نیشانە كاتى ئەوە هاتووە دان بە شكستەكانمان دابنێین
Monday, 05/04/2010, 12:00
لە هەڵبژاردنى ئەمجارەى عێراق حیزب و لایەنەكانى دەرەوەى پارتى و یەكێتى، جارێكى دى خۆیان لە هەڵبژاردن جەڕباند و جگە لە خزمەتكردن بە پارتى و یەكێتى قەبارەى بچووكى خۆیان ئاشكراكرد.
لەنێو ئەو حیزبانەش چەپەكانى كوردستان بوون، كە لە 25/7ى ساڵى رابردوو كە تووشى ئەو شكستە گەورەیە بوون دەبووایە تەجرەبەیان وەرگرتبووایە و پشوویەكیان بدابووایە نەك بە تەلەفونێك بەشدارى هاوپەیمانى كوردستانیان بكردبووایە. لەنێو هەمووشیاندا حیزبى شیوعى و زەحمەتكێشان دەبووایە بەر لە هەموو لایەنەكان لەوە تێگەیشتبوونایە كە ئەداى ئیشكردنیان یان روونتر بڵێین خیتابى سیاسیان كە رۆشن نەبوو لە شكستێكەوە بەرەو شكستێكى دیكەیان دەبات.
بۆیە هەڵبژاردنى ئەمجارەى عێراق قەبارە و قورسایى لایەنەكانى دەرخست و هۆشیارى خەڵك و گرەوكردن لەسەر دەنگى ئەندامان ئەوەى ئاشكرا كرد دەبێت متمانەى جەماوەر بەدەست بێنێت نەك متمانەى ئەندامانى حیزب. چونكە ئەو مشەخۆرییە و بوونى حیزب بە پرۆژەیەك بۆ بەخێوكردن و دابەستنى ئەندامەكانى، ناكرێت حیزبەكان گرەوى سەركەوتن تەنها لە ئەندامەكانیان ببینن.
شكستهێنان لە هەر تەجرەبەیەك عەیبە نییە، بەڵام تەجرەبە لێوەرنەگرتن عەیبێكى گەورەیە. چونكە مرۆڤ ئەگەر تەجرەبە لە شكستەكان وەربگرێت هەمیشە هەستانەوەكانى بەهێز دەبێت، لەماوەى بیست ساڵ خۆدانەپاڵ پارتى و یەكێتى، بەهەر ناو و بە هەر بیانویەك بێت، قەوارەى چەپەكانى ئەوەندە بچووك كردووەتەوە ئەستەمە لە هەڵبژاردنەكانى ئەنجومەنى پارێزگاكان و هەڵبژاردنى شارەوانییەكان، چاوەڕوانى ئەوەیان لێبكرێت تەنانەت كورسییەكى ئەنجومەنى شارەوانیش بەدەستبهێنن.
ناشكرێت حیزبەكانى كوردستان چیتر موزایەدەى تەمەن و مێژووى پڕ سەروەرییان بەم و بەو بفرۆشن، چونكە تاكەكانى كۆمەڵگاى كوردستانى گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەى كە لەپێناو ئێستا و بەیانى دەنگ بدەن، نەك لەپێناو دوێنى و رابردوودا.
لەگەڵ ئەوەشدا رەوا نییە هیچ حیزب و لایەنێكى سیاسى لە هیچ كوێیەكى دنیادا سەروەرییەكانى رابردووى بەسەر خەڵك بفرۆشێتەوە و ئایندە و چارەنووسى خەڵك بەو سەروەرییە رەمزییانە كۆنترۆڵ بكات.
بۆیە پرسیارێك لێرەدا خۆى قوت دەكاتەوە، ئەرێ كاتى ئەوە نەهاتووە حیزبەكانى كوردستان بەتایبەتیش حیزبە چەپەكان لەبەرەیەكى هاوبەش یان لە حیزبێكى یەكگرتوودا خۆیان رێكبخەن و چیتر بەو پەرتەوازەییەى ئەمڕۆیان خۆیان بچوكتر نەكەنەوە؟ دەنا باشتر نییە دەرگاكانمان دابخەین و جورئەتى ئەوە نەكەین لەنێو جەماوەر بڵێین ئێمە حیزبین، كە جەماوەر لە ئەداى ئیشكردن و لە خیتابى سیاسیمان رازى نییە.
هەڵبژاردنى ئەو خولەى پەرلەمانى عێراق ئەوەى سەلماند، كە بەرەكان جێگەى خۆیان گرتووە، ئەڕى بەراست چەپەكان لەگەڵ بەرەى دەسەڵات دەمێننەوە یان بەرەیەكى ئۆپۆزسیۆنى راستەقینە و كارا دەبن!؟
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست