11 حزبە بچووكەكە لە نێوان خۆحەلكردنو دروستكردنى حزبێكى هەمە لایەنەدا؟
Saturday, 27/03/2010, 12:00
یانزە حزبى كوردستانى نەیانتوانى هەموویان پێكەوە كورسییەكى پەرلەمانى عێراق لەم هەڵبژاردنەدا بە دەستبێنن، ئەمەش جێگاى سەرنجى چاودێرانى سیاسییە.
لە هەڵبژاردنى 7/3 ى پەرلەمانى عێراقدا لیستى هاوپەیمانى كوردستان، بە بەشدارى 13 حزبى كوردستانى ڕاگەیەنرا بەڵام بە پێى ئەنجامە كۆتاییەكان لەو 13 حزبە تەنیا یەكێتىو پارتى توانییان كورسى ببەنەوەو ئەو 11 حزبەكیتر نەیانتوانى هەموویان پێكەوە كورسییەك كۆ بكەنەوە.
لەكۆى ئەو 43 كورسیەى لیستى كوردستانى لە هەڵبژاردنى بەرلەمانى ساڵى 2010 دا بەرى دەكەوێت یەكێتى و پارتى وەك برا گەرەو بچوك بۆخۆیانیان دابەش كردووە و 11 حیزبەكەى ترى برا بەشیان لەم هەڵبژاردنەدا تەنها ماندوو بون و پارە سەرف كردنیان بۆ مایە وەو تەنها كاریان كۆ كردنەوەى دەنگ بووە بۆ ئەو دوو حیزبە .
لە میانەى لێدوانێكیدا بۆ سایتى یەكگرتوو جەعفەر ئبیراهیم بەرپرسی دەزگاى هەڵبژاردنى پارتى دیموكراتى كوردستان لەوبارە ئاشكراى كرد حیزبەكانى ترى بەشدار بووى دەرەوەى یەكێتى و پارى لە لیستى هاوپەیمانیدا نەیان توانیوە هیچ كورسیەكى لیستى هاوپەیمانى بۆ خۆیان مسۆگەر بكەن و سەرجەم كورسیەكان بۆ یەكێتى و پارتى دەبێت .
بەرپرسی دەزگاى هەڵبژاردنى پارتى دیموكراتى كوردستان وتیشی ئێمە بڕوامان وابوو بزوتنەوەى ئیسلامى بتوانێت كورسیەك بەدەست بهێنێت بەڵام بەداخەوە ئەو پێش بینیەمان وا دەرنەچوو .
بە ڕاى چاودێرێكى سیاسى لەمەولا پێویستە ئەم حزبە بچووكانە فۆرمى خۆیان بگۆڕنو بە شێوەیەك لە شێوەكان خۆیان حەل بكەن، جا یان ئەوەى بچنە ناو حزبەكانیترەوە هەریەكەو بچێتە ناو ئەو لیستە براوەیەى لێى نزیكە، یان ئەوەى هەموویان پێكەوە هێزێك دروستبكەن.
ئەو چاودێرە سیاسییە ئاماژەى بەوەشكرد كە "ئیتر ئایدیاو خەباتى شاخ گرنگى نامێنێ، مۆدیلى حزبایەتى دەبێتە پڕۆژەو پێویستە ئەم حزبە بچووكانەش خیارى خۆیان هەڵبژێرن ئاواش خزمەتى زیاترى پڕۆسەى سیاسى ئەكەن، بۆ نمونە بزووتنەوەى ئیسلامى با بچێتە ناو یەكێك لە هێزە ئیسلامییەكانیترەوە، حسكو زەحمەتكێشان بڕۆنە لاى یەكێتى یان گۆڕان، حزبەكانى هەولێریش بچنە لاى پارتى، یان هەموو پێكەوە كۆ ببنەوەو حزبێك دروست بكەن كە خاوەنى قورساییەك بن. "
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست