کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کاتی فرمان هات, هه‌سته‌ ئه‌ی لاوی نیشتمانی کورد

Thursday, 10/02/2011, 12:00



وا خۆری ئازادی له‌ که‌له‌وه‌ سه‌ره‌تاتکێیه‌تی،به‌یانیتان باش کیژانی کورد، دایکانی کورد، لاوانی کورد، قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستانی کورد، هه‌ژارانی کورد، به‌یانی هه‌مووتان باش، دڵنیا بن وا پا‌یزی زۆرداران ده‌ستیپێکرد، به‌هاری ئیوه‌ش به‌ڕێوه‌یه‌، شه‌قاو شه‌قاو به‌ره‌و گۆڕنانی زۆردارانی خۆماڵی، به‌ره‌و ده‌سه‌ڵاتێکی دادپه‌روه‌ر و کوردانه‌ی ته‌واو، به‌ره‌و ئازادی دوور له‌ ئه‌شکه‌نجه‌ و ئازاری ده‌زگا سیخوڕیه‌کانی هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌، زۆرداریی و نایه‌کسانی گه‌یشته‌ هه‌موو سوچ و قوژبنێکی کوردستان، به‌ تاڵانبردن و دزینی سامانی گشتیی سه‌رزه‌وی و بن زه‌وی به‌ به‌رچاوی هه‌موانه‌وه‌ ئاشکرا و ڕوونه‌, ئیتر کاتی ئه‌وه‌ هاتوه‌ هه‌ر هه‌موو ئاژه‌ڵه‌ دڕنده‌کانی نێو ئه‌و دارستانه‌ی که‌ له‌ سایه‌ی بنه‌ماڵه‌دا بێخه‌م ڕاکشاون دادگایی بکرێن و سزای خۆیان وه‌رگرن، ئه‌وانه‌ی که‌ بۆ 20‌ ساڵه‌ ده‌ستیان سووره‌ و گیرفانیان پڕه‌ له‌ دراوی دزراوی ئه‌و بێده‌نگانه‌ی که‌ ئێمه‌ین، با بیانده‌ین به‌ زه‌ویدا و فڕێیانده‌ینه‌ زبڵدانی مێژوه‌وه‌، ‌ وا کات دره‌نگه‌ و دێری کرد کورده‌ غیره‌تێ، کاتی فرمان هات کورد نابێت بنوێت، هه‌سته‌ ئه‌ی لاوی نیشتمانی کورد......
ڕوناکبیران و خه‌مخۆرانی کوردستان خۆتان کۆبکه‌نه‌وه‌ و خۆتان ته‌یار بکه‌ن، هه‌نگاو بنێن به‌ره‌و ڕووناکی ، به‌ به‌رنامه‌یه‌کی گشتگیری و تۆکمه‌ی وا که‌ چه‌ک و دۆلار له‌ ئاستیاندا نه‌وی بن و چه‌کی باوه‌ڕ ته‌نها چه‌کتان بێت، به‌رنامه‌ی چاکسازی و ئیداری و ئابووری به‌ره‌ی گه‌ل جاڕده‌ن، له‌ به‌رامبه‌رێشدا وا ده‌سه‌ڵاتی ته‌پیو و سه‌پیو ئیفلاسی سیاسی له‌ به‌غداوه‌ جاڕ ده‌دات، وا چه‌کوشه‌ ئاماده‌کانی بازووه‌ به‌هێزه‌کان، له‌ سه‌رویانه‌وه‌ کوردستانپۆست و نووسه‌ره‌ بوێره‌کانی، بزمار له‌ دوای بزمار دائه‌کوتن به‌ تابووتی ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵدا، وا پشت و په‌ناکانی لێقه‌وماوان و برسی و هه‌ژاره‌کانی وڵاته‌که‌مان، ده‌بنه‌ شوره‌ی پاراستنیان، وا ئه‌وه‌ی که‌ پێی ده‌ڵێن ترس و تۆقاندن له‌ فه‌‌رهه‌نگی خه‌ڵکی کوردستاندا نامێنێت، به‌ ئاشکرا له‌ هه‌موو کوچه‌ و کۆڵان و فه‌رمانگه‌یه‌کدا نه‌فره‌ت له‌و ده‌سه‌ڵاته‌ گه‌نده‌ڵه‌ ده‌کرێت، دیواری ترس هه‌ره‌سی هێناوه‌، بنه‌ماڵه‌ی خۆسه‌پێن خه‌یاڵی خاوه‌ که‌ بتوانێت گه‌ڕه‌که‌کانی هه‌ولێر له‌ ڕێی ناوچه‌ کارتۆنیه‌کانی پارتی و موختاره‌ جاسوسه‌کان و ڕێکخستنه‌کانی پاراستنه‌وه‌ کۆنترۆڵی جه‌ماوه‌ری ڕاپه‌ڕیو بکات له‌ سه‌عاتی سفردا، وا دروشمه‌کانی بڕوخێ ده‌سه‌ڵاتی مافیا له‌سه‌ر دیواره‌کان ده‌ستی پێکرد، وا خه‌مخۆرانی وڵات پیرۆزبایی له‌ یه‌کتری ده‌که‌ن ، به‌ره‌ی گه‌ل پشتگیری له‌ داکۆکیکه‌ره‌کانی ده‌کات، ده‌سه‌ڵاتی سیخوڕییش به‌دوای ئازادیخوازاندا ده‌گه‌ڕیت، ده‌.. سه‌د.. هه‌زار ...بۆ کێ ده‌گه‌ڕین، ئێمه‌ هه‌موومانین تاک نین، وا ڕسوایی و نوشستی و دۆڕانه‌کانی هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ی مافیا و گه‌نده‌ڵ گوێی دنیای که‌ڕ کرد، وا خراپه‌کاریه‌کانیان به‌ هیچ بۆیان په‌رده‌ پۆش ناکرێت، وا ئاگره‌که‌ که‌وتۆته‌ ماڵه‌کانیانه‌وه‌، ئه‌مجاره‌ لێتان نا‌گه‌ڕێین ئاوا یاری به‌ به‌ها پیرۆزه‌کانمان بکه‌ن، وا خوێنی ده‌ماری لاوانمان له‌ جماندایه‌، هزری بیرمه‌ند و زانا و پسپۆڕه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دز و گه‌نده‌ڵ به‌ به‌رنامه‌سازی و پلانی وورد ، دواڕۆژی خه‌ڵکی چه‌وساوه‌ی ژیر ده‌سه‌ڵاتی دژ به‌ میلله‌ت داده‌ڕێژن، زۆرمان چێشت له‌ سایه‌تاندا ئه‌ی دز و داوێن پیس و تاڵانکه‌رانی وڵات، ئێوه‌ ده‌سه‌ڵات و زێڕه‌ڤان و فه‌له‌ک و زانیاری و پاراستن ،ئێمه‌ش میوانی خه‌م و هه‌ژاری و تاریکی ، ئێمه‌ دووره‌ په‌رێز به‌ڵام پاک و بێگه‌رد، ئیوه‌ مافیا وئێمه‌ش له‌شکرێکی بێده‌نگی ئارام، ئێوه‌ خاوه‌ن سامان و زۆرینه‌ی خه‌ڵکی ڕه‌ش و ڕووتی وڵاته‌که‌مان نه‌دار و نه‌خۆش و برسی، ئێوه‌ خاوه‌نی هه‌موو شت بوون جگه‌ له‌ ڕه‌وشت، ئێمه‌ش هه‌ژاری مادده‌ و خاوه‌نی سامانێک له‌ به‌ها و ڕه‌وشت، وا خۆری ئازادی له‌ که‌له‌وه‌ سه‌ره‌تاتکێیه‌تی، شه‌قاو شه‌قاو به‌ره‌و گۆڕنانی زۆردارانی خۆماڵی.


 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە