کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بودجه‌یه‌ك له‌ تاریكیدا

Monday, 13/07/2009, 12:00


راپۆرت: فازڵ‌ نه‌جیب - محه‌مه‌د شێخ فاتح
به‌شی یه‌که‌م:
له‌ شه‌ش ساڵی‌ رابردودا بودجه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان زیاتر له‌ 31ملیار دۆلار بوه‌، به‌ڵام به‌هۆی‌ نه‌شاره‌زایی‌‌و كه‌مته‌رخه‌میی‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ وڵاتدا، بإێكی‌ زۆری‌ ئه‌و پاره‌یه‌ به‌هه‌ده‌رچوه‌. ناشه‌فافیه‌ت‌و نه‌بونی‌ زانیاریی‌ دروست‌و ته‌واو له‌ سیماكانی‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانن، ساڵی‌ 2004بڕی‌ زیاتر له‌ 2ملیار دۆلار‌و 330ملیۆن دۆلار له‌ حكومه‌تی‌ عێراقه‌وه‌ نێردراوه‌ بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان.
ساڵی‌ 2005 بڕی‌ زیاتر له‌ 3ملیارو 124ملیۆن دۆلار له‌ حكومه‌تی‌ عێراقه‌وه‌ نێردراوه‌ بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان.
ساڵی‌ 2006 بڕی‌ زیاتر له‌ 3ملیارو 560 ملیۆن دۆلار له‌ حكومه‌تی‌ عێراقه‌وه‌ نێردراوه‌ بۆ هه‌رێمی‌ كورستان.
ساڵی‌ 2007 بڕی‌ زیاتر له‌ 4ملیارو 985ملیۆن دۆلار له‌ حكومه‌تی‌ عێراقه‌وه‌ نێردراوه‌ بۆ هه‌رێمی‌ كورستان.
ساڵی‌ 2008 به‌ بودجه‌ی‌ ته‌واوكارییه‌وه‌، بڕی‌ زیاتر له‌ هه‌شت ملیارو 258ملیۆن دۆلار له‌ حكومه‌تی‌ عێراقه‌وه‌ نێردراوه‌ بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان.
ساڵی‌ 2009 جگه‌ له‌ بودجه‌ی‌ ته‌واوكاریی‌، بڕی‌ زیاتر له‌ شه‌ش ملیارو 902ملیۆن دۆلار له‌ حكومه‌تی‌ عێراقه‌وه‌ نێردراوه‌ بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان.
له‌ ساڵی‌ 2004ه‌وه‌ تا ساڵی‌ 2009 زیاتر له‌ 31ملیارو 149ملیۆن دۆلار هاتوه‌ته‌ كوردستانه‌وه‌.
به‌وپێیه‌ش بودجه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ ساڵی‌ 2004ه‌وه‌ بۆ 2008 به‌رێژه‌ی‌ 357% زیادیكردوه‌، به‌ڵام ئایا هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ نێوان ساڵانی‌ 2004 بۆ 2009 به‌ رێژه‌ی‌ 354% گه‌شه‌یكردوه‌.
هاوڵاتیی‌ به‌ڕێز، ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ كه‌ بۆ تۆ نێرراوه‌ نزیكه‌ی‌ 354%ی‌ ساڵی‌ 2004 زیادیكردوه‌، ئایا باری‌ گوزه‌رانی‌ تۆ:
له‌ موچه‌و رێگاو بانه‌كه‌ت
كاره‌باو ئاو
خواردن‌و جلوبه‌رگت
354%ی‌ ساڵی‌ 2004 گه‌شه‌یكردوه‌؟
له‌ هه‌مو شوێنێكی‌ دونیادا بودجه‌ پێكهاتوه‌ له‌ دوبه‌ش كه‌ بریتیین له‌ خه‌رجی‌‌و داهات، به‌ڵام بودجه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ پێچه‌وانه‌ی‌ هه‌مو دونیاوه‌ ته‌نیا پێكهاتوه‌ له‌ خه‌رجییه‌كان، به‌ بێئه‌وه‌ی‌ هیچ كه‌سێك بزانێت سه‌رچاوه‌كانی‌ داهات چه‌نده‌و له‌ كوێوه‌ دێن‌و بۆ كوێ‌ ده‌چن؟
په‌رله‌مانی‌ كورستان زیاتر له‌ له‌ 6ملیارو 539ملیۆن دۆلاری‌ وه‌ك بودجه‌ی‌ گشتیی‌ ساڵی‌ 2007په‌سه‌ند كرد كه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانه‌وه‌ پێشنیاز كرابو، ئه‌و بودجه‌ پێشنیازکراوه‌ی حکومه‌تی هه‌رێم زیاتربو له‌و بڕه‌ی كه‌ حکومه‌تی فیدراڵی به‌پێی به‌رکه‌وتی هه‌رێم که‌ 17%ی‌ هه‌رێم پێیدابو‌، بریتی‌ بو له‌ یه‌ك ملیارو 555ملیۆن دۆلار، سه‌رچاوه‌ی ئه‌م زیاده‌یه‌ی بودجه‌ی هه‌رێم له‌ ده‌رئه‌نجامی خه‌رج نه‌کردنی بودجه‌ی ساڵی 2006ه‌وه‌ هاتوه‌، واته‌ حکومه‌تی هه‌رێم نه‌یتوانیوه‌ بودجه‌ی ساڵی 2006 که‌ خودی خۆی پێشنیازیکردوه،‌ خه‌رجی‌ بکات، بۆیه‌ جارێکی دی خستویه‌تییه‌ ناو بودجه‌ی پێشنیازکراوی ساڵی 2007ه‌وه‌.
به‌پێی‌ سه‌رچاوه‌ داراییه‌کانی حکومه‌تی فیدراڵی، بودجه‌ی په‌سه‌ندکراوی هه‌رێمی کوردستان له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی عێراقه‌وه‌ بۆ ساڵی 2006، زیاتر له‌ 3ملیارو 560ملیۆن دۆلار بوه‌، به‌ڵام حكومه‌تی‌ هه‌رێم بڕی‌ یه‌ك ملیارو 555ملیۆن دۆلاری‌ لێ خه‌رج نه‌كردوه‌ كه‌ ده‌کاته‌ 43%ی‌ بودجه‌که‌، ئه‌وه‌ به‌و مانایه‌یه‌ که‌ ئه‌دائی حکومه‌ت له‌ ئاستێکی زۆر نزمدا بوه‌، چ له‌ جێبه‌جێکردنی پرۆژه‌کانی وه‌به‌رهێناندا یان له‌ پێشکه‌شکردنی خزمه‌تگوزارییه‌کان بۆ هاوڵاتییان.
ئه‌دائی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ؟
* نه‌بونی پلان‌و به‌رنامه‌ بۆ چۆنێتیی خه‌رجکردنی بودجه‌ی هه‌رێم
* لاوازیی لیژنه‌کانی پێشنیازکردنی بودجه‌ی ساڵانه‌ی داموده‌زگاکانی حکومه‌ت
* بونی رۆتین‌و گیانی بیرۆکراسی‌و گه‌نده‌ڵی
* نه‌بونی شه‌فافیه‌ت‌و پرس‌و راوێژکردن به‌ که‌سانی شاره‌زاو پسپۆڕ له‌ بواره‌ جیاجیاکاندا بۆ ئاماده‌کردن‌و جێبه‌جێکردنی بودجه‌ی دامه‌زراوه‌کانی حکومه‌ت.
به‌شێكی‌ سه‌ره‌كی‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم بۆ موچه‌ ده‌ڕوات، به‌ جۆرێك كه‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ بودجه‌ی‌ به‌كاربردن ده‌بات، ده‌كاته‌ زیاتر 54%، له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا حكومه‌ت توانیویه‌تی‌ ته‌نیا (81.41%) بڕی ته‌رخانکراو خه‌رج بکات، كه‌واته‌ 18.59%ی‌ ئه‌و بڕه‌ی‌ كه‌ ماوه‌ته‌وه‌ خه‌رج نه‌كراوه‌، به‌و پێیه‌ش بێت ئه‌و پاره‌یه‌ی زۆر که‌متره‌ له‌و رێژه‌یه‌ی که‌ به‌رپرسانی حکومی به‌رده‌وام رایده‌گه‌یه‌نن که‌ له‌ (65% تا 70%)ی‌ بودجه‌ بۆ موچه‌ ته‌رخانده‌کرێت، بۆیه هه‌ركاتێك كه‌ بیانوده‌هێننه‌وه‌ بۆ كه‌میی‌ پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان، ده‌ڵێن بڕێكی‌ زۆری‌ پاره‌كه‌مان بۆ موچه‌ ده‌ڕوات.
هاوڵاتیی‌ به‌ڕێز، به‌رپرسانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌رده‌وام پێتڕاده‌گه‌یه‌نن كه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ له‌ به‌غداوه‌ بۆ تۆ دێت 70%ی‌ بۆ موچه‌ ده‌ڕوات، به‌ڵام ئاماره‌ دروسته‌كان‌و قسه‌ی‌ راست ئه‌وه‌یه‌ كه‌ 38%ی‌ پاره‌كه‌ت بۆ موچه‌ ده‌ڕوات، نه‌ك 70%. ژماره‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌ بودجه‌ی‌ ساڵی‌ 2007دا زیاتر له‌ 587 هه‌زار فه‌رمانبه‌ره‌، به‌ڵام له‌ بودجه‌ی‌ ساڵی‌ 2008دا ، ئه‌و بڕه‌ دابه‌زیوه‌ بۆ 464هه‌زار فه‌رمانبه‌ر، به‌و پێیه‌ش جیاوازیی‌ نێوان ئه‌و دو ژماره‌یه‌ 122هه‌زارو 471فه‌رمانبه‌ره‌.
پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌: ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران چی‌ لێهات بۆ كه‌می‌ كرد؟
کڕینی کاڵاو خزمه‌تگوزاریی‌و چاککردنه‌وه‌، به‌شێكی‌ دیكه‌یه‌ له‌و بوارانه‌ی‌ كه‌بڕی‌ 39ملیۆن‌و 885هه‌زار دۆلاری‌ بۆ ته‌رخانكراوه‌ كه‌ ده‌كاته‌ زیاتر 16% بودجه‌ی‌ به‌كاربردن.
سه‌یره‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم توانیویه‌تی‌ ته‌نیا 12%ی‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی‌ كه‌ له‌به‌غداوه‌ بۆی‌ نێرراوه‌ بۆ كڕینی‌ كاڵاو شتومه‌ك خه‌رجبكات، هه‌ربۆیه‌ ده‌بینین هه‌ندێک له ‌وه‌زاره‌ته‌کانی حکومه‌ت له‌ کۆتایی ساڵدا داوا له‌ فه‌رمانگه‌کانی ده‌کات که‌ به‌په‌له‌ پێداویستییه‌کانی خۆیان دابین بکه‌ن‌و بیکڕن، بۆ ئه‌وه‌ی نیشانیبده‌ن که‌ وه‌زاره‌ته‌کانیان بودجه‌ پێشنیازکراوه‌کانیان خه‌رجکردوه‌، ئه‌مه‌ش جۆرێکی تری‌ بێبه‌رنامه‌یی‌و بێپلانیی وه‌زاره‌ته‌کانی حکومه‌ت نیشانده‌دات.
بۆیه‌ وه‌زاره‌ته‌كان بڕی‌ 88.80%ی‌ ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ كه‌ ماوه‌ته‌وه‌ بۆ كڕینی‌ كاڵاو شمه‌كی‌ پێویست خه‌رجیان نه‌كردوه‌.
به‌ بڕوای‌ هه‌ندێك له‌ شاره‌زایانی‌ ئابوری‌، ئه‌و جێبه‌جێ نه‌کردنه‌ بۆ بونی رۆتین‌و بیرۆکراتییه‌ت‌و گه‌نده‌ڵیی ئیداریی‌و دارایی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌تایبه‌ت‌ لای هه‌موان ئاشکرایه‌ که‌ داموده‌زگاکانی حکومه‌ت پێویستییان به‌ کاڵاو خزمه‌تگوزاریی‌و چاککردنی ئێجگار زۆر هه‌یه‌، مایه‌ی نه‌گبه‌تییه‌ که‌ ئه‌و پاره‌ زۆره‌ له‌به‌رده‌ست حکومه‌تدا هه‌بێت‌و ته‌رخانیشکرابێت بۆ مه‌به‌ستێک‌و زۆریش پێویستت پێی هه‌بێت، به‌ڵام نه‌توانیت دابینی بکه‌یت.
یه‌كێكی‌ دیكه‌ له‌ سه‌مه‌ره‌كان..
حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌ بڕگه‌ی باربۆکردن واته‌ له‌ (اعانات)‌و پێدانی مینحه‌‌و سودی کۆمه‌ڵایه‌تی‌‌، له‌ بڕگه‌ی باربۆكردندا 131% خه‌جکراوه‌‌و له‌ بڕگه‌ی سودی‌ كۆمه‌ڵایه‌تیشدا 118% خه‌رجکردوه‌، ئه‌مه‌ش مانای وایه‌ حكومه‌ت له‌ بواره‌كانی‌ دیكه‌دا پاره‌ی‌ خه‌رج نه‌كردوه‌و گواستویه‌تییه‌وه‌ بۆ ئه‌م دو بڕگه‌یه،‌ چونکه‌ 17ملیۆن‌و 68هه‌زار دۆلاری‌ له‌ باربۆکردن‌و 132ملیۆن‌و 264هه‌زار دۆلاری‌ له‌ سودی کۆمه‌ڵایه‌تی زیاتر له بڕی‌‌ ته‌رخانکراو خه‌رجکردوه‌.
هاوڵاتیی‌ به‌ڕێز.. دو بڕگه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ هه‌یه‌ له‌ بودجه‌دا كه‌ یه‌كێكیان باربۆكردنه‌، ئه‌ویتریشیان پێدانی‌ مینحه‌و سودی‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌، ئه‌و دو بڕگه‌یه‌ دو بوارن كه‌ ده‌توانرێت به‌ شێوه‌یه‌كی‌ شاراوه‌و په‌رش‌و بڵاو بڕێكی‌ زۆر پاره‌ی‌ به‌هۆیه‌وه‌ ته‌خشان بكرێت، بۆیه‌ ده‌بینین كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌ بڕگه‌ی‌ باربۆكردندا 131%و له‌ بڕگه‌ی‌ پێدانی‌ مینحه‌یشدا 118%ی‌ خه‌رجكردوه‌.
پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، ئه‌و پارانه‌ له‌ چیدا خه‌رجكراون، دراون به‌كێ‌، كوان ئه‌و سه‌دان خێزانانه‌ی‌ كه‌ به‌هۆی‌ بڕگه‌ی‌ سودی‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ له‌ هه‌ژاریی‌ رزگاریان بوه‌؟
تۆ بپرسه‌ بۆچی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌ كڕینی‌ كاڵاو كه‌ره‌سته‌و خه‌رجكردنی‌ موچه‌و جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌كاندا ناتوانێت بإی‌ ئه‌و بودجه‌یه‌ی‌ كه‌ بۆی‌ هاتوه‌ به‌ ته‌واوی‌ خه‌رجبكات، به‌ڵام له‌و دو بڕگه‌یه‌دا زۆر زیاتر خه‌رجده‌كات؟
حكومه‌تی‌ هه‌رێم بڕی‌ زیاتر له‌ یه‌ك ملیارو 607ملیۆن دۆلاری‌ له‌ كۆی‌ بودجه‌ی‌ به‌كاربردن هێشتوه‌ته‌وه‌و كه‌ ده‌كاته‌ نزیكه‌ی‌ 30%ی‌ بودجه‌كه‌.
ئه‌و بڕه‌ی كه‌ ماوه‌ته‌وه‌ خراوه‌ته‌ سه‌ر بودجه‌ی ساڵی‌ 2008، به‌ڵام له‌وێشدا دیارنییه‌ چۆن دابه‌شکراوه، ئایا چوه‌ته‌ بواری خه‌رجیی به‌کاربردنه‌وه‌ یان خراوه‌ته‌ سه‌ر خه‌رجییه‌کانی وه‌به‌رهێنان.
له‌ بودجه‌ی ساڵی 2007 دا زیاتر له‌ یه‌ك ملیارو 904ملیۆن دۆلار له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی کوردستانه‌وه‌ بۆ وه‌به‌رهێنان په‌سه‌ندکراوه‌، به‌ڵام ته‌نیا توانیویه‌تی‌ 27%ی‌ بودجه‌كه‌ خه‌رجبكات،
ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی‌ لێدوانی‌ به‌رپرسانه‌ كه‌ به‌رده‌وام ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ بودجه‌یان كه‌مه‌و پرۆژه‌یان زۆره‌.
كێ‌ له‌و به‌رپرس‌و وه‌زیرانه‌ی‌ پرسییه‌وه‌، كێ‌ پێیوتن بۆ ئه‌و بودجه‌یه‌تان گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ به‌غدا، ئه‌و به‌غدایه‌ی‌ هه‌میشه‌ وه‌ك دوژمنێكی‌ زیندوی‌ كورد ناویده‌به‌ن.
پاره‌ی ته‌رخانکراوی ده‌ره‌وه‌ی بودجه‌:
جگه‌ له‌و بودجه‌یه‌، حكومه‌تی‌ به‌غدا بڕی‌ 242ملیۆن‌و 333هه‌زار دۆلاری‌ داوه‌ به‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی لافاو‌و نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی قه‌ڵای هه‌ولێرو گواستنه‌وه‌ له‌نێوان بودجه‌ی نه‌وت بۆ کاره‌با‌و هه‌روه‌ها بۆ موچه‌ی ئه‌ندامانی خانه‌نشینکراوی په‌رله‌مانی عێراق، كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی‌ نه‌خستوه‌ته‌ سه‌ر بودجه‌ی‌ گشتیی‌ هه‌رێم كه‌پێیدراوه‌ له ‌ده‌ره‌وه‌ی بودجه‌ی ساڵی 2007 دا.
یه‌كێك له‌و بوارانه‌ به‌ نمونه‌ وه‌رده‌گرین، ئایا له‌ساڵی‌ 2007دا چ لافاوێك رویداوه‌ تا حكومه‌تی‌ هه‌رێم بڕی‌ 35ملیۆن 750هه‌زار دۆلاری‌ بۆ ته‌رخانكردبێت.
ئه‌و پاره‌ زۆره‌ بۆ كوێ‌ رۆیشت؟
داهاته‌كانی هه‌رێمی کوردستان:
له‌ یاسای بودجه‌ی په‌سه‌ندکراوی ساڵی 2007دا پێشبینیکراوه‌ که‌ داهاتی ساڵی 2007 بگاته‌ 150ملیۆن‌و 981هه‌زار دۆلار، به‌ڵام داهاتی فیعلیی هه‌رێم بۆ ساڵی 2007 گه‌یشته‌ 180ملیۆن‌و 621هه‌زارر دۆلار، دوسه‌دو شازده‌ ملیارو حه‌وت سه‌دو چلوپێنج ملیۆن‌و سیونۆ هه‌زار دینار.
خه‌رجییه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم 6ملیارو 539ملیۆن‌و 716هه‌زار دۆلار بوه‌، به‌ڵام داهاته‌كانی‌ 180ملیۆن‌و 621هه‌زار دۆلار بوه‌، ئه‌مه‌ش له‌ ساده‌ترین شیكاردا ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌: هه‌رچه‌نده‌ جیاواز له‌هه‌مو وڵاتێكی‌ دیكه‌ دو وه‌زاره‌تی‌ داراییمان هه‌یه‌، به‌ڵام شێواوی‌و دواکه‌وتویی زاڵبوه‌ به‌سه‌ر په‌یکه‌ری ئابوریی هه‌رێمی کوردستاندا، بۆیه‌ ئه‌و ئابورییه‌ ناتوانێت به‌رگه‌ی بچوکترین قه‌یرانی دارایی‌‌و سیاسی‌ بگرێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە