کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بەهاى مرۆڤ .. سەردەشت عوسمان، بۆ نمونە...

Friday, 10/09/2010, 12:00


هەموومان لەبیرمانە، كە رۆژى سێشەممە 4/5/2010 سەردەشت عوسمان رفێندرا و رۆژى 6/5/2010 لەشارى موسڵ تەرمەكەى دۆزرایەوە و هێنرایەوە بۆ شارى هەولێر.
هەر ناونیشانێك بۆ سەردەشت دابنێین و دیاری بكەین لە بەهای رووداوەكە كەم ناكاتەوە، رۆژنامەنووس بوو یان خوێندكاربوو یان گەنج بوو یان .... هەرچیەك بێت یان نەبێت، لە پێگەى ئەو كەسە كەمنتاكاتەوە وەكو مرۆڤێك.
ئەوەى روویدا، كارەساتێكى مرۆیی بوو، هیچ مەرگێك لەمەرگی مرۆڤێك بەشێوەى ئەوا دژوارتر نیە.
ئەم وێنەیە ببینە: مرۆڤێك لەبەردەم كۆلێژەكەى بەبەرچاوى پاسەوانەكان، بەرۆژى رووناك، لەسەر شەقامێكى گشتی بەبەرچاوى خەڵك، رێگاى لێبگیرێت و بەزەبرى چەك پەلكێشی ناو ئۆتۆمبێلێك بكرێت..
كەچی دواى تێپەڕبوونی زیاتر لە سەدو بیست رۆژ، هێشتا كەسێك، لایەنێك لە بەرامبەر ئەو كردەوەیە بەرپرس نەكراوە، نەمانبیست بڵاونەكرایەوە كەسێك بە تۆمەتی ئەنجامدانى ئەو كردەوەیە لێپێچینەوەى لەگەڵدا كرابێت،
ئەوانەى ئەو تاوانەیان كرد كێ بوون؟ لەكوێوە هاتبوون و بۆ كوێ چوون؟ بۆ كەس نەیبینین و نەیناسین؟ سەیرە...
ئەم كارەساتە، یەك راستیمان بۆ دەخاتە ناو چوارچێوەى گومانەوە، ئەویش ئەوەیە كە مرۆڤ و ژیان و شكۆى هەرزانترین شتی ئەم كۆمەڵگەیەن، ئەگەر بێ نرخترینی نەبن، چونكە دەبینین مرۆڤ لەسەر پارچە زەویەك دەكوژێت، لەسەر رێڕەوى جۆگەیەك دەكوژرێت لەسەر چەند سانتیمەترە زەویەك دەكوژرێت، بەڵام بۆ لەسەر سوكایەتی كردن بە شكۆى ئینسان كەسێك سزا نادرێت، خۆناڵێن با بكوژرێت.
راستیەكە ئەوەیە، ژیانى مرۆڤێك لەهەموو شتێك بەبەهاترە و بەنرخترە، لەوە گەورەترە كە بەهۆى حەز و خواست و توندڕەوەى و ویست و كەمتەرخەمی كەسێكی دیكەوە لەناو بچێت.
چۆن دەتوانین كەسانی بەرپرس لە كارەساتێكى لەو شێوەیە دیاری بكەین؟
پێویستە چۆن لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت؟
چۆن لێپرسینەوە لە لایەنە حكومیە پەیوەندیدارەكان بكرێت، وەكو بەرپرسی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە روودانى كارەساتێكى لەو شێوەیە؟
چۆن بەرپرسان و ویژدانیان لە هەستكردن بە بەهاى مرۆڤ و ژیان و مافی بەئارامی ژیانیان هۆشیار بكەینەوە؟
بۆ بەرپرسانمان بە ویژدانەوە ئەوە نەزانن كە بەهاى مرۆڤ لە مرۆڤبوونیەوەیەتی نەك لە پۆستەكەى یان خاوەنی چیە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە