کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


په‌رده‌ هه‌ڵماڵین له‌سه‌ر نهێنیه‌کانی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی، کتێبێک که‌ پێویسته‌ هه‌موو کوردێک بیخوێنێته‌وه‌

Monday, 11/07/2011, 12:00


ئه‌م کتێبه‌ نایاب و دانسقه‌یه‌ی کاک ئه‌یوب بارزانی (الحرکه‌ التحرریه‌ الکوردیه‌ و سراع القوی الاقلیمیه‌ و الدولیه‌ 1958-1975) ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌که‌ له‌ سویسرا له‌ لایه‌ن (دار نشر حقائق المشرق- جنیف) له‌ 2011دا چاپکراوه‌ و بڵاوکراوه‌ته‌وه‌، کتێبه‌که‌ به‌ زمانی عه‌ره‌بیه‌ و له‌ دوتوێی 582 لاپه‌ڕه‌دا چاپکراوه‌، یه‌کێکه‌ له‌و شاکارانه‌ی که‌ گرنگیه‌کی هێجگار زۆری هه‌یه‌ بۆ ئه‌مڕۆی کورد، بۆ خوێندنه‌وه‌یه‌کی ڕاسته‌قینه‌ و ڕاستگۆیانه‌ی هاوچه‌رخ ده‌رباره‌ی ئه‌و ئه‌فسانه‌یه‌ی که‌ نێوی لێنراوه‌ سه‌رۆک بارزانی، بۆ به‌ ئه‌گاهێنانه‌وه‌ی خه‌وتوه‌کانی نێو پارتی و ئه‌و خه‌واڵوانه‌ی نێو کۆمه‌ڵی کورده‌واری و ئه‌و هه‌واداره‌ گه‌مژانه‌ی ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت وێردی سه‌رزمانیان بۆ پێشه‌وه‌ پێشمانکه‌وه‌ بارزانیه‌، کاک ئه‌یوب جگه‌ له‌وه‌ی که‌ خۆی به‌شداریی به‌رچاوی هه‌بووه‌ له‌ شۆڕشی کوردا تا 1975 و هه‌ره‌سی ئه‌و شۆڕشه‌و بینینی زۆربه‌ی ڕووداوه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌، هه‌م وه‌ک ئه‌کادیمیه‌کی شاره‌زا و به‌ توانا و لێهاتوو که‌وتۆته‌ شه‌نو که‌و کردنی ئه‌و ڕووداوانه‌ و به‌ ووردیی و قووڵی شۆڕبۆته‌وه‌ بۆ ناو ئه‌و بابه‌تانه‌ی که‌ بڤه‌ن و که‌م که‌س پێی وێراوه‌، ئازایانه‌ و زانستیانه‌ به‌ میتۆدێکی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی زانسیانه‌ مێژووی ڕاسته‌قینه‌ی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی نوسیوه‌ته‌وه‌ دوور له‌ ده‌مارگیری ، ئه‌و دۆسیه‌ نهێنیانه‌ی که‌ نووسه‌ر تۆزی نیشتووی له‌سه‌ر لاداون بریتین له‌ ڕووداوی ڕاسته‌قینه‌ و دروست که‌ هیچ گومانێک له‌سه‌ر ڕاستیان نیه‌، بۆیه‌ ئه‌م کتێبه‌ له‌ داهاتویه‌کی نزیکداهه‌ژانێکی مه‌زن دروست ده‌کات و عه‌رشی بنه‌ماڵه‌ ده‌له‌رزێنێ، سه‌د ئافه‌رین بۆ که‌سێکی وا بوێر که‌ بێباکانه‌ ڕاستیه‌کان به‌ بێگه‌ردی وه‌ک خۆی ده‌نوسێته‌وه‌، ئه‌ز لێره‌دا ناتوانم زۆربه‌ی باسه‌کان بگێڕمه‌وه‌ به‌ڵام زۆر به‌ کورتی ئاماژه‌ به‌چه‌ند خاڵێکی گرنگ ده‌که‌م، هیوادارم له‌ ده‌رفه‌تێکی زۆر نزیکدا ئه‌م کتێبه‌‌ بکرێته‌ کوردی و ده‌یان هه‌زار کۆپی لێ چاپبکرێت و بگاته‌ ده‌ست هه‌مووان.
1- پانا بردن و پشتبه‌ستن به‌ ده‌ره‌وه‌ و لێکترازندن و‌ گه‌نده‌ڵکردنی کۆمه‌ڵی کورده‌واری،دوو بنه‌مای سه‌ره‌کی و کۆڵه‌که‌ی فه‌لسه‌فه‌ی بنه‌ماڵه‌ی بارزانیه‌، ده‌یان نموونه‌ رووداو و به‌ڵگه‌ بۆ سه‌لماندنی ئه‌م دوو بنه‌مایه‌ له‌ نێو ئه‌م کتێبه‌دا ده‌خوێنرێته‌وه‌ و په‌رده‌ی له‌سه‌ر لاده‌درێت.
2- ڕێزگرتن له‌ جاش و خائنانی نه‌ته‌وه‌ی کورد به‌ تایبه‌تی بنه‌ماڵه‌ی مه‌حموود ئاغای زێباری که‌ خه‌زووری مسته‌فا بارزانیه‌ که‌ به‌ درێژایی مێژوو دژی کورد و کوردستان بوون هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ خێزانی مسته‌فا بارزانی حه‌مایل کچی مه‌حموود ئاغای زێباریه‌، دانانی زوبێری خاڵی مه‌سعود بارزانی به‌ فه‌رمانده‌ی هێز له‌ بادینان دوای ئه‌و هه‌موو خیانه‌ته‌ له‌ کورد ده‌بێت چ مانایه‌کی هه‌بێت جگه‌ له‌ سارد کردنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕان و دڵسۆزانی کورد، ده‌بێت ئه‌م سیاسه‌ته‌ خزمه‌ت به‌ کێ بکات جگه‌ له‌ دوژمنان، ئه‌وه‌ته‌ بۆیه‌ ئێستاش مه‌سعود بارزانی ئه‌وه‌نده‌ی گرنگی ده‌دات به‌ شه‌مه‌ی هارون و قاسم ئاغای کۆیه‌ و هه‌تیوه‌کانی خله‌ی ڕه‌شه‌ به‌حری له‌ سه‌دا یه‌کی ئه‌وه‌ گوێ ناداته‌ پیاوه‌ باشه‌کان،گیا له‌سه‌ر بنجی خۆی ده‌ڕوێته‌وه‌.





3- جیاوزیکردن له‌ نێوان کوڕه‌کانی خۆیدا، ناچارکردنی هه‌ر یه‌ک له‌ عوبه‌یدوڵڵا و لوقمان و سابیر(که‌ له‌ دوو ژنه‌ بارزانیه‌کانی بوون) بۆ په‌نا بردنه‌ به‌ر حکومه‌تی به‌عس. له‌ لاپه‌ڕه‌ 382-383 دا کاک ئه‌یوب ده‌ڵێت: دوای چه‌ند ڕۆژێک له‌ شکسته‌که‌و ئیمزاکردنی ڕێکه‌وتنه‌که‌ی جه‌زائیرله‌ ئازاری 1975دا،لوقمان وای به‌ چاکزانی که‌ ته‌سلیم به‌ حکومه‌تی عێراق نه‌بێته‌وه‌ وازی له‌ ماڵ و موڵکی هێناو به‌ره‌و لای باوکی به‌ ڕێکه‌وت که‌ په‌نای بۆ ئێران برد بوو، له‌و کاتانه‌شدا په‌یتا په‌یتا حکومه‌تی عێراق له‌ ڕێگه‌ی وه‌زیره‌ کورده‌کانه‌وه‌ نماینده‌ و په‌یامی ده‌گه‌یاندا په‌نابه‌ره‌ کورده‌کان له‌ ئێران تا هانیان بده‌ن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ عێراق، لوقمانیش نامه‌یه‌کی له‌ عوبه‌یدوڵڵای برایه‌وه‌ پێگه‌یشتبوو داوای لێده‌کرد بگه‌ڕێته‌وه‌ عێراق، له‌مه‌دا لوقمان هیچ گوناهێکی نه‌بوو که‌ براکه‌ی ئه‌و نامه‌یه‌ی بۆ نارد بوو، هه‌ر که‌ مه‌لا مسته‌فا به‌مه‌ی زانی ناردی به‌ شوێن لوقماندا تا بێته‌ تاران، له‌و کاته‌ی که‌ ده‌گاته‌ تاران بارزانی له‌ دیوه‌خانه‌که‌یدا له‌گه‌ڵ چه‌ند که‌سێکی ناو ساواکی ئێرانی و ژماره‌یه‌ک ئه‌ندامانی مه‌کته‌بی سیاسی پارتیدا دانێشتبون، هه‌ر که‌ لوقمان ده‌چێته‌ ژووره‌وه‌ جامی غه‌زه‌بی به‌سه‌را ده‌بارێنێت و ده‌ست ده‌کات به‌ جنێو دان و هه‌رچی نه‌شیاوه‌ پێی ده‌ڵێت به‌ به‌رچاوی دانێشتوانه‌وه‌ که‌ واقیان ده‌وڕمێ و ده‌حه‌په‌سێن، له‌ بری ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕێ بکات تا ده‌وری چۆڵ ببێت و به‌ شێنه‌یی ئامۆژگاریی بکات که‌ گوێ نه‌داته‌ ئه‌و نامه‌یه‌ی براکه‌ی و له‌گه‌ڵیدا بمێنێته‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی که‌ لوقمان هه‌ست ده‌کات له‌ ناخه‌وه‌ که‌رامه‌تی شکاوه‌ و ئه‌و هه‌مو وسوکایه‌تیه‌ی پێکراوه‌ به‌ باوکی ده‌ڵێت: له‌ پێناوی تۆدا من وازم له‌ هه‌موو شتێک هێنا تۆش به‌م شێوه‌یه‌ مامه‌له‌م ده‌که‌یت، یه‌کسه‌ر دێته‌ ده‌ره‌وه‌ و یه‌کسه‌ر سواری تاکسیه‌ک ده‌بێت به‌ره‌و سه‌فاره‌تی عێراقی . دوایی لوقمان لای چه‌ند هاوڕێیه‌کی باس له‌وه‌ ده‌کات گه‌ر باوکی بیبردایه‌ته‌ لایه‌که‌وه‌ و تێر دارکاری بکردایه‌ پێی قبوڵ بوو نه‌ک له‌به‌رچاوی پیاوه‌کانی ساواک ئاوا سوکایه‌تی پێبکرێت، بۆیه‌ به‌ره‌و باڵوێزخانه‌ی عێراق ده‌ڕوات به‌ نیه‌تی ده‌ستکه‌وتنی پاسپۆرتێک تا به‌ره‌و ئه‌وروپا بڕوات، که‌چی ده‌یخه‌نه‌ ناو فڕۆکه‌یه‌که‌وه‌ و ده‌ینێرنه‌وه‌ بۆ عێراق، گومانی تێدا نیه‌ که‌ سه‌دام حوسێن پێخۆشحاڵ بوو‌ به‌و خزمه‌ته‌ به‌لاش و هه‌ڵوێسته‌ی مه‌لا مسته‌فا به‌رامبه‌ر کوڕه‌کانی. ساڵی 1980 سه‌دام دوای کوشتنی عوبه‌یدوڵڵا لوقمانی براشی ده‌کوژێت، له‌ ساڵی 1983شدا چوار کوڕه‌زای مه‌لا مسته‌فا ده‌یانکوژێت و سابیری مه‌لا مسته‌فاش ده‌کوژێت. ساڵی 1987ش به‌ شێوه‌یه‌کی کتوپڕ ئیدریس کۆچی دوایی ده‌کات به‌م شێوه‌یه‌ مه‌لا مسته‌فا ڕزگاری ده‌بێت له‌ هه‌ر چوار کوڕه‌کانی که‌ له‌ دوو ژنه‌ بارزانیه‌کانی ده‌بن و ڕێگا ته‌خت ده‌بێت له‌به‌رده‌م کوڕه‌کانی حه‌مایل خانی زێباریدا تا کوڕه‌کانی ده‌ستبگرن به‌سه‌ر هه‌موو مو‌ڵک و ماڵی شۆڕشی کوردا که‌ ئێستاش به‌رده‌وامی هه‌یه‌ له‌ که‌سایه‌تی مه‌سعود بارزانی و براکانی و کوڕه‌کانیدا .



تێبینی: له‌به‌سه‌رکردنه‌وه‌ی داهاتووی ڕووداوه‌کانی نێو ئه‌م کتێبه‌دا له‌ ده‌رفه‌تێکی نزیکدا باس له‌ چۆنیه‌تی ده‌رپه‌ڕاندن و ده‌رکردنی هه‌ر یه‌ک له‌ عوبه‌یدوڵڵای مه‌لا مسته‌فا و شێخ عوسمانی بارزانیتان بۆ ده‌گێڕمه‌وه‌ له‌سه‌ر زاری کاک ئه‌یوب بارزانیه‌وه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە