کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


عێراق بەرەو پێکدادان یان پێکەوەژیان؟

Saturday, 21/02/2015, 12:00


عێراق لەدوای یەکەم شەڕی جیهانی وەکو دەوڵەتێکی فرە ئەجناس و فرە پێکهاتە لەسەر نەخشەی جیهان پێکهێنرا، پێکهێنانی دەوڵەتێک بەم شێوەیە لای هەمومان ڕون و ئاشکرایە کێ و بۆچی بەم شێوەیە پێکهێنرا!!!
زڵهێزە براوەکانی جەنگەکە بەگشتی و ئیستعماری بەریتانیا بەتایبەتی، دوای سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی جیهان بەپێی بەرژەوەندی خۆیان، دەوڵەتی عێراقیان بەم شێوە فرە ئەجناسی و فرە پێکهاتەییەی بەبێ زەمانەتی دەستوری و یاسایی، بۆیە دروستکرد بۆ ئەوەى دەوڵەتێکی ناسەقامگیری لێپێکبهێنن و هەرجارەی پشتگیری لایەکیان لەدژی لایەکەی دیکە بکەن بۆ خۆشکردنی شەڕو پێکدادان لەنێوان پێکهاتەکانیدا، تا بتوانن بەشێوەیەکى ناڕاستەوخۆ ماسیەکانی خۆیان لەو ئاوە لێڵەدا ڕاو بکەن و بەرژەوەندیەکانی خۆیان بۆ ماوەیەکی دورودرێژ بەم شێوەیە لەسەرحیسابی ناسەقامگیری دەڤەرەکە دابین بکەن، لە ڕاستیشدا شەڕ و پێکدادان لەسەرەتای پێکهێنانیەوە تاکو ئێستاش هەر بەردەوامە..
هەرچەندە لەدوای ڕوخاندنی حوکمی دکتاتۆری گۆڕکراو قۆناغێکی تازە دەستیپێکردوە بەڵام ئاسۆی ئەو قۆناغە تاکو ئێستا دیارنیە بەرەو کوێ دەچێت؟!!.
بەرەو پێکەوە ژیان لەژێر سایەی سەروەری یاسایەکی ئەوتۆ کە ماف بداتە هەموو پێکهاتە و تاکە جیاوازەکان و هەموومان ڕێز لە مافی یەکتری بگرین و مافی یەکتری پێشێڵ نەکەین و وەکو چەپکە گوڵی ڕەنگاو ڕەنگ لە ناو شورای یەک باخچەدا بین؟! یان وەکو ئیستعمار لەکاتی خۆیدا مەبەستی بوو لە یەکتری بدەین و بەردەوام بین لە شەڕی یەکتری بۆ ئەوەى لەبەر چەڕەدوکەڵی شەڕ کەس چاوی نەبینێ.. بۆ ئەوەی ئەوان ماسیەکانی خۆیان لە ئاوە لێڵ و ئەنگوستەچاوەکانی شەڕی ئەجناس و پێکهاتەکاندا ڕاو بکەن؟!
ئەوەندەی بەندە لێی ئاگاداربم بەهۆی خوێندنەوەو بەدوادا گەڕاندا لە شەستەکانی سەدەی ڕابردو بەدواوە زڵهێزەکان لە هەوڵی شێوازێکی دیکەدان بۆ ئاڵۆزکردنی زیادتری دەڤەرەکە لەڕێگەی ئەجندای پێکهێنانی دەوڵەتۆچکەی دژ بەیەک بۆ پێکهاتە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەجیاتی زامنکردنی مافەکانیان لەسەر بنەمای پێکەوەژیان و هاوکاری یەکتریکردن بەهۆی دەستور و یاسای باش داڕێژراو و لێکتری گەیشتندا..
بۆ ئەوەی لەوڕێگەیەوە زڵهێزەکان بتوانن نەک هەر شەڕ و پێکدادانەکانی ڕابردو بەردەوام بێت.. بەڵکو شەڕ و پێکدادانەکانی ڕابردو لە دەڤەرەکەدا باڵاتر بن تا بگاتە پێکدادانی ئاڵۆز و فراوانتر..
گەرای ئەو شەڕە پڕ لە مەترسیە لەسەرەتای دوای ڕوخاندنی حوکمی دکتاتۆری گۆڕکراودا شەیتانانە بەهۆی وابەستە سیاسیەکانیان بەجۆرێک خراوە بۆ ئەوەی هەریەکە لەشێوەی گوریسکێشکانێ بەپێی عورفی دارستان و غابات یەکلا بکرێتەوە (نەک عەقڵ و ژیری و مەنتیق و هێزی یاسایی) لەڕێگەی فەراهەمکردنی حوکمێکی دیموکراتی چەپکە گوڵ ئاسا..
پێکهێنانی حوکم بە شێوەی بەش بەشۆکێ، بەبێ پشتئەستوری بە زەمانەتی یاسایی بۆ پاراستنی مافی پێکهاتە و تاکەکان بەو شێوەیەی ئێستا دەگوزەرێ بەرەو شەڕ و جەنگێکی مەترسیدارمان دەبات، بۆیە بە ئەرکی سەرشانی خۆمی دەزانم داوا لە بیرمەند و ڕۆناکبیران بکەم بۆ ئەوەی هەوڵی جددی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ پێشگرتن لە مەترسیەکانی پێکدادانی ئاڵۆزتری دوای داعش لەنێوان (کورد، سوننە، شیعە، تورک، ... هەروەها کورد و کورد، سوننە و سوننە، شیعە و شیعە.....).
بۆ واقیعێکی وەکو ئێستای عێراق باشترین چارەسەر سود وەرگرتنە لە ئەزمونێکی وەکو وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا کە (٥٢) ویلایەتن لەچوارچێوەی دەوڵەتێکی فیدراڵی یەکگرتو لەسەر بنەمای مافی یەکتری سەڵماندن بە زەمانەتی یاسایی.. توانیویانە نەک هەر پێکەوە بژین.. بەڵکو بوونەتە زڵهێزێکی گەورەی هەموو جیهانیش..، بێگومان دەیان ئەزمونی دیکەی لەوبابەتە لە جیهاندا هەیە..، دەکرێت لەوڕێگەیەوە بەشێوەیەکی عەقڵانی و یاسایی ماف بۆ مافخوراوان بگەڕێندرێتەوە، تا ببێتە بناغەیەکی تۆکمەی پێکەوەژیان و هاوکاری یەکتری کردن.
ئیتر بابزانین خەڵکی ناوچەکە کامەی هەڵدەبژێرێت؟، بەرەو جەهەننەمی شەڕە چاوەڕوانکراوە پڕ لە مەترسیەکە، کە کەس ئەوی دیکە نەخوێنێتەوە و بە مەنتقی هێز گرەوەکە یەکلا بکرێتەوە، یان بەرەو پێکەوەژیانێکی مرۆڤانەی دامەزراو لەسەر عەقڵ و ژیری و یاسایی.

کاکل ئەحمەد
١٦\٢\٢٠١٥

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە