کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەرێ ئەو هەموو سەروەت و سامانەتان لەكوێ بوو؟؟

Saturday, 24/04/2010, 12:00


باشوورى كوردستان ئەمڕۆ بە قۆناغێكى هەستیارو چارەنوسساز تێدەپەرێ، لەلایەك دونیایەك كێشەمان لەگەلأ عەرەبى عیراقى هەیە، لەلایەكى دى ناوماڵى كورد لە پەناى ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتەوە خەریكە شەقامى كوردى لێكبترازێ، لەبەر بوغزاندن و قبول نەكردنى یەكتر، هەم دەسەڵات هەم ئەو ئۆپۆزسیۆنەى كە تازە خەریكە چەكەرە دەكات، هەردوو لایان بەچاوى ڕەشكردنەوەى ئەویدى كارو چاڵاكى دەكەن. ئەو دەنگە ناڕازیەى كە ئەمڕۆ لە باشورى كوردستان هەیە، ئەو دیوارە كۆنكریتەى لەنێوان خەڵك و دەسەڵات هەیە، ئەگەر ئەو دیوارە نەڕوخێندرێت و دەسەڵات شەقام ئاشت نەكاتەوە، لەوانەیە كێشەكان زیاتر كەڵەكە ببن، دابڕانى بەرپرسانى وڵات لەخەڵك و خۆجیاكردنەوەو خۆدوورخستنەوەیان لە خەڵك شەقام پڕتر دەكات، دروست كردنى گوندى ئەڵمانى و ئینگلیزى و ئەمریكى و هتد... كە ئەوە جۆرێك لە جۆرەكان دابڕانەو گەڕەكە هەژارنشینەكانیش بەو هەناسەیە دەژین كە دەسەڵات چەند كەسێكیان بۆ دابمەزرێنێ، ئەگەرچى دەسەڵات هەمیشە ئیدیعاى ئەوە دەكات كە ڕێژەى فەرمانبەران یەكجگار زۆرە، بەڵام ئەو پرسیارە لە خۆیان ناكەن كە پێشمەرگە و كادیر و ئەندامانى حیزب كە تەنها كارى حیزبى دەكەن و تەنها بۆ مووچە فەرمانبەرى دەوڵەتن، ئەگەر دوێنێ بە پشگیرى حیزب و پڕكردنەوەى فۆڕم بۆ حیزب خەڵكیان دادەمەزراند، بەڵام ئەمڕۆ ئەگەر هاوڵاتیەكى ئاسایى بیت و بەرپرسێكت لە پشت نەبێت دكتۆراشت هەبێت دانامەزرێى، بە حیزبى كردنى خەڵك و فەرمانبەرانى دەوڵەت لە كۆتایى دا كۆمەڵگایەكى تەمبەلأ و بێداهێنان دروست دەكات.
پێویستە لە قۆناغی ئەمڕۆدا چ ئۆپۆزسیۆن و چ دەسەڵات هەرچى زووە بەیەك خیتابى سیاسی یەكگرتو بەرامبەر عەرەبى عیراقى و دونیاى دەرەوە یەكهەڵوێست بن، لەناوخۆى وڵاتیش كاتى ئەوە هاتووە دامودەزگاى دەوڵەت بۆ ئەوەى تەواو بەدامەزراوەیى ببن و سیستەمێكى نوێ دابنێن بۆ باشكردنى مەعیشەتى خەڵك و سنورێكیش بۆ ئەوە دابنرێ كە خەڵكێك لەپەناى گەندەڵییەوە ئەو هەموو سەروەت و سامانە بێشومارە كۆنەكاتەوە و لێژنەى نەزاهە جورئەتى ئەوە بكات پێیان بڵێت: ئەرێ "ئەو هەموو سەروەت و سامانەتان لەكوێ هینا! بەر لە ڕاپەریِن چتان هەبوو ئێستاش چیتان هەیە؟؟".



[email protected]




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە