کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بانگەوازێک

Wednesday, 03/10/2012, 12:00


بەهۆی داگیركردنی كوردستان و دابەشكردنی بەسەر چەند وڵاتێكدا، تا ئەمڕۆ نەتەوەی كورد نەیتوانیوە زمانێكی نووسینی یەكگرتووی هەبێ و ناچاركراوە سێ جۆرە پیت بەكاربهێنێ بۆ نووسین. بۆ پاراستنی یەكێتی نەتەوەی كورد، پیویستە یەك زمانی یەكگرتووی كوردى هەبێ بۆ ‌ئەوە ببێتە زمانێكی فەرمی و ستاندارد لە هەموو پارچەكانی كوردستان و جیهاندا و پێی بنووسرێ و بخوێنرێ. ئه‌مەیش كارێكی زۆر پێویستە بۆ یەكگرتنی نەتەوەی كورد و ناساندنی لە هەموو جیهاندا و بۆ بەیەككردنی فەرهەنگ و كولتووری كوردی، بە تیایبەتی كە گەلی كورد تا ئێستا خاوەنی قەوارەیەكی سیاسی نیە و بوونی وەك نەتەوە لە مەترسیدایە، بۆیە نەتەوەی كورد زۆر پیویستى هەیە بە هەبوونی زمانێكی یەكگرتوو.
گرۆیە بە ناوی "گرۆی پێشدەستی بۆ پاراستنی زمانی كوردی"، كه پێكهاتووە له هەندێ زمانەوان و نووسەر و هونەرمەندی كورد، بانگەوازێكی بڵاوكردۆتەوە بە ناونیشانی "زمان و ئەلفوبێی كوردی لە نێوان شێواندن و چارەسەری زانستیدا" (دەقی بانگەوازەكە لە یەكەم لینكی خوارەوەیە). ئەم دەستەیە ئێستا بەردەوامن لەسەر كۆكردنەوەی واژۆی خەڵك بۆ پشتگیریكردن له بۆچوون و داواكانیان. 
لە بانگەوازەكەدا ڕەخنە دەگیرێ لەو دوو كۆنفرانسە كە لە هەولێر و ئامەد ڕێكخراونە بۆ هێنانەبەرهەمی زمانێكی یەكگرتووی كوردی. 
لەم گوتارەدا دەخوازم هەڵوێست و بۆچوون و بیری خۆم دەرببڕم بەرامبەر ناوەڕۆكی ئه‌و بانگەوازە. لە سەرەتادا دەخوازم ئاماژە بكەم بۆ ئەوە كە من زمانەوان نیم و وەك هاوڵاتییەكی كوردستانی و دۆستی زمان و فەرهەنگی كوردی ئەم گوتارە دەنووسم و ڕەخنە دەگرم لە ناوەڕۆك و بۆچوون و پێشنیازەكانی نووسەرانی بانگەوازە ناوبراوەكە. 
ئەو "پیته عەرەبییانه"، كە خەڵكی ڕۆژهەڵات و باشووری كوردستان بەكاریدەهێنن بۆ نووسینی كوردی، لە بانگەوازەكەدا ناوینراوە "پیتی كوردی". ئەمە من بە ڕاستی نازانم و پیتەكان پیتی عەرەبین، چەند پیتێكی دروستكراو نەبێ، كە ئەوانیش هەر لە پیتی عەرەبییەوە وەرگیراون و دەستكاریكراون.   ‌
لە بانگەوازەكەدا ڕەخنەدەگیرێ لەوە كە هەردوو كۆنفرانسەكە خۆپێشاندانی سیاسی بوونە و ئەو خەڵكە بانگراون بۆ كۆنفرانسەكان بەپێی پێوەرێكی سیاسی بووە نەك زمانەوانی و زانستی. منیش دەبێژم ئەم كارە كاری زمانەوانە و دەبێ ئەوان لێیبكۆڵنەوە و دەستنیشانی زمانێكی یەكگرتووی گونجاوی كوردی بكەن. ئەم كارە مێژووییە دەبێ ئه‌نجامبدرێ لەلایەن زمانەوان و زانستكارانەوه و دوور بێ لە دەستتێوەردانی ڕامیاری. دەبێ زمانەوانی كورد و پسپۆرانی زمانی كوردی لە هەموو جیهاندا بانگهێشت بكرێن بۆ كۆنفراسێك تا بڕیاربدا لەبارەی هەڵبژاردن یان دروستكردنی زمانێكی یەكگرتووی كوردی بەكاربهێنرێ لە هەموو كوردستان و جیهاندا. پاش گەیشتن بە ئەنجام لەلایەن بەشدارانی كۆنفرانسەوە، دەبێ كۆمیتەیەكى تایبەت دروستبكرێ لە پسپۆرانی زمانی كوردی بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكانی كۆنفرانسەكە.
گەورەترین گرفتی دروستبوونی زمانێكی یەكگرتووی كوردی ئەوەیە كە گەلی كوردستان نیشتمانەكەی داگیر و دابەشكراوە بەسەر چوار دەوڵەتدا و خۆی خاوەن دەسەڵات نیە لە نیشتمانەكەیدا. هەر لەبەر ئەم هۆیە، پاش ڕێككەوتن لە بارەی هەڵبژاردن یان دروستكردنی زمانێكی یەكگرتووی كوردی، جێبەجێكردنی بەكارهێنانی ئەم زمانە یەكگرتووە زۆر دژوار دەبێ، چوونكە كارێكی وا پێویستی دەبێ بە یەكگردنی هەموو پارچەكانی كوردستان لە ژێر سایەی قەوارەیەكی ڕامیاری كوردستانی یەكگرتوودا یان هەر نەبێ كورد دەسەڵاتدار بن لە هەموو هەرێمەكانی كوردستاندا بۆ ئەوە‌ بتوانن ئه‌م كارە ئەنجامبدەن. لە بارودۆخی ئێستای كوردستاندا، كە لە ژێر دەسەڵاتی داگیركەرانی عەرەب و فارس و توركدایە، میری توركیا و ئێران و عێراق و سوریا بڕیاری چۆنێتی ئەلفوبێی كوردی دەدەن. ئه‌گەر هاتوو بڕیاردرا ئەلفوبێی لاتینی بەكاربهێنرێ، ئه‌و كاتە میری عێراق و ئێران دژی ڕادەوستن و دەخوازن پیتی ئارامی (عەرەبی) بەكاربهێنرێ چوونكە ئەلفوبێی عەرەبی و قورئانە. هەروەها بە هەمان شێوە، میری توركیا دژی بەكارهێنانی ئەلفوبێی عەرەبی دەوەستێ. دەتوانرێ لە هەندران زمانی یەكگرتووی كوردی بەكاربهێنرێ و لەو هەرێمە كوردستانیانە كە داگیركەرانی كوردستان هەمان ئەلفوبێ بەكاردەهێنن، ئەلفوبێی لاتینی لە توركیا و ئەلفوبێی عەرەبی لە عێراق و ئێران و سوریا، بە فەرمی بەكاربهێنرێ.
زمانی یەكگرتووی كوردی تووشی كۆسپێكی تریش دەبێ بۆ كردنی بە زمانێكی فەرمی لە هەموو كوردستاندا، ئەوەیش ئەوەیە كێ سەرپەرشتی و ئەنجامدانی بەكارهێنانی ئەم زمانە یەكگرتووە بكا لە هەرێمەكانی كوردستان. لە باشووری كوردستان میریى هەرێم دەتوانێ ئەنجامی بدا، بەڵام لە باكوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای كوردستان، كە داگیركراون لە لایەن توركیا و ئێران و سۆریاوە، كێ ئەنجامدەری بەكارهێنانی زمانی یەكگرتوو دەبێ؟ لەم بوارەوە لەوانەیە پارتە ڕامیارییەكانی كوردستان و ڕێكخراوی كۆمەڵگای سڤیلە كوردییەكان بتوانن جێبەجێی ئەم كارە بكەن و ئەوەیش بە مەرجێ دەكرێ كە هەموو یان زۆربەی ڕێكخراوە ڕامیارییەكان و سڤیلەكانی كورد لە هەر بەشێكی كوردستان پەسەندی زمانە یەكگرتووەكە بكەن و تێبكۆشن بۆ بەكارهێنانی لەلایەن گەلی كوردەوە، چ بە نووسین یان به بەكارهێنانی لە لایەن دەستگا میدیا كوردییەكانەوە. ئەم دوو كۆسپە دەبێ بەوردی لێكۆڵینەوە لەبارەیانەوە بكرێ و باشترین و گونجاوترین ڕێگا بدۆزرێنەوە بۆ چارەسەركردن و سەركەوتنى بەكارهێنانی زمانێكی یەكگرتووی كوردی.
لە بانگەوازەكەدا هاتووە كە "گەوهەری ڕاسپێری ئەو دوو كۆنفرانسە دوو بنەمان؛ یەكێكیان هەڵوەشاندنەوەی ئەو زمانە ئەدەبییە ستانداردە بوو كە ساڵانێكە بووەته بنەڕەتی یەكێتیی نەتەوەیی و دووەمیش سەپاندنی ئەلفوبێی لاتینی بەسەر زمان و فەرهەنگ و شارستانەتیی كورددا". دەبێژن ئەو زمانە ئەدەبییە ستانداردە كە ساڵانێكە بووەته بنەڕەتی یەكێتیی نەتەوەیی. باشە، چەند لە سەدا لە هاوڵاتییانی كوردستان ئه‌م زمانە "ستانداردە" بەكاردەهێنن تا ببێتە بنەڕەتی یەكێتیی نەتەوەیی؟ تەنیا لە بەشێكى باشوور و ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەكاردەهێنرێ كە بڕیان ناگاتە 20% هاوڵاتییانی كوردستان. ‏دانیشتووانی باكوور و ڕۆژئاوای كوردستان ئه‌م "زمانە" بەكارناهێنن. ناوچەی بادینان لە باشووری كوردستان و ناوچەی لوڕستان و ناوچە كرمانجییەكان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان ئەم زمانە بەكارناهێنن. ئەم زمانە هەڵناوشرێتەوە، بەڵكو دەوڵەمەندەكرێ بە وشەی ئەو زاراوەكانیتر. لەلایەن پسپۆرانی زمانی كوردیەوە لە هەموو كوردستاندا، دەبێ بڕیارى بەكارهێنانی پیتی عەرەبی یان لاتینی بدرێ. 
لێرەدا دەخوازم ئاماژەبكەم بۆ چەند خاڵێكی گرنگ. لەبارەی هەڵوەشانەوەی زمانی نووسینی كوردی و هەڕەشەكردنی لە هەبوونی نەتەوەی كورد، یەكەم: گۆڕینی ئەلفوبێی كوردی بۆ لاتینی، ئەگەر لاتینییەكە گونجاوتر بێ بۆ زمانی كوردی، ئه‌و كاتە دەتوانرێ هەموو بەرهەمە ڕابوردووەكان بنووسرێنەوە بە تیپی لاتینی و ئەم پێشكەوتنە تەكنۆلۆژییە، كە مرۆڤ ئه‌مڕۆ بەدەستیهێناوە، زۆر ئاسانی ئەنجامدانی ئەم كارە دەكا. دووهەم: ماوەی بەكارهێنانی نووسین بە پیتی عەرەبی زۆر كورتە ئەگەر بەراوردبكرێ لەگەڵ ماوەی بەكارهێنانی زمانێكی یەكگرتووی كوردی گونجاو، كە هەر لە ئێستاوە دەستپێدەكا و بۆ هەزاران و ملیۆنها ساڵ بەردەوامدەبێ. 
هەندێ كەس، بەكارهێنانی پیتی عەرەبی بۆ نووسینی كوردی بەراورددەكەن لەگەڵ زمانی ژاپۆنی و چینیدا، كە پیتی نووسینی تایبەتی خۆیان هەیە و لەگەڵ ئەوەشدا دوو وڵاتی پێشكەوتوون. ئێمە ناتوانین بەراورد نووسینی زمانی كوردی بكەین لەگەڵ نووسینی ئەو دوو گەلە لەبەر ئەم هۆیانە: یەكەم: چین و ژاپۆن دوو وڵاتی سەربەخۆن و ژمارەی هاوڵاتییان زۆرە، كە دەتوانن زمانەكەیان پێشبخەن و لە جیهاندا شۆ ێن خۆیان بكەنەوە. دووهەم: وڵاتانێ وەك چین و ژاپۆن و كۆریا و مالیزیا و وڵاتانی پێشكەوتوویتر، نەكەوتنەتە ژێر هەڕەشەی كولتوور و فەرهەنگ و زمانی نەتەوەیەكیتر، بە پێچوانەی كوردەوە كە بەهۆی دینی ئیسلامیەوە، نەتەوەی كورد بەشێ زۆر لە ناسنامە و فەرهەنگ و كولتووری خۆی لەدەستداوە و زمانەكەیشی بە پیتی عەرەبی دەنووسێ و زمانی كوردی زۆر كاریتێكراوە لە لایەن زمانی عەرەبیەوە و بیركردنەوەی مرۆڤی كورد بۆتە عەرەبی. بە واتەیەكیتر فەرهەنگ و زمانی كوردی لە ژێر هەڕەشەی نەمانە بە هۆی بەكارهێنانی دینی ئیسلامی بۆ سەپاندنی فەرهەنگ و زمانی عەرەبی بەسەر گەلی كوردەوە و بەهۆی داگیركردنی كوردستان لە لایەن عەرەبەوە، تورك و فارسەكانیش كولتوور و زمانی عەرەبی كاریتێكردوون و لەهەمان كاتدا هەر دینی ئیسلامیان بەكارهاوردووە و دەهێنن بۆ بەردەوامبوون لەسەر داگیركردنی كوردستان و خەڵەتاندنی نەتەوەی كورد. 
لە نووسراوەكەدا هاتووە "هەر لەم پێوەستەدا دەبێ دوو ڕاستیی گرنگ و گەوهەرین جەخت بكرێن، كە تێگەیشتنیان مەرجێكە بۆ بیركردنەوەی ڕاست و چارەسەری ڕاستی كێشەكان. یەكەم: كورد، گەلێكی ڕۆژهەڵاتییە و زۆرینەی موسڵمانە و‌ لە ڕووی مێژوو، جۆگرافیا و شارستانەتییەوە بەشێكە لەوان؛ دووەم: زمانی كوردی بەشێكە لە خێزانی زمانانی ئێرانی، كە ئەویش دەچێتەوە سەر گرۆی زمانانی هیندۆئەورۆپایی. ئەو سێ لایەنە بنچینەی ناسنامەی نەتەوایەتیی كورد و زمان و فەرهەنگی كوردن". ڕاستە كورد گەلێكی ڕۆژهاڵاتییە و زۆرینەی موسڵمانە، بەڵام یەكەم: ئایە ڕێژەی كوردە موسڵمانەكان كە خۆیان بە موسڵمان دەزانن چەندە؟ ئەگەر لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی باشووری كوردستان لێبكۆڵینەوە، ئەوە بۆمان دەردەكەوێ كە زۆربەی هاووڵاتییانی باشوور سیكیولارن، دەنا پارتە ئیسلامییەكان ئێستا دەسەڵاتیان بەدەستەوە دەبوو لە باشووردا. دووهەم: گەلی كورد پاش داگیركردنی كوردستان لەلایەن عەرەبەوە بە ناوی ئیسلامەوە، هەمیشە خزمەتی داگیركەرانی كردووە و هەڵخەڵەتاوە لە لایەن داگیركەرانەوە بە ناوی برایەتیی ئیسلامییەوە. سێهەم: لەو كاتەوە كوردستان داگیكراوە بە ناوی ئیسلامەوە، كورد زۆربەی فەرهەنگ و كولتوورە ڕەسەنەكانی خۆی لەدەستداوە و كەسایەتی و ناسنامەی كورد شێوێندراوە و تێكدراوە و كولتوور و فەرهەنگی بیابان سەپێنراوەتە سەر گەلی كورددا، كە بریتین لە توندوتیژی و تۆقاندن و كوشتن و تۆڵەسەندنەوە و بیری تاكڕەو و چەوساندنەوەی ئافرەت. چوارەم: لەو ڕۆژەوە كورد بە زۆری شمشێر بۆتە موسڵمان هەر تووشی قڕان و بەكۆمەڵكوشتن و ئەنفال و ماڵوێرانی و دەربەدەری بووه بەدەستی "برا موسڵمانەكانی". 
بۆ یەكگردنی نەتەوەی كورد زۆر پێویستە زمانێكی یەكگرتووی كوردی هەبێ. ئەم هەڤاڵانە داوای لەبەرچاوگردنی تایبەتمەندییەكانی بەشەكانی كوردستان دەكەن و دەڵێن هیچ بەشێك سیاسەتی زمانیی خۆی بەسەر بەشەكانی دیكەی كوردستاندا نەسەپێنێ. لێرەدا زۆر بەڕوونی دەردەكەوێ كە ئەم بەڕێزانە ورەیان بەرداوە لە توانینی ڕزگاركردن و سەربەخۆیی كوردستان و بەیەككردنی هەموو پارچەكانی كوردستان لە چوارچێوەی دەوڵەتێكی یەكگرتوودا. لە بانگەوازەكە، چەمكی "كوردستانی باشوور" بەكارهێنراوە لەجیاتی تێرمی "باشووری كوردستان"، كە ئەمەیش ئەوە دەردەخا كە گرۆی پێشدەستی، بەشەكانی كوردستان، كە داگیركەران دابەشیانكردووە بەسەر خۆیاندا، لەیەك جیادەكەنەوە و دەخوازن چارەسەریی كێشەی زمانی كوردی بكەن لەسەر بناخەی ناوچەیی، نەك نەتەوەیی. لێرەدا پرسیاردەكەین، باشە ئەگەر هەر هەرێمێك لە كوردستان ڕامیاریی زمانیی سەربەخۆی خۆی هەبێ، ئایە ئەمە بەشكردنی زمانی كوردی نیە و نابێتە هۆی دروستكردنی سێ یان چوار زمانی كوردی و لەناوبردنی كورد وەك نەتەوە؟!
هەر وەها لە بانگەوازەكە هاتووە كە "گۆڕینی ئەلفوبێی كوردی بۆ لاتینی یا بیركردنەوە لە بەكارهێنانی دوو جۆر ئەلفوبێ لە بەشە كوردستانی ڕۆژهەڵات و باشووردا، دەبێت وەك هێڵی سوور ببینرێت‌ و نابێت بە هیچ جۆرێك بخرێتە بەر باس یا نەخشەی بۆ دابنرێت". لێرەدا ئەم بەڕێزانە هەرێمی باشوور و ڕۆژهەڵات، كە لە نووسیندا پیتی عەرەبی بەكاردەهێنن، جیادەكەنەوە لە هەرێمەكانی دیكەی كوردستان. دیارە دەرچوونی ئەم بانگەوازە تەنیا بۆ خەڵكی باشوور و ڕۆژهەڵاتە، كە جیاكراونەتەوە لە بەشەكانی تری كوردستان و مەبەست هەر ئەم دوو هەرێمەیە لە باسی زمانی یەكگرتووی كوردیدا. ئەگەر مرۆڤ وەك كوردستانییەك خۆی ببینێ، دەبێ نەك هەر دژی بەكارهێنانی دوو جۆر پیت بێ تەنیا لە ڕۆژهەڵات و باشووری كوردستان، بەڵكوو دەبێ دژی بەكارهێنانی دوو جۆر پیت بێ لە هەموو كوردستاندا. ئەم برادەرانە لە لایەكەوە داوای ڕێكخستنی كۆنفرانسێكی زانستی دەكەن، بەڵام بە پێچەوانەی ئەم داواكارییەوە، بڕیاری خۆیان داوە و دەخوازن پیتی عەرەبی و زاراوەی كرمانجیی باشوور بسەپێنن بەسەر هەموو گەلی كوردستاندا و ئەگەر ئەم كارە بۆیان نەكرێ، ئەو كاتە دەخوازن ڕۆژهەڵات و باشووری كوردستان جیابكەنەوە لە كوردستان و پیتی عەرەبی و زاراوەی كرمانجیی باشوور بەكاربهێنری تیایدا. باشە ئەگەر بیركردنەوە لە بەكارهێنانی پیتی لاتینی لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی كوردستان و باسكردنی و بەكارهێنانی، وەك هێڵی سوور دادەنرێ لەلایەن ئەم بەڕێزانەوه، ئیتر پێویست ناكرێ بە كۆبوونەوە و كۆنفرانس بۆ دۆزینەوە و ڕێككەوتن لەسەر زمانێكی یەكگرتووی كوردی چوونكە ئەمان هەر لە ئێستاوە بڕیاری خۆیان داوە و دیارە دەخوازن هەر زمانەوانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەشداری بكەن لە كۆنفرانسێكی وەهادا و بڕیارەكانی خۆیان جێبەجێبكرێ لەلایەن بەشدارانی كۆنفرانسەوە. بەبێچەوانەی بۆچوونەكانی ئەم هاوڕێیانە، هەوڵدان بۆ بەشكردنی زمانی كوردی و دروستكردنی چەند زمانێكی كوردی، مەترسییەكی زۆر گەورەیە لەسەر ئاساییشی زمان و نەتەوەی كورد و یاریكردنە بە ئاگر.
لە بانگەوازەكەدا هاتووە كە خەڵكی كوردستانی باكوور دەتوانن دەستبكەن بەكارهێنانی پیتی عەرەبی و بتوانن خۆیان لە پیتی لاتینی و فەرهەنگی سەپێنراوی كەمالیزم ڕزگار بكەن. لەهەمان كاتدا ئەم هەڤاڵانە دەڵێن كە زمانەوان و كوردیزانانی كوردستانی باكوور خۆیان دەتوانن لەو ڕووەوە بڕیار بدەن. یەكەم: دەبێ ئاماژە بۆ ئەوە بكرێ كە تورك خاوەنی پیتی لاتینی نین، بەپێچەوانەوە تورك پاش نەمانی دەوڵەتی عوسمانی و دروستكردنی كۆماری توركیا، وازیانهێنا لە بەكارهێنانی پیتی عەرەبی و دەستیانكرد بە بەكارهێنانی پیتی لاتینی كە ئەمڕۆ زۆربەی زمانە جیهانێكان بەكاری دەهێنن. دووهەم: بیری كەمالیزم بیرێكی ڕەگەزپەرەسە و ئەوە ماوەیەكی كورتە ئه‌م بیرە پەیدابووە، و لەبەر ئەم هۆیانە بیری كەمالیزم مەترسییەكى گەورە نیه له سەر بیر و فەرهەنگی كوردی، بەپێچەوانەی بیر و فەرهەنگی عەرەبی، كە ئەوە زیاتر لە 1400 ساڵە سەپێنراوەتە سەر گەلی كوردستان بەناوی ئیسلامەوە. سێهەم: باشە ئەگەر زمانەوان و كوردیزانانی باكووری كوردستان بڕیار بدەن پیتی لاتینی بەكاربهێنرێ لە باكووردا، هەڵویستی ئەم هاوڕێیانە، كە ئەم بانگەوازەیان بڵاوكردۆتەوە، چی دەبێ بەرامبەر بڕیارێكی وەها؟ ئەم كارە دەبێتە هۆی بەشكردنی زمان و فەرهەنگی كوردی و بەشكردنی نەتەوەی كورد و دروستبوونی چەند زمانێكی كوردی و نەتەوەی كوردیش دەكا بە چەند نەتەوەیەك.
سێ گوتارم بڵاوكردۆتەوە بە زمانی عەرەبی لە بارەی زمانی یەكگرتووی كوردی. ئەو خوێنەرە هێژایانە، كە عەرەبی دەزانن، دەتوانن ئەم گوتارانە بخوێننەوە بە كردنەوەی لینكەكانی خوارەوە.
سەرچاوەکان:


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە