ئێمه به خوێن ده‌سه‌ڵاتمان گرتۆته ده‌ست و ته‌نها به خوێنیش لاده‌چین! کاره‌ساتێک به‌ڕێوه‌یه.
Monday, 13/04/2009, 12:00
یه‌کێک له‌و گه‌مانه‌ی که ده‌سه‌ڵات پیاده‌ی ده‌کات دواخستنی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه به بیانووی بودجه‌وه، ده‌سه‌ڵات تووشی په‌شۆکان و شڵه‌ژاوی بووه به‌رامبه‌ر ئه‌و بێده‌نگی و دیسپلینه‌ی که لیسته چاوه‌ڕوانکراوه‌کان بۆ یه‌که‌مجاره په‌یڕه‌وی ده‌که‌ن، ده‌سه‌ڵات ده‌یه‌وێت بیانناسێ پێش تۆمارکردنی قه‌واره‌کان تا کار بکات له‌سه‌ر کڕین و تۆقاندن و چاوسوورکردنه‌وه لێیان تا واز بهێنن و له که‌ناردا بن یان بچنه لستی دوو مافیاکه‌وه، تا ئه‌م ساته‌ش ڕۆژی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان دیاری نه‌کراوه که‌چی کۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن داوا له قه‌واره‌کان ده‌کات خۆیان تۆمار بکه‌ن و ماوه‌ی 10 ڕۆژ داده‌نێت، ئه‌مه‌ش سه‌یرترین کاره که ئه‌و کۆمسیۆنه ده‌یکات و پتر گومان دروست ده‌کات سه‌ره‌ڕای که گومانێکی زۆر هه‌یه له‌سه‌ر بێلایه‌نیی ئه‌و کۆمسیۆنه، هه‌ردوو سه‌ری ده‌سه‌ڵات پێکه‌وه چه‌نده‌ها ژووری عه‌مه‌لیاتیان پێکهێناوه بۆ پیلانگێڕان ، هه‌ریه‌ک له مه‌سعود بارزانی و تاڵه‌بانی سه‌رپه‌رشتی ڕاسته‌وخۆی ئه‌و کارانه ده‌که‌ن که به نیازن ئه‌نجامی بده‌ن دژ به لیسته‌کان، خۆشبه‌ختانه هه‌ندێک جار باڵانس له‌ده‌ستده‌ده‌ن و گه‌وجانه خۆیان ده‌خه‌نه داوه و ته‌ڵه‌کان به‌خۆیاندا ده‌ته‌قنه‌وه، ئه‌وه‌تا عیماد سه‌یفور که 2 هه‌فته نابێت بووه به جێگری سه‌رۆک وه‌زیران له پێشانگای کتێب له هه‌ولێر هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی ئاشکرا له هه‌موو ئه‌و لیستانه ده‌کات که به نیازن به‌شداری هه‌ڵبژاردن بکه‌ن و ده‌ڵێت: (
ئه‌و لیستانه‌ی که به نیازن به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌کان بکه‌ن به لیستی سه‌ربه‌خۆ و جیا له لیستی پارتی و یه‌کێتی ده‌بێت باجی ئه‌و کاره‌یان بده‌ن)1، ئه‌مه‌ش هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی ئاشکرای تونده به تایبه‌تیش له کاربه‌ده‌ستێکی پله یه‌کی ده‌سه‌ڵاته‌وه که پێویسته داوای له‌سه‌ر تۆمار بکرێت و ڕووبه‌ڕووی پرسی هه‌ڕه‌شه‌وه و تۆقاندن بکرێته‌وه، له فه‌زایه‌کی وا گرژ و ئاگراویدا بایکۆتی boycott هه‌ڵبژاردن باشتره یان ڕێگرتن له کاره‌ساتێکی خوێناوی که که‌س ناتوانێت له ئێستادا مه‌زنده‌ی زیانه‌کانی بکات، هاوشان فازڵ میرانی سکرتێری پارتیی به بێ کۆنگره به ئاشکرا که‌سێک تۆمه‌تبارده‌کات و هه‌ڕه‌شه‌ی هه‌ڵدانه‌وه‌ی فایلی لێده‌کات و ده‌ڵێ: (خه‌ڵكانێك ئێستا بونه‌ته ئۆپۆزسیۆن و ئێمه به گه‌نده‌ڵ ده‌زانن، كه سی ساڵ له‌گه‌ڵ ئێمه بون بۆیه ده‌بێت له‌و ماوه‌یه‌دا خۆیان دان به گه‌نده‌ڵی خۆیان دا بنێن چونكه فایلی ئه‌وانمان لایه)2مه‌به‌ست له‌م که‌سه کاک جه‌وهه‌ر نامیقه که ده‌یه‌وێت به لیستێکی جیا به‌شداری هه‌ڵبژاردن بکات که ئه‌مه کوفره و لێخۆشبوونی نیه لای پارتی بنه‌ماڵه، ئه‌مه دوو هه‌ڕه‌شه‌ی ئاشکرا له دوو به‌رپرسی هه‌ردوو لاوه، له هه‌مووشی نه‌نگی تر خودی مه‌سعود بارزانی به‌م دواییانه په‌رده‌ی له‌سه‌ر ڕووی شه‌ڕانگێزی خۆی لادا به‌رامبه‌ر لیسته به‌رهه‌ڵستکاره‌کان و بێباکانه بێ ئه‌وه‌ی هیچ لێکدانه‌وه‌یه‌ک بۆ پله و پایه‌ی خۆی بکات و له مه‌ترسیدارترین شێوه‌ی ده‌ربڕیندا ووتی: (
ئێمه وه‌ک پ.د.ک به خوێن ده‌سه‌ڵاتمان گرتۆته ده‌ست و ته‌نها به خوێنیش لاده‌چین)1، ساڵێ پاریش گه‌وهه‌ری هه‌ڕه‌شه‌ی له زار باری که ووتی: (
ئێمه به ئینقیلابچی لاناچین)3، مه‌سعود به‌رده‌وامه له‌سه‌ر هه‌ڕه‌شه‌کانی بۆ ڕه‌واندنه‌وه‌ی ترسی خۆی له‌ده‌ستدانی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های تۆتالیتاریای بۆیه به هۆی که‌سی سێهه‌مه‌وه په‌یامی هه‌ڕه‌شه و تۆقاندنی ناردووه بۆ هه‌ندێک که‌سایه‌تی به‌ناو و ده‌نگ که بۆنی ئه‌وه‌ی لێکردون که به‌شداری هه‌ڵبژاردنی ئه‌مساڵی په‌رله‌مانی کوردستان ده‌که‌ن، وه‌ڵامی ئه‌وانیش ئازایانه و ڕوون و ئاشکرا بووه که هێز نیه ئه‌و مافه‌یان لێ زه‌وت بکات ، به‌ڵگه له‌به‌رده‌ستدان و بۆ کاتی پێویست پارێزراون، له کاردانه‌وه‌یه‌کی هێستێری یه‌کێتیشدا ئه‌مڕۆ 13-4-2009 به‌رامبه‌ر لێدوانه‌کانی به‌ڕێز نه‌وشیروان مسته‌فا بۆ ڕۆژنامه‌ی ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت ئه‌ندامێکی سه‌رکردایه‌تی ینک که ناوی خۆی ئاشکرا نه‌کردوه به‌م شێوه تونده وه‌ڵامی دایه‌وه: (
ئه‌گه‌ر مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی وه‌كو (مجلس قیاده الپوره)بێ، كه‌واتا نه‌وشیروان مسته‌فاش وه‌كو عیزه‌ت دووری بووه)4 ، که‌واته ڕه‌وشه‌که به‌ره‌و زیاتر ئاڵۆزی و ته‌قینه‌وه و پێکدادان ده‌چێت وه‌ک له‌وه‌ی ڕووی له ئارامی و فه‌زایه‌کی دیموکرات و هه‌ڵبژاردنێکی بێ خه‌وش و بێ گرێ و ئاڵۆزی بێت، باس له کرنووش بردن بۆ خائینان و کوردفرۆشان و کڕینی خه‌ڵکی بێ به‌ها و دابه شکردنی بوتڵه غاز و دۆشه‌ک و لێفه و ده‌مانچه‌ی کرواتی و سه‌فته دۆلار ناکه‌ین، خۆمان لاده‌ده‌ین له‌و هه‌ڕه‌شه و قسه‌لۆکه ئاستنزمانه‌ی مه‌لا به‌ختیار و سه‌رۆ قادر و محه‌مه‌دی مه‌لا قادر و هه‌ندێک نووسه‌ری قه‌ڵه‌مفرۆش که چ هاشو هوش و ئاژاوه‌یه‌کیان ناوه‌ته‌وه، بۆیه ئێمه ئێستا له‌به‌رده‌م دوو ڕێگا داین :
یه‌که‌م: گه‌ر لیسته به‌رهه‌ڵستکاره‌کان به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌کان بکه‌ن له‌م که‌ش و هه‌وایه‌دا که بارگرژی و بارگاویه به توندوتیژی و ته‌قینه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانکراو له هه‌ر ساتێکدا و به بێ ده‌سته‌به‌رکردنی ئه‌و فاکته‌ر و مه‌رجانه‌ی که ڕێده‌گرن له ده‌ستێوه‌ردانی ده‌سه‌ڵات و نانه‌وه‌ی پشێوی له‌لایه‌ن دوو حیزبه‌که‌وه، ئه‌وه هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره ده‌که‌ن و ئه‌وانیش ده‌بنه هۆ و ئامرازێک بۆ نانه‌وه‌ی پشێوی و به بێ ویستی خۆیان له ڕه‌وشێکه‌وه ده‌گلێن که خوازیاری نه‌بوون و ماوه‌ی ئاسمان و ڕێسمان لێیانه‌وه دوور بوون، ئه‌گه‌رێکی زۆری پێکدادان و ته‌قینه‌وه‌ی بار‌و دۆخه‌که ده‌کرێت و له‌وانه‌یه زیانی گیانی زۆریشی لێبکه‌وێته‌وه، بۆیه بۆ ڕێگرتن له هاتنه ئارای ڕه‌وشێکی وا ترسناکه‌وه که که‌س ناتوانێت پێشبینی ئه‌وه بکات له کوێدا ده‌گیرسێته‌وه و ده‌وه‌ستێت، باشترین چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه که خه‌ڵک و هه‌موو لایه‌ن و لیسته‌کان به یه‌کجاری و سه‌رانسه‌ری بایکۆتیboycott ئه‌و هه‌ڵبژاردنه بکه‌ن ، با دوو حیزبه‌که به ته‌نها خۆیان بمێننه‌وه و به بێ دانی شه‌رعیه‌ت پێیان جارێکی تر حوکم بگرنه‌وه ده‌ست و ئینجا وه‌ره سه‌یری ڕشتنی جامی غه‌زه‌بی جه‌ماوه‌ر بکه که چۆن ئه‌و ده‌سه‌ڵاته دوور له کورده له ماوه‌یه‌کی زۆر کورت‌دا قڵپ ده‌که‌نه‌وه و شاربه‌ده‌ریان ده‌که‌ن و چی‌یان به‌سه‌ر دێنن.
دووهه‌م: گه‌ر ئه‌و مه‌رجانه‌ی که ده‌بنه ده‌سته‌به‌ری هه‌ڵبژاردنێکی ئازاد و بێ خه‌وش وه‌ک چاودێریی ته‌واوی پڕۆسه‌که به ووردی له لایه‌ن ڕێکخراوه‌کانی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان و کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیه‌وه مسۆگه‌ر کرا ،ئه‌وه پێویسته هه‌موان به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌کان بکه‌ن و کار بکه‌ن بۆ سه‌رخستنی به بێ هیچ دڵه‌ڕاوکێیه‌ک.
1.
http://www.kurdmedia.com/article.aspx?id=15614 2. وتارێکی نوسه‌ره له ماڵپه‌ڕی کوردستنپۆستدا بڵاوبۆته‌وه.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست