کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


حاكم شێخ له‌تیف: تا ئێستا لیستی ده‌سه‌ڵات هه‌نگاوی فیعلی نه‌ناوه‌ بۆ كۆبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ كوردیه‌ جیاوازه‌كان و دیاریكردنی

Monday, 29/03/2010, 12:00


"ده‌خوازین لیست و قه‌واره‌ كوردیه‌كان جیاوازیه‌كانی خۆیان له‌ به‌غدا یه‌كلایی نه‌كه‌نه‌وه‌"
حاكم شێخ له‌تیف، كاندیدی ده‌رچوی لیستی گۆڕان بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، به‌ (سبه‌ی) راگه‌یاند: تائێستا گۆڕان ده‌ستپێشخه‌ره‌ بۆ دانیشتن و كۆبونه‌وه‌ی لیست و قه‌واره‌ سیاسیه‌كانی كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ی جیاوازییه‌كان له‌ به‌غدا یه‌كلایی نه‌كرێنه‌وه‌ و به‌رله‌وه‌ی هه‌ر هێزێكی كوردستان گفتوگۆ بكات له‌گه‌ڵ هێزه‌ عێراقیه‌كاندا، پێشتر چه‌ند هێڵێكی گشتی هه‌بێت بۆ زیاتر به‌رگریكردن له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ نیتشمانیه‌كانی كوردستان.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ سه‌رانی یه‌كێتی و پارتی به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسیه‌ عه‌ره‌بییه‌كاندا كۆده‌بنه‌وه‌ و باس له‌ پێكهێنانی هاوپه‌یمانی ده‌كه‌ن بۆ قۆناغی ئاینده‌، له‌و نێوه‌نده‌شدا به‌ده‌ستهێنانی پۆستی سه‌رۆكی كۆمار بۆ كورد به‌ سه‌ره‌تای ئه‌و گفتوگۆیانه‌ باس ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌رچی تائێستا ئه‌و دو سه‌ركرده‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نه‌ كوردییانه‌ دانیشتنیان ئه‌نجام نه‌داوه‌ كه‌ كورسییان به‌ده‌ستهێناوه‌ له‌ په‌رله‌مانی عێراقدا.
حاكم شێخ له‌تیف پێی وابو كه‌ بانگه‌شه‌ و هه‌وڵه‌ به‌ده‌وامه‌كانی گۆڕان بۆ دانوستان و كۆبونه‌وه‌ی لیسته‌ كوردییه‌كان له‌ ده‌وری یه‌كتری و گه‌یشتن به‌ خاڵی هاوبه‌ش، نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گۆڕان به‌رده‌وام چاوی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی باڵای نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی هه‌یه‌ و راستگۆیی گوتاری گۆڕان ده‌رده‌خات كه‌ رامانگه‌یاندبو: به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی خۆمان له‌به‌رچاو ناگرین و به‌رژه‌وه‌ندی باڵای نیشتمانیی له‌پێشه‌وه‌ی هه‌مو داواكارییه‌كاندایه‌ و ده‌ستی هاوكاریمان بۆ هه‌مو كه‌سێك درێژ ده‌كه‌ین و نامانه‌وێت هیچ كه‌سێك موزایه‌ده‌مان به‌سه‌ره‌وه‌ بكات.
ئاماژه‌ی به‌و ئاسته‌نگ و ته‌نگو چه‌ڵه‌مانه‌شكرد كه‌ هاتنه‌ به‌رده‌م لیسته‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هاوپه‌یمانی و ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و حاكم شێخ له‌تیف وتی: "به‌شێوه‌یه‌ له‌ شێوه‌كان، له‌ماوه‌ی رابردودا بریندار كراین، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا ئێمه‌ ده‌زانین كه‌ قۆناغی ئانیده‌ گرنگتره‌ له‌ قۆناغه‌كانی دیكه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و زیانه‌ی له‌ روی مادی و مه‌عنه‌وییه‌وه‌: به‌رخۆمان و لایه‌نگرانمان كه‌وت، ئه‌وانه‌ بچوكترن له‌ به‌رژه‌وه‌ندی باڵای میلله‌ته‌كه‌مان هه‌ر بۆیه‌ ئێمه‌ ده‌ستپێشخه‌ری ئه‌نجامدانی گفتوگۆمان كردوه‌".
ئه‌و كاندیده‌ی لیستی گۆڕان راشیگه‌یاند: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه‌ لیستی هاوپه‌یمانی تا ئێستا هیچ هه‌نگاوێكی فیعلی نه‌ناوه‌ بۆ گرێدانی گفتوگۆی نێوان لیست و قه‌واره‌ كوردیه‌ به‌شداره‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، به‌ڵام ته‌نها سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ لێدوانێكدا رایگه‌یاندوه‌ ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ لیسته‌ براوه‌كاندا، گفتوگۆبكات.
هیواشی خواست كه‌ لیست و قه‌واره‌ جیاوازه‌كانی كوردستان زو كۆبونه‌وه‌ی هاوبه‌ش ئه‌نجام بده‌ن و بگه‌نه‌ خاڵی هاوبه‌شی به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی و ناكۆكیه‌كانیان نه‌به‌نه‌ به‌غدا.
كاندیده‌ ده‌رچوه‌كه‌ی لیستی گۆڕان ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو كه‌ لیستی گۆڕان جه‌خت ده‌كاته‌سه‌ر: چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ناوچه‌ دابڕاوه‌كان، هه‌روه‌ها جێگریكردنی باری یاسایی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، چه‌سپاندنی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان و پارێزگاریكردن له‌ مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان كه‌ له‌ ده‌ستور و یاسا عێراقیه‌كاندا ئاماژه‌ی پێكراوه‌.
حاكم شێخ له‌تیف وتیشی: له‌كاتی وه‌رگرتنی پۆسته‌ حكومی و سیاسیه‌كانی عێراقدا، ده‌بێت وه‌رگرتنی ئه‌و پۆستانه‌ له‌سه‌ر حسابی به‌ده‌ستهێنانی مافه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیه‌كان نه‌بێت، واته‌ ده‌بێت له‌سه‌ر حسابی مساوه‌مه‌ و سه‌رشۆڕكردن نه‌بێت له‌ پێناوی وه‌رگرتنی ئه‌و پۆستانه‌دا، به‌تایبه‌تی نابێت وه‌رگرتنی پۆستی باڵا ببێته‌ هۆی پشتگوێخستن و وه‌لا نانی ماده‌ی 140 و دواكه‌وتنی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی چاره‌نوسی ناوچه‌ دابڕاوه‌كان بۆ قۆناغێكی دیكه‌.
له‌و روه‌وه‌ رایگه‌یاند: ئه‌گه‌رچی پۆسته‌كانی به‌غدا بۆ خزمه‌تكردنی سه‌رجه‌م عێراقیه‌كانه‌، به‌ڵام ده‌بێت به‌پێی پێویست خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی پێ بكرێت و سودی هه‌بێت بۆ داخوازیه‌ نیشتمانیه‌كانمان و خزمه‌تی خه‌ڵكی كوردستانی پێ بكرێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە