بەیاننامەى گروپى خوێندكارانى ڕانیە بۆ ڕاى گشتى...

Friday, 15/04/2011, 12:00






شۆڕشى نێرگز لە باشورى كوردستان نزیكەى 2 مانگە بە بەردەوامى لە ناوچە جیاجیاكان بەڕێوەدەچێت. ئامانجى شۆڕشگێڕانیش لە دژى گەندەڵى و سیستەمى حكومڕانى و نادادپەروەرى و نایەكسانى و لەپێناو سەروەرى یاسا و ئازادى و دابین كردنى مافەكانى مرۆڤە، ئەوەى جێگاى سەرسوڕمانە ئەوەیە تاكو ئێستا دەسەڵات وەڵامى داخوازییەكانى هاوڵاتیانى نەداوەتەوە و لە جیاتى چارەسەركردنى كێشەكان ئیدارەى هەولێر(پارتى) و ئیدارەى سلێمانى(یەكێتى) بە توندوتیژى و سەركوتكارى وەڵامى خۆپیشاندەرانیان داوەتەوە. ئەوە لەكاتێكدایە خەڵكى باشورى كوردستان بەشێوەیەكى ئاشتیانە و مەدەنیانە داواكارییەكانیان پێشكەش كردووە بەڵام لەوە دەچێت دەسەڵات باكى بەوە نەبیت كە دەیان هەزار هاونیشتیمانى لە مەیدانەكانى ئازادى ڕۆژانە كۆدەبنەوە و داواى مافەكانیان دەكەن.
ئێمە وەك گروپى خوێندكارانى ڕانیە بێ ئومێدبووین لەو دەسەڵاتە و پێمان وایە بەرپرسان ناتوانن ئەو هەرێمە لە بەرژەوەندى گەلەكەمان بەڕێوەببەن، بۆیە دەستلەكاركێشانەوەى هەرسێ سەرۆكایەتییەكەیە بە باشترین چارەسەر دادەنێین بۆ كۆتایى هاتنى قەیرانى بەڕێوەبردنى هەرێمى كوردستان، ئێمە وەك خوێندكارانى دەڤەرى ڕاپەڕین نایشارینەوە كە بەر لە 17ى شوبات كەمێك ئومێدمان هەبوو بە دەسەڵات كە چاكسازى بكات، بەڵام لە ئێستادا هیچ هیوایەك بەدى ناكەین و پێمان وایە 2 پارتە دەسەڵاتدارەكە بەردەوامن لە لاسایى كردنەوەى هەڵسوكەوتى دوژمنانى كورد و وازیان نەهێناوە لە ڕەفتارەكانى سەردەمى شەڕى ناوخۆ، ئەوان بەردەوامن لە سەركوتكارى و پاوانكارى و دەیانەوێ بە عەقڵیەتى خێڵەكى و ناسەردەمیانە و دوور لە دیموكراسى بەردەوام بن لە دەستبەسەرداگرتنى هەرێمى كوردستان و كایەكانى كۆمەڵگە، دەسەڵات لەجیاتى چاكسازى جارێكى دیكە تێوەگلایەوە لە تاوانكارى و كوشتنى ڕۆڵەكانى كورد بە دەستى كورد، ئێمە پێمان وایە تەنها كوشتنى مرۆڤێك لەلایەن دەسەڵاتەوە بەسە بۆ ئەوەى ئەو دەسەڵاتە شەرعیەتى لەدەست بدات، دەسەڵات هەرچەندە سیاسەتى سەركوتكارى درێژە پێ بدات ئەوا دڵنیاى دەكەینەوە خۆرى تەمەنى لە ئاوابووندایە و ئێمە وەك خاوەن پێنوس و نەوەى نوێ بێ دەنگ نابین تاكو كۆتایى بەو دەسەڵاتە دێنین كە مانەوەى لە سەركوتكردنى گەلەكەیدا دەبینێت.
خۆپیشاندەرانى باشورى كوردستان... خوێندكارانى قۆناغە جیاجیاكانى دەڤەرى ڕاپەڕین لە چوارچێوەى گروپى خوێندكارانى ڕانیە كۆبوونەتەوە و تۆڕبەندییەكى بەهێزمان پێكهێناوە و بەردەوام دەبین لە چالاكییەكانمان، ڕاى گشتى كوردستانیش ئاگادار دەكەینەوە كە دەسەڵات بە هەموو شێوەیەك هەوڵدەدات ڕێگرى بكات لە چالاكییە مەدەنییەكانمان و نوێترین پیلانگێڕى دەسەڵاتى ژێر هەیمەنەى حیزب لە دەڤەرى ڕانیە ڕۆژى 5شەممە 14ى نیسان لە خوێندنگاى ئامادەیى پەیام بەڕێوەچوو، كە لەلایەن بەڕێوەبەرى خوێندنگاكەوە بە فەرمانى مەڵبەندى 24ى یەكێتى ڕێگرى لە خوێندكاران كرا سەردانى مەیدانى ئازادى ڕانیە بكەن و دەرگاى سەرەكى خوێندنگاكە بەسەر خوێندكاراندا داخرا و ڕێگری كرا لە چوونە دەرەوەى خوێندكاران.
ئێمە وەك گروپى خوێندكارانى ڕانیە، ڕایدەگەیەنین هەرگیز بێ دەنگ نابین و بەردەوام دەبین لە خۆپیشاندان تاكو بە كردار وەڵامى داخوازییەكانمان دەدرێتەوە و بەرەنگارى هەموو ڕێگرییەكیش دەبینەوە كە بەرامبەر خوێندكاران بنوێندرێن، بەرپرسیارێتى هەر ڕووداوێكیش دەخەینە ئەستۆى دەسەڵات لەكاتى ڕوودانى پشێوى بەهۆى سیناریۆ و ڕێگرییەكانى دەسەڵات لە چالاكییەكانمان.



15ى نیسانى 2011
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە