درێژکردنەوەکەی ماوەی سەرۆکایەتیی بارزانی، لە خەونی عەلی بایریشدا بووە
Wednesday, 01/04/2015, 11:51
یەكێك لەو بیانووانەی كە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ٣٠ حوزەیرانی ٢٠١٣ ئەندامەكانی خۆی پێ بێدەنگ كرد، گەرانەوەی ڕەشنوسی دەستور بوو بۆ نێو پەرلەمان و هەموارکردنەوەی ئەو بڕگانەی کە ماوەی سەرۆکایەتی هەرێم دیاری دەکات.
وانزیكەی دوو ساڵ تێپەری و باسێك لە گەڕانەوەی ئەو ڕەشنوسە نییە. لەگەرمەی ئەو قسە و باسانەدا مەلا بەختیار لەچاو پێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا بە هاوار و قریشكەیەكی زۆر سەرنجڕاكێش ووتی: گەڕایەوە واتە دەستور گەڕایەوە، دواتر بوو بە نوكتەی شەقام: (گەرایە و نەگەرایەوە)، هەڵبەت یەکێتی باجێكی قورسی ئەم هەڵە گەورەیەی دا و هەموومان بینیمان، کە ژمارەی كورسییەكانی بۆ چ ئاستێك دابەزی و كەمێكی مابوو ، یەکێتی لەبەر یەك هەڵبوەشێت.
پارتی ئەمجارەش گەمەكەی بردەوە و بارزانیش دوای ناز و نوزێكی چەند مانگی بەنابەدڵی سەرۆكایەتییەكەی قبوڵ كردووە.
ئێستا تەنیا چوار مانگی سەرۆكایەتییە ناشەرعیی و نادەستورییەكەی ماوە، جارێكی دیکە سیناریۆ و ڕێككەوتنەكانی ژوورە تاریكەكان دەستی پێكردۆتەوە،سەرەتا پارتی دەیەوێت لەڕێگای هەندێك كەناڵی ڕاگەیاندن و ئەندامەكانی خۆیانەوە ئەم پرسە بوروژێنن، بزانن ڕای خەڵك و حیزبەكان چۆنە؟!
جارێك دەڵێن بارزانی ڕكابەری نییە،جارێكی تر دەڵێن: سەرۆک پێویستی بە کورسییەکە نییە، لێ کورسییەکەیە پێویستی بە سەرۆکە!، جگە لە بوونی شەڕی داعش و ئالۆزیی و پەشێوی ناوچەكە..
هەموو ئەگەرەكان ڕوو لەوەن كە جارێكی تر بازانی دەكەنەوە بە سەرۆك !
تائێستا هیچ لە حیز و حیزبۆڵەكان لەو بارەیەوە هەڵوێستێكی جیدیان درنەبڕیوە..جگە لە هەندێك لێدوانی شەرمنانە نەبێت،كە تازەتریان ئەمانەن:
یەكەم: بەپێی ڕێككەوتنی گۆڕان و پارتی، گوایە گۆڕان لاری نییە لە درێژ كردنەوەكەی، بەڵام نایانەوێ هەڵە گەورەكەی ٣٠ حوزەیرانی یەکێتی دوبارە بكەنەوە، بەڵكو دەیانەوێت بەبیانوی گەڕانەوەی ڕەشنوسی دەستور، كە پارتی چەند ساڵە ڕێگرە لە هەموار كردنەوەی.
كۆدەنگی ناو پەرلەمانی بۆ پێكبهێنن و جارێكی دی خەڵكی باشوری كوردستان چەواشە بكەنەوە.
باشترین بەڵگەش لێدوانەكەی ئەمڕۆی نەوشیروان بوو لەكاتی سەردانی وەفدەكەی پارتی كە هەر بۆ ئەو مەبەستە دەستیان كردوە مانۆرێک بۆ ناو حیزبەكان و گفتوگۆیان لەگەڵدا دەکەن.
نەوشیروان دەڵێ: پێویستە پێش تەواوبوونی ماوەی سەرۆكایەتییەكە، ڕەشنوس بگەڕێتەوە، بەیاساش لەناو هۆڵی پەرلەماندا ڕێككەوتنی لەسەر بكرێت!؟
دەكرێت خەڵکی بپرسێت: ئایا چوار مانگی داهاتوو بەشی ئەوە دەکات کە گفتوگۆ لەسەر گەڕانەوەی ڕەشنوس و هەمواركردنەوەی بكرێت؟ بێگومان نا، یان بلێن بۆچی لە ماوەیەی پێشوودا، كە نزیكەی دوو ساڵە ئێوە باستان لەگەرانەوەی ڕەشنوسی دەستور نەكرد، هێشتووتانەتەوە بۆ ئەم چوار مانگەی داهاتوو؟" لە راستییدا ئەمە جێگای شەرمەزارییەكی گەلێک گەورەیە، هەرچەندە ئەم حیزبانە لە شەرم شۆراونەتەوە، هیچ شتێک نەماوە ئێوە بە شەرمەوە بیکەن! کاتێک مرۆڤ شەرمی نامێنێ ئەو کاتەیە کە تەماشای لاپەڕەی مێژووی خۆی حیزبەکەی دەکات، جێگای تاقە شەرمێک نابێتەوە تا بە موڕاڵەوە رەفتاری لەگەڵدا بکات! دوای ٢٤ ساڵ لە حوكمڕانی تا ئێستا لە باشور دەستورێك نییە، دەبوایە تائێستا چەند جارێك هەمورایش بكرایەوە.، کاتێک ئەمە ناکرێت، ئەو مانایەش دەگەیەنێت کە دەستوور و یاسا وەکو لاستیک لەبەر دەستی ئەم بەرپرسانەدا دێت و دەچێت، لێپرسینەوەی تێدا نییە، کەوابوو بۆچی ئێستا ئێوە باس لەم شتانە دەکەن، خۆتان ژێر بەژێر بڕیار بدەن و رێکبکەون، چی دەکەن بیکەن!میللەت چ هەقێکی بەسەرتانەوە هەیە! میللەتی زیندو گوێ لەم قسە پوچەڵانە ناگرێت، دەبێت لە دەرەوەی ئێوە خۆی رێکبخاتەوە، چۆنکە ئێوە بۆ تێکدانی ئەو گەلە هەموو رێککەوتوون، پێم سەیرە ئەو میللەتەش لە دژی ئێوە رێکناکەون!؟
كەواتە لەو بارەیەوە پەردە لەسەر هەڵوێستی گۆڕانیش هەڵدرایەوە، هەرچەندە زۆری گۆڕانخوازن دژی ئەو بڕیارە دەبن، بەڵام سیاسەتی گۆڕان خودی نەوشیروان تاكڕەوانە پیادە دەكات.
هەڵوێستی یەکێتی:
بوونی ئەو هەموو ناكۆكییە زۆرەی ئێستای نێوان باڵەكان، كە هیچ كاتێك بەم شێوەیە نەبوو، لە بەرژەوەندی پارتییە، هەرچەندە یەکێتی نایەوێت هەڵە مێژووییەكەی دووبارە بكاتەوە، بەڵام لەلایەكی ترەوە بوونی پۆستی سەرۆك كۆمار كە پشكی یەکێتیە، ئەمەش یارییەكە بەقازانجی پارتی یەكلا دەبێتەوە، دیسان كادیرانی ناوەڕاستی یەکێتی كە باشترین كادیرانی بەئەمەكی حیزبەكەیانن دژی ئەو بریارە دەبن، گەر سەركردایەتی حیزبەكەیان بیدات،بەڵام كامە سەركرادیەتی و كامە باڵ، وەڵامی ئەو كادیرانە دەداتەوە!؟
دەربارەی حیزبە ئیسلامیەكانیش، تا ئێستا یەكگرتوو شتێكی ئەو تۆیان نەوتوە كە شایەنی باسبێت.گەر ئەوانی تر هەموویان ڕازی بن، بێگومان یەكگرتووش ڕەدووی سەرۆك دەكەوێت.
ئەوەی لە هەمووی سەیرو سەمەرەترە، دوا خەونی عەلی باپیرە، ئەم خەوانەی عەلی باپیر ئەوەشمان پێ دەڵێت، کە عەلی باپیر ئەوەندەی دەخەوێت ئەوەندە بە خەبەر نییە، چونکە هەمیشە خەو بە ئەمیرییەوە دەبینێت، نازانێت ئەبو بەکر بەغدادی لە مێژە ئەو شوێنەی گرتووە و بووە بە خەلیفەی موسوڵمانان، بۆ نەگبەتی کورد هەمیشە خەوەکانی لەناو ماڵی کوردایە و ناوێرێت خەو بە دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە ببینێت! ئەم بەڕێزە دیسان لە دوا خەونییدا دیسان پێغەمبەر هاتۆتەوە خەونی و ئەمری پێكردوە،كە ماوەی سەرۆكایەتی بارزانی درێژ بكەنەوە وتوویەتی بارزانی نیعمەتی خوایە، خوای گەورە بەدیاری بۆ كوردیی ناردوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست