کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر: یه‌کێتی و پارتی رازی بون له‌ به‌عسییه‌کان خۆشبن، به‌ڵام رازی نین گۆڕان كه‌ ئیراده‌ی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستانه‌، به‌ش

Wednesday, 22/12/2010, 12:00


چاودێرێکی سیاسی به‌شداری نه‌کردنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ حکومه‌تی داهاتوی عێراق به‌ ده‌ستکه‌وتێکی گه‌وره‌ بۆ ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌کات، یه‌کێتی و پارتی رازی بون له‌ به‌عسییه‌کان خۆشبن و به‌شداری حکومه‌ت بکه‌ن، به‌ڵام رازی نین گۆڕان كه‌ ئیراده‌ی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستانه‌، به‌شداربێت له‌ حکومه‌تدا.
د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر، چاودێری سیاسی و مامۆستای زانکۆی سلێمانی له ‌لێدوانێکیدا بۆ (سبه‌ی) رایگه‌یاند: گرنگ بو حکومه‌تی نوێی عێراق له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی دیموکراسیانه‌ بوایه‌و کۆمه‌ڵێک لایه‌ن له‌ئۆپۆزسیۆندا بن و براوه‌ی هه‌ڵبژاردن‌ حکومه‌تی پێکبهێنایه‌، بۆ ئه‌وه‌ی گیانی‌ دیموكراسی‌ و زه‌مینه‌ سازاندن بۆ دروستبونی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ راسته‌قینه‌ی‌ سیاسی‌ له‌ عێراقدا بسازێنن، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و پێكهاته‌و ململانێ‌ تائیفی‌ و مه‌زهه‌بی‌ و ئایدۆلۆژیه‌ی‌ له‌ عێراقدا بونی هه‌یه،‌ وایان كرد که‌ حکومه‌تی داهاتو، حكومه‌تێكی‌ نیشتمانی‌ بێت هه‌مو لایه‌نه‌كان به‌براوه‌ و دۆڕاوه‌وه‌ به‌شداری‌ تێدا بكه‌ن.
باسی له‌وه‌شکرد، که‌ دیسان ئه‌م حکومه‌تی نیشتیمانییه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ سیسته‌ماتیزه‌كرانه‌ به‌ڕێوه‌نه‌چو، هه‌روه‌ها به‌وشێوه‌یه‌ نه‌بو كه‌ هه‌ر لایه‌نه‌و به‌پێی‌ پشك و به‌شی‌ خۆی‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌ستکه‌وتی له‌ حکومه‌تدا پێبدرێت.
ئه‌و چاودێره‌ سیاسییه‌ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، پێکهاته‌ی حکومه‌تی داهاتوی عێراق وه‌كو سه‌رجه‌م کایه‌کانی دیکه‌ی ئه‌م وڵاته‌، گومانی‌ خسته‌سه‌ر نیه‌تی‌ حكومه‌ت‌ و رونیکرده‌وه‌ که‌ ئه‌وه‌نده‌ی له‌سه‌ر ئاستی‌ تاكه‌ كه‌سی‌ و به‌رژه‌وه‌ندی‌ حیزبی‌ ئیش ده‌كات، كه‌متر له‌سه‌ر ئیراده‌ی‌ خه‌ڵكی‌ عێراق ئیش ده‌كات.
هاوکات له‌باره‌ی سه‌نگی کورد له‌ حکومه‌تی داهاتوی عێراق و ئه‌و پۆستانه‌ی وه‌ریگرتوه‌، د.هه‌ڤاڵ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پشکی کوردی به‌ که‌م نه‌زانی وتیشی: له‌به‌رئه‌وه‌ی دابه‌شکردنی پۆسته‌کان به‌پێی ئیستحقاقی‌ هه‌ڵبژاردن و بنه‌ماكانی‌ هه‌ڵبژاردن و ژماره‌ی‌ ده‌نگده‌ران نه‌بوه‌، ده‌بو ئێمه‌ باشتر و به‌هێزتر له‌وه‌ بێینه‌ پێشه‌وه‌و ده‌كرا له‌ جومگه‌ی‌ تریشدا هه‌بین.
ناوبراو نیگه‌رانی خۆشی ده‌ربڕی له‌وه‌ی ئه‌و پۆستانه‌ی کورد له‌ به‌غدا به‌ده‌ستهێناوه‌، هه‌موی‌ له‌سه‌ر هێزێكی‌ سیاسی‌ دیایكراو کۆبوه‌ته‌وه‌و راشیگه‌یاند: "ده‌بو ره‌نگپێده‌ره‌وه‌ی‌ هه‌مو ‌ئیراده‌ی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی‌ كوردستان بێت، نه‌ك ته‌نها هێزێكی‌ سیاسی‌ دیایكراو هه‌مو ئه‌و پۆستانه‌‌ی کورد له‌ به‌غدا وه‌ربگرێت".
ده‌رباره‌ی به‌شداری نه‌کردنی گۆڕان له‌ حکومه‌ت و ده‌ست تێکه‌ڵاوکردنی هه‌ندێ لایه‌نی سیاسی عێراقی له‌گه‌ڵ یه‌کێتی و پارتی بۆ درێژه‌دان به‌ قۆرخکاری له‌ هه‌رێم ئه‌و‌ چاودێره‌ سیاسییه‌ وتی: ئه‌وه‌ به‌ده‌ستكه‌وتێكی‌ گه‌وره‌ ده‌زانم كه‌ گۆڕان بتوانێت ته‌عبیری‌ لێبكات، به‌جۆرێک‌ هاوپه‌یمانی کوردستانی به‌و رێكه‌وتنه‌ی که‌ له‌گه‌ڵ مالیكی‌ و عه‌لاوی‌ كردی‌، رازی بون له‌ به‌عسیه‌كان خۆشبن، له‌هه‌مانکاتدا رازی بون ساڵح موتڵه‌گ جێگری‌ سه‌رۆك وه‌زیران و ئوسامه‌ نوجێفی‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان بێ، به‌ڵام رازی‌ نین به‌وه‌ی‌ گۆڕان كه‌ ئیراده‌ی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستانه‌، به‌شداربێت له‌ حکومه‌تدا.
هێمای بۆ ئه‌وه‌شکرد، "ئه‌وه‌ به‌جێده‌هێڵم بۆ رای‌ گشتی،‌ كه‌ له‌نێوان ساڵح موتڵه‌گ و گۆڕاندا، یه‌کێتی و پارتی که‌ خه‌ڵك ده‌نگیان پێداون، ساڵح موتڵه‌گ هه‌ڵبژێرن، بۆیه‌ ئه‌و ده‌ستكه‌وتێكی‌ گه‌وره‌یه‌ و ده‌بێت خه‌ڵكی‌ كوردستان قسه‌ی‌ له‌سه‌ر بكات."

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە