خۆپیشاندان له کوردستان و چه‌ند سه‌رنج و پێشنیارێک
Thursday, 10/05/2012, 12:00
بەشێوەیەکی گشتی خۆپیشاندان بریتی یە لە دەربڕینی ناڕەزایەتی لە ڕێگەی ووتە و کردەوەوە سەبارەت بە ڕووداو و سیاسەت و دۆخێکی تایبەتی. ناڕەزایەتیەکان دەکرێت چەند فۆرم و شکلێک وەربگرن، هەر لە لێدوانێکی تاکەکەسی تا دەگاتە ڕێپێوان و خۆپیشاندانی جەماوەری. مەبەستی سەرەکی خۆپیشاندانەکان بریتی یە لە گەیاندنی پەیامێک بە شێوەیەکی ئاشکرا تا کاریگەری لەسەر حکومەت و ڕای گشتی دروست بکرێت و ئەو ئەنجامەی کە خۆپیشاندانی بۆ دەکرێت بەدەست بهێنریت. خۆپیشاندان دیارده‌یه‌کی گشتیه و زیاتر له‌و ووڵاتانه‌دا ئه‌نجام ئه‌درێت که تاڕاده‌یه‌ک ئازادییه‌کان ڕێپێدراون و ده‌شکرێت ئاماژه‌یه‌ک بێت به چالاکی و زیندوێتی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت که له‌و ووڵاتانه ئه‌نجام نادرێت که ئازادییه‌کان تیایاندا زۆر به‌رته‌سک کراونه‌ته‌وه. خۆپیشاندان وه‌ک له به‌ریتانیا ئه‌نجام ئه‌درێت له ئوردن و هه‌رێمی کوردستان و ئێران و چه‌ندین شوێنی تریش ئه‌نجام ئه‌درێت. ئه‌ی که‌واته جیاوازی نێوان ئه‌م دوو جۆره له خۆپیشاندان چیه؟ ده‌توانین به کورتی بڵێین جیاوازیان له وه‌ڵامی ئه‌م دوو ڕووه‌ی بابه‌ته‌که‌وه‌یه:
1- شێوازی به‌ڕێوه‌چونی خۆپیشاندانه‌که له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانه‌وه که: ئایا هێمنانه‌یه یان نا؟ ئایا ئاڕاسته و ئامانجه‌کانی دیاریکراوه یاخود ته‌نها خۆپیشاندانه له پێناو خۆپێشانداندا؟ ئایا خۆپیشانده‌ران به گشتی و سه‌رپه‌رشتیارانی به تایبه‌تی ده‌توانن کۆنتڕۆڵی ڕووداوی نه‌خوازراوی به‌ده‌ر له ئامانجه‌کانی خۆپیشاندانه‌که بکه‌ن؟ ئایا خۆپیشاندان یه‌که‌م هه‌نگاوه تا داواکارییه‌کان جێبه‌جێ بکرێن یاخود دوا هه‌نگاوه؟ ئه‌ی ئه‌گه‌ر داواکارییه‌کان پێش واده‌ی خۆپیشاندان جێبه‌جێ کران، ئایا هه‌لده‌وه‌شێنرێته‌وه؟ ئه‌ی هه‌ڵوێستی خۆپیشانده‌ران به‌رامبه‌ر به‌و که‌سانه‌ی خۆپیشاندان ناکه‌ن چیه؟ چۆن ده‌کرێت خۆپیشاندانه‌که تا کۆتایی به ئاڕاسته‌کراوی بمێنێته‌وه؟
2- کاردانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بۆ خۆپێشانده‌ران و خۆپیشاندانه‌که: ئایا مۆڵه‌تی داوه پێی یان نا؟ ئه‌گه‌ر نا هۆکاره‌که‌ی بۆ خه‌ڵک و ڕای گشتی ڕوونه؟ ئایا هۆکاره‌کانی مۆڵه‌ت نه‌دان په‌یوه‌سته به به‌رژه‌وه‌ندی گشتی یان به‌رژه‌وه‌ندی گروپ و لایه‌نێکی تایبه‌تی؟ کێن ئه‌وانه‌ی مۆڵه‌ت ئه‌ده‌ن؟ ئایا له ماوه‌یه‌کی دیاریکراوی که‌مدا وه‌ڵامیان داوه‌ته‌وه یان نا؟ ئایا به‌رپرسان هێمنانه و به‌رپرسیارانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌ران و داواکانیان ده‌که‌ن؟ ئه‌و هێزانه‌ی بۆ پاراستن و ئارامانه به‌ڕێوه‌چونی خۆپیشاندانه‌کان ته‌رخان کراون تا چ ڕاده‌یه‌ک ده‌توانن سنگ فروان بن و ئایا ڕاهێنانیان پێکراوه؟ کاتێک خۆپیشانده‌ران هێرش ده‌که‌نه سه‌ر بینایه‌کی وه‌ک په‌رله‌مان که نوێنهرهکانیانی لێیه، ئایا ئه‌و هێزانه چۆن کاردانه‌وه‌یه‌کیان ده‌بێت؟
خۆپیشاندانه‌کانی کوردستان:
ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌کی گشتی له خۆپیشاندانه‌کانی کوردستاندا به‌دیده‌کرێت که‌وتنه‌وه‌ی توندوتیژیه. به نمونه له ڕووداوه‌کانی 17/2/2011 دا دوای ئه‌وه‌ی ڕێکخه‌رانی خۆپیشاندانه‌که کۆنتڕۆڵی ئاڕاسته‌ی خۆپێشاندانه‌که‌یان له ده‌ست دا‌و خۆپیشانده‌ران به‌ره و 'سه‌هۆڵه‌که' ڕۆشتن و گرژی و ئاڵۆزی دروست بوو و له ئه‌نجامدا چه‌ند هاوڵاتیه‌کی شاره‌کە بوونه قوربانی و بۆ ڕۆژانی دواتریش خۆپیشاندانه‌کان به‌رده‌وام بوو. ئه‌مه‌ی له هه‌ولێر و ماوه‌ی پێشتریش له دهۆک ڕوویاندا، هه‌مویان به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر به‌رپرسانه مامه‌ڵه نه‌کردن له‌گه‌ڵ خۆپیشانداندا. له‌م نوسینه کورته‌دا پێمان باشه هه‌ندێ سه‌رنجی خۆمان له‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌کانی کوردستان بده‌ین:
1- هه‌رچه‌نده مێژووی خۆپیشاندان له کوردستاندا نزیکه‌ی سه‌ده‌یه‌ک ده‌بێت به‌ڵام سروشتی ئه‌م خۆپیشاندانانه‌ی دوای ڕاپه‌ڕین و به تایبه‌ت دوای 2005 له‌وانه‌ی پێش خۆی به‌وه جیا ده‌کرێته‌وه که دژی دەسەڵات و حوکمڕانی کوردی کراوه، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی پێشوتر یان دژ به به‌ریتانیه‌کان یان دژ به ده‌سه‌ڵاتدارانی عه‌ره‌بی له عێراقدا کراوه.
2- خۆپیشاندانه‌کانی پێش هاتنه‌کایه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتی کوردی ئاڕاسته‌یان ڕوونتر بوه و خۆپێشانده‌ران ته‌نها ڕوویان کردۆته 'متێرفیهت' و 'پارێزگا' و پاشان یان بڵاوه‌یان کردوه یان بڵاوه‌یان پێکراوه، ڕه‌نگه هۆکاری ئه‌وه‌ش بوونی تاکه سه‌نته‌رێکی بڕیاردانی ئه‌و شارانه بووبن. به‌ڵام ئه‌وه‌ی زۆر به ڕوونی له هه‌رسێ خۆپیشاندانی ئاماژه پێکراودا هه‌ستی پێئه‌کرێت ئه‌وه‌یه که زۆر به ئاسانی ڕێڕه‌و و ئامانجه‌کانیشیان گۆڕان و هه‌ندێ موڵک و ماڵی گشتی سوتێنران و کرانه ئامانج
3- خۆپیشاندانه‌کان دەرەنجامی هه‌موو ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیانه‌ی خه‌ڵک بوون له به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی کوردی و ئه‌و جیاوازیه گه‌وره‌یه‌ی له گوزه‌رانی هاوڵاتیانی ئاسایی و زۆرینه‌ی به‌رپرسانی حیزبی و حکومی‌دا دروست بووه و تا بێت گه‌وره‌تریش ئه‌بێت. گه‌نده‌ڵی ئیداری و دارایی و هه‌ندێ جارێش ئه‌خلاقی سیمای ناسینه‌وه‌ی کاره‌کانی هه‌ندێ له ساڵه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدارێتی کوردیه. هه‌موو ئه‌مانه‌و چه‌ندین خه‌می که‌ڵه‌که‌بوی تریش به‌شێک له پاشخانی ئه‌م خۆپیشاندانانە پێک ده‌هێنن.
4- له هه‌ردوو خۆپیشاندانی سلێمانی و هه‌ولێردا لێپرسراوان له‌و ئاسته‌دا نه بوون بتوانن به‌رپرسیارانه و هێمنانه ڕووبه‌ڕووی خۆپیشانده‌ران ببنه‌وه، به‌ڵکو زیاتر له نمونه‌کانی ئوردن و ئێران و هه‌ندێک ده‌وڵه‌تی تره‌وه نزیک بوو
5- خۆپیشاندان نیشانه‌ی زیندوێتی و هۆشیاری گه‌لانه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ره‌و توندویتژی چونیان ببێته دیارده ئه‌وا پێویستی به ڕێوشوێنی تایبه‌تی هه‌یه له‌سه‌ر ئاستی تاک و کۆمه‌ڵگا و دامه‌زراوه حیزبی و حکومیه‌کان و میدیا و ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و ڕۆشنبیران و زانایانی ئایینی و هه‌موو توێژه‌کانی تر
خۆپیشاندانەکەی ٨/٥/٢٠١٢ی هەولێر:
به‌ده‌ر له خاڵه‌کانی پێشوو، له خۆپێشاندانه‌کانی هه‌ولێر جۆرێک له به جهمسهریبونی ئایدۆلۆجیانه ده‌بینرێت. دوو جه‌مسه‌ری دژبه‌یه‌ک و جیاواز و هه‌ریه‌ک به مه‌به‌ستێک ڕووبه‌رووی یه‌کبونه‌وه. هه‌ندێک له زانایانی ئاینی لەبەرامبەر سوکایه‌تیه‌کانی گۆڤاری 'چرپه' بە خوا‌و پێغەمبەر هاتنە دەنگ و له ووتاره‌کانیاندا هانی مسوڵمانانیان دا که دژ به‌م گۆڤاره خۆپیشاندان بکه‌ن، بەڵام نه داوای لێبوردنی گۆڤاره‌که و نه په‌یمانه‌که‌ی ڕۆژی پێشتری سه‌رۆکی حکومه‌ت به داخستنی 'چرپه' نەبونە هۆی ڕێگری کردن لە سازدانی خۆپیشاندان کە دەرەنجام هەندێک لە موڵک و ماڵی تایبه‌تی هاوڵاتیانیش سوتێنران. له‌ڕاستیدا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م دوو جهمسهریبونه ته‌نها له خۆپیشاندانه‌کاندا به‌ده‌ر ناکه‌وێت به‌ڵکو له تۆڕه کۆمه‌ڵاییه‌تی فه‌یسبوکدا زۆر ڕوونتر دیاره. ئه‌وه‌ی له‌م جهمسهرگیریهدا خراپه و به‌رنامه‌و پلانی ده‌وێت کاڵ بوونەوەی سیماکانی یه‌کتر قبوڵ کردن و ڕێزگرتنی پیرۆزیه‌کانی یه‌کتره.
هۆکارەکانی خۆپیشاندانەکە:
ئەوەی کە لە هەولێر ڕوویدا لە ڕاستیدا ئەنجامی چەند هۆکارێکن کە هەندێکیان ئاشکراو هەندێکی تریان ناڕوون و ئاڵۆزن، بەڵام ئێمە هۆکارەکان لە دوو خاڵی سەرەکیدا کورت دەکەینەوە:
1. هۆکاری سەرەکی و ئاشکرای ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکە بریتی بوو لە ڕێزنه‌گرتنی گۆڤاری 'چرپە' له پیرۆزیه‌کانی مسوڵمانان و به‌ڵکو سوکایه‌تی پێکردنشیان. لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی ململانێ لە جیهاندا بریتی یە لە بێ ڕێزی کردن بە ئاین و پیرۆزیەکان کە ئەگەر بەزووی چارەسەر نەکرێن ئەوا بەخێرایی سەر دەکێشن بۆ توندوتیژی.
2. لەڕاستیدا دەرکەوتنی ناڕەزایەتیەکان بەم شێوە بەربڵاوە لە هەرێمی کوردستاندا بەرهەمی چه‌ندین ساڵه‌ی نادادپەروەری حوکمڕانی دەسەڵاتی کوردیە، هەمیشە پەیوەندیەکی بەهێز هەیە لە نێوان نایەکسانی و نادادی لەلایەک و ناڕەزایەتی دەربڕین و سەرەنجام هەڵگیرسانی توندوتیژی لەلایەکی ترەوە. بۆیە خۆپیشاندانەکان ڕەنگە ببێتە دەرفەتێکی گونجاو بۆ هەندێک کەس بۆ بەتاڵ کردنەوەی هەموو ئەو ڕقە خەفەکراوەی کە بەدرێژای چەندین ساڵ لە کەڵەکەبوونی نادادی ئابوری و سیاسی وکۆمەڵایەتی دروست بووە. لەگەڵ ئەوەی بۆ ناشیرین کردنی سیمای خۆپیشاندانەکان ڕەنگە هەندێ کەسی 'هه‌لپه‌رست' ڕۆڵی خراپ ببینین، لەهەمان کاتدا کەسانێکی ناڕازی و پەراوێزخراویش ڕەنگە لەپەنای خۆپیشاندانەکاندا زیان بە موڵک و ماڵی گشتی و تایبەتیش بگەیەنن بۆ گوزارشت کردن لەو ڕقە پەنگخواردووەی کە لە هەناوی خۆیدا هەڵیان گرتووە.
پێشنیار:
1. هەموارکردنەوەی یاسای خۆپیشاندانەکان به جۆرێک که ڕێنهگرێت له سازکردنیان مه‌گه‌ر له هه‌ندێ حاڵه‌تی ده‌گمه‌ندا
2. پەلە بکرێت لە دەرکردنی یاسایەک بۆ ڕێگرتن لە بێ ڕێزی کردن بە ئاین و پیرۆزیەکانی خەڵکی کوردستان. دیارە کۆدەنگیەکی باش هەیە کە ئەوەی گۆڤاری چرپە پێی هەستاوە دوور بووه له هه‌موو عورفێكی رۆژنامه‌وانی و ئازادی ڕاده‌برین، بۆیە دەرکردنی وەها یاسایەک متمانەی خەڵکی زیاد دەکات بە دەسەڵاتی یاسادانان.
3. لە جیاتی تۆمەت بەخشینەوە و تۆمەتبارکردنی لایەن و گرووپەکان، پێویستە حکومەت و لایەنه بەرپرسەکان هۆکاری پشێویەکان دیاری بکەن و کار لەسەر چارەسەرکردنی گرفتەکان بکەن، ئەگەر نا ئەوە دووبارە بوونەوەی هەمان حاڵەت هەمیشە ئەگەرێکی بەهێزە لە شار‌و شارۆچکەکانی دیکەی کوردستانیش
4. لەگەڵ ئەوەی کە مامۆستایانی ئاینی بە ئەرکی خۆیان هەستاون، بەڵام پێویستە ئەوانیش لە ناو خۆیاندا مەرجەعێکیان هەبێت و بە شێوەی تاکەکەسی فەتوا نەدەن و لە ڕاستی و دروستی و ڕەگ و ڕیشەی هەواڵەکان بکۆڵنەوە، بۆ نموونە نوسەری بابەتەکەی چرپە دەڵێ ئەو نوسینە پێش ٢ ساڵ نوسراوە، کەواتە دەبێت هۆکارە نادیار و ناڕوونەکانی پشت بڵاوکردنەوەی ئەو بابەتە لەم تەوقیتەدا بە وردی لێک بدرێتەوە نەک تەنها لە ڕێگەی ئیش کردن لەسەر عاتیفەوە موسوڵمانان هان بدرێن
5. هه‌مووان پێوێسته جه‌خت له‌و ڕاستیە بکه‌ینه‌وه کە دام و دەزگاکانی حکومەت موڵک و ماڵی گشتین و نابێت بە هیچ پاساو و بیانویەک هێرش بکرێتە سەر ئەو شوێنانە
6. لایەن پەیوەندیدارەکانیش دەبێت بە شێوەیەکی مەدەنیانە مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندانەکان بکەن و توندوتیژی بە توندوتیژی چارەسەر نەکەن، بڵاوکردنەوەی ئەو هێزە زەبەلاحە لە هەولێری پایتەختدا نەک هەر سیمایەکی شارستانی نیە، بەڵکو کاریگەری خراپیشی دەبێت لەسەر هه‌ڵته‌کاندنی بنه‌مایه‌کی به‌هێزی ئه‌و ده‌وڵه‌ته کوردیه‌ی که له ئێستاوه کاری بۆ ده‌کرێت. لەگەڵ هەموو ڕەخنە و سەرنجەکان لەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، دەبێت ئەوە بزانین کە ئەوانیش نایانەوێ دەوڵەتێک دروست بێت کە ڕێزی مافەکانی مرۆڤ نەگرێت و دواتر ببێتە سەربار بەسەر نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە.
لە کۆتایدا 'په‌یمانگای کوردی بۆ شرۆڤه‌ی سیاسی' پێی وایە کە دروست بوونی ئەم ڕەوشە له توندوتیژی هیچ خزمەتێک بە ئێستا و ئایندەی هەرێمی کوردستان ناکات، بەڵکو مەترسیەکی گەورە دروست دەکات لەسەر پێکەوە ژیانی ئاشتیانەوە ژیانی مەدەنیانە، بۆیە پێویستە حکومەت و لایەنە بەرپرسەکان بە زوویی هەوڵی چارەسەرکردنی گرفتەکان بدەن و ڕێ بگرن لە دووبارەبوونەوەی دۆخێکی لەم شێوە لە داهاتودا.
په‌یمانگای کوردی بۆ شرۆڤه‌ی سیاسی
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست