جووتێک سه‌رۆک !!

Friday, 18/03/2011, 12:00






ئه‌و که‌ڵه‌ڕه‌خنه‌گره‌ی که‌ (ئێستا ده‌رزی به‌نجی لێ دراوه‌)له‌به‌رامبه‌ر شیعرێکی په‌شێوی مه‌زن که‌ به ‌ماچه‌که‌ی به‌غدا ناو بانگه‌و تیایدا ده‌ڵێ (ئه‌وه‌ی ماچت کرد ده‌م نه‌بوو ، بن کلکی سه‌گ ، گه‌ڵی قه‌حبه‌، سمی که‌ر بوو) پێی وا بوو مامۆستا په‌شێوی مه‌زن نه‌ده‌بوو ده‌می سه‌دام وێنا بکات به‌گه‌ڵی قه‌حبه‌، چونکه‌ ئه‌و که‌سه‌ که‌به‌وه‌ ناو زه‌د ده‌کرێت واتا (له‌شفرۆش) هۆکارێک پاڵی پێوه‌ده‌نێت که‌له‌شی بفرۆشێت ، له‌هه‌موو حاڵێکدا هۆکارێکی ئابوورییه‌، واتا ئه‌و جۆره‌ مرۆڤه‌ش له‌ئه‌نجامی گه‌نده‌ڵی سیسته‌می حوکمڕانی و نه‌بوونی یه‌کسانی کۆمه‌ڵایه‌تی دروست ده‌بێت .
سه‌رۆک که‌له‌دونیادا به‌باوکی میلله‌ت ناو ده‌برێت ، لای ئێمه‌هه‌ندێ شتی گوتراوه‌ وه‌ک باو ده‌ڵێت و جه‌ختیان له‌سه‌ر ده‌کاته‌وه‌و به‌هێڵی سوور ناویان ده‌بات له‌وانه‌ (که‌رکوک ، ئایین ، پێسمه‌رگه‌) واتا له‌دیدی ئه‌وه‌وه‌ شته‌کانی تر هێڵی سوور نین و ئازادین باسیان لێوه‌ بکه‌ین . که‌چی به‌پێجه‌وانه‌وه‌ ده‌بینین هه‌موو ئه‌وانه‌ی تا ئێستا سزاده‌درێن به‌زیندان و پاره‌و بریندار کردن و لێدان و ئه‌شکه‌نجه‌و فڕاندن و تۆقاندن و کوشتن ، هیچیان ئه‌و هێڵه‌ سوورانه‌یان نه‌به‌زاندوه‌(که‌به‌دیدی من ئه‌وانیش هێڵی سوور نین گه‌ر مرۆڤ باسیان لێوه‌بکات ، مانای واز هێنان لێیان یان فرۆشتنیان نیه‌) .
جووتێک سه‌رۆک واده‌ڵێن به‌ڵام که‌م نین ئه‌وانه‌ی ئه‌و هێڵانه‌ ده‌به‌زێنن به‌چاک یان خراپ لێی بێ ده‌نگن ، چونکه‌ ئه‌وان له‌سه‌ر ئه‌و حسابه‌ مه‌دالیا و ئافه‌رین وه‌رده‌گرن ، بێده‌نگییان یان ده‌نگ کردنیان په‌یوه‌ست نیه‌ به‌خۆیانه‌وه‌.
هێرش ده‌کرێته ‌سه‌ر کۆمۆنیسته‌کان و چه‌په‌کان به‌ڵام ئه‌م جووته‌ لێی بێ ده‌نگن چونکه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی خاوه‌ن مه‌دالیاکانه‌.
که‌رکوک و ناوچه‌ دابڕاوه‌کانی تر تا دێت ده‌بێت قوربانی و دوژمنیش سوود له‌کات وه‌رده‌گرێت که‌چی ئه‌مان لێی بێ ده‌نگن به‌رامبه‌ر پۆستی سیادی .
ئۆپۆزسیون سه‌رکوت ده‌کرێت و لێی ده‌درێت هیچ ناڵێن چونکه‌ کردنی مه‌ترسی هه‌یه‌ بۆ کورسیه‌کان .
تازه‌ به‌ تازه‌سه‌رۆک له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ هاوار ده‌که‌ین دان به‌وه‌دا ده‌نێت که‌ گه‌نده‌ڵی هه‌یه‌ ، بۆیه‌ به ‌په‌له‌ داوا ده‌کات لیژنه‌ی به‌دوادا چوونی بۆ دروست بکه‌ن له ‌پسپۆرانی گه‌نده‌ل خۆیان تا هه‌وڵی نه‌هێشتنی بده‌ن ، ئه‌م تاکه‌یان ئاگای له‌وه‌نیه‌ که‌ لیژنه‌ی نه‌زاهه‌ی ناو په‌رله‌مان ده‌ستیان له‌کار کێشایه‌وه‌و نه‌یان توانی گه‌نده‌ڵی نه‌هێڵن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌رچی کۆیان کرده‌وه‌ چوه‌ به‌ر ده‌ستی وه‌ستاکانی گه‌نده‌ڵی .
لای ئه‌م تاکه‌ سه‌رۆکه‌‌ گه‌نده‌ڵی ته‌نها له‌دزینی پاره‌ی نه‌وت و سامانی وولاته‌ ، لای ئه‌و ته‌نها گه‌نده‌ڵی بوونی ده‌سته‌لاتی حزبه ‌له‌ ناو حکومه‌تدا ، لای ئه‌و گه‌نده‌ڵی ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌زاران قووتابی کاتێک زانکۆ ته‌واو ده‌که‌ن به‌نامه‌ی حزب و که‌سێتیه ‌حزبییه‌کان داده‌مه‌زرێن و ئه‌وه‌ی له‌مه‌ی نه‌بێت ده‌بێته‌ فرۆشیاری ده‌ستی .
سه‌رۆک پێی وایه‌ که‌ گه‌نده‌ڵی ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌رکه‌س ده‌نکێ جۆی ماڵی پاشای خواردبێت و به‌خوانی ئه‌وان سوێند بخوات ئه‌وه‌ بۆ پشتاو پشت ده‌حه‌سێته‌وه‌و هه‌رچی بوێت بۆی ده‌چێته‌سه‌ر .
ئه‌م تاکه‌یان که‌باس له‌شه‌ره‌ف ده‌کرێت زه‌رده‌شت عوسمانمان بیر ده‌خاته‌وه ‌که‌ ته‌نها له‌به‌ر نامه‌یه‌کی کراوه‌ که ‌ده‌رده‌دڵی گه‌نجانه‌ی خۆی ده‌ربڕیبوو بێ ئه‌وه‌ی چاوی به‌چاوی کچێک که‌وتبێ یان ده‌ستی له‌ده‌ستی دابێت به‌تۆمه‌تی (ته‌عدا) کردن له‌شه‌ره‌ف خۆی و نامه‌که‌ی خرایه‌ژێر خاک .
سه‌رۆک داوای دۆزینه‌وه‌ی دیارده‌ی گه‌نده‌ڵیمان لێ ده‌کات ئێمه‌ش به‌رده‌وامین له‌سه‌ر ئاشکراکردنی ، په‌ستا په‌ستا گه‌نده‌ڵی بیر ده‌خه‌ینه‌وه‌که‌ڕه‌نگه‌ئه‌و به‌گه‌نده‌ڵی نه‌زانێت ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌ هه‌زاران به‌رپرسی حزبی ئه‌وان هه‌ریه‌که‌و به‌بیانووی (سکرتێره‌) ئافره‌تێکیان لێ داگیر کردووین و شه‌ره‌ف و که‌رامه‌تی ئێمه‌ی پی له‌که‌دار ده‌که‌ن و له‌خشته‌یان ده‌به‌ن و ڕه‌وشتیان ده‌کڕن به‌ پاره‌و ئۆتۆمۆبیل و دامه‌زراندن ، ئه‌وه‌هاوڕێکانی ئه‌م جووت سه‌رۆکه‌یه‌ که ‌یه‌که‌و دوو ژن یان زیاتر ده‌هێنن و نه‌خۆشییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان پتر ده‌که‌ن و ئه‌وانیش لێی بێ ده‌نگن .
ئه‌و جووته‌ سه‌رۆکه‌ پێیان وایه‌ که‌ تاکی ئه‌م وولاته ‌له‌به‌ر دامه‌زراندن و نزمی مووچه‌و نه‌بوونی کاره‌با و خزمه‌تگوزارییه‌کانی تر چاویان ئه‌م گه‌نده‌ڵی و گه‌نده‌ڵ کارانه‌ نابینێت .
گه‌نده‌ڵییه‌کان زۆرن به‌ڵام پێ ده‌چێت لای ئه‌م جووته‌یان نه‌بیندرێن یان به‌ گه‌نده‌ڵ نه‌ژمێردرێن . له‌جیهاندا ده‌رچوونی بڕیاری پشووی ڕه‌سمی له‌لایه‌ن سه‌رۆک وه‌زیرانه‌وه‌ ده‌رده‌دچیت که‌چی له‌م ووڵاتی یه‌ک جووت سه‌رۆکه‌دا هه‌ر له‌ پارێزگاره‌وه ‌تا به‌رێوه‌به‌ری ناحیه‌ بۆی هه‌یه‌ له‌سه‌ر خواستی حزب پشووی ڕه‌سمی ڕابگه‌یه‌نێت . سه‌رۆک به‌شوێن گه‌نده‌ڵیدا ده‌گه‌ڕێت که‌چی ئه‌وه ‌نابینێت که‌ یه‌کێتی قووتابیانه‌که‌ی له‌مه‌ڕ ئه‌و زانکۆ و به‌شه ‌ناو خۆییه‌کان داده‌خات و ده‌یان نێرێته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ی سه‌رۆکی زانکۆ یان مامۆستاکان یان وه‌زاره‌تی په‌یوه‌ندی دار یان ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ئاگای لی بێت (سه‌رۆکی وه‌زیران له‌په‌رله‌مان دانی پیادانا له‌دانیشتنی په‌رله‌مان رۆژی 9-3-2011)
هیچ تاکێک له‌م دوو سه‌رۆکه‌ ئه‌وه‌به‌ گه‌نده‌ڵی نازانن که‌هاو وولاتییه‌ک ده‌بێت له‌به‌رده‌م بچوکترین فه‌رمانبه‌ری فه‌رمانگه‌یه‌ک ماستاو بکات تا واژۆیه‌کی له‌سه‌ر مامه‌ڵه‌که‌ی بۆ ده‌کات ، سه‌رۆک خۆی تا ئێستا نازانێ ئه‌گه‌ر ئۆتۆمۆبیلێک بکڕێت چه‌ندی ده‌وێت تا ده‌یکات به‌ناوی خۆیه‌وه‌، تا ئێستا نه‌چوه‌ته‌ فه‌رمانگه‌یه‌ک بزانێ چۆن ده‌توانێ ناسنامه‌یه‌ک یان پاسپۆرت ده‌ربهێنێت ، ئیدی ئاگای له‌وه‌ نیه‌ که‌ ئه‌مانه‌ هه‌مووی ده‌بێت له‌رێگه‌ی پۆسته‌وه‌ بکرێت و هاو وولاتی پێویست ناکات به‌رده‌م فه‌رمانگه‌کان بگرن .
سه‌رۆکه‌کانی ئه‌م وولاته‌ پڕ له‌دۆلاره‌ پێیان وایه‌ گه‌نده‌ڵی ته‌نها ئه‌و جیاوازییه‌ گه‌وره‌ی مووچه‌ی وه‌زیر و په‌رله‌مانتاره‌و ، داهاتی خه‌ڵکی ساده‌یه‌، پێیان وایه‌ گه‌نده‌ڵی به‌ته‌نها هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌ر ئه‌ندام سه‌رکردایه‌تییه‌ک ئه‌وه‌ی به‌ بیست ساڵ نه‌یده‌توانی په‌یدای بکات ئێستا له‌ماوه‌ی چه‌ند مانگی ده‌ست به‌کاربوونیدا ده‌ستی ده‌که‌وێت .
یه‌کیکیان له‌م جووته‌ نازانێ بیست ساڵ له‌مه‌و پێش و له‌رێگه‌ی به‌رنامه‌ی که‌شکۆله‌وه ‌باس له‌(من این لک هژا ؟) کراوه‌ كه‌چی ئێستا به‌خۆمانی ده‌فرۆشێته‌وه‌و له‌کۆبوونه‌وه‌ی فه‌رمی حزبه‌که‌یدا ده‌ڵێ ده‌بێت کار له‌سه‌ر ئه‌وه‌بکه‌ین ، ئه‌مه‌دوای ئه‌وه‌ی که‌خۆیان تێر و پڕ کرد .
میلله‌تیش پێیان ده‌ڵێت ، ئه‌گه‌ر بیست ساڵ له‌مه‌و پێش وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئێمه‌تان ((من این لک هژا ؟ ) بدایه‌ته‌وه ‌ئێستا هه‌ریه‌که‌تان به‌شۆڕشگێڕ و نه‌خشێنه‌ری مێژوو ناوزه‌د ده‌کران ، به‌ڵام داخه‌که‌م واخه‌ریکه‌ کاتی به‌سه‌ر بچێت ، چونکه ‌ناکرێت ئێمه‌ش گه‌نده‌ڵی له‌لاپه‌ڕه‌کانی مێژوودا بکه‌ین ، چاره‌نووسی خۆتان به‌ده‌ستی خۆتان بوو ، ئێوه‌ له ‌بیری خۆتاندا بن ئێمه‌ش له‌دۆزینه‌وه‌ی بیری گه‌نده‌ڵیداین .
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە