نەورۆز- نامەیەك بۆ گەنجانى كوردستان
Saturday, 19/03/2011, 12:00
وەرن با جەژنى نەورۆزى ئەمساڵ بكەین بە جەژنى تورەى گەنجان و شۆرشى سپی رابگەیەنین.
* سڵاوى خۆشەویستى و شكۆمەندى و ئیرادە بۆ تەواوى گەنجان و خەڵكانى ئازادیخوازى كوردستان.وێراى پشتیوانى وپیرۆزباى لە سەركەوتن و ئیرادەى بەهێزو ماندوو نەناسانەتان لە بەرامبەر هاتنە مەیدانى خەباتى مەدەنیانەو تێكۆشانتان لە پێناو ئازادى و تەواوى ماف و داخوازیەكانتان،ئێمەى چالاكوان و كەسانى ئازادیخوازى تۆرى بەرگى لە ماف و ئازادییەكانى خەڵك ،ئامادەى بە هەرەوەزى كاركردن و كۆمەك و پشتیوانیتانین لە گشت شارو شارۆچكەو لادێكانى كوردستان بۆ روبەروبونەوەو بە بەدادگا گەیاندنى بكوژانى ئازادیى و گەندەڵ و ستەمكارانى دەسەلاتدار و حكومرانى ئەم هەرێمە،
* گەنجان و هاوڵاتیانى خۆپێشاندەرو نارازى لە خراپى سیستەمى حكومرانى هەرێمى كوردستان و بارى گوزەرانتان، بەلەبەرچاوگرتنى وەڵامە نەرێنى و ساردوسر و هەوڵە بەردەوامەكانى دەسەڵات و دەزگا داپلۆسێنەروبكوژو تۆقێنەرەكانى هەردوو پارتى دەسەڵاتدار لەبەرامبەر خۆپێشاندەران _بەئامانجى خامۆشكردن و سەركوتكردنى ئیرادەو دەنگى ئەو هەزاران گەنج و خەڵكە ئازادیخوازەى كە ماوەى مانگێكە بە شێوازى مەدەنیانە و ئاشتیانە لە زۆربەى شارەكانى كوردستان رژاونەتە سەرشەقامەكان،وە لە ناو ئاپۆرەى هەزاران كەسدا داواى چاكسازى و عەدالەت و گۆینى سیستەم و دەسەڵاتى حكومران ئەكەن، بۆ هەرچى باشكردنى گوزەران و پاراستنى كەرامەت و ماف و ئازادییەكانمان_ وە بەردەوامیدان بە گرتن و كوشتن و ئازاردان و سوكایەتى كردنمان و بەدەنگەوە نەهاتنى كرداریانەى هیچكام لە سەرۆكە زۆرو بۆرەكانى ئەم هەرێمە، ئێمە پێشنیار ئەكەن كە لە نەورۆزى ئەمساڵدا ،وە لە یەكەمین رۆژى ساڵى كوردییدا هەموولایەكمان بەشدارى و پشتیوانى تەواوى خەڵكى ئازادیخوازى خۆپێشاندەر و راپەریوى كوردستان بكەین ،وە جەژنى نەورۆزى ئەمساڵ بە جەژنى تورەى گەنجان و شۆرشى سپی رابگەیەنین،وە لە نەورۆزى ئەمساڵدا بە مەشخەڵى تورەى و ئاگرینەوە لە گشت شارولادێیەك برژێنە سەر شەقامەكان،دەست لەناودەستى یەكتر نەفرەت لە خوێن رشتن و توندوتیژى و دەسەڵاتى ستەمكارو گەندەڵ بكەین ،داواى هەرچى زوترى پێكهێنانى بەرەیەكى نیشتیمانى بكەین بۆ پێكهێنانى حكومەتێكى كاتى و هەنگاونان بۆ پێكهێنانى حكومەتى خەڵك ،كە لێوان لێوبێت لە ئازادى سیاسى و كۆمەلایەتى و عەدالەت و پاكیزە لە سەرجەم بوارەكانى ژیاندا ،وە بە ئامانجى بەدیهێنانى دونیایەكى باشتر و شایستە و خۆشگوزەران بۆ هەمو تاكێكى ئەم وڵاتە.
* گەنجانى تورەو شكۆمەند و هۆشیار،ئێمە بە هاوكارى و بەشدارى و پشتیوانى ئێوەى هۆشیار و خەمخۆرى ئەم وڵاتە،ساڵانێكە دەست لەناو دەستى كەسانى ماندونەناس و ئازادیخواز بە چالاكى مەدەنى جۆراوجۆر لە شێوەى كامپین و خۆپێشاندان و نارەزایەتى دەربرینەوە، بزوتنەوەیەكى كۆمەڵایەتى ئازادیخوازیمان پێكهێناوە و لەپێناو بەرگرى كردن لە ماف و ئازادییەكانى خەڵكى كوردستان، بەبێ جیاوازى رەگەزى و ئاینى و ئایدیۆلۆجى ، بە پشتەبستن بە توانا سوردارەكان خۆمان وەك رێكخراوێكى سەربەخۆ و ناحكومى ،وە هەوڵى بەدیهێنان و ئامانج و داخوازییەكا و بەرگریكردنمان داوە،لەم پێناوەشدا چەندین چار روبەروى گرفت و هەرەشەى جۆراوجۆربوینەتەوە,بەڵام خۆشبەختانە هیچكام لەم هەوڵە قێزەونانە نەى توانیوە بەر بە تێكۆشانى مەدەنیانەى تۆرەكەمان بگرن و دوچارى شكستمان بكەنەوە.
*بۆیە لێرەوە داوا لە هەموو پارتە سیاسیەكانى كوردستان،بەتاییبەتى بەرەى ئۆپۆزیسیۆن و خەڵكى ئازادیخواز و گروپ و رێكخراوە مەدەنیەكان ئەكەین ،كە بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەكەدا بكەن و هەوڵى چارەسەرى ریشەى و گونجاو بدەن و ئەم دەرفەتە زێرین و مەزنە لە كیس نەدەن. لەهەمانكاتدا هۆشدارى ئەدەینە هێزە ئۆپۆزیسیۆنەكان كە بەرهەم و رەنجى دەیان ساڵەى خەڵكى كوردستان كە بۆ گۆرینى دەسەڵاتدرانى كوردستان ناویانە بەفیرۆ نەدەن و لە پێناو بەرژەوەندى تایبەتى سیاسى خۆیاندا راپەرینى خەڵكى كوردستان خامۆش نەكەن،ئەم دەستكەوتە گرنگ و كۆدەنگییەى كە ئێستا هاتوەتەگۆرێ بەلارێ و لەبار نەبەن.چونكە خەڵكى كوردستان چیتر سەركوت و موزایەدە و گەمەى سیاسى بە ماف و داخوازییەكانى خەڵكەوە لە هیچ حیزب و كەسێكى سیاسى قبوڵ ناكات.
تۆرى بەرگرى لە ماف و ئازادییەكانى خەڵك
www.tbmax.org
[email protected]tel: +964(0)7707698822
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست