کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هەرێمى کوردستان بەرەو سەربەخۆیى ئابورى یان مایەپوچى؟

Saturday, 28/02/2015, 12:00


لەوەتى هەرێمى کوردستان لە عێراق پێکهێنراوە ناوە ناوە هەمومان لەلایەن دەسەڵاتدارانى کوردستانەوە گوێمان لە زۆر دروشمى زڵ و مەزن بووە، وەکو ڕاگەیاندنى دەوڵەتى سەربەخۆ و پێبڕینى دەوڵەتانى داگیرکەر و... ماوەیەکیشە سەرى زمان و بنى زمانیان پروپاگەندەى سەربەخۆیى ئابوریە.
پێم وانیە کەسێک لە کورد هەبێت جێبەجێکردنى ئەو قەولە زڵانەى پێناخۆش بێت، بەڵام بەکارهێنانى ئەو قەولانە تەنها بۆ فریودانى خەڵکى سادە و ساکار، بۆ بەدەستهێنانى مەبەست و نیاز ە شەخسیەکان لە لایەن کەسانى هۆشیارەوە مەرفوزە، چونکە لە ئەنجامدا دەچێتە خانەى یاریکردن بەچارەنوسى گەلێک بەهۆى مزایەدەى سیاسیەوە.
پێشینان جوانیان بەو جۆرە دەسەڵاتدارانە گوتوە: (دەستبردن بۆ بەردى گەورە نیشانەى نەهاویشتنە)، پێمان خۆشە ئامانجى گەورەمان هەبێت و ئامانجەکانمان بەرنامەڕێژ بکەین بۆ ئامانجە نێزیکەکان و ئامانجە دورەکان، بەبێ پەلەکردن خاووخلیچیکردن هەوڵى بەدیهێنانیان بدەین..
دەوڵەت هەرتەنها بە قسە و پروپاگەندە دروستناکرێت، پێویستى بە پایە و مقەوماتى خۆى هەیە، پێش ڕاگەیاندنى پێویستە پایەکانى بەدەوڵەتبون بەبێ هاشوهوش باش داکوترابن و چەسپابن، ئینجا باسى بکرێت، ئەگەر وانەبێت دەچێتە خانەى مزایەدەى سیاسى و دروشمبازى بێئەنجام.
هەرێمى کوردستان هەتاکو ئێستا گیرۆدەى ئەحزابى بیروبۆچون عەشایرى کورتبینى تەنگەنەفەسە، نەخوێندنەوەى یەکترى بەسەر سەرکردایەتیەکانیاندا زاڵە، دەسەڵاتى ئیداریشیان وابەستەى ئەو جۆر حزبایەتیە سەقەتە کردووە، لەوەش خراپتر ئەوەیە هەتاکو ئێستا دەیانەوێت دەسەڵاتى ئیدارى لەخزمەتى ئەو جۆرە حزبانەدا بێت و گیرفانى حزب و دەسەڵاتى ئیداریان تێکەڵى یەکترى کردوە..
لەشکر لەجیاتى ئەوەى لەسەر بنەماى وەلاى نیشتمانى پێکبهێنرێت، زیادتر لەسەر بنەماى وەلاى حزبایەتى و شەخسى دامەزراوە، بۆیە ئەوەندەى سیفەتى میلیشیایى پێوەدیارە نیوئەوەندە سیفەتى نیشتمانى پێوەدیار نیە..
لەبوارى خوێندنەوە و نوسینى فەرمیدا، نە لە پەروەردە و نە لە بەڕێکردنى کاروبارى ڕۆژانەى کارگێڕیدا زمانى یەکگرتو نیە، پەروەردە و فێرکردن فەڵسەفە و پەروەردەى مۆدێرنى بەسەردا زاڵ نیە، زۆرتر بەپێى میزاجى بەرپرسەکان بەڕێوە دەبرێن..
لەڕوى ئابوریەوە گوندەکان بەپێى پێویست ئاوەدان نەکراونەتەوە و ڕێگاوبان و پێویستیەکانى سەردەمیان بۆ دابین نەکراوە، لە ئەنجامدا بوارى کشتوکاڵ و ئاژەڵدارى لە ئاستى پێویستدا نیە، پیشەسازى نەک هەر دواکەوتوە کارگە گەورەکانى سەردەمى پێشوش لەناو براو و پەکخراون..، بۆیە وڵاتمان بۆتە بازاڕى گەرمى ساغکردنەوەى کاڵاى وڵاتانى دیکە.
زۆر شانازى بە سیاسەتى نەوتى دەکرێت، وەکو هەنگاوێک بەرەو سەربەخۆیى ئابورى وێنادەکرێت، ڕاستە نەوت سامانێکى نیشتمانى و وزەیەکى گرانبەهایە بۆیە بە زێڕى ڕەش ناسراوە..، بەڵام لە هەرێمى کوردستاندا تاکو ئێستا سیاسەتى نەوتى لە ئاستى پێویستدا نەبوە، چونکە بێجگە لە پەلەکردن و مزایەداتى سیاسى و شێوە عەقدى هاوبەشى..، بڕى هەناردە و داهاتەکەشى ناڕۆشنە و ئەوەندەى لەخزمەتى چەند کەسێکە نیو ئەوەندە لەخزمەتى میللەت و وڵات بەکارناهێنرێت..
ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمەریکا، ئەگەر نەوتى خۆى دەربهێنێت دەبێتە یەکەم دەوڵەتى نەوت بەرهەمهێنەر لە جیهاندا، چونکە دەوڵەمەندترین دەوڵەتى جیهانە لە نەوتدا، کەچى پەلەى لە دەرهێنانى نەکردوە و دەیەوێت بۆ جیلەکانى داهاتوى ئەمەریکا بمینێت، بۆیە زیادتر هەتاکو ئێستا نەوتکڕە نەک نەوت بەرهەمهێنەر و لەجیاتى بوارى نەوت گرنگى بە بوار و سێکتەرەکانى دیکە داوە و بویتە یەکەم زڵهێزى هەموو جیهانیش، بۆیە بەپیادەکردنى ئەو سیاسەتە سەقەتەى هەتاکو ئێستا لە هەرێمى کوردستاندا پیادەکراوە نەک هەر بەرەو سەربەخۆیى ئابوریمان نابات دور نیە بەرەو مایەپوچیمان ببات..
پێش دەستبردنمان بۆ نەوت دەرهێنان لە کوردستان، بەشى خۆمان لە میزانیەى عێراق دەستدەکەوت، زۆر بوارى پێشتر هەبوو پەرەیان پێدەین وەکو (پیشەسازى و کشتوکاڵ و ئاژەڵدارى..، سیاسەتى باشى پەروەردەیى و کارگێڕى، ساغکردنەوەى ناوچە کێشەلەسەرەکان...) ئینجا دەبوو دەستمان بۆ بوارى نەوت بە سیاسەتێکى تۆکمەى نیشتمانى ببردایە، نەک بە پەلە پەل وەکو ئەوەى بینیمان لەساڵى (٢٠١٣)دا لەسەردەمى حکومەتێکى کاربەڕێکەردا عەقدى پەنجا ساڵەى لەگەڵ دەوڵەتێکى وەکو تورکیا بەشێوەى ئینفرادى بۆ مەرامى دەنگ بەدەستهێنان ئەنجامدا..
ئەو سیاسەتە نەوتیە سەقەتەى هەرێمى کوردستان نەک هەر نەبۆتە هۆى خۆشگوزەرانى و بەرەوسەربەخۆیى ئابورى هەرێمەکە، بەڵکو بۆتەهۆى پاشکۆیەتى ئابورى هەرێمى کوردستان بۆ دەوڵەتى تورکیا و لوشکردنى پارەى ڕەسیدى کۆمپانیا و بازرگان و قۆنتەراتچى و هاوڵاتیان.. لە بانقەکانى ناوخۆ و قەرزارى هەرێم بۆ کۆمپانیاکانى نەوت و سەرمایەدار و بانقى بێگانەش.. درێژەى ئەو سیاسەتە بەمشێوە ناڕاستە نەک هەر بەرەو سەربەخۆیى ئابوریمان نابات بەڵکو بەرەو مایەپوچى ئابوریمان دەبات..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە