كەركوك هەنگاو دەنێت بەرەو هەرێمێكى سەربەخۆ .
Thursday, 09/12/2010, 12:00
كەركوك یەكێكە لە لەجێ ناكۆكترین پارێزگاكانى عێراق بەدرێژاى مێژوو هۆكارەكەشى دەوڵەمەندى شارەكەیە لەڕووى سامانە سروشتیەكانەوە ئەمەش واى كردوە نەك تەنها نەتەوە جیاجیاكانى ناوخۆى عێراق چاوى تێ ببڕن بەڵكو ووڵاتانى دراوسێش دەیانەوێت پشكیان هەبێت لەسامانى ئەم شارەدا زۆرى ئەو ململانێیەى كەلەسەر ئەم شارە دروست بووە واى كرد كە هەندێك بە بەرمێكى باروود و هەندێكى دیكە بەبۆمبى چێنراو وەسفى بكەن بەڵام بەهۆى ئەوەى كە ملمڵانێ سیاسیەكانى تەنها لەنێوان سیاسەكاندایە و باڵى نەكێشاوە بۆ دانیشتوانەكەى بۆیە ئەگەر بۆمبى چێنراویش بێت هەرگیز ناتەقێتەوە چونكە خەڵكەكەى بە كورد و عارەب و توركمان لە نێوان خۆیاندا تێكەڵاویەكى زۆریان هەیە و نەیان هێلاوە ئەو ململانێیانە تەشەنە بكات لەناوخۆى شارەكە بەشێوەیەك كە پەیوەندى كۆمەڵایەتى نێوانیان تێك بدات هەڵبەتە ئەوەى لەشارەكەدا ژیابێت ئەم حەقیقەتە باشتر دركى پێ دەكات .
ئەمەش پێمان دەڵێت كە كەركوكیەكان لەنێوان خۆیاندا دەتوانن پێكەوە لەسەر بابەتە ناكۆكەكان ڕێك بكەون بەڵام كاتێك كە كێشەكانیان ببرێتە دەرەوەى سنورى شارەكەو یان دەرەوەى ووڵات ئەوكاتە كێشەكان گەورەتر دەبێتەوە زۆرجار سەركردایەتى كوردى ڕێكەوتن لە سەر كەركوك دەكات بێ ئەوەى كەركوكیەكان ئاگایان لەناوەڕۆكى ئەو ڕێكەوتنانە بێت نوێترینیان بەشدارى كردنى كورد لە حكومەتى نوێى مالكیدا بەبیانۆى ئەوەى كەگوایە مالكى بەڵێنى جێ بەجێ كردنى ماددەى 140 و چارەسەر كردنى ناوچە دابڕاوەكانى داوە بەڵام كەس نازانێت ناوەڕۆكى ئەو ڕێكەوتنامەیە چۆنە ئایە تەنها بەڵێنە یاخود چارەسەر ؟
چارەسەر كردنى كێشەى كەركوك لە ڕوانگەى ئەمریكاوە هەرێمێكى سەربەخۆیە هەڵبەتە ئەمەش نازانم تاچەند لەقازانجى كورداییە بەڵام بەدڵنیاییەوە لەقازانجى كەركوكیەكاندایە چونكە دەسەلاتى كوردى كەخاوەن چەندین پۆستى جێ بەجێ كارە لەشارى كەركوك نەیانتوانیوە بەگوێرەى پێویست خزمەت بەكەركوكیەكان بكەن چ لەڕووى ئەمنیەت و ئاسایشى شارەكەوە كە ناوبەناو تەقینەوەكان ترس و دوو دڵى دەخاتە نێو دڵیان چ لەڕووى خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانى ژیانەوە كە ئاو كارەبایە.
بونى هەرێمێكى سەربەخۆ ئەگەرچى لەئێستادا كورد پێى قایل نیە بەڵام ڕەفتارەكانى سیاسەتى ئەمەریكاو تەنانەت unیش بۆ ئەوە هەنگاو دەنێت بەڵگەش لەسەر قسەكانم پێشنیارەكانى باردن لەگەڵ هەڵبژاردنى7/3 بوو كە ئەمەریكاو un سەنگێكیان دروست كرد لەنێوان كورد و پێك هاتەكانى دیكەى شارەكە ئەویش ئەتوانم بڵێم بەدابەش كردنى ئەو 12كورسیەى كەبۆ كەركوك تەرخان كرا بوو لەپەرلەمانى عێراق بەشێوەیەك كە هیچ نەتەوەیەك نەبێت بەزۆرینە بەسە ئەوى ترەوە دەرئەنجام لیستى عێراقییە شەش كورسى بەدەست هێنا كوردیش لەبەرامبەردا بەهەمان شێوە شەش كورسى ئەمەش واى كرد چ وەكو كورد گومانى هەبێت لە كورد بوو كەركوك چ وەكو عارەب و توركمان گومانیان هەبێت لە عارەبێتى یان توركمانێتى شارە ئەمەش دەبێتە فاكتەرێكى ئەكتیڤ بۆ بەهەرێم بوونى كەركوك وەكو هەرێمێكى سەربەخۆ ئەوەشمان لەبیر بچێت لەكاتێكدا كە لەناوچە عەرەب نشینەكاندا بەلێشاو تەزور دەكرا وە un لە نزیكەوە ئاگادارى ئەو تەزویرانە بوو بەڵام بۆ دروست كردنى تەوازنى نێوان پێكهاتەكانى شارى كەركوك و لایەنە سیاسیەكان un هیچى هەڵوێستێكى نەبوو .
بۆیە چارەسەر نەكردنى كێشەى كەركوك و دواخستنى هەجارەو بە بیانۆیەك دەر ئەنجام كورد و هەموولایەنە ناكۆكەكانى دیكە ناچار دەكات كە ڕازى بن بەوەى كەركوك ببێتە هەرێمێكى سەربەخۆ من پێم وایە لە ڕیفراندۆمیشدا جگە لە عارەب و توركمانەكانى شارەكە زۆرێك لە كوردیش دەنگ بۆ بون بەهەرێمى بوونى كەركوك دەدن چونكە دەسەڵاتى كوردى لەماوەى دەسەڵاتى ڕابردودا نەبوەتە جێگەى متمانەى دانیشتوانەكەى .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست