مە‌ترسیی قۆرخكردنی ئابووریی هە‌رێم لە‌لایە‌ن توركیاوە دە‌كرێت .

Friday, 02/07/2010, 12:00


شاره‌زایانی سیاسی‌و ئابووری ترسی خۆیان له‌قۆرخكردنی ئابووری هه‌رێمی كوردستان ده‌رده‌بڕن، ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌ده‌ن كه‌هاتنی كۆمپانیا‌و به‌ڵێنده‌ری زۆری توركیا، له‌ئاینده‌دا مه‌ترسی بۆ سه‌ر لایه‌نی سیاسی له‌هه‌رێمی كوردستاندا دروستده‌كات.



به‌پێی ئامارێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی‌ تۆماركردنی‌ كۆمپانیاكان له‌وه‌زاره‌تی‌ بازرگانی‌، نزیكه‌ی‌ 1200 كۆمپانیای بیانی له‌هه‌رێمی كوردستاندا كاری وه‌به‌رهێنان ده‌كه‌ن، له‌و رێژه‌یه‌شدا 600 كۆمپانیاو به‌ڵێنده‌ریان پشكی كۆمپانیا توركییه‌كانن.

له‌دوای‌ رووخانی‌ رژێمی‌ پێشووه‌وه‌، عێراق به‌گشتی‌‌و هه‌رێمی‌ كوردستان به‌تایبه‌تی‌ بووه‌ به‌جێگه‌ی‌ تموحی كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كانی‌ جیهان‌و له‌و نێوه‌نده‌شدا كۆمپانیا توركییه‌كان له‌سه‌رانسه‌ری‌ عێراقدا رۆژبه‌ڕۆژ ژماره‌یان له‌به‌رزبوونه‌وه‌دایه‌‌و له‌هه‌رێمیش پشكی‌ شێریان له‌وه‌به‌رهێنان له‌هه‌موو بواره‌كاندا به‌رده‌كه‌وێت.

خاوه‌نی‌ زۆرێك له‌و كۆمپانیایانه‌ كاركردنیان له‌هه‌رێمی‌ كوردستان پێباشتره‌ وه‌ك له‌خوارووی‌ عێراق، ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌وه‌ك خۆیان باسی‌ ده‌كه‌ن هه‌رێم له‌ڕووی‌ ئاسایشه‌وه‌ جێگیر‌و له‌بارتره‌.

رۆژنامه‌ی‌ حورییه‌تی‌ توركی‌ له‌دوایین راپۆرتیدا كه‌ڕۆژی‌ 26ی‌ ئه‌م مانگه‌ له‌زاری لێپرسراوێكی‌ ئابووری‌ هه‌رێمه‌وه‌ رایگه‌یاندووه‌، حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌رگای‌ به‌ڕووی‌ هه‌ر كۆمپانیایه‌كی‌ توركیدا ئاواڵایه‌ كه‌نیازی‌ هه‌بێت وه‌به‌رهێنان له‌هه‌رێمدا ئه‌نجامبدات.

دڵزار ئیسماعیل به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ تۆماركردنی‌ كۆمپانیاكان له‌وه‌زاره‌تی‌ بازرگانی‌ به‌ده‌ستووری وت "600 كۆمپانیاو به‌ڵێنده‌ری توركی هاتوونه‌ته‌ كوردستان‌و ئێستا له‌ناو خاكی هه‌رێمدا به‌شێكیان كاری وه‌به‌رهێنان ده‌كه‌ن".

ئه‌و به‌رپرسه‌ی‌ هه‌رێم كه‌به‌رۆژنامه‌ی‌ حوریه‌تی راگه‌یاندووه‌، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌سه‌ردانه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی‌ بۆ هه‌ردوو وڵات سازده‌كرێن، كاریگه‌ریی زۆریان ده‌بێت‌و له‌قۆناغی‌ داهاتوودا وه‌به‌رهێنانی زیاتریان به‌دوادا دێت.

قه‌باره‌ی‌ بازرگانی‌ نێوان توركیا‌و عێراق ساڵانه‌ به‌پێنج ملیار دۆلار ده‌خه‌مڵێنرێت، چاوه‌ڕوانده‌كرێت له‌ئه‌مساڵدا بگاته‌ هه‌شت ملیار، هه‌روه‌ك رۆژنامه‌ توركییه‌كانیش باسی‌ لێوه‌ ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ری‌ ئه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ماوه‌ی‌ دووساڵی‌ داهاتوودا ئه‌و ژماره‌یه‌ ببێته‌ بیست‌و پێنج ملیار دۆلار ساڵانه‌، به‌ڵام به‌رپرسه‌كه‌ی‌ هه‌رێم وێڕای‌ پشتڕاستكردنه‌وه‌یان، پێیوایه‌ له‌ڕێی‌ تواناكانی‌ كۆمپانیا توركییه‌كانه‌وه‌ ده‌توانرێ ئه‌و ژمارانه‌ تێبپه‌ڕێنرێت.

شاره‌زایانی سیاسی‌و ئابووری مه‌ترسی خۆیان له‌وه‌ نیشانده‌ده‌ن كه‌ له‌ئاینده‌دا ئابووری هه‌رێم به‌ته‌واوی بكه‌وێته‌ ژێر ركێفی توركیاو هه‌ر توركیاش به‌هۆی به‌هێزی لایه‌نی ئابووری هه‌رێمی كوردستان ئاڕاسته‌ بكات، چونكه‌ له‌سه‌ره‌تای‌ ساڵی‌ 2008دا كۆمپانیا توركییه‌كان له‌نێو ریزی‌ 10 كۆمپانیا یه‌كه‌مه‌كه‌دا بوون له‌هه‌رێمی كوردستان.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌ به‌هۆی بوونی په‌یوه‌ندی زیاتری توركیا له‌گه‌ڵ هه‌رێم، له‌هه‌رێمی كوردستاندا لایه‌نه‌كان زیاتر ئاسانكاری بۆ كۆمپانیا توركییه‌كان بكه‌ن.

بابان قه‌ره‌داغی‌ پسپۆڕی‌ ئابووری‌ پێیوایه‌ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی توركیا، كوردستانیان تووشی‌ نه‌زیفی‌ ئابووری‌ كردووه‌، وتی‌ "هه‌موو مینحه‌ی‌ هه‌رێم كه‌ له‌به‌غداده‌وه‌ دێت، هه‌رێم ده‌یخاته‌ چنگی‌ توركیاو ئێرانه‌وه‌".

بابان قه‌ره‌داغی‌، وتی‌ "چه‌ند ساڵێكی‌ دیكه‌ توركیا ئابووری‌ كوردستان داگیرده‌كات‌و ده‌توانێت وه‌ك كارتێكی‌ فشار به‌كاریبهێنێت، ئه‌گه‌ر هه‌ركاتێك هه‌رێم هه‌ڵوێستێكی‌ سیاسییانه‌ به‌رامبه‌ر توركیا بنوێنێت".

بابان قه‌ره‌داغی پێیوایه‌ كاریگه‌ری‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ به‌نیسبه‌ت توركیاوه‌ ئیجابین، به‌ڵام وتی‌ "به‌نیسبه‌تی‌ هه‌رێمه‌وه‌ سلبین".

به‌ڕای بابان یه‌كێك له‌و شتانه‌ی‌ كه‌جیهانگیری‌ ئابووری‌ له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌یهێنیت، ئه‌وه‌یه‌ كه‌وڵاتانی‌ به‌هێز زیاتر به‌هێزده‌كات‌و وڵاتانی‌ ژێرده‌سته‌و دواكه‌وتووش زیاتر كۆیله‌ ده‌كات.

ئه‌و وتی‌ "توركیا ده‌یه‌وێت له‌سه‌رحسابی‌ كوردستان‌و وڵاتانی‌ جارانی‌ یه‌كێتی‌ سۆڤیه‌ت بنیاتبنێته‌وه‌".

له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ كامه‌ران موفتی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ له‌ده‌زگای‌ وه‌به‌رهێنان به‌ئاژانسی‌ رۆیته‌رزی‌ راگه‌یاندووه‌ كه‌كۆمپانیا بیانییه‌كان له‌ماوه‌ی‌ نێوان مانگی‌ ئابی‌ ساڵی‌ 2006 تا شوباتی‌ 2010 بایی بڕی‌ 3,1 ملیار دۆلار وه‌به‌رهێنانیان له‌هه‌رێمی‌ كوردستان كردووه‌، به‌ڵام ئه‌و ژماره‌یه‌ ئه‌و وه‌به‌رهێنانانه‌ ناگرێته‌وه‌ كه‌ له‌سێكته‌ری‌ نه‌وتدا ئه‌نجامدراون وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ كۆمپانیاكانی‌ دی‌ ئێن ئۆی‌ نه‌رویجی‌‌و گه‌نه‌ل ئینێرجی‌ توركی‌‌و هێریتیجی‌ ئه‌مریكی‌.

د. كه‌نعان حه‌مه‌غه‌ریب مامۆستای‌ كۆلێژی‌ زانسته‌سیاسییه‌كان له‌زانكۆی‌ سلێمانی‌ پێیوایه‌ له‌ڕووی سیاسییه‌وه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی‌ له‌نێوان توركیاو هه‌رێمدا كۆمه‌ڵێك مه‌له‌فاتی‌ گرنگ هه‌یه‌، بۆیه‌ مه‌ترسی خۆی له‌ئاڕاسته‌كردنی سیاسه‌ت‌و ئابووری هه‌رێم له‌لایه‌ن توركیاوه‌ نیشاندا.

كه‌نعان وتی‌ "مه‌سه‌له‌ی‌ فیدراڵی‌‌و سه‌ربه‌خۆیی‌ كوردستان‌و كێشه‌ی‌ كه‌ركوك ئه‌مانه‌ توركیا دانیپێدا نانێت، ئه‌مانه‌ مه‌له‌فی‌ زۆر حه‌ساسن له‌ڕووی‌ سیاسییه‌وه‌، ده‌بێت ئاگاداربین، چونكه‌ توركیا تێڕوانینێكی‌ سیاسییانه‌ی‌ هه‌یه‌ بۆ هه‌رێم وه‌كو به‌شێك له‌عێراق نه‌ك وه‌كو ناوچه‌ی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ ته‌واو".

كه‌نعان ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌مه‌رج نییه‌ هه‌موو ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی توركیا كه‌ له‌هه‌رێم كاری وه‌به‌رهێنان ده‌كه‌ن، ته‌عبیر بێت له‌سیاسه‌تی‌ توركی‌ به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی‌ به‌دوای‌ دۆزینه‌وه‌ی‌ بازاڕبێت بۆ كاڵاكانی‌ خۆیان.

زافه‌ر چاغلایان وه‌زیری‌ بازرگانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ توركیا كه‌بڕیاره‌ رۆژی‌ 29ی‌ ئه‌م مانگه‌ له‌گه‌ڵ شاندێكی‌ بازرگانی‌ باڵا كه‌نوێنه‌ری‌ 300 كۆمپانیای‌ تێدایه‌ سه‌ردانی‌ هه‌رێم بكات، پێشتر رایگه‌یاندبوو وه‌به‌رهێنانی‌ كۆمپانیا توركییه‌كان به‌ڕێژه‌ی‌ له‌سه‌دا 30 بۆ له‌سه‌دا 50 له‌نێو هه‌رێمدا زیادیكردووه‌‌و گه‌شبینیشه‌ به‌وه‌ی‌ ئه‌و رێژه‌یه‌ زیاترده‌كات.

چاغلایان ده‌ڵێت له‌ئه‌نجامی‌ په‌یڕه‌وكردنی‌ سیاسه‌تێكی‌ نوێی‌ ئابووری‌، قه‌باره‌ی‌ بازرگانی‌ ئه‌و وڵاته‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانی‌ دراوسێ به‌ڕێژه‌یه‌كی‌ ئێجگار به‌رچاو به‌رزبووه‌ته‌وه‌، له‌كاتێكدا له‌ساڵی‌ 2000دا ئه‌و ژماره‌یه‌ 6,8 ملیار دۆلاربووه‌، له‌ساڵی‌ 2010دا بۆ 56,7 ملیار دۆلار به‌رزبووه‌ته‌وه‌.

به‌و پێیه‌ش له‌نێو وڵاته‌ دراوسێیه‌كانیدا زۆرترین داهاتی كۆمپانیاكانی توركیا له‌هه‌رێمی كوردستان بووه‌.

كه‌نعان وتی‌ كه‌په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌كان هۆكارێك ده‌بێت بۆ نزیككردنه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌ سیاسییه‌كان.

هه‌روه‌ها وتی‌ "له‌دونیای‌ ئه‌مڕۆدا هه‌میشه‌ په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌كان به‌هێزبن، واده‌كه‌ن كه‌كێشه‌ سیاسییه‌كان زۆر نه‌وروژێن، له‌به‌رئه‌وه‌شه‌ ره‌نگه‌ دیارده‌یه‌كی‌ ئیجابیش بێت، ده‌زانم كه‌په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌كانی‌ هه‌رێم‌و توركیا به‌هێزبن، زۆرجار واده‌كات كه‌ئه‌و گرژییانه‌ی‌ كه‌ له‌نێوان هه‌رێم‌و توركیادا هه‌بن، كه‌مببنه‌وه‌".
http://destur.net/zyatr/babeti-halbzharde/371-2010-06-30-08-18-24.html

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە