بەشێک لە بیرەوەریەکانم لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (بهشی دووهم)
Monday, 13/08/2012, 12:00
پەکەکە ئەو هێزە لەبن نەهاتووەیە، سەرەڕای ئەو هەموو دوژمن و نەیار و پیلانە ناوخۆ و نێو دەوڵەتیانە، کەچی ئەم هیزە هەر بەرەو پێش دەچێت! نهینی ئەوە لەچیدایە؟ بەهیوای ئەوەی لەڕیگای گێڕانەوەی ئەم چەند یاد و بیرەوەریەم لەگەڵ پۆلێک گەریلاو سەرکردەی وەک هەڤاڵ جومعە وەڵامیکم بەو پرسیارە دابێتەوە!
بەدوای شەڕی خیانەتی ساڵی ١٩٩٢ کە یەکێتی و پارتی وەک یەکەم دەستکەوتی دەسەڵاتەکەیان ئەم شەڕە کوردکوژییهیان بەرامبەر بە پەکەکە ئەنجامدا، هەرچەند لێرە ئەو بوارە نییە بچمە نێو وردەکاریەکانی ئەو شەڕەوە، ئەوە بۆ کەسانی تر جێدەهڵێم، کە زانیاری زیاتریان لایە! چونکە بابەتەکە تەنیا بیرەوەرییە، بەڵام هەڤاڵ عاکیف زۆر شتی بۆ دەگێڕامەوە. یەکەم جاریش بوو باسی گەورەیی هەڤاڵ جومعەم بۆ بکا، هەڤاڵ عاکیف دەیووت سەرەتای شەڕی خیانەت تەنیا هیزەکانی پارتی بوون کە نەیان دەتوانی پێشڕەوی بکەن توانیمان بەرگرییەکی باش بکەین، بەڵام دواتر هێزەکانی یەکێتی هاتن، ئەوان شەڕکەرێکی باش بوون ئەوسا ئێمە شکاین، لەسەر ئەم شەڕە ئەنجامەکانی سەرۆک ئاپۆ هەموو بەرپرسە باڵاکانی سزادا، چونکە دەبوایە بەهەر نرخێک بوایە خۆیان لەم شەڕە لابدایه لەکاتێکدا نەیانتاوانیوە سەرکەوتن مسۆگەر بکەن ، تەنیا هەڤاڵ جومعە نەبێت، سەرۆک ئاپۆ خۆی بە سەرۆک بانگی دەکات.
دوای شەڕی خیانەتی ١٩٩٢ تەواویی هێزی سەربازیی پەکەکە هێنرانە گوندی زەڵێ لەسەر سنوری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، یەکێتی هەر زوو کەوتەوە دۆستایتی و هاتوچۆی پەکەکە، هەرچەندە لە ژێرەوە شتێکی تر دەگوزەرا:
نمونەیەکی بەرچاو.
حاجی شێنیەیی کە شوفێری بەردەوامیان بوو، هەمیشە لەگەڵیاندا بوو، لەلایەن یەکێک لە بەرپرسەکانی یەکێتیەوە داوای لێکرا بوو، کە زانیاریان لەسەر ژمارە و کاتی هاتووچۆ، تەنانهت وێنەیان بگرێت پێیان بدا، حاجی شۆفیریش ئەم داوایەی ڕەت کردبۆوە و هەواڵاکەی بە هەڤاڵ عاکیف راگەیاندبوو، دواتر لەکاتی کڕینی چەک و تەقەمەنی بۆ هەڤاڵان، بەهۆی تەقینەوەی ڕۆمانەیەکی دەستی، حاجی شوفێرە دڵسۆزەکەی پەکەکە گیانی لە دە ستدا.
یەکەم هێرشی فرۆکەکەکانی تورکیا بۆ سەر بارەگاکانی پەکەکە لە گوندی (زەڵێ)
لە هێرشێکی کتو پڕدا زیاتر لە دەیان فرۆکەی جەنگی تورکیا بۆ چەند کاتژمێرێک کەوتنە بۆمبابارانکردنی بنکە و بارەگاکانی پەکەکە، هەڵبەتە زیانی مادی و گیانی هەبوو.
دواتر پارتی لە ڕیگای سیخوڕێکیەوە داوای کردبوو، کە زەرەر و زیانەکانی ئەم ڕۆژە بە ڕاپۆرت بنێری تا ئەوانیش بیدەنە تورکیا! ئەم بەڵگەیە لە لقی ١١ی پارتی دەست یەکێتی کەوت لەکاتی شەڕی ناوخۆدا.
دواتر لە بەر دوورە دەستی، بارەگاکانیان گواستەوە بۆ نزیک گوندی (باداوان) لەسەر ڕیگای ڕانیە/ خەلەکان، ئەم شوێنەیە لە ڕووی ئاسایشەو زۆر باش نەبوو وەکو زەڵێ..
هەر دوای چەند مانگێک جارێکی تر فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا هیرشی ئاسامانییان کردەوە سەر بارەگاکان ئەمجارە سەر لەبەیانی بوو، هەموو خەڵکی ناوچەی ڕانیە و بیتوێن ئاگادار بوون فڕۆکەکان زۆر نزم دەبوون.
ئەو شەوە هەڤاڵ عاکیف لە ماڵی ئێمە بوو، کاتێک دەنگی فرۆکەکەنمان بیست بەپەلە بەڕێ کەوتین بەرەو {باداوان} تا گەیشتینە ئەوێ فڕۆکەکان ئاسمانی ئەو ناوەیان جیهێشتبوو، خەڵکێکی زۆر بۆ پشتیوانی و دڵنەوایی هاتبوون، قایم مەقامی ڕانیە و بەرپرسانی یەکێتی لەناوچەکەش لەوێ ئامادە بوون، بەشێک لە گوندی باداوانیش زیانی مادییان بەرکەوتبوو، ئەوەی من بزانم شەهید و بریندار هەبوو لە ڕیزی گەریلاکان، ئەوسا هەڤاڵ لوقمان بەرپرسی ئەوێ بوو..
سەدان کەس چاوڕێ بوون بچن بۆ ناو بارەگاکان بەڵام هەڤاڵ عاکیف ووتی ناکرێت ئەو هەموو خەڵکە بەرینە ناو بارەگاکان بۆیە داوای لێبوردن و سوپاسی کردن، تەنیا چەند کەسێک لەبەرپرسانی یەکێتی و دۆستەکانیا ڕێگایان پێدرا بچینە سەردانیان.
کەچوینە ناوەوە هەڤاڵ لوقمان لە پێشوازیماندا وەستا بوو کەئەوسا ئەو بەرپرسی بارەگا بوو ، هەڤاڵ عاکیف یەکەبەیەکە بەرپرسو دۆستەکانی بەهەڤاڵ لوقمان ناساند کەگەیشتە سەرەی من هەڤاڵ عاکیف منی نەناساند ئەو وای دەزانی من و هەڤاڵ لوقمان پێشتر یەکترمان دیووە ،
نوکتەیەکی دواتر:
دوای ماوەیەک ڕۆژێک چوم بۆ سەردانی مەڵبەندی ٨ی ڕاپەڕین، بینیم کۆمەڵیک جوتیار دانیشتبوون هەر لەدورەوە یەکێک لەئەندامانی مەڵبەند هاواری کردو ڕوی لە میوانەکان کرد، ووتی خاڵەگیان داوای قەرەبوو لەم کەسە بکەن ئەو دەتوانی قەرەبوتان بۆ دابین بکات، منیش ئاگام لەهیچ نەبوو، ووتم چی بووە؟
بەرپرسە یەکیتیەکە ووتی ئەوانە دانیشتووی گوندی باداوانن، لەکاتی بۆرومانکەی تورکیا چەن خانویەکیان ڕوخاوەو داوای قەربوو دەکەنەوە، ووتم باشە بۆ هاوکاریان ناکەن، ئەویش ووتی ئەوە دەبێ تۆ بیکەی.
ووتم بۆچی من ؟
ئەویش ووتی بیرت دێ رۆژی بۆردومانەکە هەڤاڵ عاکیف هەموومانی بە هەڤاڵ لوقمان ناساند بەڵام بۆ تۆ هیچی نەوت ، کەواتە تۆ هەموویان دەناسی و لەوێ دەستت دەڕوا
منیش ووتم من جگە لەدۆستێ بۆ ئەوان هیچی تر نیم. لەگەڵ میوانەکایش قسەم کرد کەئەو ئەرکە لەئەستۆی بەرپرسانی یەکێتیە قەرەبوتان بکەنەوە، پاشان پەکەکە وەک هیزێک ئەمڕۆ لەشەڕ دایە! لەگەڵ سەرسەخترین داگیر کەرو دوژمنی کورد، دەبێ ئێمە هاوکاریان بکەین، ئەوانیش ووتیان ڕاست دەکەی ئێمەهیچ داوایەکمان لەوان نیە ئەوانمان زۆر خۆش دەوێت و میوانی ئازیزی ئێمەن.
یەکەم دیدار لەگەڵ هەڤاڵ جومعەدا.
ڕۆژێکیان هەڤاڵ عاکیف ووتی، هەڤاڵ جومعە لێرە بوو لە ڕانیە، لەماڵی بەپرسانی یەکێتی بەڵام ئەو حەزی لەو ڕەسمیات و پەیوەندیانە نیە، داوای کرد ، کە بیبەمە ماڵە دۆستێکی خۆمان، تەلەفۆنم بۆکردن کەچی تۆ لەسلێمانی بووی، ووتم بەداخەوە، بەڵام ئەمجارە بیهێنە بۆ ماڵی خۆمان..
ووتی لەم چەند ڕۆژانە دەچینە هەولێر هەڤاڵ جومعەش دێت ووتم زۆر باشە.
بەیانیەکی زوو هەڤاڵ عاکیف و هەڤاڵ جومعە هاتنە بەردەم ماڵمان ووتیان دەچین بۆ هەولێر، ووتم با هەڤاڵ جومعە لەگەڵ لاندکرۆزەکەی من سوار بێت، چەن هەڤاڵی تر لەگەڵ لاندکرۆزەکەی خۆیان سوار بوون..
ئەوان لەپێشەوەو ئێمە لەدواوە تا سەیتەرەکەی چنارۆک، سەیارەکەی تر کە شەهید حاجی لێی دەخوڕی لەهەموو سەیتەرەکانی دەوەستا، منیش ووتم ئاوا نابێت با ئەو دوامان بکەوێت، من لەسەیتەرەکان ناوەستم تەنیا سەلامێک دەکەم و هۆڕنێک لیدەدەم
دەمزانی هەڤاڵ جومعە چەند بەنرخەو تورکیا بەملۆیۆن دۆلاری بۆ میتی ناو پارتی سەرف دەکرد تا هەواڵیکی ئەویان دەست کەوێت، هەڤاڵ جومعە ئەوسا وەک کەسی دووەمی ناو پەکەکەدوای سەرۆک ئاپۆ، بەڵام لەڕاستیدا لە ڕوی پراکتیکەوە کەسی یەکەم بوو .
ئەو سەردەمە شەڕی ناوخۆی ناو یەکیتی و پارتی بوو، هەولێر بەدەست هیزەکانی یەکێتیەوە بوو، بەڵام کەسنەزان لەبەردست پارتیدا بوو، بۆ هاتنە ناو هەولێر دەبوایە لە دیگەڵەوە بهاتیتەوە قوشتەپە کە ڕیگایەکی دورترو ناخۆش بوو، بۆیە من ڕێگای کەسنەزانم هەڵبژارد بەناو پارتیدا هەرچەندە زۆر مەترسیدار بوو!!بەڵام بە حوکمی ئەوەی من ئەندامی لیژنەی باڵای بزوتنەوەی جوتیاران بووم هەمیشە بەچەک و پاسەوانەوە هاتوو چۆم دەکرد، کەس ڕێگری لێ نەدەکردم.
بازگەی یەکەمی پارتی تەنیا سڵاوێکم کردو بە هۆڕنێک بە خێرایی تێپەڕیم، سەیارەی دوەمیش بەدوامداهات ، بازگەی دووەمیش هەر بەهان شێوە بەبێ هیچ ڕێگریەک چوینە ناو هەولێر.
لەهەولێر چوینە ناو بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتیەوە،هەڤاڵ جومعە لوێ مایەوە، خۆشمان چوین بۆ بارەگاکانیان لە عەنکاوە.
نیوەڕۆ لەکاتی نانخواردندا، لەبارەگاکەی عەنکاوەیاندا، کۆمەڵیک گەریلای بریندار لە باکورەوە هاتن، هەڤاڵ جومعە ووتی دەبێ ببورن من دەچمە ژورەکەی ئەو دیو لەگەل گەریلا بریندارەکان نان دەخۆم، دەزانم ئیستا چەند دڵخۆش دەبن کەمن نانیان لەگەل بخۆم تۆزێک باسی شەڕەکانی خۆیانم لە باکور بۆ بکەن..سەیرکەن لەگەورەیی ئەم سەرکردەیەوە ئەوانی لای خۆشمان.
دوای چەند ڕۆژێک جاریکی تر هەڤاڵ عاکیف ووتی دەبێ بچیەنەوە هەولێر، بۆ هێنانەوەی هەڤاڵ جومعە، بەهەمان ڕێگاو بەسەلامەتی گەراینەوە،کەگەیشتینە ناو ڕانیە ووتم باچینە ماڵەوە بۆ پشودان و نان خوارد، بەڵام هەڤاڵ جومعە ووتی باشتر وایە، خورادن بکڕین و بچینە لەرێگای دۆلێ لەشوێنێک بیخۆین..
خواردن و پێویستیەکانمان کڕی و لەنزیک گوندی پڵنگان دانیشتین، دەبوایە چاوڕێی ئیوارەمان بکردایە لەترسی فڕۆکەکانی تورکیا، ئەمڕٶژە هەم وەک سەیران وابوو، هەم لەنزیکەوە دەیان قسەو پرسیارم لەهەڤاڵ جومعە کرد، هەرچەند قسەت لەگەڵ ئەم مرۆڤە مەزنە دەکرد، زیاتر خۆشت دەویست، لەهەموو شتێک دەچوو لەبەرپرس نەبێت، کەهێندە خاکی و هیمن وخۆ بەکەمزان بوو..
دوای خۆر ئاوا بوون گەڕاینەوە بارەگاکەیان، سەیارەکانمان وەستاندو خۆمان بەپێ چوینە ناو ەوە، لەڕێگا چەند چڵە فەریکە نۆکێک کەوتبوو، هەڤاڵ جومعە وتی ئەمانە چین یەکێک لەپاسەوانەکان ووتی، فەریکە نۆکەو جار جارە هەڤاڵان دەیهێنن لە نزیکە هی جوتیارەکانە، هەڤاڵ جومعە زۆر توڕە بوو، وتی بەیانی زوو دەچن بۆسەردانی ئەو شوێنەو پارەکەیان بەزیادەوە دەدەنەوە ، جارێکی تریش گەریلایەک دەست بۆ چڵە نۆکێک بەرێ خۆم سزای دەدەم، ئێمە هاتووین خزمەتی خەڵک بکەین ، نەک بەرەهەمەکانیان بخۆین، حەزتان لەهەر میوەو شتێکە داوا بکەن با بۆتان بێت.
تا شوێنە تایبەتیەکەی خۆی لەگەڵی چوین، ووتی ئەوە شوێنی منە، زۆر قایمە پێم وانیە هیچ بۆمبێک کاری تێبکات، دوای پشویەکی کەم، من گەڕامەوە.
دوای ماوەیەک تەلەفزیۆنێکی تورکی بەناوی((HBB، کاتێک چاو پێکەوتنیان لەگەڵ مام جەلالدا کرد، یەکێک لە پرسیارەکانی کەناڵەکە ئەوە بوو، کە گوایە لەماوەی ڕابوردودا یەکێک لەبەرپرسە گەورەکانی پەکەکە سەردانی ئێوەی کردووە لە هەولێر، مام جەلایش نکوڵێ لەوە کرد، ووتی شتی ئاوا نەبووە.
دواتر لەگەڵ هەڤاڵ عاکیف باسی ئەو چاوپێکەتنەمان کردو بە پێکەنیەوە ووتمان تۆبڵێ پاسەوانەکانمان ئەو هەواڵەیان دابیتە تورکیا، یاخود هەر لەناو بارەگای مەکتەبی سیاسی ئەم هەواڵە گەیشتۆتە ئەوان.
ماڵئاوایی هەڤاڵ عاکیف
نوکتەکەی کاتی خۆی کە هەڤاڵ عاکیف لەمەر ئەو گوندەی یەکەمجار سەردانیان کردو، لەگەڵ ماڵی ئێمەش هەر ئاوا بوو، بەڵام باش بوو مناڵەکانی ئێمە منداڵ بوون دەنا ئەوانیشیان دەکردە گەریلا.
هەڤاڵانی پەکەکە کەمتر باسی ژیانی تایبەتی خۆیان دەکرد، بەڵام بە حوکمی نزیکی من و هەڤاڵ عاکیف رۆژێکیان لەماڵی خۆمان دانیشتبووین، هەڤاڵ عاکیف باسی خۆشەویستی خۆیی و هاوسەرەکەی بۆ کردم، ووتی
زۆر یەکترمان خۆش دەویست، دواتر من تەڤلی هەڤاڵان بووم، ئاگام لێی نەما، ئەویش دوای چەند ساڵێک هاتبۆوە ڕیزی گەریلاکان، هەرچەندە یەکترمان نەبینی، بەڵام لەڕێگای نامەیەکەوە کە بۆی نوسیبووم، زانیم هاتوە بەڵام بەهۆی نەخۆش کەوتنی نەیتوانیوە بمێنیتەوە بۆیە هەڤاڵان پێشنیاریان کردووە بگەڕیتەوە ڕۆژ ئاوای کورستان، بەڵام لەوساوە هیچ هەواڵێکی نازانم، هەستم کرد لەکاتی گێڕانەوەی ئەم بەسەرهاتەدا چاوەکانی پڕ بوون لەفرمێسک کەباسیان لە خۆشەویستیەکی گەلێک گەورە دەکردبەڵام بەلای ئەوانەوە خۆشەویستی بۆ ئازادی وڵات گەلێک گەورە ترو پیرۆز ترە، بۆیە ئەوان سەرقاڵی خۆشەویستە مەزن و نەمرەکەی ڕزگاری گەل و وڵاتن ، ئیتر بۆ لەومەلا هەرگیز پرسیاری ترم لەو بارە نەکرد..
ڕۆژێکیان لەکاتی گەڕانەوەم بۆ ماڵێ بینیم هەڤاڵ عاکیف بێشکەی (هاڤی(کوڕەکەم ڕادەژەنی و ماڵەوەشمان خەریکی خوارد کردن بوون، بە پێکەنینەوە ووتم ئەوە چیە هەڤاڵ، ووتی چی بکەم هاتین بۆ ئێرەو برسیمان بوو داوای خواردنمان کرد، هەڤاڵ (سەمیرە(ش ووتی ئەگەر یەکێکتان بێشکەکە رانەژێنن، ناتوانم خواردنتان بۆ دروست بکەم چونکە گریانی)هاڤی(کوڕم هەموو سنورەکانی تێپەڕاند بوو، بۆیە منیش ناچار ئەوە بکەم..
دوای نان خوارندن، هەڤاڵ عاکیف ووتی من جێتان دێڵم دەچم بۆ باکور، هەڤاڵێکی تر لەجێگای من دێتە ئێرە، بەڵام ئەمشەو دەبێ هاوکاریم بکەیت لە حیسا بو کیتابی ئەو مانگە.
شەو دەستمان کرد کۆکردنەوەی خەرجی وسەرف کردنەوە، لەگەڵ ئەو پارانەی کە هەڤاڵ عاکیف لەبەشی دارایی وەری گرتبوو، خەرجیەکان زیاتر لە یەک ملیۆن دینار بوو، بەڵام نزیکە ٧٠٠ دینارێک دیار نەبوو، سێ جار بە حیسابەتاکاندا چووینە، کەچی ئەو بڕە پارەیە هەر دیار نەبوو، منیش ووتم چی دەبێت ئایا توشی لێپیچینەوە دەبیت؟
ئەویش ووتی، نا بڕوا ناکەم، منم بۆیە دەنا ئەگەر هەڤاڵیکی تر بێت ڕەنگە لێپیچینەوەی لەگەڵ بکریت، پاشان ووتی کێشە لەو بڕە پارەیە نیە، ئەوە دیسپلین و پەروردەی ئێمەیە. ئەو پارەیەش کەدیار نیە ڕەنگە هی بەنزین تێکردنێک یان نان خوردنێک کەنەمان نوسیوە..
هەڤاڵ عاکیف ماڵئاوایی لێ کردین، ئەو ڕۆژە ماڵمان وەک پرسەیەک وابوو، هەستمان کرد برایەکمان جێمان دەهڵێت، هەڤاڵ عاکیف وەک ئەندامی خێزانەکەمانی لێهاتبوو، ئیستاشی لەگەڵ دابێت،بیری دەکەم،نازانم چی بەسەرهات و لەکوێ شەهید بوو.یادت بەخێر هەڤاڵ لەهەر شوێنێکی ئەم دونیایەیت و لەکام بستە خاکە چاوە ماندوو نەناسەکانت لێک ناوە!
چاوەڕوانی بەشی سێهەم بن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست