کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مه‌لها و چایخانه‌، چه‌ند بکه‌ینه‌وه‌ خه‌ڵکی پێی خۆشه‌، چی گرێیان ده‌دا پێکه‌وه‌!؟

Thursday, 21/05/2009, 12:00


دیاره‌ مه‌لها و چایخانه‌ و هه‌رچه‌ند بکه‌ینه‌وه‌ خه‌ڵک پیی خۆشه‌ و کوڕه‌ با دوو هۆڵیشی له‌سه‌ر بێ و ئه‌و یه‌کێکه‌ له‌ خۆمان زیاتر له‌ گفتوگۆی چه‌ند هاوڕێیه‌ک یان چه‌ند که‌سێکی ساده‌ ده‌چێت له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک هاوه‌ڵ و ناسیاوی خۆیاندا و له‌ شوێنێکی تایبه‌تیدا و ته‌نها له‌ نێو خۆیاندایه‌ و هه‌رگیز به‌ مه‌به‌ستی بڵاوکردنه‌وه‌ نیه‌ و ‌ و وه‌ک هه‌موو باس و خواسێکی ڕۆژانه‌ ده‌کرێت و تێپه‌ڕ ده‌بێت، سه‌یر له‌وه‌دایه‌ ئه‌م ڕستانه‌ی سه‌ره‌وه‌ (VIP) ڤی ئا‌ی پیه‌کانی ئه‌مڕۆی کورد خاوه‌نی بن.

شێوازی ئاخافتن و گفتوگۆ پێوه‌رێکی گونجاوه‌ بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاستی ڕۆشنبیری و زانیاریی که‌سی به‌رامبه‌ر ، هه‌روه‌ها تا ڕاده‌یه‌کی زۆر ڕه‌نگدانه‌وه‌ی که‌سایه‌تی و سه‌نگینی که‌سی به‌رامبه‌ره‌، له‌وانه‌یه‌ هه‌ندێک ڕسته‌ و وشه‌ هه‌بن گه‌ر له‌ زاری که‌سێکی وه‌ک ده‌ڵێن عه‌وامه‌وه‌ بێت زۆر نه‌که‌وێت له‌سه‌ری و به‌ هه‌ند وه‌رنه‌گیرێت و نه‌بێته‌ مایه‌ی نیگه‌رانی و ڕه‌خنه‌ بۆ که‌سایه‌تی ئه‌و که‌سه‌، به‌ڵام گه‌ر هاتوو له‌ زاری که‌سێکی به‌رپرسه‌وه‌ یان کاربه‌ده‌ستێکی پله‌ یه‌که‌وه‌ ده‌رچوو به‌ تایبه‌تیش که‌ له‌ ڕێی میدیا و ڕاگه‌یندنه‌وه‌ بوو ئه‌وه‌ لێکدانه‌وه‌ی بۆ ده‌کرێت و هه‌ڵده‌گرێت که‌ به‌ ووردی سه‌رنچ بدرێت، بۆ نه‌گبه‌تی کورد که‌ گه‌ردنی ئاڵاوه‌ له‌ کۆمه‌ڵێک خه‌ڵکی نه‌زان و ماربه‌رپرسه‌وه‌ که‌ ئاماده‌ن ده‌یه‌ها جار پێوه‌ی بده‌ن و دووباره‌شی بکه‌نه‌وه‌، نموونه‌ زۆرن له‌ به‌زاندنی سنووری ڕیز و گفتوگۆی سه‌رده‌میانه‌ و ده‌ربڕینی نه‌شیاو، خه‌روارێک له‌م شه‌کر شکاندنانه‌ لامان کۆبونه‌ته‌وه‌، خراپ نیه‌ هه‌ندێکیان به‌ بیر بهێنینه‌وه‌: کاتێک ڕای گشتی کورد بێزار بوون له‌ کاربه‌ده‌سته‌ کورده‌کان له‌ به‌غدا جه‌لال تاڵه‌بانی قسه‌ خۆش که‌وته‌ دووان، له‌ وه‌ڵامی ئه‌و ڕه‌خنانه‌دا دێڕه‌ به‌ ناوبانگه‌که‌ی تۆمار کرد و فه‌رمووی: خۆ ئێمه‌ له‌ به‌غدا نه‌چووینه‌ بۆ مه‌لها! گه‌ر ئه‌مه‌ و ده‌یه‌ها ڕسته‌ی دی له‌م جۆره‌ له‌ زاری سه‌رۆکه‌وه‌ بترازێت ئه‌ی بۆ؟ بۆ مه‌لا حیکمه‌ت حه‌رام بێت له‌ کۆبونه‌وه‌یه‌ک له‌ شاری که‌لار وه‌ک له‌ ئه‌زنیفدا بێت ڕوو به‌ ڕووی خه‌ڵکی که‌لار بڵێت: هه‌موو داواکاریه‌کانتان بۆ جێبه‌جێده‌که‌ین و کوڕه‌ با دوو هۆڵیشی له‌سه‌ر بێت! ده‌ڵێی له‌ که‌بابخانه‌ دانیشتوه‌ و داوای که‌بابی عه‌وازه‌ ده‌کات، نازانم زه‌می هه‌یه‌ یان ڕاده‌بوێرێت و ئه‌و خه‌ڵکه‌ به‌ گه‌وج و نه‌زان ده‌زانێت، یان ئیدریس هادی وه‌زیری خوێندنی باڵا ناسراو به‌ ئیدریس حه‌ڤده‌، حه‌ڤده‌ ساڵه‌ پارتی پێشڕه‌و که‌سی نیه‌ ته‌نها ئه‌م کوڕه‌ی کاک هادی نه‌بێت، کاک هادی ناسراو به‌ هادیه‌ قه‌ڵه‌و که‌ شۆفێری تایبه‌تی بنه‌ماڵه‌ بوو گه‌وره‌ترین سه‌روه‌ری بۆ ئیدریس به‌جێهێشت به‌وه‌ی که‌ کاره‌که‌ی بووه‌ خه‌بات بۆ ئیدریس چونکه‌ ئیدریس له‌ پێش ڕاپه‌ڕیندا نه‌ک خه‌بات و تێکۆشانی نه‌بووه‌ به‌ڵکو چه‌نده‌ها پرسیاری قورسیشی له‌سه‌ره‌، به‌ تایبه‌تی په‌یوه‌ندیه‌کانی‌ له‌گه‌ڵ دکتۆر ناجی تۆفیقی که‌ڵه‌ به‌عسی ڕاگری کۆلیجی ئه‌ندازیاری و ده‌وری کاک وه‌زیر له‌ کاتی خۆپیشاندانه‌کانی خوێندکارانی زانکۆی سه‌لاحه‌دین له‌ سه‌ره‌تای هه‌شتاکاندا، وا بزانم که‌س نه‌توانێت وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ بداته‌وه‌ مامۆستاکانی ئه‌و کاته‌ و خوێندکاره‌ به‌شداربوه‌کانی ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ ده‌توانن وه‌ڵامی ڕاست و دروست بده‌نه‌وه‌، ساڵانێکی زۆره‌ وا ده‌چێت بۆ حه‌ڤده‌ ساڵ بنه‌ماڵه‌ له‌م پۆست بۆ ئه‌و پۆست ئیدریس داده‌نێت، هه‌ر له‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ وه‌زیری گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن، سه‌رۆکی زانکۆی سه‌لاحه‌دین، وه‌کیلی وه‌زیری خوێندنی باڵا له‌ به‌غدا، ئێستاش وه‌زیری خوێندنی ئه‌وه‌ی ناویان ناوه‌ باڵا له‌ هه‌رێم، که‌ ئێستا دواکه‌وتوترین و گه‌نده‌ڵترین وه‌زاره‌تی هه‌رێمه‌ و ده‌یان نموونه‌ له‌به‌رده‌ستدان که‌ ئه‌م وتاره‌ جێی ئه‌و باسه‌ نیه‌، نه‌جده‌ت ئاکره‌یی کۆنه‌ به‌عسی که‌ ئێستا به‌ڕێوه‌به‌ری دیوانه‌ لای ئیدریس هادی هه‌فته‌ی پێشوو میوانی به‌رنامه‌ی سێره‌ بوو ، وه‌ک له‌سه‌ر مێزی خواردنه‌وه‌ بن ، نه‌جده‌ت خێرا خێرا ڕووی ده‌کرده‌ عه‌بدوله‌هاب عه‌لی و به‌ خاڵه‌ وه‌هاب خاڵه‌ وه‌هاب قسه‌ی له‌گه‌ڵیدا ده‌کرد و به‌ ده‌میشیه‌وه‌ له‌ تف هه‌ڵدان نه‌ده‌که‌وت، شه‌وی 20-5-2009 ش بلیمه‌تی ڕاگه‌یاندنی پارتی ئه‌ستێره‌ی دره‌وشاوه‌ی ئاسمانی زاگرۆس عه‌بدولوه‌هاب عه‌لی یان خاڵه‌ وه‌هاب میوانداری وه‌زیره‌که‌ی نه‌جده‌ت ئاکره‌یی کرد بۆ ڕیکلامکردن ده‌رباره‌ی کار و چالاکیه‌کانی وه‌زاره‌ت و خۆهه‌ڵدان، ئیدریس په‌تی بۆ شل کرا بوو تا گه‌یشته‌ شه‌کره‌که‌ و دواجار شکاندی، بۆیه‌ شه‌کرێکی شکاند که‌ ته‌نها ئاوێنه‌ی ئاستی تێگه‌یشتن و لێزانین و تێگه‌یشتنی ته‌واویه‌تی له‌ په‌یامی زانکۆ، به‌ڕێزی ووتی:هه‌رچه‌ند بکه‌ینه‌وه‌ خه‌ڵک پیی خۆشه‌، مه‌به‌ستی کردنه‌وه‌ی کۆلیجی یاسا بوو که‌ ئه‌و به‌ قانون ناوی برد، ئه‌ز فره‌ وه‌گیانم خۆشه‌م بیستوه‌ به‌ڵام له‌م جۆره‌یان نا، وه‌زیر ڕاستده‌کات کادیری پارتی نه‌ما بڕوانامه‌ی قانونی پێنه‌به‌خشن له‌ کۆلیجه‌کانی ئێواران، به‌ سه‌دانیان کرده‌ خاوه‌ن بڕوانامه‌ی قانون و ئه‌مه‌ش حاڵی داد و دادپه‌روه‌ری له‌ گه‌نده‌ڵستان، ئه‌مه‌ ئاخافتنی وه‌زیرێک بێت له‌ بری ئه‌وه‌ی بڵێت کردنه‌وه‌ی کۆلیج ده‌بێت به‌ پێی پێویستی کۆمه‌ڵ و هه‌ڵسه‌نگاندنی بابه‌تیانه‌ و لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی قووڵ بێت که‌چی ده‌ڵێت چه‌ند بکه‌ینه‌وه‌ خه‌ڵکی پێی خۆشه‌، ئه‌مه‌یه‌ شازی نوکته‌، دواییش خۆی پێ نه‌گیراو باسی له‌ به‌عسیه‌کی کۆنی هه‌ولێر کرد که‌ کردیان به‌ دکتۆر و ئه‌ندام ناوچه‌ی زانکۆ بوو که‌ ئێستاش کردویانه‌ته‌ وه‌کیلی وه‌زیری خوێندنی باڵای عێراق له‌ به‌غدا و ووتی: کاک سه‌لام خۆشناو ئه‌و یه‌کێکه‌ له‌ خۆمان! خۆتان کێن تۆ وه‌زیریت و پارتیت مه‌به‌ستت له‌وه‌یه‌ له‌ هه‌مان پارتدان یان پارته‌که‌ی پێش 9ی ئه‌پریلی 2003!
له‌ وه‌زاره‌ته‌که‌ی خوێندنی باڵادا که‌ 80% ی به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتیه‌کانی به‌عسین و هه‌ندێکیشیان موخابه‌راتیش بوون ده‌بێت کورد چاوه‌ڕێی چی بێت له‌م وه‌زاره‌ته‌، که‌ شۆڕیش ده‌بیته‌وه‌ بۆ لای سه‌رۆک زانکۆکان مرۆڤ شه‌رم دایده‌گرێت ئه‌مانه‌ سه‌رۆکی زانکۆ بن، هه‌ر هه‌موویان حیزب دایناون، با له‌ گه‌وچترینیانه‌وه‌ ده‌ست پێبکه‌ین که‌ محه‌مه‌د خۆشناوه‌ و ئه‌وه‌ ساڵانێکی زۆره‌ نێچیر له‌ له‌نده‌نه‌وه‌ هێناویه‌تیه‌وه‌ و کردویه‌تی به‌ سه‌رۆک زانکۆ به‌ بێ ئه‌وه‌ی هیچ لێهاتوویه‌کی زانستی هه‌بێت و ڕۆژێک خزمه‌تی زانکۆیه‌کی له‌ کوردستاندا کرد بێت، ئه‌م سه‌رۆک زانکۆیه‌ ئاستی کۆمه‌ڵایه‌تی و زانستی زۆر نه‌ویه‌، ئه‌وه‌ چه‌ند ساڵه‌ زانکۆی سه‌لاحه‌دینی خنکاندوه‌، هیچ پێشه‌وه‌ چوونێک ‌له‌ ڕووی زانستیه‌وه‌ به‌دی نه‌هاتوه‌، ئه‌م محه‌مه‌د خۆشناوه‌ که‌س نه‌یده‌ناسی له‌ حه‌ره‌می زانکۆدا ته‌نها ئه‌وه‌ نه‌بێت عه‌بدێکه‌ له‌ عه‌بده‌کانی نێچیر، ئه‌م پیاوه‌ چونکه‌ بۆشه‌و هیچی پێ نیه‌ ئه‌وه‌ ماوه‌یه‌که‌ له‌ چه‌ند دانیشتنێکدا ئه‌ویش که‌وتوه‌ته‌ شه‌کر شکاندن ، ئه‌و ئه‌کادیمی و مامۆستایانه‌ی زانکۆ که‌ مافی خانه‌نشینیان هه‌یه‌ و له‌ ده‌ست دوو مافیاکه‌ هه‌ڵاتون و مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ به‌ پێی یاسا وه‌ک هه‌ر فه‌رمانبه‌رێک داوای خانه‌نشینی بکه‌ن که‌چی ئه‌م گه‌وجه‌ له‌ ڕووی نه‌زانین و ئاست نزمیه‌وه‌ ده‌یانچوێنێت به‌و که‌سانه‌ی که‌ له‌ دونیای پێشکه‌وتوودا به‌ people with special needs ناسراون یانی ئه‌و که‌سانه‌ی پێویستیان به‌ یارمه‌تیدانی تایبه‌ت هه‌یه‌ تا هه‌ستیان بریندار نه‌کرێت، که‌چی ئه‌م سه‌رۆک زانکۆیه‌ له‌ دواکه‌وتویی و نه‌زانیدا پێیان ده‌ڵێت معوق ‌Handicap که‌ له‌ فه‌رهه‌نگی ئه‌و دواکه‌وتوه‌ له‌ کاروانی پێشکه‌وتندا نه‌بێت لای که‌سی تر وایان ناو ناهێنن، دوو هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر له‌ یه‌کێک له‌ ڕیستۆرانته‌کانی هه‌ولێردا هه‌مدیسان له‌ دانیشتنێکدا شه‌کری شکانده‌وه‌ و ووتی: ئه‌و ئه‌کادیمیانه‌ی که‌ له‌ هه‌نده‌رانه‌وه‌ دێنه‌وه‌ و داوای خانه‌نشینی ده‌که‌ن وه‌ک کورده‌کانی ئه‌وروپا وان که‌ هه‌وڵده‌ده‌ن خۆیان به‌ معوق ناونووس بکه‌ن تا مووچه‌ی زیاتر وه‌رگرن، بڕواننه‌ ئه‌م ئیهانه‌یه‌، وورد بنه‌وه‌ له‌ ئاستی نزمی ئه‌م پیاوه‌ بێ ئه‌وه‌ی ته‌نانه‌ت له‌ ڕووی سایکۆلۆجیه‌وه‌ لێکدانه‌وه‌ی هه‌بێت که‌ معوق چه‌ند ئازاری ئه‌و که‌سه‌ ده‌دات که‌ به‌هه‌ر هۆیه‌ک بێت پێویستی به‌ یارمه‌تی هه‌یه‌، له‌ سه‌رێکی تریشه‌وه‌ سه‌یری بێڕێزی ئه‌م سه‌رۆک زانکۆیه‌ بکه‌ن بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی ساڵانێکی زۆریان له‌ ته‌مه‌نیان دانا له‌ خزمه‌تکردنی نه‌وه‌ی نوێدا له‌ کاتێکدا خۆشناو له‌ له‌نده‌ن بیرۆی بازرگانی هه‌بوو و بێزی نه‌ده‌هات بێته‌وه‌ کوردستان و به‌ وێرانه‌ی ده‌زانی، خۆشناو وا فێرکراوه‌ که‌ ئه‌وه‌ی مافی هه‌بێت مووچه‌ وه‌رگرێت ته‌نها ده‌بێت که‌سانی سه‌ر به‌ حیزب و بنه‌ماڵه‌ بن چونکه‌ له‌ گیرفانی نێچیر و مه‌سعود ده‌رده‌چێت، بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ بۆگه‌نه‌ لاببه‌ین و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا ده‌نگیان نه‌ده‌ینێ تا ڕزگار بین له‌م به‌ڵایانه‌ که‌ تووشمان بوون ، نموونه‌ زۆرن له‌م هاوشێوانه‌ وه‌ک عیسمه‌ت خالید که‌وا بۆ 18 ساڵ ده‌چێت بنه‌ماڵه‌ لێی ڕازین و له‌ قۆنه‌راتچیه‌کی کۆشکه‌کانی سه‌دامه‌وه‌ کردویانه‌ته‌ سه‌رۆک زانکۆی دهۆک و به‌ ئینته‌رنێت دکتۆرای وه‌رگرتوه‌، دواترین مامه‌حه‌مه‌ییشی بۆ مه‌سعود بارزانی ئه‌وه‌ بوو که‌ پێی خۆشه‌ مه‌سعود بارزانی دکتۆرای فه‌خری پێبدرێت! ئه‌مه‌ حاڵی دام و ده‌زگاکانی ئیدریسن، چه‌ند ڕۆژێکیش له‌مه‌وبه‌ر نوری سنجاری که‌ هه‌ر به‌ناو هێنانی خه‌ڵکی بێزار ده‌بن و ئیستیفزاز ده‌بن وه‌ک ئه‌وه‌ وایه‌ ناوی جه‌مال عبدوڵڵا بهێنیت! که‌ نازانم دکتۆری کوێیه‌ و له‌ چیا دکتۆره‌ ده‌ترسم ئه‌میش وه‌ک که‌مال که‌رکوکی پێی بگوترێت دکتۆر! له‌ وه‌ڵامی هاوڵاتیاندا که‌ که‌س ناتوانێت سه‌رۆک وه‌زیران ببینێت، ئه‌ویش وه‌ک سکرتێر یان به‌ڕێوه‌به‌ری دیوانی گه‌نده‌ڵی ووتبووی: خۆ سه‌رۆک وه‌زیران له‌ چایخانه‌ دانه‌نیشتوه‌ تا هه‌موو که‌س بتوانێت بیبینێت! ئافه‌رم دکتۆر!
سه‌د جار ماڵت ئاوا کاک شێخ قادری ئه‌ندامی مه‌کته‌بی کۆمه‌ڵایه‌تی لقی 4ی پارتی که‌ ئه‌مڕۆ له‌ دیمانه‌یه‌کدا جوانت پێکا که‌ ووتت: "پارتی‌ زیاتر بایه‌خ به‌ره‌فیق حیزبی‌ و قاچاخچییه‌كان ده‌دات"، "پێموایه‌ پارتی‌ جه‌نازه‌یه‌كه‌‌و تا زوو بنێژرێت ئه‌وه‌نده‌ باشتره"‌.

دیاره‌ مه‌لها و چایخانه‌ هه‌رچه‌ند بکه‌ینه‌وه‌ خه‌ڵک پیی خۆشه‌ و کوڕه‌ با دوو هۆڵیشی له‌سه‌ر بێ ، ئه‌کادیمیه‌ په‌ککه‌وته‌کان ،دکتۆرای فه‌خریمان لی قبوڵ بکه‌ سه‌رۆک، شتێک گرێیان ده‌دا پێکه‌وه‌ که‌ کاتی خۆی که‌ خوێندکار بووین له‌ ماتماتیکدا فێری ده‌بووین وپێیان ده‌گوت کۆلکه‌ی هاوبه‌ش که‌ ئه‌ویش ئاست نزمیه‌ له‌ ڕووی هونه‌ری ئاخافتنه‌وه‌.

----------------------------- ------------------------------- ------------------
له‌ خواره‌وه‌ ئه‌و وتاره‌ی که‌ نووسه‌ر وه‌کو سه‌رچاوه‌ بۆ نووسینه‌که‌ی ئاماژه‌ی پێکردووه‌ کوردستانپۆست له‌ هاوڵاتییه‌وه‌ ده‌یخاته‌ به‌ر چاوتان:


شێخ قادر، ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی كۆمه‌ڵایه‌تی‌ لقی 4 ی‌ پارتی‌ بۆ هاوڵاتی‌

سعود هاشم:

عه‌بدولقادر محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی كۆمه‌ڵایه‌تی‌ لقی 4 ی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌ سلێمانی‌، ناسراو به‌ شێخ قادر، یه‌كێكه‌ له‌ پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانی‌ پارتی‌ له‌ سنوری‌ لقی 4 و پێی وایه‌ پارتی‌ هیچ گرنگییه‌ك به‌ پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانی‌ نادات.

هاوڵاتی‌: ده‌وترێت مه‌كته‌بی كۆمه‌ڵایه‌تی‌ لقی چوار هه‌ڵاوسانی‌ زۆری‌ تیایه‌و بووه‌ته‌ جێگای‌ پرسیار؟
شێخ قادر: ئێمه‌ كه‌ له‌ هه‌ولێر گه‌ڕاینه‌وه‌ سلێمانی‌ مه‌كته‌بی كۆمه‌ڵایه‌تی‌ 7 كه‌س بووین ئێستا نزیكه‌ی‌ 170 كه‌سین، كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكیان هێناوه‌و كردوویانه‌ به‌ كادر‌و هێناویانه‌‌و دایانناون، نابێ ئه‌مه‌ش نه‌ڵێین كه‌ خه‌ڵكێكی‌ زه‌حمه‌ت كێشیشی تێدایه‌ كه‌ به‌ دڵسۆزی‌ به‌ دوای‌ رێبازی‌ بارزانی‌ كه‌تووه‌، هه‌ندێكیشیان هێناوه‌ كه‌ هیچ زه‌حمه‌تێكیان نه‌كێشاوه‌‌و له‌گه‌ڵ رێبازی‌ بارزانی‌ نه‌بووه‌‌و زه‌ره‌ریشی بۆ ‌وڵاته‌كه‌ی‌ هه‌بووه‌.
مه‌كته‌بی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ كراوه‌ته‌ سێ به‌ش به‌شێكیان مانگانه‌ زیاتر له‌ 900,000 دینار ‌وه‌ده‌گرێ، به‌هه‌ر حاڵ له‌ ناو هه‌موو كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی‌ ناو یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ ئه‌م به‌زمه‌ هه‌یه‌، كه‌ئه‌وانه‌ی‌ ده‌ستیان هه‌بووه‌ له‌ تێكدانی‌ دێهاته‌كانی‌ كوردستان‌و سوتاندنیان ئێستا خاوه‌نی‌ پاره‌‌و موڵك‌و سامانن ، ئه‌وانه‌ی‌ دێیه‌كانیشیان سوتاوه‌ هیچیان بۆ نه‌كراوه‌.

هاوڵاتی‌ تاچه‌ند توانراوه‌ ئه‌و كێشانه‌ی‌ دێته‌ لاتان چاره‌سه‌ری بۆ بكه‌ن‌و رۆلتان چۆن بووه‌؟
شێخ قادر: ئیشوكاری‌ ئێمه‌ ته‌نیا دانیشتن‌و چا خواردنه‌وه‌یه‌، هیچ ئیشوكارێكمان نییه‌ كێشه‌كان ده‌چنه‌وه‌ لای كۆمه‌ڵایه‌تی‌ گشتی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌ هه‌ولێر، ئێمه‌ش له‌ سلێمانی‌ ته‌نیا ‌وه‌ك فه‌رعێكین‌و كێشه‌ رووناكاته‌ ئێره‌.

هاوڵاتی‌ بۆچی خه‌ڵك رووتان تێناكات بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كانیان ؟
شێخ قادر: خه‌ڵك زیاتر روو ده‌كاته‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ گشتی‌ له‌ هه‌ولێرو مه‌كته‌بی كۆمه‌ڵایه‌تی‌ گشتی‌ یه‌كێتی‌ له‌سلێمانی‌، هه‌ر ئه‌م دوو شوێنه‌ خه‌ڵك رووی‌ تێده‌كات بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كانیان ، ئێمه‌ش ده‌چین به‌بێ ئیش داده‌نیشین‌و هیچ سودێكمان نه‌بووه‌.

هاوڵاتی‌: پێشمه‌رگه‌ تێكۆشه‌ر‌و ئه‌یلوله‌كانی‌ پارتی‌ گله‌یی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌پارتی‌ گرنگی‌ به‌ پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانی خۆی نه‌داوه‌ ؟
شێخ قادر: راسته‌ هیچ گرنگییه‌ك به‌ پێشمه‌رگه‌كانی‌ ئه‌یلول نه‌دراوه‌، ئه‌وانه‌ی‌ فیشه‌كیان بۆ كورد نه‌ته‌قاندووه‌‌و له‌گه‌ڵ پارتی‌ نه‌بوون ئێستا هه‌مووی‌ له‌ناو پارتییه‌‌و ئه‌ندامی‌ ده‌سته‌ی‌ باڵان‌و موچه‌ی‌ باشیان هه‌یه‌، پارتی‌ به‌خێویان ده‌كات. ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ زه‌حمه‌تیانكێشاوه‌و ده‌ربه‌ده‌ریان دیوه‌‌و سه‌رلق بوونه‌‌و ئامر به‌ تالیۆن بوون‌و كه‌م ئه‌ندام بوون بۆ نمونه‌ غه‌ریب مایاوه‌یی‌، كه‌ ئێستا ته‌زبیح كون ده‌كات، هه‌موو ژیانی‌ خۆی له‌سه‌ر كوردایه‌تی‌ داناوه‌‌و ئێستاش مانگانه‌ 40 هه‌زار دینار ‌وه‌رده‌گرێ، به‌ڵام خه‌ڵكێكیشان هێناوه‌ كه‌ كوتاڵ فرۆش‌و قاچاخ چی بووه‌، له‌ ده‌زگای‌ باڵا دایانناوه‌، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ ده‌ڵێم قوڕ به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌ زه‌حمه‌ت كێشه‌كه‌ی‌ پارتی‌، چونكه‌ ئه‌وانه‌ی‌ فیشه‌كیان به‌ پارتییه‌وه‌ده‌نا ئێستا هه‌ندێكیان ئه‌ندامی‌ ده‌زگای‌ ئه‌یلولن، حیزبێك ‌وه‌فای‌ بۆ پێشمه‌رگه‌ی‌ خۆی نه‌بێت كه‌ قاچێكی‌ قرتابێ‌و پاداشتی‌ چاكه‌ی‌ ئه‌و بداته‌وه‌، خه‌ڵكی‌ دیكه‌ پێم ناڵێی‌ چ ئومێدێكت ده‌بێ به‌ ئاینده‌؟

هاوڵاتی‌ ئێستا ده‌ڵێی‌ چی‌؟
شێخ قادر: به‌ نارۆشنبیرییه‌وه‌ شوێن پارتی كه‌وتین، من یه‌كێكم له‌وانه‌ی‌ كه‌ خۆم به‌ نارۆشنبیر ده‌زانم كه‌ تا ئێستا پارتیمان ‌وا نه‌ناسیوه‌. خه‌ڵكی‌ ئێمه‌ عاتفی‌و نا رۆشنبیرن، له‌ كاتی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌گه‌رێنه‌وه‌ سه‌ر هه‌مان به‌زمی‌ جاران ‌وه‌كو په‌نده‌ كوردییه‌كه‌‌وایه‌ ده‌بێته‌ (هه‌مان تاس‌و هه‌مان حه‌مام) .

هاوڵاتی‌: چۆن ده‌ڕوانیته‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌م جاره‌؟
شێخ قادر: هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌م جاره‌ پێویسته‌ ئه‌م جه‌نازانه‌ له‌كۆڵ بكه‌ینه‌وه‌، من پارتی‌ به‌ جه‌نازه‌ ده‌زانم، جه‌نازه‌یه‌كه‌ به‌كۆڵی‌ من‌و ئه‌مسالی‌ من‌و ئه‌م میلله‌ته‌وه‌، بۆیه‌ پێموایه‌ پارتی‌ جه‌نازه‌یه‌كه‌‌و تا زوو بنێژرێت ئه‌وه‌نده‌ باشتره‌، دڵمان به‌ رێبازه‌كه‌ی‌ بارزانی‌ خۆش بوو شوێنی‌ كه‌وتین، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئێمه‌یان هێنا كه‌ شوێن رێبازه‌كه‌ی‌ برایم خه‌لیل كه‌وتین، مخابن رێبازه‌كه‌ی‌ ئێمه‌ بوو به‌ رێبازی‌ دۆلار‌و پاره‌، شه‌ڕمان بۆ كۆمپانیاكان كرد، بۆ ئه‌مه‌ش كه‌س به‌ تاوانبار نازانم ته‌نیا خۆمان به‌ تاوانبار ده‌زانم كه‌ ئه‌وانه‌ی‌ شوێن رێبازی‌ پارتی‌‌و بارزانی‌ كه‌وتن.
ئێمه‌ ئاواره‌ بووین له‌ هه‌ولێر له‌ شه‌قامی‌ شه‌ست مه‌تر بووین 4 ساڵ كاك نێچیر به‌ به‌رده‌مماندا تێپه‌ر ده‌بوو، ته‌نانه‌ت رۆژێكیانیش نه‌هاته‌ لقی 4 ‌و بپرسێ ‌وه‌زعتان چۆنه‌؟

هاوڵاتی‌: له‌ناو پارتی‌ گله‌یی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی‌ به‌ پارتییه‌وه‌ ماندوو بوونه‌‌و نه‌توانراوه‌ پاداشت بكرێن، كه‌ ئه‌م ئه‌زموونه‌ له‌ ده‌ره‌نجامی‌ خه‌بات‌و تێكۆشانی‌ ئه‌وانه‌وه‌ هاتووه‌ته‌ كایه‌وه‌، رات چیه‌؟
شێخ قادر: ئێمه‌ له‌ لقی 4 خه‌ڵكمان هه‌یه‌ ره‌فیق حیزبی بووه‌ ئێستا قه‌در‌و رێزی‌ زۆر له‌وانه‌ زیاتره‌ كه‌ ماندوو بوونه‌‌و زه‌حمه‌تكێشبوونه‌ له‌ پێناو ئه‌م حیزبه‌دا، نموونه‌ش هه‌یه‌ به‌ڵام نامه‌وێ ناویان بێنم، خه‌ڵكمان لایه‌ تێكۆشه‌ر بووه‌ به‌شداری‌ شه‌ڕه‌كانی‌ كردووه‌ له‌ داستانی‌ خواكورك‌و ئێستا نان نییه‌ بیخوات‌و خه‌ڵكه‌ ره‌فیق حیزبیه‌كه‌ش كه‌ تا دوێنێ دوژمنی‌ گه‌ل‌و ئه‌م حیزبه‌ بووه‌ وه‌نه‌وه‌شه‌ی‌ بۆ ده‌نێرن.

هاوڵاتی‌: به‌م دواییه‌ خه‌ڵكێكی‌ زۆری ئاواره‌ مته‌فه‌ریقه‌كان له‌ هه‌ولێر خۆپیشاندانیان كرد، چوونه‌ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی‌ ‌وه‌زیران، هۆكاری‌ ئه‌وه‌ چییه‌؟
شێخ قادر: جه‌نابی د.نوری ده‌ڵێ ئێمه‌ زه‌ویمانداوه‌ به‌ ئاواره‌كان، د.نوری كه‌ زه‌وی‌ پێمانداوه‌ ئه‌وه‌ ئه‌و ئه‌رزه‌یه‌ بووه‌ كه‌ دراوه‌ به‌ كادیره‌كان جا چ ئه‌و كادیره‌ له‌ زاخۆیه‌ چ ئه‌وكادیره‌ له‌ سلێمانیه‌ ‌وه‌كو یه‌ك به‌هه‌موویانی‌ داوه‌، ئه‌مه‌ له‌ ناو یه‌كێتی‌‌و شیوعی حیزبه‌كانی‌ دیكه‌ش كراوه‌، ئێستا د.نوری‌ به‌ ئاواره‌كان ده‌ڵێ ئه‌م ئه‌رزه‌ دراوه‌ پێتان حه‌رامه‌، چونكه‌ ئێوه‌ ئاواره‌ بوونه‌ هاتوونه‌ته‌ سه‌ری‌ زه‌وی‌ ئێمه‌، د.نوری‌ حه‌قی خۆیه‌تی‌ ‌وابێ به‌رانبه‌ر ئاواره‌ی‌ سلێمانی‌ (به‌ توانجه‌وه‌)،پارتی‌ هیچی بۆ ئاواره‌ی‌ خۆی نه‌كردووه‌، ئه‌گه‌ر د. رۆژ نوری‌ شاوه‌یس ده‌ڵێ كه‌ خه‌باتی‌ بۆ ئێمه‌ كردووه‌، ئێستا خانویه‌كی‌ به‌ 60 ده‌فته‌ر دۆلار به‌كرێداوه‌، ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی‌ كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ بووه‌ لێكم داوه‌ته‌وه‌ هه‌موو چركه‌یه‌كی‌ خه‌باته‌كه‌ی‌ د. رۆژ 45 دۆلاری‌ له‌ سه‌ر میلله‌تی‌ كورد كه‌وتووه‌، نازانم بڵێم پارتی‌ به‌ پارتی‌ كێ بزانم، دوای‌ ئه‌و هه‌موو خه‌بات‌و تێكۆشانی‌ میلله‌ته‌ له‌ پێناو پارتی‌‌و مافه‌ ره‌واكانی‌ میلله‌تدا، هیوادارم پارتی‌ به‌خۆیدا بچێته‌وه‌ یان ‌وازمان لێ بێنێ، یان ‌وازی‌ لێدێنین، هیچ چاره‌یه‌كیش نیه‌ چونكه‌ ئه‌وان ‌واز له‌ ئێمه‌ ناهێنن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە