به‌ ناوی کۆمه‌ڵه‌ی ڕوناکبیرانی سه‌ربه‌خۆ له‌ به‌ریتانیاوه‌ تیرۆری ڕه‌ش بۆ سه‌ر ده‌نگ و ڕه‌نگی ئازاد شه‌رمه‌زارو مه‌حکوم و ئیدانه�

Saturday, 08/05/2010, 12:00


نه‌فره‌ت له‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی له‌ به‌رگی حیزبایه‌تی و سیاسه‌تی بنامه‌ڵه‌دا، دژ به‌ پره‌نسیپی ئه‌خلاقی و کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و دادگا، به‌ ده‌مامکی ڕه‌ش و بیری ته‌سک و عه‌قڵێکی خێڵه‌کی و دواکه‌وتوه‌ تیرۆری ده‌نگ و سه‌دای ئازادی و ڕۆژنامه‌گه‌ری ده‌که‌ن..
نه‌فره‌ت له‌ بکه‌رانی ئه‌و ده‌سه‌ ڕه‌شه‌و ، بکه‌رانی ڕیسوا و شه‌رمه‌زار ده‌که‌ین
ئێمه‌، وه‌ک به‌شێکی زۆر له‌ ڕوناکبیران و نوسه‌رانی ئازاد، له‌ وڵاتی به‌ریتانیا، وه‌ک چۆن هه‌میشه‌ خۆمان به‌ به‌رپرسیار زانیوه‌، له‌ ئاست سه‌رجه‌م کێشه‌ نه‌ته‌وه‌ی و نیشتمانیه‌کانماندا، و له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که‌ هه‌میشه‌ سه‌رسه‌ختانه‌ و به‌ تواناو بیرو باوه‌ڕی نیشتمان په‌روه‌ریه‌وه‌، له‌ هه‌وڵی به‌ دیموکراتیزه‌کردنی نیشتماندا بوین، و کۆشش و خه‌باتمان کردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگای کوردی خاوه‌ن ده‌نگ و ڕه‌نگی ئازادی و یه‌کسانی و دادپه‌روه‌ری بێت، ئێمه‌ وه‌ک ئه‌و ڕێژه‌ به‌رچاوه‌ی ڕوناکبیرانی به‌ریتانیا، له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سه‌رسه‌ختانه‌، بکه‌رانی و به‌رپرسانی ئه‌و کاره‌ تیرۆریستیه‌، دژ به‌ خوێندکارو ڕۆژنامه‌نوس سه‌رده‌شت عوسمان، ئیدانه‌و شه‌رمه‌زار ده‌که‌ین، ده‌نگمان ده‌خاینه‌ پاڵ سه‌رجه‌م ئه‌و ڕیکخراو کۆمه‌ڵگا مه‌ده‌نییانه‌ی که‌ داکۆکیکارێکی ڕاستگۆ و بوێرن بۆ به‌ دادگای گه‌یاندنی بکه‌رانی ئه‌و کاره‌ ناشارستانی دزێو نا مرۆییو و تیرۆریه‌!
وه‌ هه‌ر لێره‌شه‌وه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نین، ده‌بێت خه‌ڵکی به‌ شه‌ره‌فی کورد، له‌ کوردستان و له‌ ده‌ره‌وه‌ی کوردستانیشدا، بێده‌نگ نه‌بن و بێده‌نگی نه‌نوێنن، تیرۆرو له‌ ناو بردنی تاکی کورد، به‌ شێوه‌ی ترساند و تۆقاندنی که‌سی ئازاد و خاوه‌ن مۆڕاڵ و ئازادیخواز، ئاوات و مه‌به‌ستی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و هه‌رێمه‌یه‌، که‌ له‌ نیشتمانی هه‌مومانه‌وه‌ بۆته‌ دو ناوچه‌و دو ماڵبات بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و هه‌رێمه‌، که‌ له‌ ژێر جه‌تری سیاسه‌تدا، هه‌ڕه‌شه‌و تۆقاند و تیرۆو له‌ ناوبردنی ئه‌و ده‌نگه‌نه‌یان کردۆته‌ ئامانج که‌ له‌ هه‌وڵی جوان کردنی کۆمه‌ڵگاکه‌ی کوردیدان‌، ده‌نا، به‌و شێوه‌یه‌ی که‌ ڕۆژنامه‌نوس و خوێندکار سه‌ر‌ده‌شت عوسمان فڕێندراوه‌و له‌ پاشاندا تیرۆر کراوه‌، ئه‌ گه‌ر ده‌ستی ده‌سه‌لات و ده‌زگایه‌کی حیزبی له‌ پشته‌وه‌ نه‌بێت، ئه‌وه‌ سه‌رجه‌م به‌ڵێن و په‌یمانه‌کانی ئه‌و سیاسیانه‌ی هه‌ڕێمی کوردستان ده‌خاته‌ ژێر پرسیارو گومانه‌وه‌، له‌ کاتێکدا ئه‌وان باس له‌ دیموکراسی و ئازادی و مافی مرۆڤ و ئاسایش و به‌ر قه‌راری دادگا ده‌که‌ن،.
ئێمه‌ له‌م بانگه‌وازنامه‌یه‌ماندا، که‌ داوا له‌ سه‌رجه‌م روناکبیران و ڕۆشنبیرانی کورد ده‌که‌ین له‌ هه‌ر کۆیه‌کی ئه‌م جیهانه‌دا هه‌ن، داوا له‌ سه‌رجه‌م ئازادیخوازان و که‌سی ئازاد و ڕۆشنفیکر ده‌که‌ین، که‌ له‌ ئاست ئه‌م کاره‌ ڕه‌ش و دژ به‌ مرۆڤایه‌تیه‌، که‌ ده‌رهه‌ق به‌ پێنوس و که‌سێکی ئازاد کراوه‌، بێده‌نگ نه‌بن وخاوه‌ن ویژدان و ده‌نگی ناڕازایه‌تی بن.
ئێمه‌ له‌ کاتێکدا پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی خۆشمان ئاراسته‌ی که‌س و کار و هاوڕێ و هاوپیشه‌و هاو خه‌باتی شه‌هیدی پێنوس کاکه‌ سه‌رده‌شت عوسمان ده‌که‌ین،
داواش له‌ سه‌رجه‌م لایانه‌ په‌یوه‌ندیدارو به‌رپرسیاره‌کان ده‌که‌ین که‌ به‌ زوترین کات به‌ دواداچون و لێکۆڵینه‌وه‌ له‌م تاوان وتیرۆره‌ بکه‌ن و بکه‌رانی ئه‌و ده‌سته‌ ڕه‌شه‌و به‌رپرسانی ئه‌و جه‌هاله‌ته‌ی وه‌ک شه‌مشه‌مه‌کوێره‌، له‌ تاو ڕوناکی و ده‌نگ و ڕه‌نگی ئازادی پێنوسی ئازادا چاوی هه‌ڵنایه‌ت و هاناو هه‌نگاو بۆ گولله‌و تفه‌نگ و تیرۆ ده‌بات، بداته‌ دادگاو له‌ دادگایه‌کی عادیلاندا، شه‌مه‌زارو ڕیسوا بکرێت!.
بژی ئازادی
بژی یه‌کسانی و داد په‌روه‌ری
به‌ڵی بۆ پێنوس و ویژدانی زیندو ، دیدی نوێ
به‌ڵێ بۆ خه‌باتی ڕوناکبیرو بیری ئازاد
نه‌فره‌ت له‌ جه‌هاله‌ت و تیرۆر
نه‌فره‌ت له‌ بکه‌رانی ده‌ستی ڕه‌شی بکوژانی پێنوسی ئازا و ئازاد
کومه‌ڵه‌ی ڕوناکبیرانی سه‌ربه‌خۆی کورد_به‌ریتانیا
6/5/2010
له‌نده‌ن



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە