵی کوردستانی ئێراقمان کردووه، به‌م شێوه نیگه‌رانیی خۆمان به‌رامبه‌ر دابه‌زین و که‌وتنی مافی رۆژنامه‌وانانی کورد بۆ راگه‌یاندنی ئازاد و به‌تایبه‌ت به‌رامبه‌ر کوشتنی ئه‌م دواییه‌ی رۆژنامه‌وانێکی بیست و سێ سالان به ناوی سه‌رده‌شت عوسمان راده‌گه‌یه‌نین.
حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان کوشتنه‌که‌ی مه‌حکووم کرد و رایگه‌یاند " ئه‌مه تاوانێکی چه‌په‌ڵه و تاوانێکه بۆ هه‌ڵته‌کاندنی بنچینه‌یی ئاسایشی هه‌رێم و لێدانی ژیان و ئازادی خه‌ڵک نه‌خشه‌کێشراوه. هێزه ئاسایشییه پێوه‌ندیداره‌کان به وردی خه‌ریکی لێکۆڵینه‌وه‌ن له‌م دۆسیه و زیاترین هه‌وڵی خۆیان بۆ راکێشانی بکه‌ران بۆ به‌رده‌م داد ده‌ده‌ن". ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌م مه‌حکووم کردنه‌ی حکوومه‌تی هه‌ریمی کوردستانداین. ئه‌گه‌رچی، به‌پێی ئه‌و باسه بڕواپێکراوانه‌ی له سه‌ر هه‌بوونی ده‌ستی هێزه ئاسایشیه‌کان له رفاندنی سه‌رده‌شت عوسمان و کوشتنی بێڕه‌حمانه‌ی خێرای له ئارادایه، ئێمه به جه‌خته‌وه داوا ده‌که‌ین لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ له‌م رووداوه بێته ئاراوه.
سه‌رده‌شت عوسمان ، وه‌ک ئێوه‌ش ده‌زانن، پێش دۆزرانه‌وه‌ی ته‌رمه‌که‌ی له ده‌ره‌وه‌ی شاری مووسل و وه‌ک بنه‌ماڵه‌که‌ی به هه‌موانیان راگه‌یاندووه، که‌له‌بچه کراوه، ئه‌شکه‌نجه دراوه و کوژراوه. ئێمه پشت به مادده‌ی 5 و 6 ی یاسای رۆژنامه‌وانی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان داوای سزادانی توندی بکه‌رانی ئه‌م کاره ده‌که‌ین له هه‌ر شوێن و پله‌یه‌کدا، به هێزی ئاسایشیشه‌وه که هێرشیان کردوه‌ته سه‌ر رۆژنامه‌وانان.
کوشتنی سه‌رده‌شت، خوێندکارێکی زانکۆ که ئه‌و ره‌خنانه‌ی له سه‌رۆکایه‌تی گرتوویه‌تی و ئه‌و نووسینه گاڵته‌ییانه‌ی بلاویکردوه‌ته‌وه له دیمۆکراسیه‌کانی دیکه‌دا لای رێبه‌ران زۆر به ئاسایی وه‌رده‌گیرێت، ته‌نیا دوایین رووداوی زنجیره‌ی سووکایه‌تیکردنه به رۆژنامه‌وانیی سه‌ربه‌خۆ له کوردستانی ئێراق. پێرار، رۆژنامه‌وانێکی کورد به ناوی سۆرانی مامه حه‌مه پاش ئه‌وه‌ی له سه‌ر تاوانی کاربه‌ده‌ستانی حکوومیی نووسیبوو، له پیش ماڵه‌که‌ی خۆی له که‌رکوک کوژرا. له 20 ی ئاپریلی 2010 دا لانیکه‌م 16 رۆژنامه‌وان له کاتی گواستنه‌وه‌ی خۆپیشاندانی قوتابیاندا له لایه‌ن هێزه ئاسایشیه‌کانه‌وه هێرشیان کرایه سه‌ر. هه‌ندێکیان به توندی لێیان درا و ئه‌وانی دیکه‌شیان کامێراکانیان لێوه‌رگیرا و وێنه‌کانیان پێ سڕایه‌وه. له 28 ی ئاپریلدا، پۆلیس پێنج کاتژمێر لێپرسینه‌وه‌ی له سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌ی ناوداری هاوڵاتی کرد که راپۆرتیکی له سه‌ر نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری له گونده‌کانی کوردستان بڵاوکردبۆوه. سه‌رنووسه‌رێکی دیکه‌ش به ناوی فواد سادق به هۆی ره‌خنه له سه‌رۆک وه‌زیران، به‌رهه‌م ساڵح، بێکار کرا. قوبادی جه‌لیزاده، دادوه‌ر و شاعیری کورد، به هۆی نووسین له سه‌ر سیستمی دادوه‌ری له رۆژنامه‌ی هه‌واڵ له کار ده‌رکرا. سه‌ره‌ڕای ئه‌م رووداوانه و گه‌لێ سووکایه‌تی دیکه، هیچ که‌س لانه‌براوه یان نه‌دراوه‌ته دادگا. ئه‌م ده‌سته‌وه‌ستانییه‌ی حکوومه‌ت بۆته هۆی ترسانی رۆژنامه‌وانانی کورد و، زۆربه‌یان به راستی له ژیانی خۆیان ده‌ترسن.
به درێژایی خه‌باتی کوردان دژی دیکتاتۆریی ئێراقی، کاتێ کورده‌کان له ژێر هێرش و جینۆسایدی بێڕه‌حمانه‌دا بوون، بنه‌ماکه ئه‌مه بوو که " کورده‌کان جگه شاخه‌کان هیچ دۆستێکیان نییه". راستیه‌که ئه‌مه بوو که کورد له راگه‌یاندنی ئازاد‌دا گه‌لێ دۆستیان هه‌بوو، گه‌لێ له‌وانه‌ی که ژیانی خۆیان ده‌خسته مه‌ترسییه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی تاوانه‌کانی رژێمی ئێراق دژی خه‌ڵکی کورد بۆ جیهان بگوێزنه‌وه. دانا ئادامز له رۆژنامه‌ی نیویۆرک تایمز ساڵی 1963، پیته‌ر ستارکه‌ن له ئه‌ی.بی.سی نیووز ساڵی 1975، گۆین رابێرتز پاش کوشتاری هه‌ڵه‌بجه و گه‌ڵی که‌سی دیکه زه‌نگی مه‌ت‌رسییان له‌و به‌شه‌ی جیهانی ده‌ره‌وه‌دا که ئاگای له کوشتن و تاوان به‌رامبه‌ر کورده‌کان نه‌بوو لێدا. ئێمه هه‌میشه‌ش سپاسی ئه‌و پشتیوانیانه ده‌که‌ین که هێزی پێشمه‌رگه بۆ پاراستنی ئێمه له ئه‌رکه مه‌ترسیداره‌که‌مان لێیان کردووین. هه‌موو ئێمه که ئه‌م نامه‌یه‌تان بۆ ده‌نێرین رووماڵی وڵاته‌که‌ی ئێوه‌مان کردوه له‌و په‌ڕی مه‌ترسیدا، له کاتی شۆڕشی باوکی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد واته مه‌لا مسته‌فا بارزانیدا. هه‌ندێ هاوکاری ئێمه، وه‌ک گاد گرۆز و کاوه گولستان، گیانیان له پێناو گواستنه‌وه‌ی ئازاره‌کانی کورد بۆ جیهانی ده‌ره‌وه‌دا داناوه. زۆر جاران، ئه‌و کاتانه‌ی له شاخه‌کان به نهێنی ده‌ژیان و ئه‌و کاتانه‌ی له غوربه‌ت بوون، ئێوه هه‌ردووکتان گرنگایه‌تیدانی خۆتان بۆ کۆتاییهێنان به سووکایتی به ئازادی و، به ئازادی راگه‌یاندنیشه‌وه، له وڵاته‌که‌تاندا دووپاتکردوه‌ته‌وه. ئێمه‌ی نێره‌رانی ئه‌م نامه ئه‌مڕۆ زیاتر وه‌ک دۆستی ئێوه ئه‌م نامه‌یه‌تان بۆ ده‌نێرین نه‌ک وه‌ک نه‌یاری ئێوه، وه‌ک هه‌ندێ هاوڕێ که بڕوامان به وشه‌کانی ئێوه هه‌بوو ئه‌و کاته‌ی هێشتا له ده‌سه‌ڵاتدا نه‌بوون و وه‌ک هه‌ندێ رۆژنامه‌وانیش که له‌گه‌ڵ رێزماندا به‌ڵێنی ئێوه بۆ ئازادی به خه‌ڵکه‌که‌تانتان بیر دێنینه‌وه. ئازادی بۆ ئاشکراکردنی گه‌نده‌ڵی و، بۆ چی نا، به ئازادی بۆ گاڵته‌کردن به رێبه‌رانی نه‌ته‌وه‌ییشه‌وه.
رۆژنامه‌انیی کوردی هه‌ر له کوردستان ه‌وه که وه‌ک یه‌که‌م رۆژنامه‌ی کوردی ساڵی 1898 له قاهیره ده‌رچوو، نه‌ریتێکی پڕشانازیی هه‌یه. ئێمه شانبه‌شانی هاوکاره کورده‌کانمان و وه‌ک دۆستی کوردان، پێداگرانه داواتان لێده‌که‌ین لاسایی سیاسه‌تی سه‌رکوتکارانه‌ی ئه‌و رژێمه مه‌که‌نه‌وه که ساڵانێکی درێژ خه‌ڵکه‌که‌ی ئێوه دژی خه‌باتیان کردووه.
1.جێڕاڵدین برووکس
2.جێرارد چالیه‌ند
3.چارلز گلاس
4.ئێڤس هارت
4.سێسیل هێنیۆن
5.ده‌یڤید هێرست
6.جیم هۆگلاند
7.مارک کراڤێتز
8.کریس کۆچێرا
9.کوولی لاورێنس
10.فرانچۆیس خاویه‌ر لۆرانس
11.ده‌یڤید مه‌ک دۆڵ
12.ئێدوارد مۆرتیمێر
13.فابریک مووسۆس
14.جیم مۆیر
15.جۆناتان ره‌نده‌ل
16.هه‌ژیر ته‌یمووریان
17.مارتین وۆلاکۆت
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست