سیناریۆیه‌کی دیکه‌ی ده‌سته‌ڵات پوچه‌ڵده‌کرێته‌وه‌‌

Thursday, 26/04/2012, 12:00


 



ڕونکردنه‌ویه‌ک له‌ کامپه‌ینی " ئازادکردنی ئیبراهیمی کاکه‌ ئه‌حه‌" بۆ ڕای گشتی
ئێمه‌ وه‌ک کامپه‌ینی " ئازادکردنی ئیبراهیمی کاکه‌ ئه‌حه‌"، داکۆکیکاران له‌ پارێزگاریکردن له‌ که‌رامه‌تی مرۆڤی کورد و له‌ ئازادیی ڕاده‌رربڕین و کۆڕو کۆبونه‌وه‌ جه‌ماوه‌ریه‌کان بۆ پارێزگاریکرن له‌ مافه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌کانیان، هه‌شت مانگ به‌ر له‌ ئێستا و له‌ باوه‌ڕی ته‌واومان به‌ ئازادی مرۆڤه‌کان بۆ خۆپیشاندانی ئاشتیانه‌ و کۆڕو کۆبوونه‌وه‌ی مه‌ده‌نیانه‌، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستگیرکردنی ئیبراهیمی کاکه‌ ئه‌حه‌وه‌ له‌ مانگی نۆی ساڵی ڕابردووه‌وه‌ سه‌رجه‌م ڕای گشتی ناوخۆو ده‌ره‌وه‌ و ده‌سته‌ڵاتدارانی ئه‌م هه‌رێمه‌مان له‌و ناعه‌داله‌تیه‌ ئاگادارکرده‌وه‌ که‌ ئه‌و هاوڵاتیه‌ ته‌نها به‌ هۆی بیر و بۆچونی سیاسیه‌وه‌ و له‌ سیناروێیه‌کی مه‌هزه‌له‌ ئامێزی ده‌سته‌ڵاتدا ڕوو به‌ ڕووی بوه‌وه‌ و به‌ هۆیه‌وه‌ ده‌ستگیرکرا. ئه‌مڕۆ پاش هه‌شت مانگ له‌ زیندانی کردنی کاک ئیبراهیم و هه‌شت دانیشتنی دادگا، کاک ئیبراهیم بێتاوان ده‌رچوو له‌و تاوانه‌ی بۆی داتاشرابوو، پاش ئه‌و ماوه‌ زۆره‌ ئه‌و ڕاستیه‌ سه‌لمێنرا که‌ ده‌ستگیرکردنی ئه‌و مرۆڤه‌ ته‌نها په‌یوه‌ندی به‌و که‌ڵکه‌ڵه‌ سته‌مکارییه‌وه‌ هه‌بوو‌ که‌ له‌ ڕۆحی فه‌رمانڕاوایانی ئه‌م هه‌رێمه‌دا ڕه‌گی داکوتیوه‌‌ له‌ به‌کارهێنانی سه‌رجه‌م ئه‌و ده‌سته‌ڵاتانه‌ی هه‌یانه‌ بۆ بلاوکردنه‌وه‌ی ترس و تۆقاندن له‌ نێو کۆماڵگای کوردیدا و تا به‌ هه‌موان بڵێن "گه‌ر له‌گه‌ڵمان نه‌بێت، دژمانیت؛ ژیانی هه‌موتان په‌یوه‌سته‌ به‌ ویستی ئێمه‌وه‌؛ که‌ی ویستمان ڕێگا ده‌ده‌ین بژین و که‌ی نه‌مانویست ده‌رگای زیندانه‌کان له‌ به‌رده‌متاندا ده‌که‌ینه‌وه‌".
ئه‌وه‌ی ده‌سته‌ڵات له‌م که‌یسه‌دا کردی ته‌نها پێشێلکردنی مافی کاک ئیبراهیم نه‌بوو له‌ ژیانێکی ئازادانه‌، به‌ڵکو بێڕێزییه‌کی به‌رچاو بوو به‌ خوێنی شه‌هید عه‌لی و ناچارکردنی خێزانی جوانه‌مه‌رگ بوو به‌ شایه‌‌تی دان دژ به‌ مرۆڤێکی بێتاوان له‌ جیاتی هه‌وڵدان بۆ دۆزینه‌وه‌ی هۆکاری ڕاسته‌قینه‌ و که‌س و لایه‌نی تاوانبارو گه‌یاندنیان به‌ دادگایه‌کی عادیلانه‌. که‌یسی ئیبراهیمی کاکه‌ ئه‌حه‌ نمونه‌ی هۆکاری بێمتمانه‌یی هاوڵاتیانی ئه‌م هه‌رێمه‌یه‌ به‌ ده‌سته‌ڵاتی سیاسی.
ڕاستیه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گره‌ که‌ هه‌ردوو حیزبی فه‌رمانڕه‌وای کوردی وه‌ک پیشه‌ی هه‌میشه‌ییان به‌ به‌رده‌وامی سه‌رقاڵی داڵده‌دانی تۆماتبار و تاوانباران و به‌ قوربانی کردنی قوربانیانن و ئێمه‌ش له‌و باوه‌ڕه‌دا نین ئه‌وان بتوانن خۆبه‌خشانه‌و به‌ ئاسانی ده‌ستبه‌رداری ئه‌م خوه‌ شه‌ڕانگێز و نا نیشتمانپه‌روه‌رانه‌یان ببن‌، له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ ته‌نها ده‌سته‌ڵاتێک که‌ بتوانێت سنورێک بۆ ئه‌م مامه‌ڵه‌ ناته‌ندروست و نا سیاسی و نا ئه‌خلاقی و نا مه‌ده‌نی و نا یاساییانه‌ی ده‌سته‌ڵاتدارن دابنێت بریتیه‌ له‌ کارا بوونی دوو هێز، یه‌که‌میان هێزی خه‌ڵکی ئازادیخوازی ئه‌م هه‌رێمه‌یه‌‌‌ که‌ سه‌نگه‌ری خه‌باتی مه‌ده‌نیانه‌ی خۆیان قایمتر بکه‌ن و هه‌رگیز بێده‌نگی هه‌ڵنه‌بژێرن به‌رامبه‌ر ئه‌و پێشێلکاریانه‌ی ده‌سته‌ڵاتداران به‌رامبه‌ر ماف و ئازادییه‌کانیان ئه‌نجامیانده‌ده‌ن، و هێزی دووهه‌میش هێزی دادگاکانه‌، له‌ کوردستان ده‌سته‌ڵاتێکی دادوه‌ری پێویسته‌ که‌ بتوانێت بێلایه‌نانه‌ و ڕاستگۆیانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و په‌یامه‌ی له‌ پێناویدا دامه‌زراوه‌‌ و ئه‌و سوێنده‌ی بۆ پارێزگاریکردن له‌ عه‌داله‌ت و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و پارێزگاریکردن له‌ ڕاستیه‌کان و ژیان و سه‌ر و ماڵی هاوڵاتیان خواردویانه‌ ببێته‌ پشتێکی ڕاسته‌قینه‌ی ده‌نگه‌ ئازاده‌کان دژ به‌ موماره‌ساتی نادادپه‌روه‌رانه‌ی فه‌رمانڕاوایان.
ئێمه‌ به‌ ناوی که‌مپه‌ینه‌که‌ و به‌ ناوی ئیبراهیمی کاکه‌ ئه‌حه‌وه‌ سوپاسی سه‌رجه‌م ئه‌و به‌ڕێزانه‌ ده‌که‌ین که‌ پشتیوانی کامپه‌ینه‌که‌ بوون و هه‌موو ئه‌و هاونیشتمانییه‌ ئازادیخوازانه‌ی که‌ به‌شداربوون له‌ داکۆکیکردن له‌ بێتاوانی کاک ئیبراهیم و به‌ به‌رده‌وامی پشتیوانی مه‌عنه‌وی خۆیی و خێزانه‌که‌ی بوون، به‌ تایبه‌ت هه‌موو ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی بۆ هه‌موو دانیشتنێکی دادگا زه‌حمه‌تیان ده‌کێشا و له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ی برین ساڕێژ نه‌بوه‌وه‌ ده‌گه‌یشتنه‌ سلێمانی و به‌ به‌رده‌وامی سه‌ردانی کاک ئیبراهیمیان له‌ زینداندا ده‌کرد. هه‌روه‌ها سوپاسی خێزانی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدانی 17 شوبات و ڕۆژانی دوایی ده‌که‌ین که‌ سه‌رباری جه‌رگ سوتاوییان به‌ به‌رده‌وامی له‌ غه‌می ئازادبوونی کاک ئیبراهیمدا بوون، هه‌روه‌ها سوپاسی هه‌موو ئه‌و که‌سایه‌تی و ڕێکخراو و دامه‌زراوه‌ مرۆڤ دۆستانه‌ ده‌که‌ین که‌ له‌ ناوخۆ و ئه‌وروپا و ئه‌مریکا پشتیوانی کامپه‌ینه‌که‌ بوون به‌ تایبه‌ت گروپی 17 شوبات له‌ سوئێد. سوپاسی بێپایانمان بۆ ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ به‌ڕێزانه‌ی وڵاتی سوئێد‌ که‌ ڕاشکاوانه‌ و به‌ به‌رده‌وامی و له‌ فۆرمی جیاوازدا ئیدانه‌ی ئه‌و پێشێلکاریه‌ زه‌قه‌ی ده‌سته‌ڵاتدارانی هه‌رێمیان کرد که‌ به‌رامبه‌ر کاک ئیبراهیم ئه‌نجامیان دا.
له‌ په‌یوه‌ند به‌که‌یسی (بیلال نوری) یه‌ وه‌ له‌به‌رڕۆشنایی ئاماده‌ بونمان له‌دانیشتنه‌کانی (دادگادا) له‌وباوه‌ره‌داین که‌ئه‌وبه‌ڵگانه‌ی به‌هۆیانه‌وه‌ حوکمی زیندانی هه‌تاهه‌تایی به‌ سه‌ردا دراوه‌ به‌ڵگه‌ی لاوازن و داواکارین له‌دادگای تێهه‌ڵچونه‌وه‌ و به‌وردی پێداچونه‌وه‌ به‌که‌یسه‌که‌دابکات و چیدی له‌ کوردستاندا قوربانی وه‌ک تاوان بار مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌کرێت.
ماوه‌ته‌وه‌ بڵێین، بۆ ئه‌وه‌ی سنورێک بۆ سته‌مکاری کوردی دابنرێت، به‌رز ڕاگرتن و کارکردن به‌ به‌هاو پرنسیپه‌کانی دادپه‌روه‌ری، ئازادی، یه‌کسانی تاکه‌ زامنێکن‌ بۆ کۆتایهێنان به‌م شێوازه‌ له‌ حوکمڕانیه‌ت‌.‌


کامپه‌ینی " ئازادکردنی ئیبراهیمی کاکه‌ ئه‌حه‌"
26/4/2012



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە