کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دەوڵەتی عێراق یان لقێك لە كۆماری ئیسلامیی ئێران؟!

Wednesday, 12/05/2010, 12:00


زانا هەورامی ئەوەی لە عێراق روو دەدات لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی مەلاكان جیا نیە. بەڵگەی ئەم راستیەش، كارنامەی دەوڵەتی نوری مالیكیە لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا. لەگەڵ ئەوەشدا، روووداوەكانی ئەم چەند مانگەی رابردووی عێراق. ئەوەی دیارە و گومان هەڵناگرێت، ئەم راستیەیە كە مالیكی لەم ماوەیەدا بە ئەجیندای ئێران كاری كردووە هەرچەند لە ژێر سایەی ئەمریكادا، كەوتە سەر گەنج و دەسەڵات.
ئێران لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا، دەستی كراوەی هەبووە لە تیرۆر و كوشتاری نەیاران، سەركوتی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران، تۆپ‌بارانكردنی ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستانی عێراق، بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی عێراق، هاتوچۆكردن بۆ عێراق و بلۆكەكردنی هەڵبژاردنەكان و ... تاد. ئەمانەش بە بێ هاوكاریكردنی دەوڵەتی عێراق نەدەكرا و نەكراوە. هەر بۆیە پەیوەندیی نێوان دەوڵەتی نوری مالیكی و حكومەتی ئێران، بیرهێنەرەوەی پەیوەندیی نێوان دوو دیكتاتۆرە مێژویییەكەی جەنگی دووهەمی جیهانیە، واتا موسولینی و هیتلەر.
نوری مالیكی لە بەرانبەر زۆرێك تاوانەكانی ئێران لە عێراق بێدەنگ بوو. لە زۆرێك تاوانی دێ، رێخۆشكەر بوو. لە زۆر نمونەی دیكەشدا، هاوكار و هاوهەنگاو بوو. لە كاتێكدا لە بەرانبەر نەیارانی خۆیدا زۆر دڕ بوو. هەر بۆیە ئەو گومانە نەماوە كە دەولەتی مالیكی هاوتەریبی ئێرانە و تەنانەت زۆرێك لە خەڵك و كۆڕ و كۆمەڵە سیاسیەكان، بە بەشێك لە حكومەتی تارانی دادەنێن.
هەڵبەت خزمەتكردنەكانی مالیكی بۆ رژێمی ئێران بێ بەرانبەر نەبوو. ئێران لە هەموو قۆناغەكاندا و لە هەموو ئان و ساتەكانی ئەم چوارساڵەدا، یار و یاوەری مالیكی بووە.
ئێران، كوردی باشووری بە تۆپ‌بارانكردن و هەڕەشەكردن لە لایەك و كاری بازرگانی و ئابووری لە لایەكی دی بێدەنگ كردووە تا دەنگ هەڵنەبڕن و دژایەتی ئێران و مالیكی نەكەن و بە وادەی سەر خەرمانیش بیانكاتە هاوپەیمانی ئیتیلافی مالیكی و حەكیم. لە ئاستی عێراقیشدا، بە تەقینەوە و كاری تیرۆر لە لایەك و بەڕێخستنی جۆرەها پێكهاتەی ئیداری و حكومەتی و یاسایی، كەش و هەوا لە بار بكات بۆ دەوڵەتی نوری مالیكی و مانەوەی لە سەر دەسەڵات بۆ ساڵانی داهاتوو. هەر بۆیە ناڕاست نیە كە بەڵًێین دەوڵەتی نوری مالیكی، بەشێك بووە لە حكومەتی ویلایەتی فەقێهی ئێران. بە هەندێك وردە تایبەتمەندیی خۆیەوە.
مەلاكانی دەسەڵاتدار لە ئێران خاوەن ئەزموونی زۆرن لە سەركوتكردنی نەیاران و نەهێشتنی دیموكراتیەت و ئازادیخوازی. لە بەرپاكردنی زیندان و ئەشكەنجە و بێسەروشوێنكرنی نەیاران. لە ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكان و بە تایبەتی لە بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتی بۆ مەبەستی سیاسی و لەخشتەبردنی لایەنەكانی بەرانبەر.
ئەوەی جێی داخە و زۆریش دڵتەزێن، پیادەكردنی ئەم ئەزموونانەیە لە عێراقی نوێدا.بە جۆرێك كە ئێستا كەس گومانی لەوەدا نیە داگیركەری راستەقینەی عێراق، رژێمی ئێران بووە و هەر دێت و زیاتر دەست دەخاتە بینەقاقای ئەم وڵاتە و گەر بتوانێت بۆ ماوەی چوار ساڵی دی باڵادەست بمێنێتەوە لە عێراق، بێگومان موسولینییەكی دیكەمان لێ قوت دەبێتەوە و ئەم وڵاتە دەبێتە گۆمی خوێن!
لەم بابەتەدا ناچینە سەر زۆرێك هەڵە و تاوانی دەوڵەتانی رۆژئاوا و بە تایبەتی ئەمریكا كە هەر كامەیان خزمەتێكی گەورەی كردووە بە هاتنەپێشەوەی رژێمی ئێران.
لە كاتێكدا بۆ ماوەی چەند مانگە رژێمی ئێران زۆر قێزەونانە كار بۆ ئەوە دەكات كە بە پێشێلكردنی هەموو پرەنسیبە مرۆیی و ئەخلافی و سیاسیەكان، پرۆسەی سیاسی لە عێراق تووشی شكست بكات و بە ساختەكاری و شێوازی ناشیرین، نوری مالیكی و مۆرەكانی خۆی بخاتەوە سەر دەسەڵات بۆ ماوەی چوار ساڵی دی و لە كاتێكدا چارەنووسی عێراق و عێراقیەكان لە ژێر هەڕەشەی حكومەتی ئێراندایە و مەلاكانی دەسەڵاتدار لە ئێران تۆقاون لە هاتنە سەر كاری حكومەتێكی سكۆلار و عەلمانی و دیمۆكراتی و سەربەخۆ، لەم دواییانەدا ئاژانس و میدیاكانی جیهان پەردەیان لادا لە سەر یەكێك لە زیندانە نهێنییەكانی دەوڵەتی نوری مالیكی.
روونە هەموو دەوڵەتانی جیهان خاوەن زیندانن و ئەمەش شتێكی سروشتیە. وەلێ ئەوەی لە ناو زیندان روو دەدات سیما و ناوەڕۆكی دەوڵەت دەردەخات. رەوشی زیندان و زیندانی لە وڵاتێكدا، یەكێًكە لە پێوەرەكان بۆ هەڵسەنگاندنی دەوڵەت و پێناسەكردنی.
دیكتاتۆرەكان، خاوە زیندانی نهێنین و ئەشكەنجە زمان و شێوازی مامەڵەكردنیانە لەگەڵ زیندانی. وەك ئەوەی لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی مەلاكاندا هەیە. كەوایە هەبوونی زیندانی نهێنی و ئەشكەنجە، دەرخەری هەبوونی دیكتاتۆر و دیكتاتۆرییەتە لە وڵاتێًكدا.
لە عێراقی ئێستادا كە ناونراوە عێراقی نوێ هەبوونی دیكتاتۆر و دیكتاتۆرییەت دوو شتی چاوەڕواننەكراو بوون. بە زاڵبوونی رژێمی ئێران بە سەر دەسەڵاتی عێراقدا، زیندانە نهێنیەكان وردەوردە بە شاراوەیی سەریان هەڵدا و زۆر بە خێرایی پەرەیان سەند. دیزاینەر و پێشخەری ئەمجۆرە زیندانانە لە ئەستۆی پیاوانی وەزارەتی ئیتڵًاعاتی ئێران بوون. تەواوكەری ئەم پرۆژەیە، دیاردەی رفاندنی خەڵك بوو كە لە عێراق سەری هەڵدا و ژماری زیندانە نهێنیەكان و رفاندنی خەڵك پەرەی سەند و هەموو شوێنەكانی عێراقی گرتەوە. لەم چەند ساڵەی رابردوودا، ژمارێكی زۆر لە نەیارانی رژێمی ئێًران و بۆ نموونە دوو پەنابەری ئێرانی بە ناوی (حسێن پویان) و (محەمەدعەلی زاهیدی) لە ساڵی 2005 رفێندران و بە پێی زانیارییەكان، ژمارێك لە رفێندراوان گواستراونەتەوە بۆ زیندانەكانی ئێران.
دەسەڵاتدارانی تاران خاوەن ئەزموونی فراوانن لەمەڕ رفاندن خەڵك و ئەشكەنجە و كوشتار و بەرپاكردنی زیندانی نهێنی. ئەوان هەتاكو ئێستا سەدان هەزار كەس لە نەیارانی خۆیان بەمجۆڕە گرتووە و رفاندووە و پاش ئەشكەنجەدان، ژمارێكی زۆریان ئیعدام كردووە كە نموونەی هەرە بەرجەستە، كوشتاری زیاتر لە 30 هەزار زیندانیی سیاسی بوو لە ماوەی كەمتر لە دوو مانگ و لە هاوینی ساڵی 1988 و دواترینیان، لە سێًدارەدانی 5 زیندانیی سیاسی: فەرزاد كەمانگەر، شیرین عەلەم هولی، عەلی حەیدەریان، فەرهاد وەكیلی و مەهدی سەلامییان، دوای 4 ساڵ ئەشكەنجە لە زیندانی ئێوین. باوەڕ ناكەم تیرۆركردنی رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان لە هەرێمی كوردستانیش لەوەبەدەر بێت!
لە ناو زیندانە نهێنییەكاندا، لە مامەڵەكردن لەگەڵ زیندانی هیچ پێوەرێكی مرۆیی پێڕەو ناكرێت و ئەم كارە حەد هەڵناگرێت. گواستنەوە بۆ ناو زیندانە نهێنییەكان مانای ئەشكەنجە و بێسەروشوێنكردنە. ئەشكەنجە و جۆرەكانی، هەڵقوڵاوی مێًشك و خواستی پیاوانی حكومەتە. بە وتەی شایەت حاڵًان، پیاوانی ئیتڵاعاتی ئێران هەڵسوڕێنەری ئەم زیندانانەن و لە هەمانكاتدا، بەكرێگیراوانی خۆیان لە ناو زیندانەكاندا رائەهێنن.
یەكێك لەم زیندانە نهێنیە سامناكانەی دەوڵەتی نوری مالیكی كە لەم دواییانەدا بەشێكی ئاشكرا كراوە زیندانی ئەلموسەننایە كە جێی خۆیەتی بە لقێك لە زیندانی ئێوینی تاران دابنرێت، شیاوی باسە كە 36 كەس لە پەنابەرانی ئێرانیی دانیشتووی كامپی ئەشڕەف دوای ئەوەی لە لایەن هێزەكانی نوری مالیكییەوە رفێندڕابوون لە مانگی تەموزی رابردوو، لە دوایین رۆژانی ژیانیاندا گواسترانەوە بۆ ئەم زیندانە هەتا بە نهێنی و لە بێدەنگیدا بێ سەر و شوێنیان بكەن یا تەسلیمیان بكەنەوە بە ئێران.
دیارە نوری مالیكی و هیچ دیكتاتۆرێكی دی، دان بە راستیەكانی ناو زینداندا ناهێنێن و ئامار و ئەرقامی تاوانەكانیان تەنیا كاتێك تەواو دەردەكەون كە لە دەسەڵاتدار نەمێنن. هەر بۆیە زیندان و ئەشكەنجە بەردەوام یەكێك بووە لە تەوەرە سەرەكییەكانی ململانەی نێوان گەل و دیكتاتۆر و لە زۆر نمونەدا، رووخانی دیكتاتۆری لێكەوتووەتەوە.
دژایەتیكردنی گۆڕان یەكێكە لە نیشانەكانی حكومەتێكی دیكتاتۆری. هەر بۆیە ئەمجۆرە حكومەتانە لە هەڵًبژاردنێكی ئازاد دەترسن و بۆ رێگریكردن لە گۆڕان، پەنا دەبەنە بەر دیاردەی ساختەكاری. وەك ئەوەی لە ئێران دەكرێت و وەك ئەوەی ئێستاكە نوری مالیكی لە عێراق دەیكات.
ئەوان ئەوەی لە دەستیان بێت دەیكەن بۆ ئەوەی پۆستەكانیان لە دەست نەدەن. كە گەر ئەم شتە رووبدات و لە دەستی بدەن، ئەوا كارنامەی تاوانەكانی چوار ساڵی رابردووی دەوڵەتی نوری مالیكی و رژێمی ئێران لە عێراق دەخرێتە بەر دیدی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كە مانای شكستێكی كوشندەیە بۆ رژێمی ئێران. ئەوان ئێستا هەستیان بەوە كردووە كە ژیانی سیاسییان كەوتۆتە مەترسییەوە و نە شەقامی عێراقی و نە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سیستەمێكی وەك ئێرانیان، وەك قاڵب و نموونە بۆ عێًراق، بە لاوە قبووڵ نیە. بێگومان كات بە زیانی ئەوان بەرەو پێًش دەچێت و دەست و پەنجەی گەل، بەرۆكیان دەگرێت!


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە