کوردستانی تالەبانی و ئەفغانستانی تالیبان
Sunday, 13/12/2020, 19:21
من لەگەڵ شۆڕش و ڕاپەڕینم، دژی بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانی . ئەو دوبنەماڵەیە وەک دوو دەسەڵاتداری ستەمکار و فاشی باکیان نییە، کە دوای خۆیان چ کارەساتێکی خراپتر بەسەروڵاتەکە دێت . ئەوان باکیان بەوە نییە گەر دوای خۆیان، هێزێکی دۆگمای کۆنەپەرستی وەک تاڵیبانی ئەفغانستان دەست بەسەر هەرێم دد بگرێت، نەک هەر ئەوە، بەڵکو ئەو دوبنەماڵەیە لێگەڕان هەزاران مەلای کۆنەپەرست و دۆگماو توندڕەو گەنج و لاوی کورد پەروەردە بکەن بەبیری عەرەبی ئیسلامی سیاسی. بێگومان ئەوەش بەهۆی گرنگی نەدان بە پەروەردەی هاوچەرخ، کردنەوەی مزگەوتەکان بە ئەندازەی قوتابخانەکان، دامەزراندنی هەزاران مەلا تا بیری توندڕەوی بڵاوبکەنەوە و گەنج و لاوی ئەم وڵاتە بێهۆش بکەن، لە ئەنجامی بڵاوکردنەوەی جۆرەها فەساد، هەژارخستنی خەڵک و بێ هیواکردنی خەڵک و نائومێدبون، بەکورتی هەموو ئەو ڕێگایانەیان دروستکرد کە تاکی کورد دەبەنەوە سەر ڕێگای توند ڕەوی و خوڕافیاتی دینی.
یەکێتی و پارتی لە دژی یەکتر هەریەکەیان مەلا ی تایبەت بەخۆی، سەلەفی تایبەت بەخۆی، دەروێشی تایبەت بەخۆی هەیە، پارە تەرخان دەکەن بۆ سەلەفی و مەلەفی وتەکیە و شێخ و ...
بەڵام دواجار ئەمانە لەفەراغی دەسەڵاتدا سەردەردێنن و خۆیان وەک فریادڕەس دەناسێنن، بێگومان لەدوای یەکێتی و پارتی، مەلاکان، بانگخوازەکان، داعشە نوستوەکان، بەگشتی ئیسلامیەکان لەلایەن وڵاتانی دەرەوە پشتگیریان دەکرێت. سەد لەسەد یەکێتی و پارتی، باکیان بەداهاتوی ئەم وڵاتە نییە، ناشیانەوێت دوای خۆشیان وڵات بکەوێتە دەست خاوەنانی ڕاستەقینەی گەل، یان گەل خۆی.چونکە تۆوی توندڕەوی لەپەرێزی ئەواندا شین بووە. هەموو دیکتاتۆرەکانیش هەروادەکەن. سەیرکەن لەدوای ڕوخانی سەدام عیراق چی به سەرهات.واتا دیکتاتۆرەکان سیاسیە فاشیەکان، دەستێکی پیستر لەخۆیان دروست دەکەن تا گەل و وڵات دوای خۆشیان ئارام نەبێت.
ئەفغانستان نمونەیەکە، کاتێک خەڵک لەحیزبەکان و گروپەکان و ململانێ و شەڕەکانیان لەسەر دەسەڵات بێزار بوو، کاتێک گەل بەتەواوی هیلاک بوو، دواکەوتوترین گروپ سەری دەرهێنا ئەویش تاڵیبان بو بەسەرکردایەتی مەلا عمر. ئەو گروپە توندڕەوە لەسەرەتاوە بانگەشەیان دەکرد کە ئەوان دەسەڵاتیان ناوێ، بەڵکو تەنها مەبەستیان گێڕانەوەی ئاسایشە بۆ ئەفغانستان، بەڵام دواجار ئەمگروپە ئەفغانستانیان وێرانکردو بونە هۆی ئەوەی کە ئەمریکا هێرش بکاتەسەر ئەفغانستان. هەندێ لەقوتابیەکانی تاڵیبان و جیهادیەکانیش هاتنە کوردستان وەک مەلاکرێکارو گروپەکەی کە ویستیان میرنشینێکی ئیسلامی دروستبکەن لە ناوچەی هەورامان، بەڵام دواجار ئەوانیش کەوتنەبەر ڕەحمەتی موشەکەکانی ئەمریکا . هەم پاشماوەکانی ئەم قوتابیانەی پەروەردەکراو لەپاکستان، هەم کۆمەڵی ئیسلامی کە ئەوانیش دەسەڵاتیان هەبێت هەمان حوکمی تاڵیبان لەکوردستان دوبارە دەکەنەوە.
کورت و پوخت، تاڵەبانیەکان دەیانەوێت دوای خۆیان کوردستان بکەوێتە دەست تاڵیبانیەکان.مەبەستم لەتاڵیانیەکان هەمو ئەو ئیسلامیانەیە کەدەیانەوێت لەکوردستان میرنشیێکی کوردی ئیسلامی دابمەزرێنن و بەناوی خوداوە بەقامچی لەخەڵک بدەن و دەستی خەڵک ببڕن و ڕەجم و جەڵد لێدان و تەمێکردنی خەڵک بێننە کایەوە . تاڵەبانیەکان بە پشتیوانی وڵاتانیتر و بەزەبری چەک دەسەڵاتی خۆیان پاراستوە لە داعشە نوستوەکان، اخوانەکان، پاشماوەی گروپەکەی مەلاکرێکار و ...بەڵام ئاخۆ ئەمانە لەهەر دەرفەتێکدا سەردەرناهێنن؟ئاخۆ تاڵیبانیەکان کارێکیان نەکرد، خەڵکی پڕ وەچڵەپوشیش بدەن؟
هەربۆیە ئەگەر کەسانی ئازادیخواز و دیموکرات، هێزی نیشتیمانی و ڕێکخراونەبێت، مەترسی تاڵیبانیەکانی کوردستان کەمتر نییە لەتاڵەبانیەکان.نابێت هەرێمی کوردستان چارەنوسی بدرێتە دەست تاڵیبانیەکانی کوردستان و هێزە دۆگماو کۆنەپارێزو جاشفیکریەکانی عەرەب و تورک . پێویستە خەڵکیانێکی ڕۆشنبیرو دیموکرات و ئەقڵانی بێنەپێشەوە و هێزێک دروسبکەن، تا لەدوای تاڵەبانیەکان کەسانی دواکەوتو نائەقڵانی و دیکتاتۆر و کۆنەپارێزی ئیسلامی دەست بەسەر ئەم وڵاتە دانەگرن .مەترسی مەلاکان، اخوانەکان، وتەوای گروپە ئیسلامیەکان زۆر لەوە زیاترە بیری لێدەکەینەوە.بۆیە پێویستە هەمو تاکێکی ئازادیخواز و ئەقڵانی درک بەو مەترسیە بکات .پێویستە ژنان بە شێوەیەکی کاریگەر بێنە پێشەوە تا ڕێگە بگرن لەوەی چارەنوس و بونیان بکەوێتە ژێر ڕەحمەتی ئەقڵی دۆگماو داخراوی مەلاکان و داعشە نوستوەکان کە هەموکات ئازادی ژن بەکوفر دەزانن.
مەحمود عەبدوڵڵا
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست