داواكارى و پێشنیار تایبەت بە بەرنامەى تواناسازى
Friday, 30/09/2011, 12:00
بـــەڕێـــــز سەرۆكـــــــــى حكومەتى هەرێمى كوردستان
بەڕێز وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى
بابەت/ داواكارى و پێشنیار تایبەت بە بەرنامەى تواناسازى
سڵاو و ڕێز.........
بەڕێزان وەك لاتان ئاشكرایە كە بەرنامەى تواناسازى بەرنامەیەكە بۆ پەرەپێدانى بوارى زانستی مرۆیى یە لە هەرێمى كوردستان بە ڕەخساندنى هەلى خوێندن بۆ هەڵگرانى بڕوانامەى بەكالۆریۆس و ماستەر لە زانكۆ پێشكەوتووەكانى جیهان. ئەم بەرنامەیە هەنگاوێكى بوێرانەیە لە حكومەتى هەرێمى كوردستان بە تەرخانكردنى بڕى سەد ملیۆن دولار ساڵانە لە بودجەى هەرێمى كوردستان بۆ بەرەو پێش بردنى ڕەوتى خوێندن لە هەرێمى كوردستان كە ئەمە هیوا و ئاواتى هەموو زانستخوازێك و دڵسۆزێكى ئەم نیشتیمانەیە، بەڵام بەڕێزان ئەم بەرنامەیە بەدەر نیە لە كۆمەڵێك كەموكوڕى كە بەڕاى من وەك چۆن بەرنامەیەكى تواناسازیە بۆ ئەو پاڵێوراوانەى ناویان دەردەچێ لە هەمان كاتدا پاڵنەرێكى زۆر بەهێزە بۆ لەناوبردنى تواناكانى بەشێك لەو پێشكەشكارانەى كە ناویان دەرناچێت و هەلى خوێندنیان بۆ ناڕەخسێت بە هۆى ئەو پێوەرانەى كە لەم بەرنامەیەدا هەیە كە هەندێكیان لە ڕاستیدا زۆر دوورن لە بوونى دادپەروەرى و كارى ڕاستەوخۆى كردۆتە سەر بەشێك لە ئێمەى مامۆستایان و نەمان توانیوە لەم كێبڕكێە نادادپەروەرە ناومان دەربچێ ئەگەر چى هەموو پێداویستیەكانیشمان لەوپەڕى ئاست بەرزی دان بۆ نموونە بوونى ئۆفەرى خوێندن، ئاستى زمانى ئینگلیزى و گونجانى تەمەنمان بۆ خوێندن و هتد... كەواتە بەرزكردنەوەى تواناى هەندێك لەو پێشكەشكارانە و لەناو بردنى تواناى هەندێكى تر سوود بەم پڕۆسەیە بە شێوەیەكى كاریگەر و باش ناگەیەنێت.
من وەك بەشێك لەو مامۆستایانەى كە هەست بە بوونى زوڵمێكى بەرچاو دەكەین لە دەرنەچوونى ناومان بۆ دووەمین جار ئێوەمان هەڵبژاردووە تاوەكو داواكارى و سكاڵا و پێشنیارى خۆمان بۆتان بخەینە بەردەست چونكە ئێوەن بەرپرس لە چەسپاندنى دادپەروەرى بۆ هەموو پێشكەشكارێكى ئەم بەرنامەیە و هەنگاوى كردارى بهاوێژن بۆ نەهێشتنى نادادپەروەرى و ڕێگەگرتن لە لەناوبردنى تواناى هەر پێشكەشكارێك كە ئەمە ئەركێكى پیرۆزى ئێوەیە بۆ ئەوەى هەموومان بەیەكەوە بتوانین كار بۆ بەرەو پێش بردنى ڕەوتى زانستى بدەین و لە هەمان كاتدا ئەم جۆرە لە نادادپەروەریانە كار نەكاتە سەر لە دەست دانى هەستى ئینتیما بوون.
من وەك مامۆستایەك لە سۆنگەى دڵسۆزیمەوە بۆ بەرەو پێش بردنى ڕەوتى زانستى و بەرقەراربوونى دادپەروەرى چەند پێشنیارێك دەخەمە بەردەستى بەڕێزتان كە داواكارم خوێندنەوەى جدى بۆ بكەن بۆ پتەوكردن و چەسپاندنى دادپەروەرى لە پڕۆسەى بەرنامەى تواناسازى كە پێویستە بەرنامەى هەموومان بێت:-
1- جەخت كردن لەسەر بوونى نووسراوى لارى نەبوون لە بەشەكانى كۆلێژەكان بۆ پێشكەشكار وەك پێداویستیەكى سەرەكى پێشكەش كردن لەم بەرنامەیە لە كاتى پێشكەش كردنى پێداویستیەكان واتا پێش دەرچوونى ناوەكان نەك لە دواى دەرچوونى ناوەكان و ئینجا پێشكەشكار بەرپرس بێت لەسەر دابینكردنى نووسراوى لاری نەبوون، بەم هەنگاوە دەتوانین ڕێگرى لە دوو لایەنى نێگەتیڤ بگرین ئەویش یەكەم لە بەر ئەوەى لێژنە زانستییەكان و خوێندنى باڵا لە بەشەكان زیاتر و باشتر دەزانن كە پێویستیان بە كام بوارى زانستى هەیە نەك هەر یەكەو ئۆفەرێك بەدەست بهێنێ لە بوارێك بە هەوەسى خۆى كە زۆر جار ئەم بوارانە لە بەشەكان هەیە و پێویست ناكات, دووەم لایەنیش بەرجەستەبوونى دادپەروەریە چونكە بەشەكانى كۆلێژ باشتر دەزانن كە كێ لەبارترە و ئامادەسازى زیاترى تێدایە نەك لەدواى دەرچوونى ناوەكان داوا دەكرێت نووسراوى لارى نەبوون ئامادەبكرێت كە ئەمە جگە لە چاندنى تۆى دووبەرەكى لە نێوان مامۆستایان و سەرۆكایەتى بەش و ڕاگرایەتى كۆلێژ هیچى ترى لێناكەوێتەوە.
2- نەبوونى هاوسەنگى خاڵ لە نێوان تەمەن و ساڵانى خزمەت كە ئەمە ڕەواى حەق نیە بەرنامەیەك بۆ یەكەم جار لە مێژووى حوكمڕانى كورد بەرجەستە بكرێت بە شێوەیەكى وا ڕاستەوخۆ فەرامۆشى لە فاكتەرى ساڵانى خزمەت بكات ئەویش بە دانانى 15 خاڵ بۆ تەمەن كە بۆ هەر ساڵێك یەك خاڵ و نیو كەم دەكرێت وە تەنها 10 خاڵ بۆ ساڵانى خزمەت كە هەر دوو خاڵ بۆ یەك ساڵ خزمەت واتا تەنها پێَنج ساڵ لە خزمەت حیسابى بۆ دەكرێت و ساڵەكانى تر لە خزمەت كردن فەرامۆش دەكرێت واتا بە شێوەیەكى تر (یەكێك پێنج ساڵ خزمەتى هەبێت وە یەكێكى تر 10 ساڵ خزمەتى هەبێت ئەوا هەردووكیان هەر 10 خاڵ وەردەگرن) ئەمەش نادادپەروەریە، بەڕێزان پەیڕەو كردنى ڕێنماییەكان بەم شێوەیە تەنها سوود بە شێك لە پێشكەشكاران دەگەیەنێت ئەوانەى تەمەنیان و ساڵانى خزمەتیان كەمە كە ئەمە لە ڕووێكەوە زۆرباشە بۆ گەنجان دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت كە بۆ ئێمە نەڕەخسابوو لە ساڵانى پێشوو ئاوا بەشێوەیەكى فراوان بەڵام لە هەمان كاتدا زوڵم كردنە لە ئێمەش كە دەرفەتمان بۆ نەڕەخساوە لە پێشوودا و ئێستاش بەو جۆرە مامەڵە دەكرێت لە گەڵمان و فەرامۆشى ساڵانى خزمەتمان دەكەن كە هەر یەك لە ئێمە چەندین خزمەتى گەیاندووە بە كۆلێژ و بەشەكەى لە ماوەى ساڵانى خزمەت.
بۆیە من پێشنیار دەكەم كە هاوسەنگى دابنرێت لە نێوان فاكتەرى خزمەت و تەمەن بە شێوەیەك كەسێك سوودمەند نەبوو لە تەمەن ئەوا سوودمەند بێت لە ساڵانى خزمەت وە بە پێچەوانەش وەهەروەها سەقفى خاڵ بۆ ساڵانى خزمەت هەڵبگرێت.
3- مامۆستاى چاڵاك لە رووى ئیدارى و زانستى دەبێت خاڵى زانستى و ئیدارى بۆى دەستنیشان بكرێت و پێ ى بدرێت لەلایەن لێژنەیەكى دیاریكراو بە پێ ى (ژمارەى نووسراوەكانى سوپاس و پێزانین و توێژینەوەكانى)، بەڕێزان ڕەچاوكردنى پلەى زانستى پێشكەشكار بە تەواوەتى فەرامۆش كراوە بۆیە پێویستە جیاوازى هەبێت لە نێوان یەكێك توێژینەوە ئەنجام دەدات و چالاكى زانستى هەیە لەگەڵ كەسێكى تر كە چالاك نیە لەم بوارە، ئینجا چۆن دەبێت مامۆستاى وامان هەیە زیاتر لە 25 دانە سوپاس و پێزانینى هەبێت لە ساڵانى خزمەتكردن بەڵام هیچ حیسابێكى بۆ نەكرێت ئەى باشە جیاوازى چیە لە نێوان مامۆستاى كاراو مامۆستاى ناكارا؟
4- هەڵگرتنى جیاوازى لە نێوان ئۆفەرى مەرجدار و بێ مەرج بە تایبەتى بۆ بوارە زانستییەكان كە بە پێى زانیارى من زۆر ئەستەمە ئۆفەرێك لە زانكۆیەكى پێشكەوتوو لە بوارى زانستى بە دەست بهێنیت بێ ئەوەى ئەو زانكۆیە مەرجى هەبێت وە لە ڕاستیدا زۆر مەرج هەیە گرینگى زیاترە وە تێچووى دارایی زیاترە لەمەرجى زمانى ئینگلیزى وەك مەرجى نووسراوى ATAS كە تایبەتە بە پەیوەندى توێژینەوەكە بە چەكى كۆمەڵ كوژى كە هەندێ لە زانكۆكان وەك یەكێك لە مەرجەكان داواى دەكەن یان مەرجى كاركردن لە سەر هەندێ ئامێر كە لە زانكۆكە جار وایە دەست ناكەوێت ئەمانە بە تایبەتى بۆ بوارە زانستییەكان كە هەمووى مەرجن و هەندێ جار پێویستیان بە تەرخانكردنى داریى زۆر هەیە بەڵام لە بەرنامەى تواناسازى تەنها بیر لە مەرجى زمان دەكەنەوە كەچى دوایش هەر حكومەت بۆ ماوەى ساڵێك بەرپرس دەبێت لە تێچووى كۆرسى زمان ئەى ئەو مەرجە لە چیدا گرینگى هەیە كاتێك پێشكەشكارێك ئاستێكى بەرز یان نزمى هەبێت لە زمان بۆیە پێویست دەكات ئەم جیاوازیە هەڵبگیرێت لە نێوان ئۆفەرى بەمەرج و بێ مەرج ئەمەش بە شێوەیەك كە 10 خاڵ بۆ كەسێك ئۆفەرى بەدەستهێناوە وە هیچ خاڵێكش بۆ نەبوونى ئۆفەر دابنرێت چونكە بەدەستهێنانى ئۆفریش دەكرێت بە چالاكى زانستى هەژماربكرێت بە تایبەتى ئەوانەى لە ڕێگەى هەوڵدانى خۆیان ئۆفەر بەدەست دەهێنن.
5- هەژماركردنى نمرەى بڕوانامەى ماستەر بۆ خوێندنى دكتورا لە كاتى پێشكەش كردن بۆ ئەم بەرنامەیە ئەركێكى پیرۆزى ئێوەیە وە بەرپرسیارەتیەكى گەورەیە بەرامبەر ئەو هەموو بڕوانامەى ماستەرانەى كە هەڵبەتە لە بەش و كۆلێژى جیا جیا بە خشراوە بە زانستخوازەكان دواى ڕەنج و ماندووبونێكى زۆر ئەمەش بە دانانى پەیوەندییەكى ماتماتیكى كە لە 60% لە سەر نمرەى بڕوانامەى ماستەر و 40% لە سەر نمرەى بڕوانامەى بەكالۆریۆس هەژمار بكرێت بۆ خوێندنى دكتورا. بەڕێزان هەژمارنەكردنى نمرەى بڕوانامەى ماستەر گومان درووست دەكات لە سەر بڕوانامەكان گومانیش لە سەر بڕوانامە واتا گومان لە لێژنەكانى زانستى و خوێندنى باڵاى بەش و كۆلێژ وە لەكۆتایشدا گومان دەخاتە سەر زانكۆیەكەش وە بەڕاى ئێمە فەرامۆشكردنى بڕوانامەیەك واتا فەرامۆشكردنى ڕەوتى خوێندنە لە زانكۆكان.
6- تەرخانكردنى كورسى خوێندن بۆ بەشە زانستییەكان بە ڕێژەیەكى زۆرتر لە بەشە مرۆڤایەتییەكان ئەمەش بە هۆى نەبوونى یان كەمى زەمینەى خوێندن لە بەشە زانستییەكان.
7- دانانى لێژنەیەكى تایبەت بۆ چاوپێكەوتن لە گەڵ ئەو پاڵێوراوانەى ناویان دەردەچێ ئەگەر چى هیچ خاڵێكیش لە سەر ئەم چاوپێكەوتنە نەبێت بەڵام خۆ هەر هیچ نەبێ دەبێت حكومەت دڵنیا بێت لە ئاستى زانستى و مەعریفى ئەو كەسەى دەینێرێت بۆ دەرەوە ئەمەش لە ڕێگەى ئەنجامدانى چاوپێكەوتن لە گەڵ ئەم پاڵێوراوانە.
8- نەبوونى پاڵێوراوى یەدەك لە كاتى دەرچوونى ناوەكان بە تایبەتى لە بەرنامەى تواناسازى بۆ جارى دووەم خاڵێكى ترى لاوازە لەم بەرنامەیە چونكە نموونە زۆرە لە سەر ئەوەى كە زۆر جار ئەوانەى ناویان دەرچووە نەیان توانیوە بەردەوام بن بە هۆى خوێندن لە ڕێگەیەكى تر یان دەستنەكەوتنى نووسراوى لارى نەبوون یان بە هەر هۆیەكى تر بێت، بۆیە پێویست دەكات بۆ هەموو پاڵێوراوێكى ڕەسەن ئەوا پاڵێوراوێكى یەدەكیش هەبێت.
بەڕێزان بۆ لە ناو نەچوونى تواناى مرۆڤەكان وە بۆ بەرجەستە بوونى دادپەروەرى كۆمەڵایەتى و زانستى تكاتان لێدەكەین كە گرینگى بدەن بە خوێندنەوەیەكى تەواوى ئەم بابەتە و هەنگاونان بە شێوەیەكى كردارى، ئێستا قوتابى خۆمان بە خۆشحاڵیەوە پێش ئێمە ناوى دەرچووە لە دكتورا كەچى خزمەتى تەنها یەك ساڵە ئێمەیش زیاتر لە 10 ساڵە خزمەت دەكەین لەم زانكۆیە و توانیتمان چەندین توێژینەوە ئەنجام بدەین لە بوارى جیا جیاى خۆمان وە بەشدار بوون لە كۆنفرانسى زانستى بە توێژینەوە لە دەرەوەى ووڵات وبە دەست هێنانى ئۆفەر لە زانكۆى ئاست و پلەى بەرز ناتوانین سوود لەم دەرفەتە وەربگرین. ئێمە تەنها دەمانەوێَت وەك توێژەرێك كە هەموو مەرجێكمان ئامادەیە بوارێكمان بۆ بڕەخسێنن تا بتوانین تواناكانمان بۆ خزمەتكردنى ئەم ڕەوتە و ئەم میللەتە پیرۆزە بەكاربهێنین، پەرۆشى بەڕێزتان بۆ هەموو كوردێك بە تایبەتى ئێمەى مامۆستاى دواڕۆژى زانكۆ و بنیاتنەرى ئایندەى ووڵاتەكەمان مایەى خۆشحاڵى و سەرفرازیمانە، سەركەوتنتان هیوامانە.
لەگەڵ ڕێز و سوپاس
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست