کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


شەلاقوەشێنەكانى دەسەڵات بەیارمەتیتان!!

Tuesday, 26/01/2010, 12:00


(شەڕی دەسەڵات شەڕێكى بەردەوامە لە كێڵانى زەوى یەوە بە پاچ و گاسن) وتەی(ڕیمۆن ئارۆن)
نوسین و لێكۆڵینەوە و تێڕامانى هەموو بیرتیژان و خەمخۆرانى وڵات شرۆڤەى ئەو ژانەیە كە هەرێمى كوردستان و حكومەتەكەى و سیستەمى حوكمڕانى و دەسەڵاتەڕەهاكەى دووچارى بووە، ئەویش ژانى گەندەڵییە, شكێنەرى ژانێكى وەهاش بێشك گۆڕانێكى ڕیشەیى گەرەكە, لەسەروبەندى ژانێكى وەهادا دەبێت (گۆڤارى دەنگ) گوێزەرەوەیەكى واقع بینانەى ئەو ڕەوشە سیاسی و كۆمەڵایەتییە بێ بۆ بەرچاوى خوێنەر بەقەد گۆشەنیگاى بینینى خۆى كە بێشك ئەو بینینەش ژانۆكەیەكە لەناو وڵاتێكدا كە گەندەڵى سەرتاپاى داپۆشیوە.
گەندەڵى چییە؟ باشە تۆ بڕیارت نەدابوو لەترسى شەلاق هیچ نەنووسى ئەرێ تۆنەت وت تەسلیم ئەبمەوە, ئێ كاكە لەترسى شارە حەیاتەكە ناوێرم.. خۆت ئەزانى یەكسەر دەڵێن بەڕاستى فڵان كەس (بودەڵەیە,لەرزۆكە,لەكوێ با بێ لەوێ شەن دەكا, دەست نوێژ ڕاناگرێت) بەینى خۆشمان بێت پارەو شەلاق پیاوى خۆى دەوێ!؟ هەرچەندە بڕٍیارمدابوو قفڵێ لەدەم و لەزمانم بدەم و كلیلەكەى بخەمە گیرفانى دەسەڵاتدارێكەوە.
ئەرێ فیسار كەس بۆ تەسلیم بۆوە؟ وەڵا ئەڵێت خەڵك ئەوە ناهێنێ نانى خۆتى بۆببڕیت..
بڕین...باشە بڵێیت چ بڕینێك بەقەد بڕینى نان بەئازاربێت؟! بەهەر حاڵ من خەڵكم خۆشەوێت هەروەك جەمالەدین ئەفغانى ئەڵێت" گەل بێ سەركردە دەژى سەركردە بێ گەل ناژى" هەندێكیش پێم ئەڵێن بەخوا كاكە تۆ شەلاقت هاتووە..شەلاقم هاتبێ و نەهاتبێ چەند پرسیارێك كاتى هاتووە بۆ نەپرسم ئەرێ نەتانوت گەر حوكمەت چارەسەرى كێشەى كارەبا نەكات دەبێت ماڵئاوایى بكات بەڵام وا حكومەتى كابینەى شەشەمیش لەبەر چرا واژوى بەڵێنەكانى پێش (25ى7)دەكات, من بزانم ئەم حكومەتەى ئێمە وەك بوودجەكە حەزدەكات هەمووشتێك لەتاریكیدا بهێڵێتەوە, كوردیش ئەڵێت(كێ ئەزانێ خێر بەچییەوەیە) بەڕاستى بێكارەبایى جوانە لە كابینەى چرا...
چ هەڵایەك نرایەوە حیزب لەحكومەت جیاكرایەوە.. ئەمەندە ئاسانە وەك چۆن موو لەماست دەردێنى ئەمە كەى؟ ئەمە عەیامى پێش ئێستاكە چى لەم ڕۆژانەدا دایكە پیرەیەكم مانگانەیەكى(37,500)ى چاپى نوێ لە خانەنشینى وەردەگرێت داواى تەسكییەى كۆمیتەى لێدەكەن.. ئەم بڕیارە ڕێك وەك
ئەو بڕیارە وابوو كە دادگایان سەربەخۆكرد..كەچى مرەكەبى بڕیارەكە وشك نەبۆوە سەنتەرى عەشایەرى بەڕیز كرایەوە... ئەرێ كەركوك و ماددە شومەكەى چى بەسەرهات؟ ئەى پێش(25ى7) نەیانوت تەنها كارى فەنى ماوە, فەنى چى و مادەى چى؟! لەسەرەمەرگا كەركوكە فرۆشراوەكەم هەر بەخۆیەوە نەوەستا چەند كورسییەكى سێ پارێزگاكەى هەرێمیشى حەپەلووش كرد.. پێ ئەچێ پارەخۆرى قەڵەم چەورێ بڵێ كەى وایە.. ئێمە گەرەنتیمان لە ئەمریكا وەرگرتووە باشە گەر فێلمان لێنەكراوە گرەنتى و دڵدانەوە بۆ؟ ئەكرێ كەركوكى قودس و دڵ، بەپەیوەندیەكى تەلەفۆنى هەڕاجى بكەین ئەمە بەڕیشى كێ ڕەوایە؟ باشە بۆ دەبێ ئەم دەسەڵاتى هەرێمى كوردستانە هەر چەپڵەژەن و هاوڵاتى دەروێش ئاساى گەرەك بێت! بۆ دەبێت بەگژ ڕاستى دا بچێتەوە بۆ دەبێ بە هەواڵی چەوت و خێل شاگەشكە بێ؟ شاگەشكەى چى؟ ئێ ئەوە نییە گۆڤارێ سەروتار و بن وتارى بەپارە و دەستخۆشى ئاخنراوە كەچى وێنەى(محمد سابیر) دەكا بە(مجیدساڵحى) لاى كاك نەوشیروان و دەكرێتە مانشێت و هەروەك ئەوەى بڵێی كەركوك هاتەوە باوەشى نیشتیمان.. لەڕەوشێكى تراژیدیدا عەدالەتى كۆمەڵایەتى كراوە بە گەرووى ئاشدا.. عەدالەت هەروایە..
پەرلەمانتارێك (8)ملیۆن, مامۆستا(500) هەزار, وەزیرێك... لەبەر چاوەزار مووچەكەى ناڵێم كارگوزارى ئەویش خۆتان ئەیزانن.. ئیتر سەركردایەتى و بن كردایەتى حیزب هەر خۆیان و خوا ئەیزانێ.
دەرەنجام:
ئەوەى جێگەى شۆكە ئەو دیفاعە خراپەیە كە دەسەڵات بەرامبەر بە گەلەكەى گرتویەتییەبەر ئەویش كپكردنەوەى دەنگى گەلە، هەرێمێكیش تیا زەرەرمەندبێت بەم شێوازە تەمەنى دەسەڵاتدارى درێژبكاتەوە ئەمڕۆ یا سبەى گلۆر دەبنەوە پێ دەچێ ئەم نوسینەش پێشێلكردنى بەندێك لەبەندەكانى مافى مرۆڤى بەدوادابێت كە ئەویش من و شەلاقوەشێنەكانى دەسەڵاتە.. پێش ئەوەى تەواوبم پرسیارێكتان لێدەكەم, ئەرێ برالە ئەو پڕۆفیسۆرەى لاپەرەى هاوڵاتى و ئاوێنە و تادوایى كردبووە سەكۆى ڕەخنەو گازندە و پێشنیار بۆ دەسەڵاتى هەرێم!! كەچى ئێستا قەڵەمەكەى بۆ توڕ هەڵداوە و چەپڵە ئەژەنێ؟ بۆ دەسەڵات؟
گۆڤاری دەنگ

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە