دوو ڕووی جیاوازی زانای قایئم و زانای ئەلمەقام
Tuesday, 17/04/2012, 12:00
کێ هەیە لە هەرێمی کوردستاندا کە نەزانێت ئەم بەشەی نیشتمان دابەش کراوە بەسەر دوو دەڤەری حیزبی و ئیداری و ئابوری زەرد و سەوزی پارتی و یەکیەتیدا ؟
کێ هەیە کە نەزانێت بێ بەهاترین شتێک لەو دوو دەڤەرەدا سەروەریە ، لەسەروی هەموو سەروەریەکانەوە ، سەروەری یاسایە !؟ .
کێ هەیە کە نەزانێت تەنیا ئەو هەوا پیسە ، دوکەڵاوی و کاربۆناویەی کوردستانە قۆرخ نەکرابێت ، دەنا هەرچی سەرئەرز و بن ئەرزی کوردستانە لەلایەن شۆڕشگێڕەکانی دوێنێ و مافیاکانی ئەمڕۆوە زەوتکراوە ؟ .
وەک چۆن دادپەروەی هەستێکە کۆمەڵایەتی یە ، لەبەرانبەردا زوڵمیش ئێشێکە لەهەرکوێدابێت ناخودئاگا ، ئازار بە خەڵک دەگەیەنێت . لەماوەی ئەم بیستو دوو ساڵەی حوکمڕانی کوردیەدا سەدان و هەزاران ئێشی زوڵم و تاوانیان پێ گەیاندوین .
مەگەر ٣١ی ئاب تاوان نەبوو ؟ کوشتنی سۆران و سەردەشت تیرۆر نەبوو ؟ مەگەر ١٧ی شوبات و ڕێژوان ئاشکراترین و بەبەڵگەترین و قورسترین تاوانی حیزب نەبوو ؟
هەزاران بەڵگە و نمونەی تری وەهامان بە کراوەیی ماوەتەوە . نە داواکارێکی گشتی ڕاستەقینە دەیبزوێنێت و نە دادوەری دادگایەکی عادیلانە کاری لەسەردەکات .
لەم هەفتەیەدا دۆسیەی زانا حەمەساڵەحیش خرایە سەر ئەو مەلەفە زۆرانەی ئەگەر بەقەبارە و بڵندی کاغەزەکانیان بێت بە باڵای قەندیل تاوان لە کوردستاندا پشتگوێ خراوە .
زانای قائیم
زانای قائیم بە جەستە چووە شوێنی حەقی خۆی ، بەڵام ئەعمالەکانی لەناوماندا جێگەی باس و مشتومڕی ڕۆژن . هەریەکەمان لەبری دادگای تەحقیق و دەزگای لێکۆڵینەوەی پسپۆڕ جۆرەها تەفسیری چۆنیەتی مردنەکەیمان کردووە . لەهەمووی سەمەرەتر ئەوەیە لە زیندانی هەستیارتین دەزگای لێکۆڵینەوەی هەرێمدا کە ئاسایشە گیانی لەدەستداوە کە بەپێ ی یاسا کەسی زیندان ئەگەر بۆ ماوەی یەک کاتژێمریش بێت ، نابێت بۆینباخ و قایشی پانتۆڵ و قەیتانی پێڵاوەکانی و تەنانەت چەرخێکی جگەرەشی پێ بێت ، هەموو ئەو ئەداواتانەی لێ دەسەندرێتەوە کە شیمانەی خۆکوژی یان هەڵهاتن و پەیوەندی کردنی پێ ئەنجام بدرێت .. لە هەرێمێکدا کە زۆرترین بودجەی بۆ ئاسایشە داخۆ دەزگایەکی پشکنینی کلاسیکی نەبێت کە دۆزینەوەی جێ پەنجەیە بەو سەتڵ و وایەر و ئامڕازانەوە کە کوشتنەکەی پێ ئەنجام دراوە ؟
ئەمانە لە سنوری ئەرکی دادگای پشکنین و تەحقیقدایە ، ئەوەی من مەبەستمە دیوی قایمی زانای قایمقامە .
ئەم زاتە لە ساڵی ٢٠٠٧ ەوە ئاگادار و بەشداری غەلو غەشەکانی عەقارات و زەوی و زاری سلێمانیە بە بەهای نیوملیارد دۆلار . تائەوەندەی بەرێز خانمەکەی هاوسەریشی دوێنێ لە میدیاکانەوە هەڕەشەی ئاشکراکردنی نهێنی گەندەڵیەکانی لێپرسراوە حیزبیەکان دەکات !! ، داخۆ خێرە قائیمولمەقام و هاوسەرەکەشی ئەم شەش ساڵە بێدەنگ بوون و ئێستەکە وەک تۆڵە سەندنەوە ئاشکرای دەکەن ؟ ئەو غەلوغەشانە لەسەر مافی گشتی هاوڵاتیان ئەنجام دراوە ، بۆ لەماوەی ئەم هەموو ساڵەدا ئاشکرا نەکران ؟؟ .
داواکاری گشتی کە ئەرکەکەی داکۆکی کردنە لە مافی گشتی لە میدیاکانەوە بانگەواز دەکات بەڵگەکانی بۆ بنێرن ، چ سەمەرەیەکە دادوەری ئەم هەرێمە ، وەک ئەوەیە تاوانێک ئەنجام درابێت و بانگەوازبکرێت کێ تاوانبارە با بەخۆی بێت بێتەلامان !! .
زانای ئەلمەقام
دیوەکەی تری مەقامەتی زانای قائیمولمەقام ، ئەو شڵەژان و ئاشکرابونەی کوتلەکانی ناو یەکیەتی نیشتمانی کوردستانە کە بەلانسی خۆیان لەدەستداوە .
بەرلەهەموو شتێک چ شەرمەزاریەکە بۆ یەکیەتی نێچیرڤان بارزانی لە هەرێمی زەردەوە لیژنەیەک بۆ روداوەکە پێک دەهێنێت ، بەسەرۆکایەتی تاوانبارترین کەسی کوردستان کەریم سنجاری کە بەرپرسیاری ئاشکرای تیرۆرکردنی سەردەشت و کوشتارەکەی بەردەم لقی چوارە .
لەدەستدانی بەلانسی ناوخۆی یەکیەتی بەو لێدوانە جیاواز و دژبەیەکانەوە دیارە هەر یەکە لە عیماد ئەحمەد و قادر حەمەجان بە جیا و هاتنە سەرخەت و سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی تاڵەبانیەوە دیارە کە جیاواز لە پرۆسەی گەندەڵی و تاوانەکە ، دیوی ناوەوەی خیلافەکانی ناوخودی یەکیەتیش نیشان دەدات کە بە چ ئاستێکی دژوراگەیشتووە . پێش بینی ئەوەی لێدەکرێت ئەگەر لە زووترین کاتدا لەناوخۆیاندا ئیحتوای نەکەن ، بەدەم ئەم دۆسیەیەوە تەقینەوەی نێوان باڵەکان بگات بەئاستێک وەک چۆن ناتوانن لە میدیاکانەوە یەک گوتاری خۆیان بەلانس بکەن ئاواش لە تەشکیلە حیزبیەکەیاندا پارچە و کەرت ببن .
ئەم ڕووداوەی مەقامەتی یەکیەتی و قائیمولمەقامەکەی لە ساتە وەختێکی سیاسی قوڕمیش کراودایە کە یەکیەتی قورسایی خۆی دەباتەوە هەولێر و قسە لەوەیە سلێمانی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان جێدەهێڵێت .. لێرەوە پرسیارگەلێک دێتەپێشێ ، ئایا قوڕمیشی ساتەوەختی ئەم ڕووداوە تەنیا تەقینەوەی باڵە جیاوازەکانی ناوخودی یەکیەتیە ؟ یان بەمیرات جێهێشتنی گرێ یەکی ئیداری و سیاسیە بۆ بزوتنەوەی گوڕان؟ یان سکانداڵێکە وەک تەگەریەک بۆ نەچوونە هەولێرەوە ئەم دۆسیەیە لەم ساتانەدا کرایەوە کە دەکرا زۆر پێش ئێستاکە واڵابکرێت ؟ بەهەرحاڵ ئەگەر وەڵام و ئەگەرە سیاسیەکان سەخت بن ، هەموومان بە هەست و ئەزموونی هەڵکردنمان لەگەڵ واقیعی سیاسی کوردستاندا ئەوەمان لا ئاشکرایە زانای قائیمولمەقام یاری چیەکی بچوکی ناو دەست و پێ ی یاری چیە گەورەکان بوو . فەوتبونەکەشی کۆتایی بە گەمەکان ناهێنێت بەڵام تەنیا ئاڕاستەی تۆپەی گۆڕی .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست