بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە گروپ و رێکخراو نییە، پێویستی بە وشیاریی خەڵکە، ئەو رۆژە لە ماڵەکانتان مەچنە دەرەوە

مستەفای حەسەنە گەورە

مستەفای حەسەنە گەورە ئەندامی ستافی کوردستانپۆست و ئەندامی دەستەی بەرێوەبەری بەرەی خەڵک، رۆژی (07 / 05 / 2020) لە وڵاتی دانیمارک بەهۆی نەخۆشی کۆڕاناوە کۆچی دوایی کرد.

https://www.facebook.com/profile.php?id=100063475880088


قاسم ئاغای کۆیە لێبوردنەکەی بەرەی کوردستانیش نایگرێتەوە!

Thursday, 30/09/2010, 12:00


یەکەم: بیرەوەریەکی تاڵ لەگەڵ زاهیر ئاغای برای قاسم ئاغا..
دوای نێوەڕۆیەکی بەهاری ١٩٨٧ بوو، بەتەنیا بە بەرازیلیەکی سور لەهەولێرەوە بەرو قەڵادزێ دەگەڕامەوە، پێش ئەوەی بگەمە سەیتەرەکەی کۆیە کۆمەڵێک چەکدار کە جاش بوون دەستیان بۆ ڕاگرتم، منیش سەرەتا ویستم نەوەستم بۆیان، بەڵام دوای ئەوەی لێیان تێپەڕیم نەک هەر میلی کڵاشینکۆف بەڵکوو ئارپیجیەکەشیان ئاراستە کردم، کاتی لە ئاوێنەوی دواوە بینیم ناچار وەستام، دوانیان زۆر بەناشیرین هاتنە پێشم و ووتیان بۆچی ناوەستی، منیش بەبێ ئەوەی خۆم تێک بدەم ووتم مەگەر نابینن کە سەیارەکەم خسوسیە و نەفەر هەڵناگرم، بە توڕەیی ووتیان نەفەری چی ئێمە سەیتەرەین، ووتی سەیتەری چی خۆ هێشتا زۆرمان ماوە بگەینە سەیتەرەکە..
ووتم من چووزانم ئێوە سەیتەرەن ، من چەند هاتووچۆ دەکەم سەیتەرەم نەبینیوە، ووتیان دابەزە، سندوقی سیارەکەیان پێکردمەوەو داوای هەویەیان لێ کردم، منیش هەویەیەکی ساختەی پەیمانگای هونەری موسڵم پێ بوو، پاشان ووتیان دەفتەر خدمەکەت ئەویشیانم دانێ ووتیان پێشام بکەوە، ووتم بۆ کوێ دەستیان بۆ کەسێک ڕاکێشا کە پیاوێکی ورگنەی بەفیز لە دورەوە وەستابوو، دەمانچەیەک لەبەر پشتێنی بوو ڕانکو چۆخەیەکی مەرەزی سوری لەبەردا بوو..
چووم بۆ لای ئەو زاتە، یەکسەر بێ سێ و دوو ووتی تۆ پێشمەرگەی، ووتم پێشمەگەی چێ و حاڵی چێ من قوتابیم، ووتی خەڵکی کوێی ووتم قەڵادزێ ، ووتی تۆ لە خەڵکی قەڵادزێ ناچیت، ووتم بەچی دەزانی کە من لە خەڵکی قەڵادزێ ناچم، جاشێکیان هەڵی دایەو ووتی قوربان خەناوکەیەک بە ئاوێنەی سەیارەکەیە کە هی هەولێرە.. ووتم من قوتابیم خەڵکی قەڵادزێم ئەوەش هەویەکەم ئیسپاتی دەکات، بەپرسەکەیان کە من نەم دەزانی کێیە ووتی ئەو هەویەیە تەزویرە و ئێستا دەتبەین بۆ دائیرەی ئەمن کە ئەوان بڕوایان پێ کردی ئەوا ئێمە هیچ قسەمان نیە...
منیش بەراست ووتم بمبەن بۆ ئەمن ئەوا هەویەکەم کەشف دەبێت چونکە دەمێک بوو وازم لە خوێندن هێنابوو، جگە لە تەزویری هەویە و فیراری سەربازی و کاری سیاسی ڕزگار بوونم ئەستەم بوو..
سەرەتا زۆر هەوڵم دا بە هێواشی قسەیان لەگەڵ بکەم بەڵام فایدەی نەبوو، سوور بوون لەسەر ئەوەی بمبەن بۆ دایرەی ئەمن.. لەخۆمەوە شتێکم بە خەیاڵدا هات ووتم . ئێوە جەنابتان خەڵکی کۆیەن ووتی بەڵێ بۆچی؟ ووتم من خزمی ا،ع کە لای قاسم ئاغا ئامیر سریەیە.. کە وام وت ڕەنگی گۆڕا ووتی، بەڵگەت چیە کە تۆ خزمی ئەوی ووتم بەو نیشانەی کە لەم ڕۆژانە لە شەرێ هێرۆی پشت قەڵادزی بریندار بوو ئێستاش بەتەواوی چاک نەبۆتەوە...
کاتێک باسی ئەوم کرد، ئیتر بەناچار هەویەکەی بۆ فڕێ دام و ووتی بڕۆ خوا بەقوربانی ا ع بکات دەنا نێچیرێکی باش بووی .
بەهەر حاڵێک بوو ڕزگارم بوو لەدەستیان ، کە گەیشتمە ڕانیە لەڕێ وە چومە لای ماڵی ئەو ناسیاوەمان و چیرۆکەکەم بۆ گێڕایەوە، ووتی زۆر باشە ڕزگارت بووە ئەو زاهیر ئاغای کۆیە بووە، برای قاسم ئاغا تازە فەوجێکی وەرگرتوە دەیەوێت هەندێک چالاکی بکات بۆ ئەوەی خۆی لای ئەمن و ئیسیخبارات خۆشەویست بکات.
بۆ بەیانی ئەو ناسیاوەمان دەچێتە کۆیە بە زاهیر ئاغا دەڵێت، کە بۆچی منیان گرتوە، ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت ئەو خزمەی تۆ پێشمەرگە بوو، بەڵام لەبەر خاتری تۆ بەرمانداوە.
لە کۆتاییدا ئەگەر قاسم ئاغا تازە هاتۆتەوە کوردستان ئەی زاهیر ئاغای برای لە کوێیە؟

دووەم: بەکوردی و بەکورتی پارتی کەڵەگاییمان لێ دەکات
بەدوای هەڵبژاردەکانی عێراق ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی پارتی لەسەر ئاستی کوردستان عێراق بوونی هێزێکی زۆرو زەوەند لەجاش و زیرەڤانی لیوای تایبەت و دوو فەوجی سەر بە مالیکی و خاوەنی چەندین ملیار دۆلار.
دەستی پارتی بەتەواوەتی واڵا کرد، بیرم دێ کە مناڵ بووین یارییەکمان هەبوو زۆر لەگەڕەک دەمان کرد، یەکێکمان چاوی دەبەست و دارێکمان دەدا دەستی بەکەیفی خۆی دەکەوتە ویزەمان تێی هەڵدەداین ئەی لەوەی خۆی ڕزگار بکات کەمترین شەقی بەر بکەوێت، ئێستا پارتیم هەر ئاوا دێتە بەرچاو، بەڵام پارتی چاوی نەبەستراوە و یاری تێهەڵدان ناکات، بەڵکو بەفیشەک لەگەڵمان دەدوێ بەکوردی یاریەکەی تەواو ناخۆش کردووە!

زۆرمان قسەو باس لەسەر تیرۆری سەردەشت کرد، چەندین ناڕەزایی ناوخۆ و دەرەوە..کەچی لە کۆتاییدا نەک هەر هیچمان بەهیچ نەکرد بەڵکو بەئاشکرا کردیانە تیرۆریست و قەرزباریشیان کردین.
ئەمجارە ناڕەزایەتییەکان بە جۆرێک بەر تەسک بوونەوە هێزە گەورەکەی گوڕان بەناو ئۆپۆزسیۆن لەجیاتی جوڵاندنی ناڕەزایی شەقام کەوتنە ئیمزا کۆکردنەوە و کەمپین بەڕی خستن، پێم خۆشە تەنیا یەک شت بیر گۆڕان و گۆڕانخوازان بهێنمەوە:
ئێمە لە دەرەوەی ووڵات و ناوەوە چەندین ساڵە کەمپین بەڕی دەخەین و ئیمزا کۆدەکەینەوە پێم ناڵێن چی لێ شین بۆتەوە؟
ئەم دەسەڵاتە هی کەمپین و ئیمزا کۆکردنەوە نیە!
زۆر حەیفە دەنگی ناڕازی لە سەدا بیست و پێنجی دەنگدەرانی کوردستان بخەیتە کەمپین و ئیمزا کۆکردنەوە!
هاتنەوەی قاسم ئاغا لەم کات و ساتەدا بە بەرنامە پلانێکی تۆکمەی پاراستنە کە دەیانەوێت تەنگ بە یەکێتی و گۆڕانیش هەڵبچنن.
هێنانەوەی قاسم ئاغا وەک ئەنفالچیەکی سەرسەخت تاوانبار بەشەهید کردنی دەیان پێشمەرگە، جێگای مشت و مڕێکی زۆرە جگە لەوەی قاسم ئاغا لێبوردنەکەی بەرەی کوردستانیش نایگرێتەوە چونکە ئەو لەو کاتەدا ڕای کرده‌ بەغدا و بەبەر چاوی هەموو خەڵکی عێراق لای سەدامی دیکتاتۆر ووتی من پێشنیاری کیمیابارانی شاری ڕانیەم کرد کەچی فەرماندی فیرقەی کۆیە بە قسەی نەکردم، لێره‌وە داوا دەکەم هەر کەسێک ئەو دیکۆمێنتەی لایە بۆمان بنێریت کەچۆن ڕاشکاوانە لەبەر دەم سەدام ئەو لێداوانە دەدات، و من وەک شاهید حاڵێک هەمان ڕۆژ ئەو چاو پێکەوتنەییم بینی لەتەلفزیۆنی بەغدا ، هەروەها فلێمێکی دیکۆمێنتی تریش هەیە کە کاتی خۆی دوو پێشمەرگەی بریندار بە دیل دەگرن سواری کۆپتەریان دەکەن بە بەرچاوی قاسم ئاغاو جاشەکانیان لەدووری چەند سەد مەترێک لەئاسمانەوە فڕێێان دەدەنە خوارەوە!
لەکاتی سەردانم بۆ دادگای باڵای تاوانەکان مەلەفی گەورەی قاسم ئاغام بینی کە دەیان هاوڵاتی دەشتی کۆیە داوای یاساییان لەسەر تۆمار کردوە، پارتی و بارزانی لەجیاتی پیادە کردنی یاسا ئەوەتا یاسا پێ شێل دەکەن.
ئەوی لێرەدا پێویستە بوترێت دەبێ کەسوکاری قوربانیانی کۆیە و دورو بەری بێنە مەیدان بەهەر شێوەیەک بۆیان دەکرێت دەنگی ناڕەزاییان بەرز بکەنەوە، دەنا قاسم ئاغاش وەک فەتاح بەگی جاف هەردەم بە بەردەم کەسوکاری ئەنفالەکاندا موعەزەز موکەرەم دێت و دەچێت، کەسیش ناتوانێ بڵێ پشتی چاوت برۆیە!


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە