کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


وا 16 ساڵ به‌سه‌ر کۆمەڵکوژییە مه‌زنه‌کەی هەولێردا تێدەپە‌ڕێ!

Thursday, 16/05/2013, 12:00


6ساڵ له‌مه‌وبه‌ر حکومەتی ئێراق بەبڕیارێک رۆژی "16"ی گوڵان (ئایار)ی کرۆدتە رۆژی "گۆڕە بەکۆمەڵەکان لەئێراقدا". ئەمەش لەوەوە هاتووە کە لەساڵی (2003)دا لەناوچەی "محاویل"ی رێگەی نێوان بەغدا و بابل گەورەترین گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزرایەوە کە تەرمی هەزاران کورد و شیعەی راپەڕیوی (1991) لەلایەن رژێمی دیکتاتۆری بەکۆمەڵ لەگۆڕە بەکۆمەڵەکاندا نێژراون. رێک لەرۆژێکی وەکو ئەو رۆژەدا و لە"16"ی گوڵانی (1997)دا هێزە چەکدارەکانی (پ د ک) لەشاری هەولێر به‌سه‌رپه‌رشتی جه‌مال مورتکه‌ فه‌رمانده‌ی هێزه‌ چه‌کداره‌کانی پارتی لەیەککاتدا پەلاماری سەرجەم بارەگا و دامودەزگاکانی (یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستانYNDKــ رۆژنامەی "وڵات"، مەڵبەندی رۆشنبیری میزۆپۆتامیا، یەکێتی ئازادی ژنانی کوردستانYAJK و خستەخانەی گەریلا بریندارەکانی دا و لەئاکامی شەڕ و پێکدادان و بەرخۆدانێکی مەزنەوە بەدەیان شۆڕشگێر و گەریلای بریندارو سیاسەتمەدار و رۆژنامەوان و هونەرمەند شەهید و بێ سەروشوێن دەستگیرکران.
بێگومان ئەو پەلامار و شاڵاوەی (پ د ک) بەهاوکاری و رێککەوتن لەگەڵ رژێمی تورکیا ئەنجامدرا. تا ئێستاش نازانرێت چارەنووسی ئەو دەیان کەسە چییان بەسەر هات، لەنێوان شەهید و بریندار و بێسەروشوێنکردندا تا ئێستا چارەنووسیان ونە و دیارنییە، ئەگەر شەهیدکراون لەکوێ و چۆن نێژراون؟ ئەگەر گیراون لەچ زیندانییەکی نهێنیدا گیریانخواردووە؟ چۆن شوێن بزرکراون؟ کەس نایزانێت، مەگەر تەنیا ئەو چەکدار و بەرپرسە باڵایانەی (پ د ک)کە لەهێرشەکە بەشداربوون بزانن چیان لەو دەیان کەسە کردووە، کەژمارەیان نزیکەی سەد کەسێک دەبێت.
من نازانم داخوا ئەمە تەنیا رێکەوتێکە و بەس کە "رۆژی گۆڕەبەکۆمەڵەکان لەئێراقدا" رێککەوتی هەمان رۆژی کۆمەڵکوژییەکەی هەولێرە، کە لەساڵی (1997) بەدەستی هێزە چەکدارەکانی (پ د ک) ئەنجامدرا، یاخود ئەو رێکەوتەی نێوان ئەو دوو رووداوە مەغزایەکی شارەوەی خۆی هەیەو گوزارشت لەوە دەکات کە ئەوانەی ئەمڕۆ لە ئێراق و باشووری کوردستاندا دەسەڵاتدارن ئەوانیش به‌شی خۆیان کۆمەڵکوژیان ئەنجامداوە و لەمەودواش ئەگەر پێویست بێت دیسان ئەنجامی دەدەنەوە، ئەمەش پێویستە وەک "رۆژێکی یادکردنەوە" لەزاکیرەو یادەوەری گەلانی ئێراقدا بچەسپێ و بمێنێتەوە؟!.
هەرچۆنێک بێت؛ هەم رۆژی "رۆژی گۆڕەبەکۆمەڵەکان لەئێراقدا" و هەمیش "رۆژی کۆمەڵکوژییەکەی (1997)ی هەولێر؛ کە هەردووکیان لە(16)ی گوڵان (ئایار)دا بەیاد دەهێنرێتەوە، لەناوەڕۆکدا یەک واتاو یەک مەغزایان هەیە، ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەی کەوا رژێمی بەعس لەدژی گەلانی ئازادیخوازی ئێراق بەبێ جیاوازی ئەنجامیدا و لەئاکامدا لە(16)ی گوڵانی (2003)دا گەورەترین گۆڕی بەکۆمەڵ لەناوچەی "مەحاویل" دۆزرایەوە، هەروەها ئەو کۆمەڵکوژییەی کەوا چەکدارەکانی (پ د ک)ش بەهاوکاری هێزە سەربازییەکان و دەزگا ئیستیخباراتی و بەکرێگیراوەکانی تورکیا لەدژی شۆڕشگێران و برینداران و هەوادارانی پەکەکە و هونەرمەند و رۆژنامەوانان و چالاکڤانانی ژنان و لاوان و سیاسەتمەدارانی هەر چوار پارچەی کوردستان ئەنجامدرا، لەبنەڕەتدا هەردوو رووداوەکە بۆ یەک ئامانج ئەنجامدراون ئەویش دژایەتیکردنی ئازادیخوازانە. ئەو زیهنییەتەی هەموو خاکی ئێراقی کردە مەنزڵگای گۆڕە بەکۆمەڵەکان، هەر هەمان ئەو زیهنییەتەیە کە لەهەولێریشدا و لە(16)ی گوڵانی (1997)دا کۆمەڵکوژییەکی مەزنی ئەنجامدا، ئەو زیهنییەتەش زیهنییەتێکە بەشێوەیەکی رەها دژ بەئازادی و دیموکراسی و هەر گۆڕان وەرچەرخانێکە، جا چ چەکدارەکانی رژێمی بەعس بێت یان چەکدارەکانی (پارتی دیموکراتی کوردستان) ئەو تاوانەیان ئەنجامدابێت، ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی و گۆڕی بەکۆمەڵ سیفەتی هێزە دیکتاتۆر و هەمەجییەکانەو به‌داخه‌وه‌ نموونەی ئەمە لەمێژوودا زۆرە.
ئەوەی جێی سەرنج بێت ئەوەیە؛ دوای رووخانی رژێمی بەعس شوێنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان دۆزرانەوە، کەچی دوای تێپەڕبوونی شازدە‌ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژییەکه‌ی (16)ی گوڵانی (1997)ی هەولێر تاکو ئێستاش نازانرێت قوربانیانی ئەو کۆمەڵکوژییە لەکوێ نێژراون؟ ئەگەر شوێبزریش کراون داخوا لەکوێ شوێنبزرکراون؟! ئەمە سەرەڕای ئەوەی بنەماڵە و کەسوکاری ئەو کەسانەی لەو کۆمەڵکوژییەی هەولێر چەندین جار بەکۆمەڵ یاداشتنامەیان داوەتە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و بەرپرسە باڵاکانی (پ د ک) بۆئەوەی چارەنووسی کچ و کوڕەکانیان پێبڵێن. کەچی هەر وەڵامیشیان نەداونەتەوە و خۆیان لێبێدەنگ کردووە.
تۆ بڵێی کەی چارەنووسی قوربانیانی هێرش و پەلامارەکەی (16)ی گوڵانی (1997)ی هەولێر ئاشکرا ببێت؟ تۆ بڵێی کەسێک هەبێت ویژدانی بجوڵێت و دلێرانە چارەنووسی قوربانیانی کۆمەڵکوژییەکەی (16)ی گوڵانی (1997)ی هەولێر ئاشکرا بکات؟ تۆ بڵێی کەسانی بەویژدان لەنێو (پ د ک)دا هەبن و سەرەداوێکی چارەنووسی دەیان کەسی قوربانی کۆمەڵکوژییەکه‌ی هەولێر بدرکێنێ؟ تۆ بڵێی...؟
من بەم بۆنەیەوە بانگەوازی لەسەرجەم رۆشنبیران و رۆژنامەوانان و رێکخراوە مەدەنییەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان و جیهان دەکەم کە هەوڵێک لەپێناو ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەو کەسانە بدەن کە لەکۆمەڵکوژییەکەی هەولێردا بێسەرو شوێن بوونە، تاکو دڵی دایک و باوک و کەسوکارەکانیان کەمێک، تەنیا کەمێک ئارام ببێتەوە....*
تێبینی: من هه‌موو ساڵێک و له‌ 16ی گوڵاندا ئه‌م بابه‌ته‌ به‌که‌مێک ده‌ستکارییه‌وه‌ بڵاوی ده‌که‌مه‌وه‌... تا ئه‌و رۆژه‌ی ویژدانه‌ خه‌وتووه‌کان به‌ئاگادێنه‌وه‌، رێکخراوه‌کانی مافی مرۆڤ و رۆشنبیران له‌سه‌ر ئه‌م کۆمه‌ڵکوژییه‌ به‌ده‌نگ دێن و تاوانباران دادگایی ده‌کرێن... تا ئه‌و رۆژه‌ی چاره‌نووسی قوربانیانی ئه‌و کۆمه‌ڵکوژییه‌ مه‌زنه‌ ئاشکرا ده‌بێت، من هه‌موو ساڵێک و له‌هه‌مان رۆژدا ئه‌م بابه‌ته‌ بڵاو ده‌که‌مه‌وه‌...
*خوێنەران دەتوانن لە رۆژنامەی چەتر ژمارە ٥٦دا زانیارییەکی زۆر سەبارەت بە کۆمەڵکوژییەکەی هەولێر بەدەستبخات. ئەمەش لینکەکەیەتی:
http://issuu.com/chatr/docs/chatr_56

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە