کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ڕێز له‌م‌ زانایه‌ بگرن، زویری مه‌که‌ن تا ‌جێمان نه‌هێڵێ!

Monday, 15/02/2010, 12:00


له‌ هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی که‌ میریی و ده‌سه‌ڵات هه‌ڵقوڵاوی هه‌ناوی کۆمه‌ڵگه‌ن و خه‌مخۆری نیشتمان و هاوڵاتیانن، حکومه‌ت به‌ ته‌نگ ته‌ندروستی وخۆشگوزه‌رانی هاوڵاتیان و پێشخستنی وڵات و دابینکردنی ژیانێکی شیاو و ته‌ندروستیی هاوڵاتیانه‌وه‌یه‌، ته‌نها و ته‌نها له‌م کوردستانه‌ی ئێمه‌دا نه‌بێت که‌ ده‌سه‌ڵات له‌ خه‌می ده‌سبه‌سراگرتنی داهاتی نیشتماندایه‌ و هه‌وڵه‌کانی چڕ کردۆته‌وه‌ بۆ زیاتر تاڵانکردنی وڵات و لووشدانی ئه‌وه‌ی که‌ له‌ ژێر ده‌ستیدایه‌، بۆیه‌ سه‌یر نیه‌ له‌م پڕۆسه‌ی دزی و تاڵانیه‌دا چه‌نده‌ها که‌س ببنه‌ قوربانی و چه‌ندانی تریش به‌ره‌و هه‌ڵکشان بڕۆن، له‌و کوردستانه‌ی ئێمه‌دا خه‌ریکه‌ خه‌ڵکه‌ باشه‌کان بزر ده‌بن و تۆزی فه‌رامۆشی دایانده‌پۆشێت ، ئه‌وانه‌شی که‌ ده‌یانه‌وێت که‌لێنێک پڕ بکه‌نه‌وه‌ و خزمه‌تێک به‌و میلله‌ته‌ هه‌ژاره‌ بکه‌ن ده‌سه‌ڵات ناهێڵێت و ده‌ستده‌خاته‌ نێو ئه‌وه‌ش، ئه‌وه‌ ماوه‌ی شه‌ش ساڵێکه‌ پیاوێکی له‌خۆبوورده‌ و زانایه‌کی که‌م وێنه‌ به‌ بێده‌نگ و دوور له‌ میدیا قۆڵی مه‌ردایه‌تی لێهه‌ڵماڵیوه‌ و شه‌و‌ و ڕۆژ له‌یه‌کده‌دا تا که‌مێک له‌ ئازار و مه‌ینه‌تی ئه‌و میلله‌ته‌ بێکه‌سه‌ که‌م بکاته‌وه‌، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئه‌نوه‌ر شێخه‌ که‌ زانایه‌کی ناسراوه‌ له‌ بواری زانستی خوێندا و ده‌یان بڕوانامه‌ی له‌و بواره‌دا هه‌یه‌ و ئه‌ندامی چه‌نده‌ها کۆمه‌ڵ و ڕێکخراو و بۆردی پزیشکیه‌ له‌ جیهاندا، ئه‌وه‌ چه‌ند ساڵێکه‌ ده‌ستی هه‌ڵگرتوه‌ له‌و هه‌موو مووچه‌ به‌رز و ئیمتیازانه‌ و گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ کوردستان به‌ هیوای ڕه‌واندنه‌وه‌ی که‌مێک له‌و تاریکیه‌ی هه‌یه‌، ئه‌م زانا پایه‌ به‌رزه‌ ئێستا هه‌فتانه‌ کاره‌کانی دابه‌شکردوه‌ له‌ نێوان خه‌سته‌خانه‌ی ڕزگاری له‌ هه‌ولێر و نه‌خۆشخانه‌ی نانه‌که‌لی و زانکۆی پزیشکی هه‌ولێر و زانکۆی سلێمانی و خه‌سته‌خانه‌ی هیوا له‌ سلێمانی، جگه‌ له‌ بینینی دووچاره‌ بووانی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ له‌ جێی حه‌وانه‌وه‌ی خۆی له‌ سلێمانی بێت یان له‌ هه‌ولێر، ئه‌وه‌ی ئه‌م دکتۆره‌ ده‌یکات کاری زیاتر له‌ ده‌یان‌ دکتۆری پسپۆڕه‌، ئه‌م پیاوه‌ که‌ هاته‌وه‌ کوردستان چه‌نده‌ها بیرۆکه‌ی له‌ مێشکدا بوو، سه‌ره‌تا له‌ سلێمانیه‌وه‌ ده‌ستی پێکرد که‌ ئه‌و کات به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک وه‌زیرانی ئیداره‌ی سلێمانی بوو، داوای پارچه‌ زه‌ویه‌کی شیاوی کرد بۆ خه‌سته‌خانه‌یه‌کی مۆدێرن بۆ چارسه‌رکردنی شێرپه‌نجه‌، کاک به‌رهه‌م ئه‌و زه‌ویه‌ی نه‌دایه‌ و خه‌ونه‌که‌ی سلێمانی دکتۆری زینده‌ به‌چاڵکرد، ڕووی له‌ هه‌ولێر کرد بۆ هه‌مان مه‌به‌ست، سه‌ره‌تا سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌ولێر خۆشحاڵی خۆی نیشاندا و ڕه‌زامه‌ند بوو له‌سه‌ر ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ و ڕوبه‌رێکی فراوانی زه‌وی ته‌رخانکرد بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ له‌ سه‌ر ڕێگای هه‌ولێر- پیرمام که‌ له‌ 50 دۆنم پتر ده‌بێت و فه‌رمانیدا که‌ بودجه‌یه‌کی کراوه‌ بۆ ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ ته‌رخان بکرێت، له‌هه‌مان کاتدا ڕه‌زامه‌ند بوو له‌سه‌ر پرۆژه‌ی دروستكردنی تاقیگه‌ی پشكنینی نه‌خۆشییه‌كان له‌سه‌ر پێشنیاری دکتۆر شێخه‌، ئه‌وه‌ بوو له‌ 2009دا پڕۆژه‌ی تاقیگه‌کان ته‌واو بوو، ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ پێكهاتووه‌ له‌ 3 نهۆم و 4 هۆڵی گه‌وره‌ كه‌تاقیگه‌كانی پشكنینی خوێن و كیمیایی و ڤایرۆسات و پشكنینی شانه‌كانی گۆشت- ی له‌خۆگرتووه‌ ، پرۆژه‌كه‌ له‌سه‌ر رووبه‌ری 7000 م2 دروستكراوه‌ و 5450 م2 بینای تیادا دروستكراوه‌، بۆ یه‌كه‌مجاریشه‌ له‌رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست تاقیگه‌یه‌كی له‌و جۆره‌ دابمه‌زرێت و دیزاینی پرۆژه‌كه‌ش له‌سه‌ر ستانداری به‌ریتانیا دانراوه‌ . به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنج بوو و سه‌یر بوو دوای ئه‌و هه‌موو ماندوو بوون و سه‌رپه‌رشتی و ڕه‌نجکێشانه‌ی دکتۆر، ڕۆژێکیان ‌ دیاریکرد بۆ کردنه‌وه‌ی ئه‌و پڕۆژه‌یه که‌ دکتۆر ئه‌نوه‌ر شێخه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات بوو که‌ ئه‌مه‌ بێ مه‌به‌ست نه‌بوو، ئه‌وه‌ی بووه‌ ده‌مڕاست و خاوه‌ن پڕۆژه‌که‌ هاوڕێیه‌کی نزیکی دکتۆر شێخه‌ بوو)د. م. ‌ڕ. ق) که‌ کاتی خۆی دکتۆر شێخه‌ داوای لێکرد بوو که‌ به‌شدار بێت له‌و پڕۆژه‌یه‌دا، به‌ڵام ئه‌م هاوڕێیه‌ی له‌ پلانێکی داڕێژراو و به‌ به‌رنامه‌دا و به‌ پشتیوانی باندێکی شاراوه‌ی مافیایی که‌وته‌ هه‌وڵدان بۆ ده‌ست به‌سه‌راگرتنی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی دکتۆر شێخه‌، دوای ئه‌م هه‌نگاوه‌ له‌وه‌ زیتر ڕۆیشت و دوای ته‌واو بوونی پڕۆژه‌که‌ چه‌ند چه‌کدارێکی نارده‌ سه‌ر تاقیگه‌که‌ و ستافه‌که‌ی دکتۆر شێخه‌ی ده‌رپه‌ڕانده‌ ده‌ره‌وه‌ و خۆی کرده‌ خاوه‌ن تاقیگه‌کان و ئێستا ئه‌و به‌رپرسیاری یه‌که‌مه‌ بێ ئه‌وه‌ی هیچ زانیاریه‌کی هه‌بێت له‌ بواری پزیشکیدا، چونکه‌ ناوبراو ئه‌ندازیاره‌ نه‌ک پزیشک، دکتۆر شێخه‌ هه‌وڵی زۆریدا تا ده‌سه‌ڵاتدارانی باڵای وڵات ببینێت و کێشه‌که‌ یه‌کلا بکاته‌وه‌ که‌ کاتی زۆری لێده‌گرت و بێزاری کرد بوو، دوای ئه‌و دیدار و هه‌وڵانه‌ش که‌ هیچی لی سه‌وز نه‌بوو مافی دکتۆر نادرێته‌وه‌ و ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت، دیاره‌ ئه‌م جۆره‌ ڕه‌فتاره‌ ناشارستانیه‌ له‌گه‌ڵ پیاوێکی له‌خۆبردوو و زانایه‌کی ئاوادا مایه‌ی شه‌رمه‌زاریه‌کی زۆره‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتی کوردی، ئه‌و گرفته‌ گه‌وره‌یه‌ی که‌ د.شێخه‌ تووشی هاتوه‌ بێتاقه‌تیان کردوه‌ و کاتیان لێگرتوه‌ و خه‌ریکیان کردوه‌ به‌ کێشه‌یه‌که‌وه‌ که‌ نه‌ده‌بوایه‌ وا بوایه،‌ ئه‌مه‌ ڕێزلێنانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ گه‌نده‌ڵ و خۆسه‌پێنه‌یه‌ بۆ زانایان و پسپۆڕانی کورد که‌ ده‌یانه‌وێت خزمه‌تێک به‌و میلله‌ته‌ داماو و کڵۆڵه‌ بکه‌ن. پڕۆفیسۆر ئه‌نوه‌ر شێخه‌ کاری مه‌زنی کردوه‌ بۆ په‌روه‌رده‌کردن و پێگه‌یاندنی پۆلێک له‌ شاره‌زایانی بواری ئۆنکۆلۆجی و چاره‌سه‌ری شێرپه‌نجه‌، توانیویه‌تی به‌ کۆشش و ماندوو بوونی خۆی دوو پڕۆفیسۆری له‌ زانکۆی مسیسپی ئه‌مریکیه‌وه‌ بهێنێته‌ کوردستان که‌ یه‌کێکیان پڕۆفیسۆر دارل هملتۆنه‌ که‌ پسپۆڕ و شاره‌زایه‌کی بێ وێنه‌ی شێرپه‌نجه‌یه‌ له‌ ئه‌مریکادا، د.شێخه‌ توانیویه‌تی به‌ هاوکاری ئه‌وان 30 پزیشکی کورد ئاماده‌ بکات که‌ ببنه‌ پسپۆر له‌ بواری هیماتۆلۆجی و ئه‌نکۆلۆجیدا ،دوای دووساڵ خوێندنی وانه‌ی پراكتیكی و تیۆری له‌ بواری زانستی هیماتۆلۆجی و ئۆنكۆلۆجیدا ، که‌ ئه‌مه‌ کارێکی گرنگ و پڕ بایه‌خه‌ وئێستا ئه‌وانه‌ چاره‌سه‌ری تووشبوانی شێرپه‌نجه‌ ده‌که‌ن.

(پۆلێک له‌و پزیشکانه‌ی که‌ د.شێخه‌ په‌روه‌رده‌ی کردوون بۆ دواڕۆژی کوردستان)

ده‌یه‌ها چالاکی و کاری خێرخوازی تر که‌ نامه‌وێت لێیبدوێم له‌م به‌سه‌رکردنه‌وه‌یه‌دا*، بۆیه‌ له‌ کۆتاییدا ده‌ڵێم پێویسته‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردی به‌ تایبه‌تی کابینه‌ی شه‌ش مافه‌کانی پڕۆفیسۆر شێخه‌ بگه‌ڕێنێته‌وه‌ و داوای لێبوردنی لێبکه‌ن و قه‌ره‌بووی زیانه‌ ماددی و مه‌عنه‌ویه‌کانی بۆ بکه‌نه‌وه‌‌ که‌ ماوه‌یه‌کی زۆره‌ گرفتی زۆریان بۆ دروستکردوه‌، له‌ هه‌مان کاتیشدا سزای ئه‌و بانده‌ بدرێت که‌ ئاوا زاناکانمان ئازار ده‌ده‌ن و کێشه‌یان بۆ ده‌نێنه‌وه‌، ، مامۆستا گۆران زیاتر له‌ نیو سه‌ده‌ له‌مه‌وبه‌ر بۆ ده‌روێش عه‌بدوڵڵای شمشاڵژه‌ن و هه‌ڵکه‌وتوو داخی خوارد و شیوه‌نی ئه‌وه‌ی بۆ کرد و گووتی: به‌ڵێ دیاره‌ له‌ناو قه‌ومی به‌سیتا قه‌دری سنعه‌تکار, وه‌کو عه‌کسی قه‌مه‌ر وایه‌ له‌ناوحه‌وزێکی لیخندا، منیش ئه‌مڕۆ بۆ ئه‌م پیاوه‌ بلیمه‌ت و هه‌ڵکه‌وتووه‌ ده‌ڵێم : به‌ڵێ دیاره‌ له‌ ناو ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵدا قه‌دری زانا وه‌کو عه‌کسی قه‌مه‌ر وایه‌ له‌ناو ئاوێکی لیخندا!

تێبینی: ئه‌وه‌ی وایلێکردم ئه‌م وتاره‌ بنووسم گوێگرتنم بوو له‌ کار و چالاکیه‌کانی ئه‌م پسپۆڕه‌ کورده‌ له‌ زمانی چه‌ند تووشبوویه‌ک به‌ شێرپه‌نجه‌وه‌ و ئه‌و هه‌موو ناعه‌داله‌تیانه‌یه‌ که‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م زانایه‌ ده‌کرێت له‌ بری پاداشتدانه‌وه‌ی، بۆیه‌ جگه‌ له‌ زانیاریه‌کانی خۆم ، په‌نام برده‌ به‌ر ماڵپه‌ڕه‌کانی ئینته‌رنێت بۆ هه‌ڵهێنجانی هه‌ندێک زانیاری و داگرتنی فۆتۆکان.
*بۆ زیاتر شاره‌زا بوون به‌ کار و چالاکیه‌کانی ئه‌م زانا کورده‌ تکایه‌ کرته‌ له‌سه‌ر ئه‌م به‌سته‌رانه‌ بکه:

‌http://medicalcollege.kku.edu.sa/pathology/dranwar.htm

http://www.ary.nu/pzishkkurdstan.html

http://www.alitthad.com

http://www.kurdmedia.com/article.aspx?id=14802
--------------------------------

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە