کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)

مستەفای حەسەنە گەورە

مستەفای حەسەنە گەورە ئەندامی ستافی کوردستانپۆست و ئەندامی دەستەی بەرێوەبەری بەرەی خەڵک، رۆژی (07 / 05 / 2020) لە وڵاتی دانیمارک بەهۆی نەخۆشی کۆڕاناوە کۆچی دوایی کرد.

https://www.facebook.com/profile.php?id=100063475880088


مسته‌فای حه‌سه‌نه‌ گه‌وره‌: کوردستانپۆست به‌پێی یاسای ئه‌وروپی کاری رۆژنامه‌گه‌ریی ده‌کات

Wednesday, 20/02/2013, 12:00


چاوپێكه‌وتن: ناسح عبدالرحیم
كوردستانپۆست كه‌ی دامه‌زراوه‌؟ ئامانج و مه‌به‌ست له‌ دامه‌زراندنی سایتێكی وه‌ها چی بوو؟
مستەفاى حسن گەورە: کوردستانپۆست وه‌ک یه‌که‌م سایتی کوردیی، له‌ رۆژی 25 / 1/ 1999 له ‌سه‌ر تۆڕی ئینته‌رنێت به‌ناوی کوردستانی ئه‌مڕۆ (http://www.kurdistan-today.com) دروست بوو، هاته‌ نێو راگه‌یاندنی کوردییه‌وه‌، له‌ رۆژی 1 / 5 / 2001 ناوه‌که‌ی گۆڕدرا بوو به‌ کوردستانپۆست. له‌و کاته‌دا بڕوا ناکه‌م سایتێکی دیکه‌ش بوونی هه‌بووبێت، هه‌رچه‌ند تاک و ته‌را هه‌ندێک که‌س بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر کورت سایتیان تۆمار کردووه‌، به‌ڵام دوای ماوه‌ی چه‌ند مانگێک کوژاونه‌ته‌وه‌ و نه‌ماون، ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ نه‌بم ده‌توانرێت بگووترێت که‌ کوردستانی ئه‌مڕۆ (کوردستانپۆست) یه‌که‌م سایتی کوردیی بووه‌ له‌سه‌ر تۆڕی ئینته‌رنێت، نه‌ک ته‌نها ئه‌مه‌ به‌ڵکو‌ کوردستانپۆست وه‌ک یه‌که‌م سایت پیتی کوردی (فۆنتی کوردیی) به‌کار هێناوه‌، جگه‌ له‌وه‌یش له‌گه‌ڵ زۆر کار و چالاکیی تریشدا یه‌که‌م سایت و پێشه‌نگ و سه‌رقافڵه‌ بووه‌. هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ وای کرد ناوی کوردستانپۆست له‌ چاو هه‌موو سایته‌کانی دیکه‌دا‌ ناوبانگی هه‌بێت. هه‌ڵبه‌ته‌ مه‌به‌ست و ئامانجی سیاسیی هۆکاریش بووه‌ بۆ دامه‌زراندنی کوردستانپۆست‌، جگه‌ له‌لایه‌ن فیکریی و رۆشنبیرییه‌که‌ش‌.


- ئایا نموونه‌ی هاوشێوه‌ی ماڵپه‌ری كوردستانپۆست له ‌ووڵاتانی تردا هه‌یه‌؟
مستەفاى حسن گەورە: له‌ هه‌ر وڵاتێکدا ئازادیی راگه‌یاندن نه‌بێت، سیسته‌مێک و سه‌ردارێکی دیکاتۆری به‌ڕێوه‌ی به‌رێت، نمونه‌ و هاوشێوه‌ی ده‌یان ماڵپه‌ڕی وه‌کو کوردستانپۆستی تێدا سه‌رهه‌ڵده‌دا، ئه‌مه‌ راستییه‌کی مێژووییه‌، ئه‌و مێژووه‌ش ئێمه‌ی دروستکردووه‌، له‌ حاڵی حازردا جگه‌ له‌ سایتی عه‌ره‌ب تایمز هیچی دیکه‌م له‌ خه‌یاڵدا نییه‌،، هه‌ڵبه‌ته‌ له‌ ئه‌مه‌ریکای لاتینیش و ئه‌فه‌ریقادا نمونه‌ی وه‌ک کوردستانپۆستی زۆره‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زمانه‌کانیان نازانم ناتوانم ده‌ست بۆ یه‌کێک له‌و نمونانه‌ی تر درێژ بکه‌م.


- ئێوه‌ وه‌ك سایتی كوردستانپۆست چ شتێك له‌لاتان ته‌شهیره ‌و چ ته‌شهیر نییه‌؟
مستەفاى حسن گەورە: ئه‌م پرسیاره‌ی ئێوه‌ رامانده‌کێشێت بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ره‌تا بیر له‌ پێناسه‌کردنی ته‌شهیر بکه‌ینه‌وه‌، کاتێک پێناسه‌که‌ش ده‌که‌ین ئیتر ئه‌وه‌ خوێنه‌ر ده‌توانێت قه‌زوات بدات، که‌ ئایا ئێمه‌ ته‌سهیر ده‌که‌ین، یان قسه‌ له‌سه‌ر واقیعی که‌سایه‌تییه‌کان ده‌که‌ین. ته‌شهیر به‌ واتا بوختان، قسه‌هه‌ڵبه‌ستن. جنێویش به‌ واتای‌ قسه‌ی ناشریین و سووکایه‌تیی کردن. خاڵی هاوبه‌شی جنێو و ته‌شهیر، تێکشکاندن، وردکردن و بێنرخکردنی که‌سایه‌تییه‌یه‌‌.


- بیرتان له‌وه‌ نه‌كردووته‌وه‌ سایتی كوردستانپۆست بهێنه‌وه‌ بۆ كوردستان؟
مستەفاى حسن گەورە: به‌ڵێ بیرمان لێکردۆته‌وه‌، ئه‌ویش کات و سه‌رده‌می گونجاوی خۆی هه‌یه‌، بۆ هاتنه‌وه‌.کاتێکیش کوردستانپۆست بهێنینه‌وه‌ بۆ کوردستان، به‌و مانایه‌ ده‌بێت ئێمه‌ خۆمان بخه‌ینه‌ ژێر کۆنترۆڵی ده‌سه‌ڵاتی کوردیی و ئه‌و یاسایه‌ی که‌ بۆ کاری رۆژنامه‌گه‌ری داناوه‌. ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌ ئه‌وه‌یش بێت ئه‌وا ده‌یان سایت و رۆژنامه‌ و گۆڤاری دیکه‌ش هه‌ن، بوونی ئێمه‌ وه‌کو ئه‌مه‌ی ئیستا هه‌ین، هیچ بایه‌خێکی نامێنێت و روولمان که‌متر ده‌بێته‌وه‌. ئێمه‌ له‌ کوردستاندا ناتوانین له‌ ژێر سایه‌ی ئه‌و سیسته‌مه‌دا گه‌شه‌ بکه‌ین و به‌ خۆمان بڵێن ئازادین.


- په‌یوه‌ندیی نێوان سایتی كوردستانپۆست و میدیای ئه‌هلی له‌ كوردستان له‌ چ ئاستێكدایه‌؟
مستەفاى حسن گەورە: ئه‌وه‌ی که‌ خه‌ڵکیی به‌ میدیاوه‌ به‌ستۆته‌وه‌ راستگۆیی و متمانه‌یه‌، ئه‌مڕۆ خه‌ڵکی ئه‌و متمانه‌یه‌ی نه‌ماوه‌، هه‌رچه‌نده‌ به‌ زاره‌کی نابینرێت، لێ هه‌ستی پێده‌کرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو که‌موکوریه‌ی که‌ کوردستانپۆست هه‌یه‌تی، هێشتا ئێمه‌ متمانه‌ی خۆمان له‌لای گه‌لی خۆمان نه‌دۆڕاندووه‌، بۆ راستگۆییش، ئه‌وه‌نده‌ ده‌زانین، که‌ ئێمه‌له‌گه‌ڵ خۆماندا راستگۆین، خه‌ڵکه‌که‌ش‌ چه‌ند راستگۆ بن له‌گه‌ڵماندا ئه‌وه‌نده‌ ئێمه‌ش وه‌ک راستگ ده‌ناسرێین. جیاوازیی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ میدیای ئه‌هلیی ئه‌و خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه‌ دیاری ده‌کات.


- میدیای ئه‌هلی و ئازاد پێیان وایه‌ سایتی كوردستانپۆست له ‌ده‌ره‌وه‌ی عورفی ڕۆژنامه‌گه‌رییه‌وه‌ ئیوه‌ وه‌ڵامتان چییه‌ بۆیان؟
مستەفاى حسن گەورە: هه‌ر لایه‌ن و راگه‌یاندنێک پێی وابێت کوردستانپۆست له‌ ده‌ره‌وه‌ی عورفی رۆژنامه‌گه‌رییه‌، ئه‌و بۆچوونه‌ خزمه‌ت به‌ ده‌سه‌ڵات ده‌کات، ئه‌و بۆچوونه‌ی ئه‌وان وه‌کو له‌ سه‌ره‌وه‌ باسمکرد، په‌یوه‌ندیی به‌ پابه‌ندبوونی راگه‌یاندنه‌کانه‌ که‌ به‌پێی یاسای هه‌رێم ره‌فتار ده‌که‌ن، ئێمه‌ له‌و ژێر رکێفی ئه‌و یاسایانه‌دا نیین، بۆیه‌ ئازاد و سه‌ربه‌خۆین، ئه‌وه‌شتان له‌ بیر نه‌چیت که‌ له‌ کوردستاندا میدیای ئازاد نییه‌، به‌ڵکو ته‌نها ئه‌هلیی هه‌یه‌، بۆ نمونه‌ ئێوه‌ خۆتان وه‌کو که‌سایه‌تییه‌کان ئازادن، به‌ڵام ناتوانن وه‌کو کوردستانپۆست کراوه‌تر‌بن. کوردستانپۆست به‌پێی یاسای کاری رۆژنامه‌گه‌ری ئه‌وروپی کار ده‌کات، ئه‌گه‌ر وا نه‌بوایه‌ ده‌مێک بوو سایته‌که‌مان داخرابوو.


- په‌یوه‌ندی نێوان ئۆپۆزسیۆن و كوردستانپۆست له‌ چ ئاستێكدایه‌؟
مستەفاى حسن گەورە: له‌ کوردستاندا بزووتنه‌وه‌ یان رێکخراوێک نییه‌ ئۆپۆزیسیۆن بێت، ئه‌وه‌ی هه‌یه بزووتنه‌وه‌ و حیزبی که‌مه‌رشله‌، که‌ بانگه‌شه‌ی چاکسازیی ده‌که‌ن‌، با خۆشیان وه‌ک ئۆپۆزیسیۆن پێناسه‌ بکه‌ن، ئه‌گه‌ر بشفڕن ئێمه‌ ده‌زانین باڵیان نییه‌. به‌لای ئێمه‌وه‌ ئۆپۆزیسیۆن واته‌ ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ی که‌ کار بۆ نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵ و خیانه‌تکار ده‌کات،‌ وه‌ک وتم له‌ کوردستاندا بزووتنه‌وه‌ی ئاوا بوونی نییه‌، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ خیانه‌تکردنه‌ له‌ خوودی ئۆپۆزیسیۆن بوون.


- له‌ كۆڕه‌كه‌ی قاوه‌خانه‌ی كلتوری ووتت"ئیمه‌ هه‌تا ئیستاش باجی گرده‌كه‌ ده‌ده‌ین؟ ده‌كرێت ڕوونتر ئه‌وه‌مان بۆ ڕوون بكه‌یته‌وه‌؟
مستەفاى حسن گەورە: له‌ دروستبوونی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕاندا، بۆ ماوه‌یه‌ک ئێمه که‌وتینه‌ ژێر کارگه‌ری چه‌ند نووسه‌رێک، که‌ بۆ دروستبوونی هێزێکی سیاسیی که‌ له‌ به‌رامبه‌ر پارتیی و یه‌کێتییدا، وایان داوالێکردین که‌ پشتگیری ئه‌و بزووتنه‌وه‌ ساوایه‌ بکه‌ین، تا بزانین چی ده‌که‌ن و نیازیان چییه‌؟ من بۆ خۆم هه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نه‌بووم.‌ له‌ سه‌ره‌تاشه‌وه‌ کوردستانپۆست پشتگیریی و‌ ریکلامی باشی بۆ ده‌کردن، به‌ڵام هێدی هێدی که‌ له‌ مه‌رامی ئه‌مانیش گه‌یشتین ئیتر وازمان لێهێنان، هه‌ر له‌و کاتانه‌شدا گه‌لێک که‌س ئێمه‌ی به‌وه‌ تاوانبار ده‌کرد، گومانیان هه‌بوو گوایه‌ ئێمه‌ دروستکراوی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و گرده‌که‌ بین، ره‌خنه‌گره‌کان ئه‌وه‌یان له‌ بیرچووبوویه‌وه‌ که‌ کوردستانپۆست زیاتر له‌ 8 ساڵ پێش گۆڕان بوونی هه‌بووه‌. بۆیه‌ ده‌ڵێم هه‌تا ئیستاش ئێمه‌ باجی گرده‌که‌ ده‌ده‌ین، چونکه‌ تا ئیستاش که‌سانی ساویلکه‌ و ئه‌وانه‌ی سه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵاتن ئه‌و گومانه‌یان هه‌ر هه‌یه‌.



- بۆچی ڕاگه‌یاندنه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان سانسۆریان له‌سه‌ر نووسه‌رانی كوردستانپۆست دروست كردووه‌؟ تۆ ئه‌مه‌ بۆچی ده‌گه‌ڕێنیته‌وه‌؟
مستەفاى حسن گەورە: پرسیاره‌که‌ له‌ ئه‌وان بکه‌ن باشتره‌، چونکه‌ هه‌ردوولامان ته‌واوکه‌ری وه‌ڵامه‌که‌ین، ئه‌و به‌شه‌ی ئێمه‌ وه‌ڵامتان ده‌ینه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ ، که‌ یه‌که‌م ترس پاکانه‌ و باجدانه‌ به‌ ده‌سه‌ڵات، تا وا پیشانبده‌ن له‌گه‌ڵ زمانی کوردستانپۆستدا نیین، ئه‌و تۆمه‌ته‌ش له‌ خۆیان دوور بخه‌نه‌وه‌، که‌ گوایه‌ ئێمه‌ سێبه‌ری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بیین، هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ که‌ ئه‌وان رێکخراوێکی سیاسیین و ئێمه‌ش راگه‌یاندنێکین، مه‌ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ بۆ پاشه‌ڕۆژدا ببینه‌ رکابه‌ر و ئه‌ڵته‌رناتیڤ، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وان به‌ دروستکردنی بزووتنه‌وه‌که‌یان گورزی خۆیان له‌ ئۆپۆزیسیۆندا.




- ئێوه‌ وه‌ك سایتی كوردستانپۆست تا چه‌نده‌ متمانه‌تان به‌م ئۆپۆزسیۆنه‌ی ئیستا هه‌یه‌؟
مستەفاى حسن گەورە: به‌ڵای ئێمه‌وه‌ ئۆپۆزیسیۆن، مانای بزووتنه‌وه‌یه‌ک بۆ لابردنی ده‌سه‌لاتی کوردی (پارتیی و یه‌کێتیی)‌، له‌ ئیستادا ئۆپۆزیسیۆنێک له‌و جۆره‌ بوونی نییه‌، ئه‌وانه‌ی خۆیان ناوناوه‌ ئۆپۆزیسیۆن ئه‌مانه‌ ریفۆرمخوازن، نه‌ک ئۆپۆزیسیۆن، خۆشیان به‌ ئاشکرا ئه‌مه‌ ده‌ڵێن، متمانه‌ی ئێمه لێره‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌. بۆیه‌ ده‌توانین بڵێین له‌ کوردستانی باشووردا ئۆپۆزیسیۆن بوونی نییه‌.



- ئایا كاتی ئه‌وه‌ نه‌هاتووه‌ ئه‌ڵته‌رناتیڤ واته‌ به‌دیلێك بۆ ئه‌م ئۆپۆزسیۆنه‌ی ئیستا بێته‌ كایه‌وه‌؟
مستەفاى حسن گەورە: نه‌ک نه‌هاتووه‌، به‌ڵکو تێپه‌ڕیوه‌، ده‌بێت ده‌ستوبرد بکرێت، به‌ڵام چیی ده‌ڵییت له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگایه‌کی پاسیڤ و خه‌وتوودا.



- وه‌ك سایتی كوردستانپۆست بیرتان له‌وه‌ نه‌كردووته‌وه‌ پرۆژه‌ ئیعلامیه‌كه‌تان بكه‌نه‌ پرۆژه‌یه‌كی سیاسیی؟

مستەفاى حسن گەورە: له‌ مێژه‌ بیرمان لێکردۆته‌وه‌، لێره‌دا شایانی باسکردن نییه‌، با ورچه‌که‌ش خه‌به‌ر نه‌که‌ینه‌وه‌.

::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::

پرۆفایلى مستەفاى حسن گەورە:
لەدایک بووی ساڵی ١٩٦٢ سەنگەسەر. دەرچووی پەیمانگای تەکنیکی موسڵ،لەساڵی ١٩٨٣ بووتە پێشمەرگە، بەشداری و سەرپرشتی ڕاپەڕینی ١٩٩١ کردووە، لەدوای ڕاپەڕین ،پەیوەندی کردوە بە بزوتنەوەی جوتیاران و، ئەندامی دەستەی باڵا بوو، لەساڵی ١٩٩٥ کوردستانى جێهێشتوە، ئەندامی چاک، چاودێری کوردۆساید، بەرپرسی کەیسی جاش و ئەنفالچیکان، بەرپرسی کۆمیتەی دانیمارکی چاک بووه، ئیستا ئەندامی ستافی کوردستانپۆسته.
************************
بۆ بینینی چاوپێکه‌وتنه‌که‌ له‌ گۆڤاری () کلیکی ئه‌و لینکه‌ی خواره‌وه‌ بکه‌:

https://www.kurdistanpost.nu/biz/nuseran/mustefa_gewre/tak_13.pdf

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە