کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


داود باغستانی کوردێکی نیشتمانپه‌روه‌ره‌، یان نۆکه‌رێکی چه‌ند سه‌ره! (به‌شی دووه‌م)

Monday, 14/09/2009, 12:00


باغستانی: مام جەلال ئێستا وەكو ئۆكسجینێكە بۆ قەزییەی كورد!

من له‌ سه‌ر داوه‌تى شیمۆن پێرز چووم، كه‌ دۆستێكی له‌ مێژینه‌ی منه‌ و 34 ساڵه‌ دۆستی یه‌كترین , من له‌ كنێستی ئیسرائیل (په‌رله‌مان) وته‌م پێشكێش كرد، شیمۆن پێرز وتى سوپاسی كاك داود ده‌كه‌ین، كه‌ 34 ساڵه‌ دۆستی ده‌وڵه‌ت و میلله‌تى ئیسرائیله‌ و سه‌رمان پێی به‌رزه‌.

له‌م‌ به‌شه‌دا هه‌وڵده‌ده‌م هه‌ندێک چیرۆکی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ له‌ زاری باغستانیه‌وه‌ بگوازمه‌وه‌ که‌ به‌ ته‌واوه‌تی که‌سایه‌تی ئه‌م پیاوه‌ ڕاکشاو و ماندووه‌ی ژێر لێفه‌ی نهێنیه‌کان ڕوون ده‌بێته‌وه‌ که‌ جار جار سه‌ر ده‌ردێنێ به‌ ته‌کلیف! ته‌نها کاکڵه‌ی مه‌به‌ست ده‌خه‌مه‌ ڕوو، ناتوانم زۆر درێژه‌ بده‌م به‌ ده‌قی دیمانه‌ و گفتوگۆ زۆره‌کانی باغستانی به‌ تایبه‌تیش له‌سه‌رو به‌ندی هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مانی کوردستاندا وا دیار بوو پاراستن و بارزانی ئه‌م ته‌کلیفه‌یان خستبووه‌ به‌ر ، خوێنه‌ر ده‌توانێت بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ به‌سته‌ره‌کان به‌ مه‌به‌ستی زیاتر شاره‌زا بوون. له‌م دیمانانه‌دا باغستانی قه‌واره‌ی خۆی به‌ جۆرێک فوو تێکردوه‌ به‌ هیچ ده‌رگایه‌که‌وه‌ ناچێت، خۆی کردوه‌ به‌ ئاگادار و که‌سایه‌تیه‌کی بێ وێنه‌ی کاره‌ نهێنی و تایبه‌ته‌کان، له‌ هه‌موو شوێنێکدا ئاماده‌یی هه‌یه‌، زۆر به‌ ڕاشکاوانه‌ دان به‌وه‌دا ده‌نێت که‌ کار بۆ مۆساد ده‌کات و جار جاریش خۆی حه‌وا ده‌دات و مۆساد به‌ بچوک ده‌زانێت: وتووێژی گۆڤاری جیهان لە گەڵ داود باغستانی:(1)

جیهان: باشه‌ چ لایه‌نێک هه‌یه‌ له‌کوردستان په‌یوه‌ندی‌ به‌هێزی‌ هه‌بێت له‌گه‌ڵ ئیسرائیل؟
داود باغستانی‌: من وه‌ک داود باغستانی‌.
جیهان: چۆن؟
داود باغستانی‌: وه‌ک کوردێکی‌ بێلایه‌ن دۆستی‌ ئه‌وانم، ئه‌و دۆستایه‌تیه‌ش ده‌پارێزم و هیچ له‌و دۆستایه‌تییه‌ش شه‌رم ناکه‌م، وایده‌بینم هیچ زه‌ره‌رێکیان بۆ ئێمه‌ نییه‌.
جیهان: چه‌ند ساڵه‌ دۆستی‌ ئه‌وانی‌؟
داود باغستانی‌: وابزانم له‌ساڵانی‌ 1967.
جیهان: په‌یوه‌ندیه‌که‌ی‌ تۆ له‌گه‌ڵ موساده‌ یان له‌گه‌ڵ حکومه‌ته‌؟
داود باغستانی‌: نامن له‌گه‌ڵ موساد په‌یوه‌ندی‌ ناکه‌م، ده‌زگایه‌کی‌ زۆر بچووکه‌و زۆر په‌یوه‌ندی‌ به‌ پاراستنی‌ ئه‌منییه‌وه‌ هه‌یه‌، من له‌گه‌ڵ حکومه‌ت له‌گه‌ڵ په‌رله‌مان، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ په‌یوه‌ندی‌ ده‌که‌م که‌ سیاسه‌تی‌ وڵات به‌رێوه‌ ده‌به‌ن.

باغستانی به‌ شیمۆن پێرێسه‌وه‌ ناوه‌ستێت و باز ده‌دات بۆ هه‌موو سه‌رکرده‌ و سه‌رۆکه‌کانی ئیسرائیل: دیمانه‌ی ڕووداو له‌گه‌ڵ باغستانیدا (2)

* له‌ ئیسرائیل كێت بینی؟
- شیمۆن پێرز، ئیهود باراك، یوسی بێلین و ئه‌ندامانى په‌رله‌مان.
چۆن بوو له‌م كاته‌ گڕگرتووه‌ی عێراقدا بیرت له‌وه‌ كرده‌وه‌ بچیه‌ ئیسرائیل؟
- من له‌ سه‌ر داوه‌تى شیمۆن پێرز چووم، كه‌ دۆستێكی له‌ مێژینه‌ی منه‌ و 34 ساڵه‌ دۆستی یه‌كترین. پێشوازییه‌كی زۆر گه‌رمیشیان لێكردم. من له‌ساڵی 1970یش چوومه‌ ئیسرائیل و، زۆر سه‌ربه‌رزم به‌و په‌یوه‌ندییه‌م له‌گه‌ڵ ئیسرائیل و شه‌رمی لێناكه‌م.
*یه‌كه‌مجار كه‌ى شیمۆن پێرزت ناسیوه‌؟
- ساڵى 1970، چونكه‌ پێشتر له‌ ساڵی 1967 په‌یوه‌ندیم له‌ گه‌ڵ موشێ دایان و گۆڵدا مائیر هه‌بوو، هه‌موویان هه‌ڤاڵ و دۆستی من بوون.

له‌ هه‌مووی سه‌رنجڕاکێشتر که‌ تا چه‌ند ئه‌م پیاوه‌ ڕاستگۆیه‌ فه‌رموون بزانن له‌ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌دا چی ده‌ڵێت:
ئه‌و كاته‌ى له‌ زیندانی ئه‌بوغرێب بووی، رژێمی به‌عس نه‌یده‌زانی په‌یوه‌ندیت له‌ گه‌ڵ ئیسرائیل هه‌یه‌؟
- به‌ڵێ. پرسیاریان ده‌كرد، به‌ڵام من نه‌مده‌گوت په‌یوه‌ندیم هه‌مه‌، پێمده‌گوتن ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندیم هه‌مبێت من پێی مه‌منوونم، چونكه‌ ئێمه‌ هیچ كێشه‌یه‌كمان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل نییه‌.
باشه‌ کێ هه‌یه‌ به‌مه‌ بڕوا بکات که‌ دیلێکی به‌ندینخانه‌کانی به‌عس بتوانێت بڵێت ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندیم هه‌بێت پێی مه‌منونم و ئێمه‌ هیچ کێشه‌مان له‌گه‌ڵ ئیسرائیلدا نیه، گه‌ر که‌سێک ڕسته‌یه‌کی وای بوتایه‌ پێستی ده‌برا بۆ ده‌باخانه‌ نه‌ک ئێستا زیندوو بێت و به‌ خۆهه‌ڵدان ئه‌مانه‌ بڵێت، وا بزانم پیاو ده‌بێت ڕێز له‌ ته‌مه‌نی خۆی بگرێت به‌ تایبه‌تی کاک داود شه‌ست و دوو ساڵی تێپه‌ڕاندوه‌.

باغستانی خۆی ده‌کاته‌ هاوڕێی نزیکی سه‌رکرده‌ تێکۆشه‌ره‌کانی په‌که‌که‌ و له‌ دژوارترین و سه‌ختترین چرکه‌ساته‌کاندا له‌گه‌ڵیاندایه‌ له‌ سه‌نگه‌ره‌کاندا، که‌سی یه‌که‌مه‌ که‌ به‌ هێمایه‌ک جه‌بار فه‌رمان که‌ چوار ده‌وری گیراوه‌ له‌ کوژرانی حه‌تمی ڕزگار ده‌کا:
 جه‌مال عه‌بدوڵڵای به‌ڵگه‌ 3 باغستانی ده‌جوڵێنێ بۆ زیاتر شوڵ هه‌ڵماڵین:
نهێنیه‌ک هه‌یه‌.. ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ له‌ شه‌ڕی نێوان یه‌کێتی و pkk دا نه‌وشیروان مسته‌فا ویستویه‌تی شه‌هید جه‌بار فه‌رمان به‌ کوشت بدات، ئه‌مه‌ تا چه‌ند ڕاسته‌ و چۆنه‌؟
باغستانی: کاتێک شه‌ڕ له‌ نێوان یه‌کێتی و pkk دا دروست بوو، هه‌ندێ که‌ناڵی په‌یوه‌ندی تایبه‌ت هێڵرابوونه‌وه‌ و ده‌زگا ئه‌منیییه‌کانی یه‌کێتی نێشتمانی کوردستان ئه‌مه‌ ده‌زانن, ئینجا له‌و کاتی شه‌ڕه‌دا، به‌ ڕه‌حمه‌ت بێت شه‌هید جه‌بار فه‌رمان سه‌رکردایه‌تی یه‌کێک له‌ میحوه‌ره‌کانی شه‌ڕی ده‌کرد، له‌و کاته‌دا نه‌وشیروان به‌ نهێنی به‌ یه‌کێک له‌ سه‌رکرده‌کانی pkk ی گوتبوو ئه‌و په‌یامه‌ی به‌ نهێنی بۆ نارد بوو که‌ له‌م شه‌ڕه‌دا هه‌وڵی جدی بده‌ن و فرسه‌ت بهێنن هه‌رچۆنێک بێت جه‌بار فه‌رمان بکوژن و جه‌بار فه‌رمانمان له‌ کۆڵ بکه‌نه‌وه‌!

گوایه‌ ئه‌و کاته‌ باغستانی له‌ کانی جه‌نگه‌ بووه‌ له‌ دۆڵی شه‌هیدان و نه‌یهێشتوه‌ جه‌بار فه‌رمان بکوژرێت.

باغستانی ڕمڵ لێده‌ر و فا‌ڵگره‌وه‌یه‌کی بێ وێنه‌یه‌ یان به‌نگکێشێکی بێ هاوتایه‌ وا لێبڕاوانه‌ که‌وتۆته‌ قاوه‌ گرتنه‌وه‌، له‌ پێشبینیه‌ سیاسیه‌کانی ده‌رباره‌ی لیستی گۆڕان و چاره‌نووسی نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌ڵێت:
به‌ پێی ئاگاداری خۆم و ئه‌وه‌نده‌ی لێی بزانم و به‌ قه‌ده‌ر ته‌جروبه‌ی ژیانی خۆم جه‌نابی مه‌سعود بارزانی پێش 25/7 ئاماده‌ نیه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا ببینێت به‌ڵام دوای 25/7 و دوای ئه‌وه‌ی نه‌وشیروان په‌شیمانی ده‌رده‌بڕێت و تووشی فه‌شه‌لی گه‌وره‌ ده‌بێت ئه‌و کاته‌ مومکینه‌ ئه‌و چاوپێکه‌وتنه‌ دروست بێت!
زۆر ڕاستده‌کات ئه‌مه‌ش هاته‌ دی و گۆڕان دۆڕاندی و ئێستا نه‌وشیروان مسته‌فاش په‌نجه‌ی په‌شیمانی ده‌گه‌زێت!
- وای دەبینم نەوشیروان گەیشتووەتە قەناعەت و ئێستا دەزانێت 26/7 كۆتایی ژیانی سیاسیی خۆیەتی. ئەوەش شتێكی زۆر پیرۆزە بۆ میللەتی كورد، ئیدی ئەوە قۆناغی رزگار بوونە.
- پێویستە ئیدی نەوشیروان لە جێگەیەك بگەڕێتەوە، رەنگە ببێت بە ئەندامێكی حزبی دەعوە، یان خۆی بگەیەنێتە ساڵح موتڵەگ و عادل دلێمی، یان هەماهەنگی لەگەڵ حەدبا بكات، ئەوە مەوزوعێكی ترە، لە 27/7 ئەڵێم چی روویدا، ئیدی نەوشیروان ناتوانێت لە كوردستان بژیت. کاک داود ئێمه‌ هه‌وادارانی نوکته‌کانی تۆ له‌ 27/7 ه‌وه‌ ئۆقره‌مان لێبڕاوه‌ ئه‌وه‌ شه‌ش هه‌فته‌یه‌ چاوه‌ڕوانین پێت نه‌گووتین چی ڕوو ده‌دا!

ئه‌ی ئه‌وه‌ نیه‌ گۆڕان سفر به‌ده‌سته‌وه‌ هیچ کورسیه‌کی په‌رله‌مانی نیه‌ و بۆ په‌رله‌مانی عێراقیش دانابه‌زێت! به‌ڕاستی شه‌رمه‌ پیاو ئاوا خۆی بخاته‌ پێگه‌یه‌کی وا نزمه‌وه‌، ته‌نها له‌به‌ر دۆلاره‌کانی دزراوی میلله‌ت که‌ مه‌سعود ده‌یکات به‌ قوڕگی تۆدا ئاوا ڕاستگۆ ده‌بیت هه‌ی باغستانی! ئینجا باغستانی بۆ جه‌مال عه‌بدوڵڵای به‌ڵگه‌ ئاوا پێناسه‌ی لێستی گۆڕان ده‌کات: ئه‌و لیسته‌ لیستی دوژمنانی کورد و گه‌لی کوردستانه‌ به‌ به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌م لیسته‌ بێجگه‌ له‌ دوژمنان و ناحه‌زانی کوردستان هیچ که‌س و لایه‌کی تر یارمه‌تی نادات و پێی خۆش نییه‌........ نەوشیروان و جەماعەتەكەی ئەسڵەن لە سیاسەت تێناگەن.

باغستانی دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌مه‌و به‌یانیانی هه‌ولێری ئێستای به‌ بێهۆشی و مه‌ستی له‌ کۆڕ و دانێشتنه‌ به‌ره‌ڵڵاکانیدا که‌ ئه‌وه‌ی له‌ ڕه‌وشته‌وه‌ نزیک بێت دووره‌ لێی، سیناریۆ داڕێژێکی بێ وێنه‌یه‌ بۆ سه‌فته‌کردنی ئه‌و ڕووداوه‌ خه‌یاڵیانه‌ی که‌ له‌ سوڕی بێئاگایی مه‌ستیدا‌ له‌سه‌ر یه‌ک هه‌ڵێان ده‌چنێ، بۆیه‌ سه‌یر نیه‌ له‌ جنێفه‌وه‌ ئاگای له‌ پلانی تیرۆری بنه‌ماڵه‌ی بارزانی بێت: كاتی هێنانەوەی تەرمی بارزانی نەمر و كاك ئیدریس لە 6/10/1993، ئەو كاتە من لە جنێف بووم، پێشنیاری نەوشیروان لەو كاتەدا ئەوە بوو بە هێزێكی 3 -4 هەزار پێشمەرگە لەو فرسەتە كەڵك وەربگرێت بۆ لەناوبردنی سەركردایەتی پارتی. نەوشیروان پێشنیاری كردبوو بەرلەوەی جەنازەی بارزانی بگاتەوە بارزان، بنەماڵەی مەلا مستەفا لەو فرسەتە مێژووییەدا ئیبادە بكات. مرۆڤێك بەو عەقڵییەتە و بەو دڵڕەشییە تەعامل لەگەڵی نایەتە كردن.(4)
یان به‌سه‌رخۆشی خه‌و به‌ ئیباده‌وه‌ ببینێت ئاگای له‌وه‌ هه‌بێت که‌ : لەكاتی شەڕی براكوژی و شەڕی ناوخۆدا نەوشیروان و غەیری نەوشیروان پێشنیاریان بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەكرد لە ساڵی 1995 ئەو كاتەی شەڕ لەگەڵ پەكەكە وەستا، نەوشیروان گوتی دەبوایە شەڕتان رانەوستاندبایە تا منداڵەكانی ئەوانتان ئیبادە دەكرد و دەكوشتن. (4)
باغستانی ئه‌و ڕاسپارده‌یه‌ی پاراستن و بارزانی له‌ بیر نه‌کردوه‌ چه‌ند به‌رده‌ فڕکێیه‌کیش به‌به‌رده‌می ماڵێ سه‌رکرده‌کانی چوار حیزبه‌که‌شدا بکات :

داود باغستانى:
عەلى باپیر سەد لە سەد پیاوى ئێرانە

جیهان: یانی‌ عه‌لی‌ باپیر ئێرانییه‌؟
داود باغستانی‌: سه‌د له‌ سه‌د پیاوێکی‌ ئێرانییه‌.
جیهان: ئه‌ی‌ سه‌لاحه‌دین؟
داود باغستانی‌: سه‌لاحه‌دین سعودیه‌، وه‌هابیه‌، قه‌ته‌رییه‌، کوه‌یتییه‌ له‌گه‌ڵ حه‌ره‌که‌ی‌ ئیخوان موسلمینه‌، له‌گه‌ڵ هه‌موو دونیا په‌یوه‌ندی‌ هه‌یه‌.

لێره‌دا فریای کاکه‌ حه‌مه‌ و قادر عه‌زیز نه‌که‌وتوه‌ یان بیری چووه‌!

باغستانی یه‌کێکه‌ له‌ حه‌رباکان پێی شه‌رم نیه‌ 180 پله‌ بسوڕێته‌وه‌ و به‌ پێی ئه‌وه‌ی کێ به‌رژه‌وه‌ندی ده‌پارێزێت و چ لایه‌نێکی موخابه‌راتیی و جاسوسیی ڕایده‌سپێرن له‌ که‌یدا و ده‌رباره‌ی کێ و چۆن بدوێت، بۆیه‌ سه‌یر نیه‌ خۆی ‌ئابڕوویی خۆی به‌رێت و دان به‌وه‌دا بنێت که‌ چۆن که‌سێکه‌، تا دوێنێ جه‌لال تاڵه‌بانی دوژمن و خائین بوو ئه‌مڕۆ ده‌بێته‌ ئۆکسجین:
رەنگە پێشتر لە هەموو كوردستان دوو كەس وەكو من دژی مام جەلال نەبوون، ئێستا گەیشتوومە ئەو بڕوایە مام جەلال پێویستیەكی حەیاتییە بۆ بزافی نەتەوەی كورد، بەتایبەتی لەم قۆناغە. پێش (5)  ساڵ یان (10) ساڵ وانەبووم، بەپێچەوانەوە زۆر توند بووم، لەسەر ئەوە داوای لێبوردنم كردووە، وتوومە ئەگەر كاتێك لە زروفێكدا قسەیەك، یان لێدوانێكم لە دژی مام جەلال دابێت، داوای لێبوردن دەكەم.

ئەمڕۆ لەم قۆناغە بۆ ئێمەی كورد ئەو دەورەی مام جەلال پێهەڵدەستێت، بەدیلی نییە، بەتایبەت لەبەغدا. لە سیاسەتی نێونەتەوەیی و وڵاتانی دەوروبەر ئەلتەرناتیفی مام جەلال نییە، مام جەلال ئێستا وەكو ئۆكسجینێكە بۆ قەزییەی كورد، پێویستە ئەوە بەهەموو سەربەرزییەك و بەهەموو راشكاوییەك بڵێم. (4)

سەرچاوەیەکى ئاگادار بە رۆژنامەى راگەیاند: "وا بڕیارە لە 15/7/2008 شاندێکى رۆشنبیریى کە لە 10 نووسەر و رۆژنامەنوس و رۆشنبیرى هەر سێ شارەکەى هەرێمى کوردستان هەولێرو دهۆک وسلێمانى پێکهاتووە سەردانى ئیسرائیل بکەن بە مەبەستى دروستکردنى پەیوەندى کلتورى و رۆشنبیرى و وەکو سەرەتایەکیش بۆ دروستکردنى پەیوەندى نێوان هەرێم و ئیسرائیل".(5)


فه‌رهاد پیرباڵیش نه‌ک خۆی خزاندووه‌ته‌ نێو ئه‌و وه‌فده‌وه‌ که‌ داود ده‌یبردن بۆ لای حاخامه‌کان به‌ڵکو ده‌ڵێت داوایان لێکردم شاندێک پێکبهێنم، لێره‌دا پرسیارێک هه‌یه‌ زۆر گرنگه‌، ده‌بێت کێ داوای لێ کرد بێت؟!

د. فەرهاد پیرباڵ، ئەندامی ئەو شاندە رۆشنبیریەى هەرێمى کوردستان کە سەردانی ئیسرائیل دەکەن، بەرۆژنامەى راگەیاند: "داوایان لێکردم کە شاندێک پێکبێنم سەرپەرشتى بکەم، بەڵام کاتەکە بۆ من گونجاو نییە ئەو سەردانە بکەم، پإۆژەى ئەو سەردانەش هەڵوەشاوەتەوە، لاى منیش سەردانى ئیسرائیل وەکو ئەوەیە بچمە یەمەن یا بلوجستان یان هەر وڵاتێکى دیکە"، بە قسەى سەرچاوەکەى رۆژنامەش هەرچەندە ئەو کەسانە دەڵێن سەردانەکە هەڵوەشاوەتەوە، بەڵام ئەگەرى ئەوە هەیە کە سەردانەکە بەنهێنى بکرێت.(5)

خوێنه‌ری به‌ڕێز دیقه‌تی ئه‌م ده‌ربڕینانه‌ی باغستانی بده‌: ‌
ئه‌ى له‌وه‌ ناترسی حكوومه‌تى عێراق دواى ئه‌م سه‌ردانه‌ت بۆ ئیسرائیل ده‌رت بكات ؟ (2)
- حكوومه‌تى عێراقی هه‌موویان دزن و فایلی وان له‌ لای منه‌ و كێ من ده‌رده‌كات، من ده‌توانم ئه‌وان ده‌ر بكه‌م، ئه‌وان ناتوانن من ده‌ربكه‌ن.

* واته‌ هیچ ترسێكت له‌ سه‌ر ئه‌منییه‌تى خۆت نییه‌؟
- تو خوا كه‌سێك ئیسرائیلی له‌ پشت بێ له‌ كێ ده‌ترسێ

هێشتا خۆی 160 هه‌زار دۆلاری ئه‌و 54 که‌سانه‌ی لایه‌ که‌ به‌ڵێنی دابونێ به‌ قاچاغ بیانپه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌وروپا، هه‌روه‌ها خواردنی 80 هه‌زار دۆلاری په‌که‌که،‌ که‌چی هه‌موو حکومه‌تی عێراق به‌ دز داده‌نێت و ده‌ڵێت من ده‌توانم ئه‌وان ده‌ربکه‌م، تو خوا پیاوی سیاسی و هۆشمه‌ند ڕسته‌ی وا به‌ زاریدا دێت؟ به‌ڵام سوپاس بۆ باغستانی که‌ جه‌ختی کرده‌وه‌ سه‌رانی کوردیش دزن دیاره‌ که‌سی لێنه‌بواردوه‌ به‌ تاڵه‌بانی که‌ سه‌رۆک کۆماری عێراقه‌ و هوشیار زێباریشه‌وه‌ که‌ خاڵی لاله‌ مه‌سعودیشه و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و حکومه‌ته‌ دزه‌یه‌!

(1)
http://komalaorg.org

(2)
http://www.rudaw.net

(3)
http://www.govaribalga.com

(4)
http://www.kurdistanreport.com

(5)
http://www.nawandihalabja.com

بۆ خوێندنه‌وه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌شی یه‌که‌م، کلیکی ئه‌و لینکه‌ی خواره‌وه‌ بکه‌:
داود باغستانی، کوردێکی نیشتیمانپه‌روه‌ر، یان نۆکه‌رێکی چه‌ند سه‌ره‌ (به‌شی یه‌که‌م)

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە