کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


وەڵامێک بۆئازادی وەهاباغای جندیان

Friday, 14/07/2017, 19:25


سلێمانی جوگرافیایەکی کۆمەڵایەتیە نەک تەنها شارێک!
كاك ئازاد جندیانی، هیچ له‌ (مه‌دره‌سه‌ی سلێمانی) تێنه‌گه‌یشتوه‌و ئه‌م قسانه‌ی دوایی له‌سه‌ر سلێمانی ده‌ریخست چه‌ند كۆڵه‌واره‌ له‌ كاتیگۆریكردنی شته‌كاندا، چه‌ند كۆڵه‌واره‌ له‌ ناولێناندا، چه‌ند كۆڵه‌واریش بو له‌ ناسینی سلێمانی كه‌ ئه‌و ته‌نها وه‌ك شاری سلێمانی لێی تێگه‌یشتوه‌. دور نییه‌ هه‌ر ئه‌م كۆڵه‌واریه‌ش پاڵنه‌ری ئه‌وه بێت سلێمانی به‌جێ بهێڵێت و دوایش وه‌ك (مه‌دره‌سه‌یەکی)هه‌ژمونخواز باسی بكات، ئه‌ویش له‌پێناو شاردنه‌وه‌ی سه‌رو سیمای هه‌ژمونخوازو خه‌وخۆشی ئۆتۆریتێری یه‌كه‌م.
لێره‌دا، له‌وانه‌یه‌و، دوریش نیه‌ كه‌ قسه‌كانی جندیانی گفتوگۆو دیبه‌یت زۆر هه‌ڵنه‌گرن، چونكه‌ بۆشای گه‌وره‌ له‌ بیروبۆچونه‌كانیدا هه‌یه‌ و یه‌كه‌م هه‌نگاو پێویستیان به‌وه‌ هه‌یه‌ ڕاست بكرێنه‌وه‌و بخرێنه‌ سیاقی قسه‌كردنێكی ڕونه‌وه‌، نه‌ك وه‌ك ئه‌وانه‌ی كاك ئازاد كه‌ زیاتر قسه‌ی گشتین و بنه‌مای فیكری و تیۆریی، هه‌روه‌ها مێژوییان نیه‌ ؛ بۆیه‌ ده‌كرێ بووترێت :
یه‌كه‌م :
مه‌دره‌سه‌ی سلێمانی، مێژوییه‌كی دورو درێژی هه‌یه‌و سه‌رچاوه‌كانی ده‌چنه‌وه‌ ناو سه‌ره‌تاكانی دامه‌زراندنی سلێمانی وه‌ك سه‌نته‌ری جوگرافیایه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی فراوان نه‌ك ته‌نها چه‌قی شارێك. له‌ مه‌ولانا خالیدی نه‌قشبه‌ندی-یه‌وه‌ هه‌تا نالی و مه‌حوی و سالم، هه‌تا گۆران و موكری، هه‌تا ئیبراهیم ئه‌حمه‌دو بێكه‌سی كوڕو باوك و چه‌نده‌ها ناوی تر به‌شدارن له‌ دروستكردنی (مه‌دره‌سه‌ی) سلێمانی كه‌ ته‌ماهی كردنی سیاسی له‌گه‌ڵیدا زۆر زه‌حمه‌ته‌.
دوه‌م :
سلێمانی ته‌نها شارێك نییه‌، به‌ڵكو بریتییه‌ له‌ جوگرافیایه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی فراوان و پێویستی به‌ عه‌قڵ و لۆژیكێكی كراوه‌و ئازاد هه‌یه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌و تێگه‌یشتن له‌ خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی. باسكردن له‌ سلێمانی ته‌نها وه‌ك شارێك، له‌ بنه‌ڕه‌تدا باسكردنه‌ له‌ ڕوتانه‌وه‌و په‌ڕوباڵكردنی.
بێتێگه‌یشتن له‌م خاڵانه‌، ئه‌سته‌مه‌ بۆ كه‌سێكی وه‌ك ئازاد باسی (مه‌دره‌سه‌ی) سلێمانی بكات كه‌ ئه‌و زیاتر له‌ كۆنسێپته‌ حزبیه‌كه‌یدا لێی تێده‌گات و په‌ی به‌ خوێندنه‌وه‌ی مێژوی و سۆسیۆ-كولتوری و جوگرافیای كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌ی نابات. دور نیه‌، ئه‌گه‌ر كاك ئازاد قسه‌ی له‌ناو یه‌كێتی-دا بڕۆیشتایه‌و له‌ سلێمانیدا وه‌ك به‌رپرسی میدیاكه‌ی ئه‌و حزبه‌ بمایه‌ته‌وه‌، باسی فه‌شه‌لی (مه‌دره‌سه‌ی بادینانی) بكردایه‌و -مه‌دره‌سه‌یه‌ك نیه‌ ناوی بادینان بێت- بیوتایه‌ : مه‌دره‌سه‌یه‌كی هه‌ژمونخوازه‌
سێیه‌م :
ئیبراهیم ئه‌حمه‌د (مه‌دره‌سه‌ی) نییه‌، به‌ڵكو ئه‌و خۆی په‌روه‌رده‌ی (مه‌دره‌سه‌)یەکە ده‌كرێ له‌ ڕوی مێژوییه‌وه‌ پێی بووترێت (مه‌دره‌سه‌ی) سلێمانی.
نوسینی / خالید سلێمان

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە