فاشیزمی پەروەردەی ئیسلامی لە 1984-دا
Tuesday, 03/01/2023, 23:56
ئەوەی ڕابردوی لە دەستبێت جڵەوی ئایندە دەکات، ئەوەی بەسەر ئێستادا زاڵبێت جڵەوی ڕابردویکردووە.(جۆرج ئۆروێل)
ڕۆمانی (۱۹٨٤) ی “جۆرج ئۆروێل” ڕۆمانێکی بەناو بانگە و بۆ زۆر زمان تەرجەمە کراوە. ئەم شاکارەی ئۆروێل گەرچی باسی جۆرێک لە پەروەردە دەکات لە سیستەمێکی تاکحیزبی خاوەن دەسەڵاتدا، بەڵام کاتێک لێی ورد دەبیتەوە شێوازی پەروەردە و پێکهێنانی سیستەمی هزری تاک، کە لە ناو کۆمەڵگای تاک حیزبیدا زۆر لە شێوازی پەروەردە دەچێت، هەر هەمان پەروەردەیە کە لە ناوسیستەمی پەروەردەی ئیسلامیدا هەیە، چ لە ئێستا و چ لەڕابردودا .
لەو سیستەمەدا کە “ئۆروێل“ باسی دەکات: حیزب لەدوای گرتنە دەستی دەسەڵات دەیەوێت هەموو شتێک بگۆڕێت و سیمای شارستانیەتێکی نوێ بە ژیان ببەخشێت، بەجۆرێک کە مرۆڤ نەتوانێت دەرک بە ڕابردو بکات، هەموو ڕووداوەکان بگێڕێتەوە بۆ سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕش، دونیا دابەش بکات بۆ پێش شۆڕش و دوای شۆڕش . هەموو هەوڵێکی حیزب بۆ ئەوەیە، هەموشتێک بگۆڕێت ، تەنانەت غەریزەی مرۆڤەکانیش لەگەڵ حیزبدا بگونجێنێت، خۆ ئەگەر مرۆڤ بە هۆی فشاری غەریزەوە کارێکی پێچەوانەی باوەڕی حیزبی کرد، دەبێ پەشیمان بکرێتەوە و دوبارە پەروەرە بکرێتەوە ،ئەشکەنجە بدرێت. لەو سیستەمەدا پۆلیسی خەیاڵ هەیە لەهەموشوێنێک چاودێری دەکرێت لەحەمام یان لەسەر جێگا یان لەهەر شوێنێک بێت، وەک چۆن لە ئیسلامدا خودایەکی چاودێر هەیە ،ئەو مرۆڤە ناتوانێ هەست بەئازادی بکات و بیربکاتەوە.
حیز ب چەند تەکنیکێکی تایبەت و ورد ی هەیە بۆ ئەوەی تاکەکان والێبکات بیر لە حەقیقەتێکی تر نەکەنەوە و واقیع بکەنە هەمیشەیی و نەگۆڕ، بۆئەمەش دەبێت بەردەوام ڕابردو لەژێر کۆنتڕۆڵی حیزبدابێت ،هەتا تاک هیچ پێوانەیەکی نەبێت پێی بپێوێت ،نەتوانێ ئێستا بەراورد بکات ،بەڕابردو،بۆ ئەمەش وەزارەتێک هەیە کە ناوی وەزارەتی ڕاستییە،کە ئیشی هەڵگەڕاندنەوەی واقیع و دەستکاری کردنی واقیع و هەوڵدان بۆ گونجاندنی واقیع لەگەڵ باوەڕی حیزب،بۆ ئەمەش حیزب دەستی گرتووە بەسەر ڕابردو هەموو بەڵگەکان وندەکات.بەڵگەکان یان نوسراون یان بیرەوەری،بەڵام حیزب دەستی بەسەر هۆشی تاکدا گرتوە لەلایەک،لەلایەکیتر هەوڵدراوە هەموبەڵگەنامە و نوسراوەکانی پێشو لەناو ببرێن. حیزب بێ هەڵەیە،ڕێبەری گەورەی حیزب بێهەڵە یە و خاوەن تواناو زاناییە،خەڵک خۆی بەقوربان دەکات. بۆ هەموو ئەم کارانە پڕۆسەی پەروەردە لەمناڵییەوە لە ژێر دەستی حیزب خۆیدا، دایک و باوک دڵسۆزانە بەگوێرەی حیزب مناڵ پەروەردە دەکەن. خەڵکی نازانن ڕابردو چۆن بووە،شۆڕش ڕویداوە،سیستەمی سەرمایەداری هەڵتەکاوە ،بەڵام هەموشوێنەوارێکی سەرمایەداری سڕاوەتەوە،خەڵکی نازانن چۆن لەوە تێبگەن لەڕابردو ژیان چۆن بووە،ئایا ئێستا باشترە،یان پێشتر و سەردەمی سەرمایەداری. ڕابردو تەنیا خراپەکاریەکانی سەرمایەداری ماوەتەوە. حیزب وای لەخەڵک گەیاندوە کە پێشتر لەسەردەمی سەرمایەداری ژیان ناخۆشتربو،خەڵک کۆیلە سەرمایەداربون و هتد،هەرچی خراپییەک کەهەیە لەڕابردودا باسدەکرا ،بەردەوام حیزب ژمارەو داتای نوێی بڵاو دەکردەوە و پێوانەی دەکرد بە ڕابردوو،بۆنمونە ئەمساڵ ئەوەندە بەرهەم هاتوە،ژیانی خەڵک ئەوەندە خۆشترە بەبەراورد بە سەردەمی پێش شۆڕش . هەتا داهێنانەکانیش دەگەڕانەوە بۆحیزب،بۆنمونە یەکێک لە کارەکتەرەسەرەکیەکانی ڕۆمانەکە پێیوایە بۆیەکەم جار حیزبی”سۆسینگ”فرۆکەی دروستکردووە. ئاشکرایە کە لەمێژوی دەسەڵاتداریەتی ئاینیدا بەدرێژایی مێژوی ئەودەسەڵاتدارێتیە بیروڕای جیاواز و گومانکردن لەڕاستی ئیسلام سزای بەدواوە بووە ،هەموو جۆرە سزایەک هەتا خستنە ناو ئاوی گەرم ،ئەشکەنجە ،زیندانی کردن و…تاد.
تەکنیەکە کانی ئەم جۆرە پەروەردەیە بەجۆرێکن کە ڕزگاربون لێیان ئەستەمە،وە لە بەرئەوەی پرۆسەکە لەمناڵییەوە دەستپێدەکات ئەستەمە تاک دواجار هۆشیارببێتەوە.تەکنیەکە پەروەرداییە کان دەبێتە هۆی پێکهێنانی سیستەمی بیرکردنەوە لە سیستەمی تاکحیزبی فاشیستیدا،ئەوتەکنیکانە بریتییە لە تەکنیکی “ڕاگرتنی تاوان ، و لۆژیکی “ڕەش و سپی ” ،بەغەریزە چاکبیر بیت، باوەڕی دوفاقە.
وەک ئاشکرایە ئیسلام هەر لەسەرەتاوە، هەوڵیداوە شارستانیەت بەخۆی دەستپێبکات، سەردەمی پێش خۆی بە سەردەمی جەهل پێناسەدەکات،سەرەڕای لێوەرگرتنی چەندین نمونە لەهەمو بوارەکانی ژیان ،وەلێ ئیسلام ئەو دەستکەوتانە بۆخۆی دەبات. هەرلەسەرەتای ئیسلامەوە هەوڵدراوە هەموو سیمایەکی شارستانیەتەکانی تر بسڕێتەوە ،هەموئاینەکانیتر بە ناتەواو دەستکاریکراو دادەنێت. تەنانەت بە پێی سەرچاوە مێژوییەکان کاتێک قورئان کۆکرایەوە فەماندرا ئیتر هەرشتێک مابێت دەبێت بسوتێندرێت ئەمەش لە پێناو ونکردنی بەڵگە کان ،بۆئەوەی دواتر هیچ بەڵگەیەک دەست کەس نەکەوێت.
پەروەردەی ئیسلامی هەمان تەکنیکی “ڕاگرتنی تاوان”بەکار دێنێت، واتا لە ناو بردنی هەموو ئەو بیرۆکانەی کە ڕەنگە ببنە هۆی گومان، ئەمەش لە ڕێگەی دیسپلینی ناوەکییەوە دەبێت ،و لەناو بردن یان ڕێگریکردن لە هەر بیرۆکەیەک کە گومان لە ئیسلام دروستبکات .واتا لە ئیسلامدا دەرگای گومان و پرسیارکردن لە خودی دین داخراوە ،بیرکردنەوە ئەگەر هەشبێت دەبێت لەخزمەت سەلماندنی خودی دین دابێت. بەڵام پەروەردەکردنی هۆش لەسەرەتای منداڵیەوە دەبێت،کاتێکیش ئەم مناڵە گەورەدەبێت ناتوانێ قوڵ ولۆژیکی بیربکاتەوە،چونکە ئەو وا پەروەردەکراوە کە بە غەریزە چاکبیر بێت،چاکبیریش واتا بیرکردنەوەیەک کە پێچەوانە نەبێت لە گەڵ بنەماکانی ئایدیۆلۆژیا. هەر ئەم پەروەردەیە وادەکات تاک بێزاربێت لە هەموو بیرێک کەدژی ئایدیۆلۆژیا بێت و ڕقی لەو کەسانە بێتەوە کە گومان لە ئایدیۆلۆژیا دەکەن و بە پێی لۆژیکی ڕەش و سپی هەمو ئەوانەی ئایدیۆلۆژیا بنکۆڵدەکەن لەڕێی پرسیاری ئەقڵانی و گومانی فەلسەفی وەک دوژمنی ئایدیۆلۆژیا دەناسێت،ئەمەش وا دەکات تاک بەردەوام لەهێڵی بەرگری و بیرکردنەوەی کاردانەوەیی دابێت ،نەک ویستی تێگەیشتنی هەبێت بە پێچەوانەوە هە موهەوڵێک بۆ تێگەیاندنی بەدوژمنایەتی بۆخۆی لەقەڵەم دەدات!
لەم شێوە سیستەمەدا هۆشی تاک کۆنتڕۆڵ دەکرێت ،چوارچێوەی بیرکردنەوە دادەنرێت،ئەمەش ڕێگا خۆشدەکات بۆ چەواشەکردنی مێژوو. مێژوو بریتییە لە بیرەوەری و بەڵگەکان ،بەڵام کاتێک تاک دەست بەسەر هۆشیدا دەگیرێت ،مێژوو لە هۆشدا دەستکاری دەکرێت. ئەم مێژووەی کە تاکی موسڵمان دەیزانێت مێژوویەکە دەستکاری کراوە،تەتەڵەکراوە و بە گوێرەی پێویستی ئایدیۆلۆژیای ئیسلام نوسراوە. ڕاستە لە ئێستادا ئیسلامیەکان دەسەڵاتیان نییە ئەو بەڵگانە قەدەغەبکەن کە پێچەوانە ی مێژووی باون،کە بریتییە لە یەک جۆر تێگەیشتن بۆ مێژوو و مێژووی پیرۆز،بەڵام لەنا و هۆشی تاکدا قەدەغەکراون، چونکە دەست بە سەر ئەقڵی داگیراوە،بەلۆژیکی ڕەش و سپی بیر لەمێژوو دەکاتەوە،وە هەمیشە ئەوە وەرگرە ،مێژوییەک کە ڕابەرانی ئیدیۆلۆژی دەینوسنەوە جیاوازە لە مێژووی دژەکان،بۆیە وەک چۆن ئەمیان بەڕەهایی وەردەگرێت ئەویتر بە ڕەهایی ڕەتدەکاتەوە. بۆ ئەوەی مێژوو پیرۆزبێت دەبێت لەکات و شوێن داببڕێت،بە جۆرێک بنوسرێتەوە کە لە گەڵ سایکۆلۆژیای تاک لە ئێستادا بێتەوە. پاشان ڕاڤەکردنی دەقەکان بەدوای چەواشەکردنی مێژودا دێت. دەبێت بەردەوام دەقەکان واڕاڤە بکرێن کە لەگەڵ زانست و لۆژیکی سەردەم گونجاو بێت ،ئەگینا ئایدیۆلۆژیا هەرەس دێنێت. لە ڕێگەی یاریکردن بەوشەوە ،گۆڕینی مەبەستی وشەکان ،تەفسیری جیاوازی دەقە شیعرییەکان سەر لە تاک دەشێوێندرێت و دەقەکانی دین تێکەڵ بە زانستەکان دەکرێت،بەجۆرێک تاکی بڕوادار پێی وایە دەقەکان پێش زانستی سەردەم کەوتوون. حیزب و گروپە ئیسلامیەکان بە شێوەیەکی زیرەکانە واتای دەق و زانستەکان ئاوێتە دەکەن،بەڵام بەبێ ئەوەی بتوانن لەواقیعدا ئەوە بکەن،ئەوەشتێکە تەنها لەهۆشدا دەکرێت،چونکە دەست بەسەر هۆشداگیراوە. لێرەوە تاکی بڕوادار هەڵگری بیروباوەڕی دوفاقە دەبێت،واتا لەیەک کاتدا باوەڕی بەدوشت هەیە،یەکەم ئەو واقیعەی تێیدا دەژی،دووەم ئەو واقیعەی لەهۆشیدا دروستکراوە ،بۆیە تاک لەگەڵ هەردولادا خۆی دەگونجێنێت. بەڵام نیگەرانە بەردەوام مەترسی ڕوخانی کۆشکی ئەم واقیەی لەسەرە کە لەهۆشیدا بیناکراوە تاکی بڕوادار توڕەیە لەم واقیعەی کە لەگەڵ هۆشی تێکناکەتەوە بۆیە بەردەوام هێرش دەکاتە سەر واقیع و، وەک واقیعی گۆڕاو و ساختەو بێ خوایی وەسفی دەکات.ئەمەش وایلێدەکات بەردەوام لە دەرونیدا ئارەزوی فاشیزم دەکات لە نوستالجیادا دەژیت و خەون بەدونیایەکەوە دەبینێت کە لەگەڵ دونیای خەیاڵی و ساختەی هۆشیدا گونجاو بێت. بەڕواڵەت خۆی لەگەڵ واقیع گونجاندووە بەڵام لە دەرونیدا نیگەرانییەکی قوڵ ڕقێک هەیە بەرامبەر واقیع. بۆیە هەموو کاتێک لەشکری موسڵمان ئامادەن کە ئەو فاشیزمە شاردراوە ئاشکرابکەن و ئەو واقیعە وێران بکەن کە لە گەڵ ئەوەی ناو هۆشیاندا ناکۆکە .داعش نمونەی ئەم فاشیزمە پەنگخواردوەوەیە کە لە بارودۆخێکی گونجاودا زۆر بەخێرایی هێرش دەکاتە سەر دونیای گۆڕاو و وێرانی دەکات و دەیەوێت بە خێرایی مێژوو بگەڕێنێتەوە بۆدواوە،بۆ ڕۆژانی کتێب سوتاندن و جەڵد لێدان و کۆیلە و کەنیزەک و دەستبڕین و تەواوی حوکمەکانی ئیسلام. پێویستە ئەوە بزانین کە ئیسلام دوو قۆناغە،قۆناغی مەککە و قۆناغی مەدینە،بۆیە بڕواداران هەتا دەسەڵاتیان زۆرتربێت لێبوردەییان کەمتر دەبێت،بە پێچەوانەشەوە،ئەمەش تایبەتمەندی کەسایەتی ئایدیۆلۆژیستەکەیانە ،کە لەهەموو ئایدیۆلۆژیاکاندا،تایبەتمەندی کەسایەتی ڕابەر بەمیرات دەمێنێتەوە بۆ لایەنگران ،بانگەشەکردن بۆزانست و تا ئەوپەڕ خوڕافی،بانگەشە بۆڕاستگۆیی و تا ئەوپەڕ درۆو چەواشکاری، گونجان لەگەڵ واقیع تا کاتی دێت !
بۆیە ئەمە درۆیەکی گەورەیە کە ئیسلامیەکان باوەڕیان بە دیموکراسیەت و لێبوردەیی هەبێت،ئەوە تەنها قۆناغێکە،هەرکات دەسەڵاتیان هەبێت دەگۆڕێن بۆ ئیسلامی نادیموکرات و مەدینەیی،ئەوە ترسێکی بێ بنەما نییە،بەڵکو خودی قوڕئان و دەقەکان لەکاتی پێویستدا ،کاتێک ئیسلامیەکان هەستبکەن هێزیان هەیە ،هەمان شت دەەن کە سەرەتای ئیسلام ئەنجامدرا.
ڕابەرانی ئایدیۆ لۆژیای ئیسلام ،هەمیشە پێش باوەڕدارانی ساویلکە دەکەون،لە ڕێگەی مغاڵەتەوە قەناعەتیان پێدەکەن کە ئیسلام پێرفێکتە و بۆ هەمو کاتێک دەگونجێت. ئەوەی بۆ ئیسلامیەکان گرنگە خەڵک ی ساویلکە بخەڵەتێنن. ئاشکرایە جیاوازی زۆرە لەنێوان فیکرکردنەوە و لەبەرکردنی فیکر،باوەڕداران فیکر لەبەردەکەن،فیکری ڕابەرانی ئایدیۆ لۆژیا. تێگەیشتنی ساختە لەمێژوو ،زانستەکانی تر. ئەو ڕابەرانە دەڵێن قورئان لەگەڵ زانست ناکۆک نییە،باوەڕدارانی شوێنکەوتە دەڵێن قورئان لەگەڵ زانست ناکۆک نییە.ئەمە لەبەرکردنی بۆچونی ڕابەرانە،نەک بیرکردنەوەی تاکەکان خۆیان. تاکێکی موسڵمان تێگەیشتن و دونیابینییەکەی لەسەربنەمای باوەڕە،باوەڕ بە ڕابەرانی ئایدیۆلۆژیا،،ئەو گوێدەگرێت و دەرخ دەکات.لە ڕۆمانی 1984 نوسەر باس لەچەند دروشمێک دەکات،کە دروشمی حیزبە فاشیستیەکەن،وەک کۆیلایەتی ئازادییە،جەنگ ئاشتییە. کاتێک موسڵمانێک دەڵێت ئیسلام ئاینی ئاشتییە،مرۆڤ ڕێک دروشمەکانی حیزبی سۆسینگی بیردەکەوێتەوە،ئەگەر نا ئیسلام ئاینی جەنگە،شارتانیەتێکی بونیادنراوە لەسەر بنەمای جەنگ و خوێنڕشتن و داگیرکاری!ئیتر لەواقیعدا ئیسلام شتێکە و لەهۆشی تاکەکاندا شتێکیتر.کاتێک لەڕێگەی پەروەردەوە دەستبەسەر هۆشیتاکدا دەگیرێت،دەتوانرێت لەهۆشی تاکدا دەستکاری مێژوو بکرێت.تاکی ئیسلامی تێگەیشتنی ساختەی بۆ مێژو ی ئیسلام هەیە،مێژویەک فێرکراوە کە پوختە کراوە، پاک کراوەتەوە لە هەمو ئەو توخمانەی گومان لە پیرۆزی مێژوی ئیسلام دروستدەکەن. هیچ کات هەمو تاکەکان ناتوانن لەمێژو قوڵببنەوە،بەناچار گوێ لەڕابەران دەگرن ئەوانیش تێگەیشتنێکی ساختە،بەجۆرێک کە بگونجێت لە گەڵ بەهاکان دەرخواردی خەڵک دەدەن.واتا تاکی بڕوادار ،ئاگاداری مێژوو نییە،بەڵکو ئەوەی دەیزانێت شڕۆڤەی مێژوویە.
بەکورتی هەموو ئەو تەکنیکانە بەکاردێن،کە لەسێستەمێکی فاشیستیدا تاکیان پێ پەروەردە دەکرێت.
ئیسلام بێ هەڵەیە،دونیای پێش ئیسلام سەراپاتاریکییە، سێکی قەدەغەیە،سەرۆک پیرۆزە و زانایە و داهێنەری هەمو بەها بەرزەکانە.ڕق یەکێکە لە تەکنیکە بەهێزە کانی هەمو ئایدیۆلۆژیاکان،کەوادەکات تاک هەموو بەدبەختیەکانی بگێڕێتەوە بۆ هێزو کەسانیتر،بۆیە ئەوبەرگەی هەموو سەختیەکانی ژیان دەگرێت،ولەئەنجامی خۆبەتاڵکردنەوە و ئاڕاستەکردنی ڕق بەرامبەر ئەوانیتری بێباوەڕومولحید و کافر. دەرفەتی تێگەیشتنیشی نییە،چونکە وەک لەسەرەتا وتمان تەکنیکی ڕاگرتنی تاوان و چاکبیری ڕێگای بیرکردنەوەی لێدەگرێت. هەموو بیرۆکەیەک لە ڕێگەی دیسپلینی ناوەکی دەکوژرێت.بۆیە تێنەگەیشتن لای ئەو تاکە پیرۆز دەبێت.نەک بیرۆکە ی کەسانیتر،بەڵکو دژایەتی ختورە و بیرۆکەکانی ناخی خۆیشی دەکات..لەبەر ئەوە تاکی موسڵمان ناتوانێت لە دونیا تێبگات،ئەو نکۆڵی و تێنەگەیشتنی لێ دە بێتە تەقوا و لەخواترسان.تێگەیشتن بۆ ئەو بەواتای کافربون دێت!لەڕێگای دیسپلینی ناوەکی وای لێکراوە هەموو هەوڵێکی ئەوانیتر بۆ تێگەیاندنی بە پیلان و زیانگەیاندن بەخۆی لێکبداتەوە.هەرچەندە ڕوبەڕوی واقیعێک دەبێتەوە پێچەوانەی هۆشیەتی،بەڵام بەناچار دەبێتە هەڵگری باوەڕی دوفاقەو بەگوێرەی پویستی ئایدیۆلۆژیا بیردەکاتەوە. تێگەیشتنەکان دەگۆڕێن ئەویش دەگۆڕێت. بۆنمونە تەفسیری ئایەتێک دەگۆڕێت ،بۆئەوەی بگونجێت لەگەڵ واقیع،ئەویش تێگەیشتنی پێشو ڕەتدەکاتەوە و نوێیەکە قبوڵدەکات.لەڕاستیشدا لەناخەوە هەوڵدەدات ناوەڕۆکی دەقەکان بگونجێن،بەهەر فڕو فێڵێک بێت.چونکە ئاسودەیی دەرونی لەوەدا دەبینێتەوە. تاکی موسڵمان بێزارە لەهەر گفتوگۆیەک کە گومان لەڕاستی ئایدیۆلۆژیا دەکات،بۆیە لێی دەگەڕێت بۆ ڕابەران، دەبێت ئەوان وڵام بدەنەوە،ئەوانی زانا کە هەموشتێک دەزانن!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست