کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)

مستەفای حەسەنە گەورە

مستەفای حەسەنە گەورە ئەندامی ستافی کوردستانپۆست و ئەندامی دەستەی بەرێوەبەری بەرەی خەڵک، رۆژی (07 / 05 / 2020) لە وڵاتی دانیمارک بەهۆی نەخۆشی کۆڕاناوە کۆچی دوایی کرد.

https://www.facebook.com/profile.php?id=100063475880088


سیاسەتی حزبە كوردییەكان لەسەر ئەم بارودۆخە روون نییە

Thursday, 26/06/2014, 12:00


لە سەرانی پارتی رانابینم سنوری هەرێمی كوردستان دیاری بكەن"

مستەفای حەسەن گەورە، ناوێكی دیار لەناو راگەیاندن و رەخنەگرانی كوردا، ئەو ئەگەر چی ساڵانێك لە شاخەكانی كوردستان پێشمەرگە بووە، بەڵام یەكێكە لەو كەسانەی لە رێگەی نوسینەكانییەوە زۆرترین رەخنەی لەوانە گرتووە كە پێكەوە پێشمەرگە بوون و ئێستا فەرمانڕەوای ئەم هەرێمەن.
مستەفای حەسەن گەورە، وەك خۆی وتی، پێی بوترێت نوسەر و رۆژنامەنووس، لەم چاوپێكەوتنەی گۆڤاری (رۆژی وڵات)دا، كە ئێوارەی (16)ی ئەم مانگە لەگەڵیدا سازكراوە، باس لە بارودۆخی ئێستای ناوچە دابڕاوەكان و هێرشەكانی داعش و سیاسەتی یەكێتی و پارتی دەكات و هاوشێوەی ئەو رایە گشتییەی لە هەرێمی كوردستان دروست بووە، داوا دەكات بە هیچ شێوەیەك پێشمەرگە ئەو ناوچانە چۆڵ نەكاتەوە كە خاكی كوردستانن و پێشتر پێیان دەوترا ناوچە كێشە لە سەرەكان، یان ناوچە دابڕاوەكان.
ئەو كە ساڵانێك لە ئەوروپا ژیاوە و بەڵام ئێستا هاتوەتەوە كوردستان، رەخنە لە سیاسەتی پارتی دیموكراتی كوردستان دەگرێت و سیاسەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستانی پێ راستترە، بەڵام دەشڵێت تا ئێستا سیاسەتی حزبە كوردییەكان لەسەر ئەم بارودۆخە روون نییە.

ئا/ رۆژی وڵات
ـ سەرەتا دەپرسین خوێندنەوەت چییە بۆ هێرشەكانی داعش و بارودۆخی ئێستا ئێراق؟

* سەرەتا ئەمەوێت لەوەوە دەستپێبكەم سەری رێز و نەوازش بۆ ئەو پێشمەرگە شەهیدانە دادەنەوێنم كە لە رووبەڕووبوونەوەكانی ئەم چەند رۆژەدا شەهید بوون، كە لەپێناو ناوچە داگیركراوەكان شەهید بوون، هەروەها سەری رێز و نەوازش بۆ ئەو قوربانیانە دادەنەوێنم كە بە شێوەیەكی زۆر دڕندانە داعش كۆمەڵكوژی كردن، بە راستی كارەساتی گەورە بوو.
هەڵەبەتە گێڕانەوەی ناوچە داگیركراوەكان، ئەوەی كە پێی دەڵێن ناوچە دابڕاوەكان، خەونی هەموو تاكێكی كوردە، داواكاری خەڵكی هەر چوار پارچەكەی كوردستانە، دەبوایە زۆر لە مێژبوایە ئەو ناوچانە بگەڕێنرایانەتەوە سەر هەرێمی كوردستان، لە ساڵی 1991 دەرفەتێك هاتە پێشەوە، لە دوای راپەڕینە جەماوەرییەكە، بەڵام بە داخەوە سیاسەتی هەڵەی یەكێتی و پارتی، بە تایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەو هەلەی لە دەستدا.
جارێكی تر هەمان هەل لە ساڵی "2003" دووبارە بوویەوە لە دوای رووخانی رژێمی سەدام، من ئەو كاتە دژی مادەی "58" و مادەی "140" بووم كە بۆ ئەو ناوچانە دانران، ناكرێ‌ ماڵی خۆت بخەیتە راپرسیەوە.

ـ ناردنی پێشمەرگە بۆ ناوچە دابڕاوەكان و هەبوونی پێشمەرگە لەوێ چۆن لێكدەدەیتەوە؟

* ناردنی پێشمەرگە لە ئێستادا بۆ ئەو ناوچانە مافێكی رەوای خەڵكی هەرێمی كوردستانە و جێگەی دەستخۆشییە، لەبەرئەوەی ئەو هێرشەی داعش كردی بۆشاییەكی ئەمنی و سەربازی دروستكرد، كە مەترسییەكی گەورەی دەبوو بۆ سەر هەرێمی كوردستان، بیریشمان نەچێت ئەو ناوچانەی كە داگیركراون، یان دابڕاون، هەزارەها خێزانی كوردی لێیە، كە چەندین ساڵە لەژێر سایەی حكومەتێك كە ناویان ناوە حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان، ململانێی سیاسی ئەو دوو حكومەتە ئەم خەڵكەی كردووەتە قوربانی، ماڵیان تەقێنراوەتەوە، ناسنامەی كوردیان لێسەنراوەتەوە، ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون، ئەمە مافێكی رەوای خەڵكی هەرێمی كوردستانە، با هیچ هێزێك لە هێزەكان نەیكەنە مزایەدە، هەبوونی پێشمەرگە لەوێ‌ زۆر گرنگە و خەڵكی كوردستان ئەوەی دەوێت، پێشمەرگەیەك دوو مانگە مووچەی وەرنەگرتووە، بەڵام ئامادەیە ماڵ و منداڵی جێبهێڵێت و بەرگری لە كوردستان بكات، ئەم هەستە مرۆیی و نەتەوەییەی كە لای پێشمەرگەیەكی كورد هەیە، بە بیر و بۆچوونی جیاوازەوە كە دەیەوێت ئەم ناوچانە بگەڕێنەوە.

ـ خوێندنەوەت چییە بۆ هێرشەكانی داعش، ئایا لە خۆیەوە پەیدا بوو، یان پیلانێكە و كۆمەڵێك وڵات پشتگیری دەكەن؟

* بە دڵنیاییەوە پیلانە، پیلانی ناوخۆیش هەیە و پیلانی دەرەكیش هەیە، وڵاتانی وەكو سعودیە و قەتەر و كۆنە بەعسییەكان لە پشتین، داعش چەند ساڵێكە لە سوریا دژایەتی شۆڕشی كورد دەكەن، بە تایبەتی دژایەتی پەیەدە و كانتۆنەكان و شۆڕشی رۆژئاوا دەكەن، بەڵام هێزێكیش هەیە لە كوردستان پێی دەڵێن پارتی، هاوكاری ئەو هێزە دەكات داژایەتی رۆژئاوا بكات.
كەواتە كێشمەكێشمی نێوان مالیكی و بارزانی، بە تایبەتی هەڕەشەكانی ئەم دوایەی بارزانی پێش سەفەرەكەی كە دەڵێت، كارێكی وات بەسەر دەهێنین، كە خۆت نەزانیت چییە، ئەمانە هەموو خوێندنەوەیان بۆ دەكرێت، من لە سەدا سەد دڵنیا نیم، بەڵام بەپێی ئەو زانیاریەی كە دەستم كەوتووە، كۆبوونەوە لەنێوان پارتی و داعش كراوە، جۆرە رێكەوتنێك هەبووە بۆ تۆڵەكردنەوە لە مالیكی، واتە بە كورتی ئەمجارە "31"ی ئابێكی دیكە دروست بووەتەوە، بەڵام ئەمجارە دژی پەرلەمانی كوردستان نییە، بەڵكو دژی مالیكییە، بەڵام ئەوەش جارێكی تر دژی خەڵكی كوردستانە.

ـ ئەگەر شتێكی وا بێ‌، كە تۆ دەڵێی نزیكایەتییەك لەنێوان پارتی و داعش هەیە دژی مالیكی، ئایا ئەمە بیانو ناداتە دەست شیعەكان كە هێرش بكەنە سەر كوردستان بە بیانوی ئەوەی هێزێكی كوردی پشتیگری داعشی كردووە؟

* بە دڵنیاییەوە ئەمە ململانێكان قوڵتر دەكاتەوە، هەڵبەتە مێژووی حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی ئێراق وابووە، چەند ساڵێكیشە مالیكی شكستی خواردووە، بەڵام ئەم شكستە تازەیە ئەوە دەسەلمێنێ‌ تازە ئەم سێ‌ پێكهاتەیەی كورد و شیعە و سونە ناتونن بە یەكەوە بژینەوە، ئەوەی كە ناویان ناوە حكومەتی فیدراڵ و دیموكرات و ... هتد، هەمووی كەوتە ژێر پرسیارەوە.
بۆچی داعش لە ناوچە سونیەكان خەڵك پێشوازیان لێدەكات، بۆچی خەڵك سوپای ئێراقی بەر بەرد داوە، بەڵام پێشوازی لە داعش كردووە، لەگەڵ ئەو هەموو شێتی و ئەو هەموو دڕندایەتی داعش لە خەڵكی ئەو ناوچانەی كردووە، هەر لە دەستدرێژی بۆ سەر ژنان تا داخستنی دەلاكخانەكان، بەهۆی سیاسەتەكانیانەوە خەڵكی ئێراق بۆ هەزار ساڵ بۆ دواوە دەگەڕێننەوە، كوشتنی "1700" خوێندكار، گەورەترین كارەساتە كە داعش كردوویەتی، میدیا جیهانییەكانیش سەریان سوڕماوە.
ئەگەر پارتی و مەسعود بارزانی پەیوەندیان لەگەڵ داعش هەبێ‌، ئەوا ئۆباڵی هەموو ئەو خوێنە دەكەوێتە ئەستۆی ئەوانیش، هەروەها ئەو هەڕەشانە شیعەكان كردیانە سەر كوردستان و دژی بارزانی، هەڵبەتە حەدیان نییە هەڕەشە لە كورد بكەن، چونكە كورد شتێكی ناڕەوایان نەكردووە، ئیتر بۆچی باجی هەڵەیەكی سیاسی بدەین.
هەڵبەتە بەرەكانیش جیاوازن، ئەوەی لە دەووروبەری موسڵ دەگوزەرێت لە دەورووبەری كەركوك و جەلەولا شتێكی دیكەیە.

ـ كەواتە لێرەدا پرسیارێك دێتە ئاراوە، ئایا جیاوازی هەیە لەنێوان سیاسەتی یەكێتی و پارتی لە ئێستادا لە ناوچە دابڕاوەكان؟

* بە دڵنیاییەوە بە درێژایی مێژووی یەكێتی و پارتی، ناكۆكیان هەبووە و سیاسەتیان جیاواز بووە، توركیا، سعودیە، داعش، پارتی، ئەمە قۆڵێكن، شیعە و یەكێتی و ئێرانیش قۆڵێكن، ئەوەی كە لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی دەگوزەرێت شتێكی دیكەیە، بۆ نمونە رۆژی یەكەم و دووەمی هێرشەكان لە موسڵ داعش لە ناوچە كوردییەكان نزیك نەبوونەوە، مادام پارتی هاوكاری داعش دەكات دژی رۆژئاوای كوردستان، كەواتە زۆر ئاسایشە دژی مالیكی هاوكاری ئەو هێزەی كردبێت، بەڵام پێموایە ئەگەر بە قازانجیش بشكێتەوە بۆ كورد، پیلانێكی سیاسی ناشرینە.

ـ تۆ سیاسەتی كامیانت پێ راستە لەم قۆناغەدا، یەكێتی یان پارتی؟

* سیاسەتی یەكێتی لە پارتی باشترە، ئەوەی یەكێتی كردویەتی، ئەو ناوچانە چۆڵكراون، هێزەكانی مالیكی لێ‌ نەماون، بۆچی لە جیاتی ئەو هەموو چەك و تەقەمەنییە بكەوێتە دەست داعش، بۆ كورد سودی لێ‌ نەبینێ‌، بەڵام تا ئێستاش نازانرێت هەڵوێستی سیاسی حزبە كوردییەكان لە كوێدایە، ئایا مەبەستیان سەربەخۆییە، ئایا دەیانەوێت بەم هەنگاوە بە روونی سنوری كوردستان دیاری بكەن، یان دەیانەوێت جارێكی تر ئەوە وەكو خاڵێكی بەهێز لەبەرامبەر مالیكی و لە بەرامبەر حكومەتی داهاتووی ئێراق كە نازانین ئایا پێكدێت یان پێك نایات، بەكاری بهێنن لەسەر بابەتی بودجە و بابەتی پێشمەرگە و نەوت و ئەوانە.
خەڵكی كوردستان چاوەڕێ‌ دەكات قوربانییەكە لە ئاست ئەوەدا بێت، هەر لە ئێستاوە سنوری هەرێمی كوردستان دیاری بكەن، بەڵام من پێموانییە سەرانی كورد بتوانن لەم هەلەدا سنوری كوردستان دیاری بكەن، هەر لە ئێستاوە پڕوپاگەندەی ئەوە ناو خەڵك بڵاودەكەنەوە، كە توركیا رازی نییە، ئەمریكا رازی نییە، ئەوانە هەموو پڕوپاگەندەن، لە ساڵی "2003"ش دەیانتوانی سنوری هەرێمی كوردستان دیاری بكەن، خەڵك ئامادە بوو قوربانی بدات، ئێستاش خەڵك ئامادەیە قوربانی بدات، ئێستاش خەڵك ئامادەیە چەك هەڵبگرێت، دژی شیعەش و دژی سوننەش، بەڵام خەڵك ئامادە نییە لەسەر فرۆشتنی نەوت كە نازانی داهاتەكەی بۆ كوێ‌ دەڕوات و دەچێتە گیرفانی كێوە قوربانی بدات.

ـ لە ئێستادا رایەكی گشتی لە هەرێمی كوردستان هەیە، داوا دەكەن ئەو ناوچە كوردیانەی ئێستا لە دەست پێشمەرگەدان، جارێكی تر نەگەڕێنەوە، ئایا بە بۆچوونی تۆ سیاسیەكان هەمان هەڵەی پێشوو دووبارە دەكەنەوە و دەیانگەڕێننەوە؟

* خۆ بارودۆخەكە گۆڕاوە، پێم ناخۆشە وا دەڵێم، بەڵام من لە سەرانی پارتی ئەوە نابینم كە بتوانن سنوری هەرێمی كوردستان دیاری بكەن، لێیان رانابینم.

ـ كەواتە بارودۆخەكە بەرەو كوێ‌ دەڕوات؟

* پێم وانییە داهاتووی هەرێمی كوردستان بەرەو شتێكی خراپ بڕوات، هاتا ئێستا بارودۆخەكە بۆ كورد باشە، ئەگەر بتوانن هەرێمی كوردستان جیابكەنەوە هەر باش دەبێت، ئەگەر بكەونەوە گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد جارێكی تر دەتوانن بەهێزەوە قسە بكەن، بەڵام هیوادارم ئەوەی یەكەم هەڵبژێرن كە گێڕانەوەی هەموو خاكی داگیر كراوە.

ـ هەڵوێستی یەپەگە و كەجەكە چۆن دەبینیت بەرامبەر رووداوەكانی هەرێمی كوردستان؟
* هەڵوێستی یەپەگە و كەجەكە، هەڵوێستێكی زۆر نیشتمانییە و جێگەی دەستخۆشییە، هەڵوێستی ئەوان هەر لە سەرەتاوە نیشتمانی و نەتەوەییانە بووە، تەنانەت دوێنێ‌ لەناو ئامەد خەڵك دەیانوت دەمانەوێت سنوری كوردستان دیاری بكرێت.
حزبەكانی رۆژهەڵاتیش هەڵوێستیان نیشاندا، كورد لە هەر چوار پارچەكە هاوڕان لەسەر ئەوەی كاتی ئەوە هاتووە هەرێمی كوردستان سنوری خۆی دیاری بكات و هەرێمێكی سەربەخۆی هەبێت.

ـ زۆر سوپاست دەكەین بۆ ئەم چاوپێكەوتنە، ئەگەر لە كۆتایدا بتەوێت شتێكی دیكە بڵێی؟
* دووبارەی دەكەمەوە پێویستە دەسەڵاتی كوردی و حكومەتی هەرێم ئەگەری یەكەم هەڵبژێرن و سنوری هەرێمی كوردستان دیاری بكەن، بەڵام دڵنیا نیم لەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە