دادگاى تەمییز كێشەى حزبى زەحمەتكێشانــى كوردستانى یەكلاكردەوە راگەیەندراوێك لە مەكتەبى سیاسیى حزبى زەحمەتكێشانى كوردستان
Tuesday, 07/09/2010, 12:00
وەك هەموو لایەك ئاگادارە حزبى زەحمەتكێشانى كوردستان لەدووساڵى رابردوو لەنێوخۆیدا لەگەلأ كێشەى سیاسىو رێكخراوەیى رووبەڕوو بووەوەو دواجار بەڕێز (قادر عەزیز) سكرتێرى پێشووى حزب دوور لەلۆژیكى سیاسىو بەپێچەوانەى پەیڕەوو پرۆگرامو پرانسیپە نێوخۆییەكانى حزب، لەكردەوەیەكى چاوەڕواننەكراودا، رۆژى "4"ى نیسانى "2009" بەفەرمى خۆى لەحزبى زەحمەتكێشانى كوردستان جیاكردەوە، بەم رەفتارەش حزبى دووچارى لێكترازان كرد.
حزبى زەحمەتكێشانى كوردستان بۆ یەكلاییكردنەوەى ئەو كێشەیەو بەكارنەهێنانى ناوى حزب لەلایەن سكرتێرى پێشوو، بەشێوەى شارستانى پەناى بۆ دادگا بردو لە ئایارى 2009 دا داواى لەسەر (قادر عەزیز) لەدادگاى هەولێر تۆماركرد. پاشان داواكە رەوانەى دادگاى بەرایى سلێمانى كراو لە رۆژى25/6/ 2009وە دادگا بە فەرمى دەستى بەسەیركردنى ئەو داوایە كرد، ئەوە بوو دادگاى بەرایى سلێمانى دواى زنجیرەیەك دانیشتنو سەیركردنى سەرجەم بەڵگەنامەكان لە رۆژى 19/4/ 2010 بڕیارى خۆى لەبەرژەوەندیى حزبى زەحمەتكێشانى كوردستان یەكلایى كردەوە، دواى ئەوە سكرتێرى پێشوو ئەو بڕیارەى لە دادگاى باڵاى تەمییزى هەرێمى كوردستان تەمییز كردەوە، دادگاى تەمییزیش لەرۆژى (25/8/2010) بڕیارى كۆتایى لەكەیسەكەداو هەمان حوكمى دادگاى بەرایى سلێمانى پەسەند كردو ئەم كێشەیە لە رووى یاسایىو بەیەكجارى بەقازانجى حزبى زەحمەتكێشانى كوردستان لەدادگا كۆتایى هات. ئەگەرچى لەماوەى رابردوودا حزبى زەحمەتكێشانى كوردستان بەكێشەى لاوەكىو لابەلاوە خەریكدەكرا، كەچى لەسۆنگەى بڕوابوون بەخۆمانو پشت بەستوو بەڕاستىو دروستى بڕیارەكانمانو گرتنەبەرى شێوازێكى شارستانىو پەنابردن بۆ دادگاو یەكلایى كردنەوەى كێشەكەى لەرێگاى یاساوە، حزبى زەحمەتكێشانى كوردستان دەستكەوتێكى تر لەشێوازى خەباتى مەدەنى دەخاتە سەرخەرمانى خەباتى نەپساوەى خۆى، بەوەش دادگاى كوردستان بۆیەكەمین جار لەمێژووى خۆیدا كێشەیەكى لەو شێوەیەى یەكلاییكردەوە.
لە دواى ئەم بڕیارە، داوا لە هەموو لایەنە سیاسیەكانو دەزگاكانى راگەیاندنو دامودەزگاكانى حكومەتى هەرێمى كوردستانو رێكخراوە ناحكومییەكانیش دەكەین، لەمەودوا لە هەڵسوكەوتو باسكردنى حزبى زەحمەتكێشانى كوردستاندا رەچاوى ئەو بڕیارەى دادگا بكەن.
لێرەدا ئەو راستیە دووپاتدەكەینەوە، كە لەمەودوا گوڕو تینى زیاتر بەحزب دەدەین، ئەمڕۆكەش حزبى زەحمەتكێشانى كوردستان لەسەر گۆڕەپانى سیاسیدا لەبەردەم ئەركەكانى كرانەوەو خۆسازدانەوەو كاراكردنى رۆڵى حزب دایە، هەروەك لەو پەیوەندیەشدا حزبى زەحمەتكێشانى كوردستان هەموو لایەك دڵنیادەكاتەوە كە لەپێگەى سروشتى خۆیداو بەپێى پرانسیپە سیاسییەكانىو هێڵە گشتییە نەتەوەیىو نیشتمانیەكانیدا پەرە بەتێكۆشانى سیاسىو بەكارى هاوبەشى خۆى لەگەلأ حزبو لایەنە سیاسیەكان دەدات.
مەكتەبى سیاسیى
حزبى زەحمەتكێشانى كوردستان
7/9/2010
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست