گه‌نده‌ڵی ئه‌خلاقی چیه‌ ؟

Friday, 12/02/2010, 12:00



سه‌رده‌می خۆڵ له‌ چاوکردن به‌سه‌ر چوو ، ئه‌وه‌ش به‌سه‌ر چوو که‌ ته‌نها به‌رپرسی ڕاگه‌یاندن ته‌له‌فۆن یان بێ سیمی له‌به‌ر ده‌ستدا بێت تاوه‌کو هه‌رچی بڵێ خه‌ڵک باوه‌ڕی پێ بکات و بڵێن ئێستا بروسکه‌ی بۆ هاتوه‌ ،نه‌خوینده‌واریش زۆر که‌مه‌ و خوێنه‌ر و بینه‌ری ته‌له‌فزیۆنه‌کانیش گه‌لێکن و مێشکی خه‌ڵکی کوردیش به‌جۆرێک کراوه‌یه‌ که‌ له‌گه‌ڵ جاران هه‌ستی پێ ده‌کرێت .
بۆیه‌ ده‌کرێت هه‌ریه‌ک له‌ ئێمه‌ لێک دانه‌وه‌ی بۆ ووشه‌کان ، ڕسته‌کان ، ده‌ربڕینه‌کان ، به‌نده‌کانی ناو به‌رنامه‌ی کاری حزبه‌کان ، پرۆژه‌یاساکانی په‌رله‌مان ، به‌نده‌کانی ده‌ستوور ، هه‌بێت و شیته‌ڵیان بکاته‌وه‌ و پیویستی به‌ لێکۆله‌ره‌وه‌یه‌کی تر نه‌بێت و ئه‌میش ده‌ستی ئه‌شهه‌دوبیللا به‌ ملی دا بدات بۆی .
گه‌نده‌ڵییه‌کان جۆریان هه‌یه‌ ئه‌وه‌ی ئابووری واتا دزینی پاره‌ ، ئیداری واتا خراپ به‌ڕێوه‌ بردن و به‌کار هێنانی پله‌ی ئیداری بۆ خودی خۆو خزمان و حزبی خۆت ، واتا دامه‌زراندنی خه‌ڵک له‌سه‌ر نامه‌ی حزب نه‌ک شه‌هاده‌ و خزمه‌ت واتا وه‌لام نه‌دانه‌وه‌ و به‌ڕی نه‌کردنی مامه‌ڵه‌ی هاووڵاتیان و زۆر شتی تر ، گه‌نده‌ڵی سیاسی واتا یاری کردن به‌ پیرۆزییه‌کانی گه‌ل و داواکانی و بردنه‌ پێشی حزب و به‌ده‌سته‌ڵات کردنی و سه‌پاندنی به‌سه‌ر میلله‌تدا و کایه‌ به‌هه‌ڵوێست کردن . گه‌نده‌ڵێکی ترمان هه‌یه‌ که‌ پێی ده‌ڵێن گه‌نده‌ڵی ئه‌خلاقی واتا کرده‌وه‌ . کرده‌وه‌ به‌و هه‌موو هه‌ڵس و که‌وتانه‌ ده‌ووترێت که‌ مرۆڤ له‌ ژیانی رۆژانه‌ی دا ده‌یکات و هه‌مان مانای ڕه‌وشت ده‌گرێته‌وه‌ ، زۆر جار ئه‌گه‌ر به‌ کوردی به‌که‌سێک بڵێی ئه‌وه‌ کرده‌وه‌یه‌کی ناشرینه‌ واتا ئه‌خلاقێکی ناشرین پێم وانیه‌ ئه‌مه‌ جنێو بێت ، به‌ڵام پێی بڵێیت بێ ئه‌خلاق ئیتر دونیا کاول ده‌بێت و ده‌بێت بسه‌لمێندرێت خاڵی بێ ئه‌خلاقی له‌ کوێوه‌ ده‌ستی پێکردوه‌ . ئه‌گه‌ر له‌م ڕوانگه‌وه‌ بڕوانین بۆ مانای ئه‌خلاق ئه‌وه‌ ده‌کرێت له‌پاڵ گه‌نده‌ڵییه‌کانی تر ئه‌خلاقیشی تێ بکه‌ین چونکه‌ هه‌رکه‌سێک ئه‌و سێ گه‌نده‌ڵییه‌ی تیادا هه‌بێت ئه‌وه‌ کرده‌وه‌ی له‌ ده‌ست داوه‌ بۆیه‌ په‌یڕه‌وی ئه‌وانی تر ده‌کات ، کرده‌وه‌ش به‌مانای هه‌ڵس و که‌وت (چونکه‌ لای ئێمه‌ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ له‌ش فرۆشتنه‌وه‌ بێت ده‌چێته‌ خانه‌ی شه‌ره‌ف) نه‌ک بێ ئه‌خلاقی ..
ده‌چیته‌ ژووری به‌ڕێوه‌ به‌رێک سڵاوی لێ ده‌که‌یت سه‌ر هه‌ڵنابڕێ بزانێ کێیت ئه‌وه‌ گه‌نده‌ڵی ئه‌خلاقی نیه‌ ؟
فایله‌که‌ی ده‌خه‌یته‌ به‌رده‌م دوای ئیمزا کردن بۆت فڕێ ده‌داته‌وه‌ ئه‌وه‌ گه‌نده‌ڵی ئه‌خلاقی نیه‌ ؟
دوو سه‌عات له‌به‌رده‌م ژووره‌که‌ی ده‌وه‌ستی هه‌ڵده‌ستی و ده‌ڕوات ده‌ڵێن کۆبوونه‌وه‌ی هه‌یه‌ ئه‌وه‌ گه‌نده‌ڵی ئه‌خلاقی نیه‌ ؟
که‌سه‌ (واسته‌ داره‌کان) پیش تۆ ده‌خات و نۆبه‌ بڕییان بۆ ده‌کات ئه‌وه‌ گه‌نده‌ڵی ئه‌خلاقی نیه‌ ؟
هه‌فته‌یه‌ک ده‌ت هێنن و ده‌ت به‌ن مامه‌ڵه‌که‌ت بۆ ناکه‌ن به‌ڵام که‌ خۆت ده‌گه‌یه‌نیته‌ مه‌سۆلێک و ته‌له‌فۆنێکی بۆده‌که‌ن ئه‌م جاره‌یان تا ئیمزاکه‌ت بۆ ده‌که‌ن چاشت بۆ بانگ ده‌که‌ن ، ئه‌ی ئه‌مه‌ گه‌نده‌ڵی ئه‌خلاقی نیه‌ ؟
تۆ ده‌گرێت (غه‌رامه‌ت ده‌کات) بۆ ئه‌وی تر سڵاوێکی قه‌ڵه‌و ده‌کات و ده‌ڵێ فه‌رموو قوربان ئه‌مه‌ گه‌نده‌ڵی ئه‌خلاقی نیه‌ ؟
به‌وه‌ی له‌سه‌ر کورسی و له‌ پشت مێزه‌وه‌ دانیشتوه‌ ئیتر واده‌زانێت هاو وولاتی نۆکه‌ری ئه‌وه‌ ، ئه‌ی ئه‌مه‌ گه‌نده‌ڵی ئه‌خلاقی نیه‌ ؟
بانگ له‌ فه‌ڕاشه‌که‌ی ده‌کات که‌ دره‌نگ بکه‌وێت سه‌د جنێوی پێ ده‌دات ئایا ئه‌مه‌ بێ ئه‌خلاقی نیه‌ ؟
پیره‌ژن و پیره‌مێردان کۆ ده‌که‌نه‌وه‌ بۆ به‌ر بانک که‌ بچن مووچه‌ وه‌رگرن دوای کاتژمێرێک چاوه‌ڕوانی له‌به‌ر سه‌رما یان گه‌رما پێیان ده‌ڵێن به‌یانی وه‌رنه‌وه‌ ئه‌مه‌ گه‌نده‌ڵی ئه‌خلاقی نیه‌ ؟
که‌سی ژێر ده‌ستی خۆی به‌کار دێنێت بۆ ڕازی کردنی ئه‌م ژن و ئه‌و کچ به‌رامبه‌ر پاره‌ و پله‌ ئه‌ی ئه‌مه‌ بێ ئه‌خلاقی نیه‌ ؟
ئایا کردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو یانه‌ی شه‌وانه‌یه‌ی که‌ له‌ هه‌ندێ له‌ هۆتێله‌ پله‌ به‌رزه‌کاندا کراوه‌ته‌وه‌ و ده‌سته‌ ده‌سته‌ ئافره‌تانی وولاتانی ده‌ره‌وه‌ی بۆ ده‌هێنن و به‌رده‌رگاکه‌شی پڕه‌ له‌ حیمایه‌ و ژووره‌وه‌ش له‌ مه‌سۆل بۆ چیه‌ ؟ ئه‌و مه‌سۆلانه‌ چی ده‌که‌ن له‌ ژووره‌وه‌ خۆ ناکرێت کۆنفرانسیان هه‌بێت ؟ ئه‌مه‌ گه‌نده‌ڵی ئه‌خلاقی نیه‌ ؟
ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ جام ڕه‌شانه‌ی که‌ نرخه‌که‌ی هی ئه‌وه‌ نیه‌ هی که‌سێکی ئاسایی بێت بۆچی ئافره‌تی نه‌ناسراوی پێ ده‌گوازرێته‌وه‌ ؟
کێتان نه‌یبیستوه‌ فلان مه‌سۆول ده‌ست درێژی ده‌کاته‌ سه‌ر فه‌رمانبه‌ره‌که‌ی و هه‌ڕه‌شه‌یشی لێ ده‌کات که‌ نابێ بیدرکێنێ ؟
چه‌ندین به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ هه‌ن که‌ به‌مه‌رج له‌ پله‌ به‌رزه‌کانی فه‌رمانگه‌دا ئه‌و که‌سانه‌ داده‌مه‌زرێنن که‌ خۆیان به‌کاریان ده‌هێنن ؟ ئه‌مانه‌ هه‌مووی هاوڕێی گه‌نده‌ڵییه‌کانی تر و خۆشیان گه‌نده‌ڵی ئه‌خلاقی نین ؟
ئایا ده‌سته‌ڵات له‌م خه‌وشانه‌ بێ خه‌به‌ره‌ ؟ ئه‌گر به‌ڵێ ئه‌ی ئایا ئه‌مه‌شیان گه‌نده‌ڵی ئه‌خلاقی نیه‌ ؟
ئیتر بۆ پێمان سه‌یر بێت و قه‌ڵس بین ئه‌گه‌ر گه‌نده‌ڵێکی ترمان دۆزیبێته‌وه‌ و ناوی بنێین گه‌نده‌ڵی ئه‌خلاق ؟
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە