کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


داخستنی چوار کۆلێژ له‌ ڕۆژێکدا نێشانه‌یه‌ بۆ سه‌رکه‌وتنه‌کانی کابینه‌که‌ی نێچیر بارزانی!

Monday, 14/12/2009, 12:00


وه‌زاره‌تی‌ خوێندنی‌ باڵا و توێژینه‌وه‌ی‌ زانستی‌ بڕیاری‌ داخستنی‌ چوار كۆلێژی‌ پزشكی‌ له‌ زانكۆكانی‌ جیهان و شاهانه‌ی‌ به‌ریتانی‌ و زانكۆی‌ ئیشق و زانكۆی‌ هه‌ولێر بۆ زانست و ته‌كنه‌لۆژیا دا.

ده‌بێت چ کاره‌ساتێک له‌مه‌ گه‌وره‌تر بێت که‌ له‌ ڕۆژێکدا و به‌ یه‌کجار له‌ کوردستاندا یان ڕاستتر بێژین له‌ پایته‌خه‌که‌ی نێچیر و مه‌سعوددا که‌ هه‌ولێره‌ چوار کۆلیژی پزیشکی دابخرێن ، دیاره‌ کردنه‌وه‌ی ئه‌م کۆلیژانه‌‌ له‌ گه‌نده‌ڵستانه‌که‌ی نێچیر بارزانیدا و له‌ زه‌مانی کابینه‌که‌ی نێچیردا بووه‌ که‌ ئیدریس هادی وه‌زیری خوێندنی باڵا بووه‌، کاتی خۆی گوێمان پڕ بوو له‌ درۆ و ده‌له‌سه‌ وگفتوگۆکانی ئه‌و وه‌زیره‌ فاشیله‌ تێکده‌ره‌ که‌ سه‌راپای خوێندنی باڵای تێکدا ، هه‌ر له‌ سه‌ر ده‌ستی ئیدریس هادیدا سه‌دان بێ توانا و که‌سی نه‌شیاو بوونه‌ هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی ماسته‌ر و دکتۆرا، ئیدریس تا پێیکرا زانکۆکانی وێرانکرد ، تا توانی کوڕانی بنه‌ماڵه‌ و بێ تواناکانی پارتی ئاخنیه‌ نێو زانکۆکانه‌وه‌ و کردنی به‌ به‌رپرس و سه‌رۆک به‌ش و ڕاگر و سه‌رۆک زانکۆ، له‌ ڕێی ئه‌حمه‌د دزه‌یی نهێنی هه‌ڵگریه‌وه‌ هه‌ر که‌سێک بنه‌ماڵه‌ و پاراستن ویستنی ناردیانن بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات بۆ خوێندن تا داهاتووش له‌مڕۆ تاریک تر بێت، به‌ ده‌یان کوڕه‌ هه‌ژار و بێ که‌س چه‌نده‌ به‌هره‌دار و به‌ تواناش بوونایه‌ بڤه‌ بوو بۆیان داوای کورسیه‌کی خوێندن بکه‌ن، بۆیه‌ ئه‌مڕۆ ئه‌نجامی ئه‌و تۆوه‌ خراپانه‌ی ئه‌و چاندنی وا ئه‌م به‌رهه‌مه‌ پوخت و جوانانه‌ ده‌دروینه‌وه‌ و چوار چوار کۆلیژ داده‌خرێن، له‌ هه‌ر وڵاتێک سکانداڵی وا ڕوویبدایه‌ نه‌ک وه‌زیر سه‌رۆک کابینه‌که‌ش ڕوو به‌ ڕووی دادگا ده‌کریه‌‌وه‌، دیاره‌ وه‌زیری خوێندنی باڵای نوێ له‌ هه‌موو که‌س باشتر ده‌زانێت که‌ بێ توانایی ئه‌م کۆلیژه‌ پزیشکیانه‌ی که‌ داخران چه‌ند زیانیان هه‌بوو بۆ داهاتوی هاوڵاتیانی کوردستان، چونکه‌ ته‌ندروستی مرۆڤ گه‌وره‌ترین سه‌رمایه‌ی تاکه‌ و ده‌بێت به‌ ووریایی و ئه‌وپه‌ڕی شاره‌زایی و لێهاتویه‌وه‌ مامه‌له‌ی له‌گه‌ڵدا بکرێت، بۆیه‌ مانه‌وه‌ی ئه‌و کۆلیژانه‌ به‌و ئاسته‌ نزمه‌ی زانستیه‌وه‌ که‌ هه‌یان بوو مه‌ترسیه‌کی گه‌وره‌ بوو بۆسه‌ر ژیانی هاوڵاتیان، له‌وانه‌یه‌ له‌ هه‌ندێک بواردا چاوپۆشی بکرێت به‌ڵام بواری زانستی پزیشکی ده‌بێت به‌ ئه‌و په‌ڕی هه‌ستیاریه‌وه‌ وه‌رگیرێت و به‌ره‌ڵڵا نه‌کرێت بۆ بازرگانی، له‌وانه‌شه‌ له‌ داهاتودا بێ ویژدانانه‌ و بۆ داپۆشینی ئه‌م هه‌ڵه‌ گه‌وره‌یه‌ی کابینه‌ی پێنچ داخستنی ئه‌م کۆلیژانه‌ بخرێنه‌ قاڵبی ئه‌و ململانێیه‌ی که‌ له‌ نێوان پارتی و یه‌کێتیدا هه‌یه‌ و که‌ ناوی لێده‌نرێت ململانێی نێوان کابینه‌ی شه‌ش و پێنج، له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ مافی ئه‌و خوێندکارانه‌ نه‌فه‌وتێت به‌ تایبه‌تی ئه‌وانه‌یان که‌ شایسته‌ی ئه‌وه‌ن له‌و بواره‌دا بخوێنن (هه‌ر له‌میانی‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زاره‌تی‌ خوێندنی‌ باڵا بڕیاریدا به‌ "وه‌رگرتنه‌وه‌ی‌ خوێندكاره‌كانی‌ ئه‌و كۆلێژه‌ پزیشكییانه‌ له‌ كۆلێژه‌كانی‌ زانكۆ حكومیه‌كان به‌پێی‌ كه‌مترین كۆنمره‌ی‌ ئه‌مساڵی‌ ئه‌كادیمی‌ (2009-2010)، هه‌روه‌ها ده‌بێت زانكۆ ئه‌هلیه‌كان قه‌ره‌بوی‌ خوێندكاری‌ زه‌ره‌رمه‌ند بكه‌نه‌وه‌ و پاره‌ی‌ وه‌رگیراویان بۆ بگه‌ڕێننه‌وه‌).
دیاره‌ ئه‌م هه‌موو سه‌ریه‌شه‌ و گرفته‌ که‌ هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌ وه‌زیری پێشوو دروستی کردون و بۆ ئه‌م کابینه‌ نوێیه‌ی جێهێشتوه‌ که‌ ده‌یه‌ها کێشه‌ی لاوه‌کی لێده‌بێته‌وه‌. به‌ پێی زانیاریه‌کانی نێو وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا ئیدریس هادی ته‌نها له‌ که‌متر له‌ ده‌ مانگی ساڵی 2009دا زیاتر له‌ 30جار سه‌فه‌ری ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی کردوه‌ و دواترینیان بۆ ئیتاڵیا بوو به‌ هه‌فته‌یه‌ک پێش لادانی له‌ پۆستی وه‌زاره‌ت، له‌و‌ گه‌شتانه‌یدا به‌ زۆری ئه‌حمه‌د دزه‌یی هاوڕێی هه‌میشه‌یی بووه‌ و بۆ هه‌ر گه‌شتێک له‌ نێوان یه‌ک ده‌فته‌ر و نیو(به‌ زمانی بازرگانه‌کانی جه‌نگ و تاڵانی له‌ کوردستان که‌ به‌ ده‌ هه‌زار دۆلار ده‌ڵێن یه‌ک ده‌فته‌ر) تا دوو ده‌فته‌ر دۆلاری وه‌رگرتوه‌، ئاوا ده‌بێت پاراستنی سامانی گشتی!! کاتێک ئیدریس وه‌زاره‌تی جێهێشت کاولبویه‌کی له‌ پاش جێما، وه‌زاره‌تێک نووسراوێک گه‌ر بزر نه‌بوایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ژوورێکه‌وه‌ بچێته‌ ژوورێکی تر له‌ نهۆمێکی تر یه‌ک هه‌فته‌ی ده‌ویست کاتێک که‌ ئیدریس هادی وه‌زیر بوو، ئینجا بزانن که‌ چۆن پیاوێکی ته‌کنۆکرات و سه‌رکه‌وتوو بووه ئه‌و وه‌زیره‌!! پێش ڕۆیشتنی چه‌ند ئاڵو گۆڕێکی کرد له‌ نێوان به‌عسیه‌کانی وه‌زاره‌تدا، فریای ئه‌وه‌ش‌ که‌وت که‌ جێی باشتر و پۆستی باڵاتر بۆ که‌سه‌ نزیکه‌کانی خۆی دابین بکات، ئه‌وه‌ بوو گۆڤه‌ند شیروانی خسته‌ جێی ئه‌حمه‌د دزه‌یی و نه‌جده‌ت ئاکره‌یی کرده‌ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی تۆژینه‌وه‌ له‌ وه‌زاره‌ت، ئه‌وه‌ بوو له‌ شانۆگه‌ریه‌کی زۆر قێزه‌وندا و له‌ کاتی مه‌ڕاسیمی ماڵئاوایی کابینه‌ی پێنجه‌مدا و له‌ کاتی سوێند خواردنی کابینه‌ی شه‌شه‌مدا نووسراوێکیاندایه‌ ده‌ست دکتۆر محه‌مه‌د خۆشناو، له‌و‌ نووسراوه‌دا هاتبوو که‌ له‌ جێی محه‌مه‌د خۆشناو که‌ سه‌‌رۆکی زانکۆی سه‌لاحه‌ددین بوو تا ئه‌و ساته‌ ئه‌حمه‌د دزه‌ییان دانا له‌ جێی ، یانی تا ئه‌و ساته‌ خۆشناو بێ ئاگا بوو له‌ لابردنی هه‌رچه‌نده‌ کاتی خۆی و به‌ زۆر و تکای نێچیر له‌ له‌نده‌نه‌وه‌ هێنابوویانه‌وه‌ کوردستان و کرد بوویان به‌ سه‌رۆکی زانکۆی سه‌لاحه‌دین، ڕاسته‌ محه‌مه‌د خۆشناو کاری باشی بۆ زانکۆ نه‌کردوه‌ چونکه‌ له‌ ململانێیه‌کی تونددا بوو له‌گه‌ڵ ئیدریس هادیدا و ڕێگری لێده‌کرد، به‌ڵام زانکۆشی له‌وه‌ی هه‌یه‌ خراپتر نه‌کردبوو، ئه‌م ڕه‌فتاره‌ ئه‌و ڕه‌فتاره‌ ناشارستانی و دوور له‌ ڕێزه‌مان ده‌خاته‌وه‌ بیر کاتێک ناردیان به‌ شوێن پڕۆفیسۆر عه‌باس وه‌لیدا ‌ (سه‌رۆکی زانکۆی کوردستان بوو) و بردیان بۆ وه‌زاره‌تی ناوخۆ و که‌ریم سنجاری جاهیل پێی ووت تۆ لادراویت له‌ سه‌رۆکی زانکۆ و له‌ هه‌مان کاتیشدا سه‌رباز هه‌ورامی جه‌نه‌ڕاڵێکی ئه‌مێرکی خانه‌نشینی له‌گه‌ڵ خۆی برد بوو بۆ ئه‌و زانکۆیه‌ تا به‌ ستافه‌که‌ی بناسێت که‌ ئه‌م پیوه‌ جه‌نگاوه‌ره‌ زانست په‌روه‌ره‌ له‌و ڕۆژه‌وه‌ ده‌بێته‌ سه‌رۆکی زانکۆی کوردستان ببورن گه‌نده‌ڵستان چونکه‌ حه‌یفه‌ ناوی کوردستان ئاوا سووک بکرێت، ئه‌مه‌ حکایه‌تی عه‌باس وه‌لی بوو، بۆیه‌ زۆر هه‌ڵه‌ن ئه‌و ئه‌کادیمیه‌ کوردانه‌ی که‌ به‌ گفت و په‌یمانی ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵ فریو ده‌خۆن و ده‌یانهێننه‌وه‌ پۆستێکیان ده‌ده‌نێ و تا ماوه‌یه‌ک ڕێزیان ده‌گرن و دوایی فڕێیان ده‌ده‌نه‌ ده‌ره‌وه، ئێستاش کۆنه‌ به‌عسیه‌ کورده‌کانی‌ نێو زانکۆ وه‌ک که‌مال مسته‌فای ڕاگری کۆلیژی زانست و هه‌ندێکی تر سه‌رقاڵ و خه‌ریکی ته‌ڵه‌ نانه‌وه‌ن بۆ ئه‌و ئه‌کادیمیه‌ کوردانه‌ی که‌ له‌ هه‌نده‌رانه‌وه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ و پڕۆژه‌ی شه‌رمه‌زارانه‌ داده‌ڕێژن بۆ بێبه‌شکردنی ئه‌وانه‌ی که‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ کوردستان، که‌ گوایه‌ نابێت هیچ پۆستێکیان بدرێتێ و ده‌بێت به‌ربه‌ره‌کانێ بکرێن‌، دیاره‌ هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌مانه‌ دڵسۆزن و به‌عسی نه‌بووون و له‌و کۆنه‌ به‌عسیه‌ کوردانه‌ ڵێوه‌شاوه‌ترن.
له‌ درێژه‌ی هه‌واڵی داخستنی ئه‌و چوار کۆلیژه‌دا به‌ ڕوونی ئه‌وه‌ ده‌رده‌که‌وێت که‌ کردنه‌وه‌ی ئه‌و کۆلیژانه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای زانستی نه‌بووه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و کۆلیژه‌ ئه‌هلیانه‌ی که‌ ئێستا به‌رده‌وامن هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ ده‌کرێته‌وه‌ ((هه‌روه‌ها بڕیاری‌ ئه‌وه‌ش درا كه‌ "زانكۆ ئه‌هلیه‌كان به‌پێی‌ پێوه‌ری‌ زانستی‌ ده‌توانن له‌ ئاینده‌دا كۆلێژی‌ ده‌رمانسازی‌ و پزیشكی‌ ددان بكه‌نه‌وه‌ له‌و حاڵه‌ته‌دا پێویسته‌ تواناكانیان دوباره‌ هه‌ڵبسه‌نگێنرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها هه‌مو ئه‌و كۆلێژانه‌ی‌ تری‌ زانكۆ ئه‌هلیه‌كان كه‌ ئێستا ده‌ست به‌كاربونه‌، هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ سه‌رله‌نوێیان بۆ ئه‌نجام بدرێت))
‌واته‌ زۆر ڕوونه‌ که‌ له‌ کردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو کۆلیژانه‌دا پێوه‌ری زانستی ڕه‌چاو نه‌کراوه‌ و هه‌ڕه‌مه‌کی بووه‌، هه‌رچه‌نده‌ دڵسۆزانی زانست و وڵات ده‌یه‌ها جار هاواریانکرد که‌ ئه‌م کارانه‌ نه‌که‌ن و له‌ پاشه‌ ڕۆژدا زیانی زۆرتر ده‌بێت له‌ سوود به‌ڵام ئیدریس هیچی نه‌بیست، بۆیه‌ کاتی ئه‌وه‌ هاتوه‌ ئیدریس هادی بدرێته‌ دادگا به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو تاوانه‌ مه‌زنانه‌ی ‌ که‌ ئه‌نجامی داوه‌ له‌ بواری خوێندنی باڵادا و ووردبینی بکرێت له‌و هه‌موو سامان و موڵکه‌ی که‌ ئێستا خاوه‌نیه‌تی.

http://www.sbeiy.com/ku/newsDetail.aspx?id=22247&cat=1

وه‌زاره‌تی‌ خوێندنی‌ باڵا چوار كۆلێژی‌ پزیشكی‌ له‌ زانكۆ ئه‌هلیه‌كاندا داده‌خات

(سبه‌ی‌):
ئه‌مڕۆ (شه‌ممه‌) 12/12/2009 وه‌زاره‌تی‌ خوێندنی‌ باڵا و توێژینه‌وه‌ی‌ زانستی‌ بڕیاری‌ داخستنی‌ چوار كۆلێژی‌ پزشكی‌ له‌ زانكۆكانی‌ جیهان و شاهانه‌ی‌ به‌ریتانی‌ و زانكۆی‌ ئیشق و زانكۆی‌ هه‌ولێر بۆ زانست و ته‌كنه‌لۆژیا دا.
له‌ راگه‌یه‌ندراوێكی‌ خوێندنی‌ باڵا كه‌ دانه‌یه‌كیان بۆ سبه‌ی‌ ناردوه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ كه‌: دوابه‌دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زاره‌تی‌ خوێندنی‌ باڵا و توێژینه‌وه‌ی‌ زانستی‌ سه‌باره‌ت به‌ كردنه‌وه‌ی‌ كۆلێژی‌ ده‌رمانسازی‌ له‌ هه‌ردو زانكۆی‌ جیهان و زانكۆی‌ شاهانه‌ی‌ به‌ریتانی‌ و كۆلێژی‌ پزیشكی‌ ددانسازی‌ له‌ زانكۆی‌ ئیشق و هه‌ولێر كۆبونه‌وه‌ی‌ خۆی‌ ئه‌نجامدا، له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا بڕیاردرا به‌ داخستنی‌ هه‌ریه‌ك له‌ كۆلێژی‌ ده‌رمانسازی‌ له‌ زانكۆی‌ شاهانه‌ی‌ به‌ریتانی‌ و كۆلێژی‌ ده‌رمانسازی‌ له‌ زانكۆی‌ جیهان و كۆلێژی‌ پزیشكی‌ ددان له‌ زانكۆی‌ ئیشق و كۆلێژی‌ پزیشكی‌ ددان له‌ زانكۆی‌ هه‌ولێر بۆ زانست و ته‌كنه‌لۆژیا.
هه‌ر له‌میانی‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زاره‌تی‌ خوێندنی‌ باڵا بڕیاریدا به‌ "وه‌رگرتنه‌وه‌ی‌ خوێندكاره‌كانی‌ ئه‌و كۆلێژه‌ پزیشكییانه‌ له‌ كۆلێژه‌كانی‌ زانكۆ حكومیه‌كان به‌پێی‌ كه‌مترین كۆنمره‌ی‌ ئه‌مساڵی‌ ئه‌كادیمی‌ (2009-2010)، هه‌روه‌ها ده‌بێت زانكۆ ئه‌هلیه‌كان قه‌ره‌بوی‌ خوێندكاری‌ زه‌ره‌رمه‌ند بكه‌نه‌وه‌ و پاره‌ی‌ وه‌رگیراویان بۆ بگه‌ڕێننه‌وه‌.
هه‌روه‌ها بڕیاری‌ ئه‌وه‌ش درا كه‌ "زانكۆ ئه‌هلیه‌كان به‌پێی‌ پێوه‌ری‌ زانستی‌ ده‌توانن له‌ ئاینده‌دا كۆلێژی‌ ده‌رمانسازی‌ و پزیشكی‌ ددان بكه‌نه‌وه‌ له‌و حاڵه‌ته‌دا پێویسته‌ تواناكانیان دوباره‌ هه‌ڵبسه‌نگێنرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها هه‌مو ئه‌و كۆلێژانه‌ی‌ تری‌ زانكۆ ئه‌هلیه‌كان كه‌ ئێستا ده‌ست به‌كاربونه‌، هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ سه‌رله‌نوێیان بۆ ئه‌نجام بدرێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ لیژنه‌یه‌كی‌ باڵا به‌ پاڵپشتی‌ چه‌ند تیمێكی‌ پسپۆڕی‌ پێكده‌هێنرێت و راپۆرتی‌ هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كان له‌لایه‌ن ئه‌و لیژنانه‌وه‌ له‌ كۆتایی‌ مانگی‌ (كانونی‌ دوه‌م) ده‌خرێته‌ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زاره‌تی‌ خوێندنی‌ باڵا".

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە